TEVDA Press

پەیامنێرانی بێ سنوور داوای ئازادکردنی رۆژنامەنووس قارەمان شوکری و هاوڕێیە زیندانییەکانی دەکات

| Saturday, 10.01.2022, 12:12 PM |


جارێکی تر دەزگایەکی گەورەی جیهانی بۆ بەرگریکردن لە مافی رۆژنامەنوسان راپۆرتی پێشلکاری حکومەتی ھەرێمی کوردستانی لە دژی ڕۆژنامەنوسان بلاوکردەوە.
رۆژنامەنوس دیار عەزیز شەریف لە لاپەڕەی فەیسبووکی خۆیدا راپۆرتێکی رۆژنامەنوسانی بێسنوری لە زمانی فەرنسیەوە وەرگیراوە بۆ سەر زمانی کە باس پێشلێکاریەکانی مافی رۆژنامەنوسان دەکات کە بەرامبەر بە  رۆژنامەنوسان لە هەرێمی کوردستان دەکرێت   بلاویدەکەمەوە .
کە ئەمە دەقەکەیەتی
پەیامنێرانی بێ سنوور داوای ئازادکردنی رۆژنامەنووس قارەمان شوکری و هاوڕێیە زیندانییەکانی دەکات
لە دوایین راپۆرتی بەدواداچوون و چاودێری کە لە ٢٨ی سێپتمبەر بە زمانی فەڕەنسی لەسەر دۆسیەی زیندانیانی ئازادی رۆژنامەگەری و رادەربڕین کە بە دۆسییەی زیندانیانی بادینان ناسراوە بڵاوی کردووەتەوە، رێکخراوی نێونەتەوەیی پەیامنێرانی بێ سنوور جارێکی تر داوای ئازادکردنی رۆژنامەنووسە ئازاد و رەخنەگرەکان دەکات کەوا لە زیندانەکانی هەرێمی کوردستان دان. پەیامی راپۆرتەکە جارێکی تر ئەوە دووپات دەکاتەوە کە دