TEVDA Press

ئۆ سێنت چییە ؟

| Friday, 09.30.2022, 03:23 PM |


پێشەکی


ساڵانی پێشوو لە کاتی ونبوونی هەر کەسێکدا جا کەسێکی نزیکی خۆمان بێت یاخوود کەسێکی دیکەی بێگانەبێت ڕاستەوخۆ پەنامان بۆ مزگەوتەکان ، بنکەی پۆلیس ، هەواڵ پرسینی هاوڕەکانی و هتد ... بەڵام لەگەڵ پێشکەوتنی تێکنۆلۆجیدا ئەم بوارەش وەکو بوارەکانی دیکە گۆڕانکاری بەسەردا هات و گواسترایەوە بۆ نێو جیهانی دیجیتاڵی ! ئەمەش کار ئاسانیەکی تەواوی فەراهەم هێنا بۆ لێکۆڵەرە شاراوەکانی ئینتەرنێتدا لە دواتریشدا بەرهەمهێنانی فۆڕمێکی تر بەناوی سەرچاوەی کراوەی هەواڵگری کە بە زوبانی ئینلگیزی زیاتر بە ( OSINT ) ناسراوە . لە کاتی گەشەسەندنی ئەم فۆڕمە نوێیەی جیهانی ئینتەرنێتدا کەسانی تایبەت و ڕۆژنامەڤان و خوازیارانی بواری لێکۆڵینەوە و نهێنی گەشەیان بەو فۆڕمەدا و توانیان چاڵێنج و ئاهەنگی تایبەتی ساز بکەن بۆ ئەوەی وەکو ڕێکخراو یارمەتی و هاوکاری پێشکەشی یەکدی بکەن ، بەداخەوە کەمترین سەرچاوە بە زوبانی کوردی لەسەر ئەم بابەتە بەردەست کراوە بۆ ئارەزوومەندانی تێکنۆلۆجی کوردی ئەمەش بەهۆی سەرقاڵ بوون بە بوارە لاوەکیەکانی دیکەی تێکنۆلۆجی .



ئۆ سێنت چییە ؟


سەرچاوەی کراوەی هەوڵگری ( ئۆسێنت ) بریتیە لەو دەیتا و پاکێجانەی کە لە جیهانی دیجیتاڵیدا فەراهەم کراون و سوودیان لێ دەبینرێت بۆ لێکۆڵینەوە و بەدەرخستن و دروستکردنی بەڵگە بۆ تاوانکاری یاخوود گەیشتن بە ئامانجی دیاریکراو ئۆسێنت ڕۆژ بە ڕۆژ لە پێشکەوتن دایە ئەوەتا ڕێکخراوێکی تایبەت کە لەلایەن ترەیس لابەوە بەڕێوە دەبردرێت تا ئێستا ئاسانکار بووە و توانیویەتی ٣٠٠ کەسی ونبوو بدۆزێتەوە ! تەنها لە ڕێگەی ئەم فۆڕمە نوێیەوە پاشانیش ئەو کەسانەی کە لە هەواڵگریەکان کار دەکەن بەتەواوی شارەزای ئەم فۆڕمەن چونکوم دەزانن کە جیهانی دیجیتاڵی وەک جیهانی ڕاستەقینە بەدەر نییە لە بوونی هەواڵی ساختەیی و درۆینە بەرانبەر هەوڵی ڕاستی ! بۆیە دووبارە لە ڕێگەی فۆڕمێکی دیکەوە کە ناسراوە بە ( پشکینی ڕاستیەکان ) دووبارە سوود وەردەگیرێت لە دیاریکردنی سەرچاوەی هەواڵی ڕاست و ساختە مێژووی ئۆسێنت .


مێژووی ئۆسێنت ؟


مێژووی ئۆسێنت بەپێی سەرچاوەی وێب سایتی ئافیۆ بەستەری سەرچاوە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٠ لەلایەن هێزە سەربازیەکانی ویلایەتە یەگرتووەکانی ئەمێریکاوە . بەڵام مێژووی دروستبوونی بەتەواوەتی دیارنییە تەنها مێژووی بەکارهێنانەکەی دەکەوێتە هەمان ساڵی کە ئاماژەم پێیداوە چونکوم دەکرێت بەشێک لە بابەتەکان کرابن بە دیجیتاڵی هاوشێوەی پزیشکی دادوەری کە لە ئێستادا بۆ جیهانی دیجیتاڵیش بەردەستە هەمیشە بە متمانەیەکی زۆرەوە وتوومە بەشێک لەو بابەتە نوێیانەی کە لە ئێستادا گەیشتوونەتە لوتکەی جەختکردنەوەی فێربوون لەلایەن دەزگا و پەیمانگە و زانکۆکانی جیهانەوە پێشووتر تەنها لە جیهازی ڕاستەقینەدا وجودی هەبووە و پاشان کراوەتە فۆڕمێکی دیجیتاڵی و گەیشتۆتە بەردەستی بەکارهێنەری ئەم جیهانە دیجیتاڵیە یەکێک لە نمونە دیارەکان بریتیە لە زیرەکی شوێنی جیۆلۆجی کە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ئەوروپی لەسەری توێژینەوە ئەنجام دەدەن بۆ دیاریکردن و دۆزینەوەی ناونیشان و شیکارکردنی پشتی پێدەبەستن .


ئۆسێنت و سایبەری کورد ؟


ئۆسێنت بۆ کوردستان و سایبەر و تێکنۆلۆجیستەکانی کوردستان - عێڕاق زۆر نوێیە هاوکات ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردی بەستەری فەرمی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردی وردە وردە زۆرینەی گەنجانی سایبەری کوردی و ئارەزوومەندانی بواری تێکنۆلۆجی ئاشناکرد بەم بابەتە لە ڕێگەی یوتیوب چانێڵێکی فەرمی خۆیەوە بەناوی کورد پێنتێستەر کە دواتر بەهۆی نا سەقامگیری ژیانی خۆیەوە بەتەواوەتی چانێڵەکەی داخست و تەنها پرۆمۆکەی بۆ بینەران و فێرخوازانی هێشتەوە دەتوانن بینەری پرۆمۆکەی ببن لەم بەستەرەوە کە تێیدا باس لە چۆنیەتی دۆزینەوەی ناونیشان و لێکۆڵینەوە و شیکارکردنی ئەو ئامێرانەی کە تاوانیان پێ ئەنجام دراوە بە نوێترین نەرمەکاڵانی سەردەم و باشترین تێکنۆلۆجی . بەداخەوەم کە دەڵێم ئێستا بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی وەکو شانشینی سعودیە وردە وردە خۆی دەوڵەمەند دەکات لەو بوارەدا و عێراق و هەرێمەکەی کوردستان فەرامۆشی کردووە .


بۆچی ئۆسێنت ؟


بەهۆی ئەوەی زۆرینەی دەیتا و زانیاری و ئامارەکان زیاتر بەردەستن لە جیهانی ئینتەرنێتدا مرۆڤەکان کەمتر دەڕوانن بۆ جیهانی ڕاستەقینە مەبەست ئەو جیهانەی خوودی مرۆڤ تێدا گەورە بووە و تێیدا ژیاوە و شارەزایی هەیە وەک دەبینین گەر تۆ ویستت لەسەر دۆزینەوەی زانیاری سەبارەت بە کەسێک هەبێت و لە نزیکەوە نەیناسیت و نەتوانیت لە ڕێگەی خێزان ، هاوڕێ ، هاوپیشە زانیاری کۆبکەیتەوە ڕاستەوخۆ بیرت بۆ پلاتفۆڕمە کۆمەڵایەتیەکانی وەکو فەیسبوک ، ئینستگرام ، تویتر دەچێت . نەوەک ئەو شوێن و کەسانەی کە ئاماژەم پێدابوون بۆیەش ئۆسێنت هاوکارێکی باشە بۆ ئەوەی بتوانی زانیاری باشتر پەیدا بکەیت بەهۆی ئەوەی لە ئێستادا زۆربەی پلاتفۆڕمە کۆمەڵایتیەکان بە تایبەت ئەوانەی مرۆڤەکان بەیەکەوە دەبەستنەوە چەندین زیادکراوی نوێی هەیە وەکو بایۆگرافی ، ئارەزوو ، بەرواری لە دایکبوون ، شوێنی ژیان ، ڕەگەز ، خوێندن هتد ... کە ئەمەش پەیداکردنی لە ژیانی ڕاستەقینەدا لە مەحاڵەوە نزیکە بە تایبەت کە هاوشاری نەبن .


ئۆسێنت دەتوانێت چی بکات ؟


ئۆسێنت دەتوانێت زانیاری تەواو کۆبکاتەوە لەسەر کەسی دیاریکراو تەنانەت لە یەک وێنەی بچوکەوە بگات بە پاسپۆڕت و شوێنی کار و ئاستی خێزانداری تەنانەت لەوەیە لەلاتان نامۆبێت تەنها لە ڕێگەی ئۆسێنتەوە دەتوانرێت بزانرێت ئێستا فڕۆکەکانی تێرکش ئایەرلاین و بەغداد بگرە هەر فڕۆکەیەکی گەشتیاری لە کوێی ئاسماندایە و بەشێوەی سێ ڕەهەندی بگاتەوە بەردەستی تۆ ! ئۆسێنت دەتوانێت کەسێکی ونبووی چەند ساڵە بدۆزێتەوە بەهۆی تێکنۆلۆجیا نایابەیەکەوە دەتوانێت وێنەی ساختە و هەواڵی ساختە و ڤیدیۆی ساختە جیابکاتەوە ناونیشان وێنەی منداڵەکانت و خێزانەکەت ( دایک و باوک و هاوسەر ) بدۆزیتەوە .


ئۆسێنت بۆ کێ باشە ؟


ڕۆژنامەڤەکان و لێکۆڵەران و هەواڵگرە تایبەتەکان دەتوانن بە تەواوەتی سوود لە ئۆسێنت ببینن وە دەتوانم بڵێم لەسەریان پێویستە فێری ببن و چۆن بەکاریبهێنن بۆ تەواوکردن و ئاسانکردنی ئەرکی خۆیان وە زوو تەواکردنی داواکاریەکانی سەروو خۆیان چونکوم لە ئێستادا ئیش لەسەر خێرایی دەڕوات کێ خێراتر ئیشەکانی تەواو بکات ئەو توانا و هەلی ئەوەی بۆ دەڕەخسێت کە زووتر پشوو بدات .


ئۆسێنت پشت بەچی دەبەستێت ؟


ڕۆژانە دەیتابەیسەکان درز دەبەن و چەندەها دەیتا و زانیاری کەسی تێدا بڵاودەبێتەوە دەتوانم بڵێم ئۆسێنت کرمێکە کە سوود لەو درزانە دەبینێ بۆ کۆکردنەوەی زانیاری زیاتر لەسەر کەسی دیاریکراو چەندەها دەیتابەیس هەیە کە لە ئێستادا بەتەواوەتی بەردەستن بۆ دەستکەوتنی زانیاری هەر لە هەرێمی کوردستاندا دەتوانیت تەنها لە ڕێگەی ناوی دایک یانیش باوک یانیش ناوی خۆی زانیاری بەدەست بهێنیت لەسەر کۆدی ئەزموونی ، پاسپۆڕت لەبەر پاراستن و یاسای گشتی بە شێوەی بەڵگە ئامێز پیشانی ئێوەی نادەم و نامەوێت یاساکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشێل بکەم لە بەکارهێنانی ئامێرە پەیوەندیەکان .


ئۆسێنت زیاتر بۆ کام وڵات ؟


وڵاتانی ئەوروپی و ڕۆژئاوا خۆشترین ژەمە خواردنن بۆ کرمەکانی ئۆسێنت کە دەتوانێت ڕۆژانە بەشێوەی گشتی زانیاری لەسەر کەسی بەرانبەر بەدەستبهێنێ بەهۆی بوونی ئەو دەیتایانەی کە خوودی حکومەتی ئەو وڵاتە بەردەستی خستوون بۆ هاوڵاتیانی وەکو خزمەتی بە ئۆنڵاین کردن کە ئەمە یەکێکە لە هەرە هەڵە گەورەکانی هەر حکومەتێک کە ئەنجامی بدات بە تایبەت ئەمێریکا و بەریتانیا پشکی شێریان بەردەکەوێت لە دزەکردنی دەیتا و بوونی دەیتای گشتی و ئاماری گشتی بۆ ڕاوچیەکانی ئینتەرنێت .


جۆرەکانی ئۆسێنت ؟


جیۆلۆکەیشن

ئینڤێستیگەیتەر

وێنە

ڤیدیۆ

دەنگ

زیرەکی شوێنی جیۆلۆجی

سەربازی

نهێنی

کەسی ونبوو

ئیمەیڵ

وشەی نهێنی

پەیوەندی

پاسپۆڕت

شوێنی کار

پێشینەی تاوان .


بۆچی ڕۆژنامەڤان و لێکۆڵەران پێویستیان بە ئۆسێنتە ؟


لە جیهانی ئەمڕۆدا دەکرەت ڕۆژانە بە هەزارەها هەواڵ دزە بکەن و بە جیهاندا بڵاوببنەوە جا ڕاستەقینە بێت یاخوود نا بەهۆی ئەوەشی کە ڕۆژناڤانەکان ئەرکی بڵاوکردنەوەی هەواڵ و بابەتە سیاسیەکان هەیە بە تایبەت دەکرێت هەندێک جار ڕووبەڕووی هەواڵی درۆینە و ساختە ببنەوە لەو کاتەشدا هەواڵەکە یاخوود بابەتەکە بەسەر نێوبانگی کەناڵەکە یاخوود ڕێکخراو و ناوەندەکەدا دەشکێتەوە وە دواتریش دەبێتە هۆی ئەوەی کە لە ڕوویەکی گشتیەوە لەلایەن بینەرەوە یاخوود بیسەرەوە نەبێتە جێگەی پێزانین و گرنگی بۆ هەواڵوەرگر و خەڵکانێک کە ویستیان ئاشنا بوونە بە هەواڵە جیهانی و هەواڵە تایبەتەکان .


فاکت چێکینگ لە ئۆسێنت ؟


فاکت چێکینگ یەکێکە لە هەرە چەکە بەهێزەکان کە پێویستە ئەو کەسانە و کەناڵە ئاسمانیانەی هەواڵ شەیر دەکەن ( بڵاودەکەنەوە ) بە وردی ئاگاداری جۆری هەواڵ + شێوازی بەخشینەوە + سەرچاوە + متمانەی کەسی هەواڵدەر بن چونکوم دەکرێت ئامانجی سەرەکی هەواڵدەر زڕاندنی ناوی لایەنێک یانیش کەناڵێک و ڕێکخراوێک بێت بەهۆی ویستێکی تایبەتیەوە چەندین جۆری ئێکستەیشن و چاڵێنج ( سەرکێشی ) هەیە بۆ ڕۆژنامەڤانەکان کە بتوانن تاقیکاری لەسەر بکەن بۆ ئەوەی دووربن لە تڕۆڵ بوون ( بڕوانە مەبەست لە تڕۆڵ بوون فێڵ لێکردنە ) بە تایبەت زۆربەی هەواڵهێنەکان کە دەستپێکی کارەکەیانە ڕووبەڕووی ئەو دەستەواژەیە دەبنەوە لەنێو جیهانی بڵاوکردنەوەی بابەتەکاندا یەکێک لە ئێکستەیشنە جیهانی و بەناوبانگەکان بریتیە لە فەیک نیوس دێتێکتەر ( دەستنیشانکەری هەواڵی ساختەیی ) (Fake News Detector) کە دەکرێت سوودی لێ ببینرێت بۆ ئەو هەواڵانەی کە لە دەرەوەی وڵاتەوە دزە دەکەن یانیش شەیردەکرێن بۆ وڵاتان و کیشوەرانی دیکە ڕاستی و دروستی هەواڵەکە دەستنیشان بکات بۆ بەکارهێنەری ئەم زیادکراوە ( ئێکستەیشن )


ئۆسێنت بۆ لێکۆڵەران ؟


لێکۆڵەران لە زۆرینەی کەسانی تر و لایەن و ڕێکخراوی دیکە سوودمەنتر دەبن لە بەکارهێنانی ئۆسێنت چونکوم بەتەواوی جێگە و شوێن بەدەست دەهێنێت لە ڕێگەی کارپێکردنی چەند نەرمەکاڵایەکی تایبەتەوە یانیش سکریپتی کۆماند ڵاین ( سی ئێڵ ئای ) کە لە ئێستادا ڕۆژ بە ڕۆژ ئامرازەکانی ئەم بابەتە ڕوو لە زیاد بوون دەکەن بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر ئۆسێنت و لێکۆڵینەوەی هەواڵی یانیش هەر جۆرە لێکۆڵینەوەیەک بێت کە بتوانێت سوود بە ڕێکخراوێک + کەسایەتیەک + پارتێکی سیاسی + کەناڵێک ببەخشێت لە هەمان کاتیشدا پێویستە ئەنجامدەری کرداری ئۆسێنت ئاگاداری هەواڵی ساختەیی بێت یانیش لەلایەن کەسانی دیکەوە نەکرێتە پەنیر بۆ مشکێک ! دواتریش پشیلەکە زۆر بەجوانی بیکاتە ژەمێکی ناوازە بۆخۆی بەڵکو بەکارهێنەری ئۆسێنت دەبێت لە یەک کاتدا بتوانێت چەندین کەسایەتی جیاواز بۆخۆی دروستبکات ، بتوانێت تێکەڵ بێت و خۆی بگونجێنێ لەگەڵ زۆرینەی بارودۆخە تایبەتەکان .


ئۆسێنت بۆ سەربازی ؟


سەربازان وە دەزگاکان یەکەمین لایەنن کە هەستان بە شەیرکردنی ئەم فۆڕمە نوێیەی تێکنۆلۆجی بۆ یوزەرەکانی دونیای دیجیتاڵی ئەمەش هەمیشە هەڵەیەک بووە ئەنجام دراوە لەلایەن ئەوانەوە گەیشتوومەتە ئەو بڕوایەی کە بڵاوکردنەوەی ئینتەرنێتیش لەلایەن دارپاوە بۆ خەڵکانی گۆی زەوی هەڵەیەک بووە و کە ئێستا دەرئەنجامەکەی دەخۆن ! چونکوم لە سەرەتادا کە دارپا بووە فاوندەیشنی ئینتەرنێت لە ساڵی ١٩٦٥ پاشانیش ساڵی ١٩٦٧ پەبڵشی کرد ( بڵاویکردەوە ) بۆ مرۆڤانی گۆی زەوی وێب سایتی تێچ تارگێت دەڵێت کە ئەراپنێت ساڵی ١٩٦٩ بڵاوکراوەتەوە و پاشانیش لە ساڵی ١٩٨٩ بەکارهێنراوە بەڵام بەپێی سەرچاوەیەکی دیکە کە ویکی پیدیایە لە ساڵی ١٩٩٠ دا ئەراپنێت کوژێنراوەتەوە ئەمەش ئاڵۆزی و شاردنەوەی چۆنیەتی دروستبوون و بڵاوکردنەوەی ئینتەرنێت دەردەخات کە هەر یەکێک و سەرچاوەیەک دەڵێت وەک لە پەرتووکی ڕۆمانی پۆلیسی کوشتنی هونەرمەندێکی شێوەکار لە نوسینی ئەگاسا کریستی یەکێک لە لێکۆڵەر \ پۆلیس دەڵێت دمام بوارۆ تۆ پیاوێکی تێگەیشتووی چ زەرەر دەکەیت ئەگەر چیرۆکێکی خەیاڵی بۆ هەڵببەستیت و چەند زنجیرە لێکۆڵینەوەیەکی ساختەشی بۆ دروست بکەین و وا لە خشتەی ببەیت کە گوایە بێ تاوانی دایکی دەسەلمێنێت .! دروستبوون و مێژووی ئینتەرنێتیش بەهەمان شێوەیە چونکوم بەشێکی زۆری ئەو بابەت و تێکنۆلۆجیانەی کە دزە دەکەن دەکرێت ساختە بن و بۆ گۆڕینی ئەتێنشنی یوزەری ئینتەرنێت بن .


ئۆسێنت بۆ دارک وێب ؟


دوای زیاتر کەوتنە نێو قوڵایی بابەتی لێکۆڵینەوەی تاوانکاری دەستمکرد بە لێکۆڵینەوە لەسەر قوڵایی جیهانی وۆرڵد واید وێب وە گەشتێکی تەواوم دەستپێکرد بۆ نێو جیهانە مەترسیدارەکەی ئینتەرنێت بەو شێوەیەی کە هەیە نەوەک بەو شێوەیەی کە لە یوتیوب و سێرچەکاندا باسی لێوە دەکرێت یانیش لە وتاری وێب سایت و کەناڵە ئاسمانیەکان بەڵکو دارک وێب وەکو خۆی پاشانیش دەستم گەیشت بەوەی لەسەرم پێویست بێت ئیمەیڵێکی تایبەتی ئەوێ دروستبکەم بۆ کارەکانم چونکوم ئیمەیڵەکانی دارک وێب بەتەواوەتی جیاوازن لەو ئیمەیڵانەی کە لەنێو جیهانی ئاسایی دیجیتاڵیدا وجودی هەیە . بەشێک لە ئیمەیڵەکان بە پاشگری زۆر سەیر دەبوون کە بە تایبەت داڕێژرابوون بۆ کاری تایبەتی وە دابینکەری ئیمەیڵەکە بە تایبەت گرەنتی ئەوەی دەکرد کە کۆنتڕۆڵ نەکرێت لەلایەن حکومەتەوە وە هۆکاری سەرەکی سێرڤەرەکانی لە دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بوون بۆیەش زیاتر کۆنتڕۆڵکردنی ئەستەم بوو لەوێدا توانیم کەپچەری چەندان پۆستی ئەلیکترۆنی بکەم یانیش سێرڤایسی تایبەت کە سوودێکی باشی دەبوو بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتری خۆم ، دواتریش کەپچەر کردنی چەندان دۆکیۆمێنت و وێنە کە قێزت لە مرۆڤایەتی هەڵدەستا لە ڕێگەی بەکارهێنانی نەرمەکاڵایەکی تایبەتەوە کردارەکەم ئەنجامدا زۆرینەی ئەندامە تایبەتەکان ئەوانەی کە لە ژوورە سوورەکاندا کاردەکەن هەندێک ئیمەیڵ بەکاردێنن کە تایبەتن بەخۆیان و حکومەت توانای کۆنتڕۆڵکردنی نییە هەندێک جاریش کە وێب سایتەکە سایز دەکرێت لەنێو دارک وێبدا دەکرێت تەنها ئەنجامدانی بچوکترین کاری نادروست ئەم ڕووداوەی لێ بکەوێتەوە بەتەواوەتی چونکوم لە جیهانی دیجیتاڵیدا یەک هەڵەی بچوک دەبێتە گەورەترین هەڵە .


ئۆسێنت وێنەی ڕاستەقینە ؟


زۆربەمان ڕۆژانە ڕووبەڕووی چەندین وێنە دەبینەوە کە دەکرێت نەفرەت بکرێت لە خوود یانیش لە کەسێتی ئەو کەسەی ئەنجامی داوە چونکوم ئەوەندە وێنەکە قێزەونە بەڵام دەکرێت وێنەیەکی فۆتۆشۆپکراو بێت ( ئینگلیز جۆرە دەستەواژەیەکی هەیە کاتێک دەڵێت ئەوە فۆتۆشۆپ کراوە واتای ئەوە دەگەیەنێت کە دەستکاری کراوە ) بەڵام کەسی ئاسایی ناتوانێ وا بە ئاسانی بگات بەوەی کە وێنەکە ساختەیە و دوورە لە ڕاستیەوە لەم کاتەدا بەتەواوەتی ئاسانکاری کراوە لە ڕێگەی پێوەکراوێکی گوگڵ کرۆم بەناوی ( گەڕان لەلایەن وێنەوە ) یانیش ناوە فەرمیەکەی بە زوبانی ئینگلیزی ( Search by image ) کە تەنها کلیکی ڕاست لەسەر وێنەکە دەکەیت و کرتە ( کلیک ) دەکەیت لەسەر پێوەکراوەکە ( ئێکستەیشن ) پاشانیش ئەنجامی کارکردنی دەبینیت و زانیاری زیاتر بەدەست دەهێنیت لە بەرانبەر ڕاستی و ساختەیی وێنەکە جا وێنەی سیاسەتمەدار + توندوتیژی + لەناوبردن هتد .


ئۆسێنت و دەیتای تێهەڵگیراو ؟


دەکرێت ئێمە تەنها کریپتۆگرافیمان بیستبێت بۆ ڵێڵکردنی دەیتاکانی نێو فایلێک یانیش بڵێین بە زمانی نا فەرمی تەشفیرکردنی سۆفتوەیرێک جا زیان بەخش بێت یاخوود نا کێشە نیست ! بەڵکو تەنها گرنگی ئەنجامدانی کردارەکەیە . لە کۆندا یۆنانیەکان یانیش سەربازگەلەکان و کەسە تایبەتەکان بە کۆدی تایبەت کە تەنها خۆیان لە زمانەکەی دەگەیشتن ئاگاداری ڕووداوێک هێرشێک دەکرانەوە لە ڕێگەی کەسانی هەواڵگرەوە ئەمە هەمان پێناسەی کریپتۆگرافیە کە چەندەها جۆری لێدەبێتەوە کە بە باسکردنی هەست دەکەم سەر دەشێوێنم لە خوێنەری ئەم بابەتە . ستێگۆ یاخوود ستێگانۆگرافی دەکرێت بەکاربهێنرێت بۆ تێهەڵگرتنی دەیتای نهێنی و شاراوە لە نێو دەنگ + ڤیدیۆ و هاوشێوەکانی دەکرێت لەسەر وەگەرخەڕی لینکس هەمانکار ئەنجام بدرێت لە لایەن فەرمانی کەت یانیش کاتەوە تکا دەکەم بفەرموون بڕوانن لەو کۆدەی خوارەوە کە بەتەواوەتی ئەم مەتەڵەت بۆ ڕووندەکاتەوە :


نمونە \ وێنەیەکمان هەیە کە تایبەتە بە لایەنێکی تایبەت و دەمانەوێت دەیتایەکی تێدا هەڵبگرینەوە .

فەرمان / cat exmaple.png [ secret file ] > photo.jpeg


ئەنجامەکەی دروستبوونی فایلێکە بەناوی فۆتۆ.جی پی ئی جی کە تەواو ئێمە توانیومانە فایلە نهێنیەکە بگوازینەوە و تێیهەڵبگرینە نێو ئەو فۆتۆیەی کە ئێمە ویستمان لەسەری بووە چەتەکانی دونیای دیجیتاڵی بۆ ئەپڵۆدکردنی شێڵ لەسەر وێب سایتێک بەکورتی لەسەر سێرڤەرێک پشت بەم ڕێگەیە دەبەستن کاتێک سێرڤەر ڕێگە نادات فایلەکانی پاشگری پی ئێچ پی + یانیش جیپیجی.پی ئێچ پی بێت ئەوا دەتوانیت سوود لەهەمان بیرۆکە وەربگریت بۆ ئەوەی بەسەرکەوتووی بتوانیت فێڵ لە سێرڤەر بکەیت .


داواکاریەکانی ئۆسێنت چین بۆ فێرخوازان + ڕۆژنامەڤان + لێکۆڵەران ؟


زانینی کارپێکردنی ئۆپەرەیشن سیستەمەکانی وەک لینکس بە تایبەت بۆ دەمپکردنی ئەم دەیتایانە یانیش بەکارهێنانی ئۆپەرەیشن سیستەمی ویندۆز کە بەتەواوەتی فەراهەم کراوە لۆ ئەنجامدانی ئەم کارە لە ڕێگەی چەند سۆفتوەیرێکی تایبەتەوە پاشانیش تێگەیشتێنکی سەرەتایی لە کۆدینگ و نێتوۆرکینگ چونکە هەندێک وەختان دەکرێت ڕووبەڕووی شیکاریکردنی نێتوۆرک ببیتەوە یانیش ئێکسپلۆیتکردنی نێتوۆرک بۆ ئەوەی کە بتوانیت دەیتای دیاریکراو وەربگریت و بینێریتەوە شوێنی دیاریکراو .


سەرچاوەکان :


ئەو سەرچاوانەی سوودیان لێ بینراوە ئاماژەی پێکراوە لەم بابەتە نوسراوەدا باقی دیکە بەتەواوەتی ئەزموونی نووسەری ئەم بابەتەیە .


ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردی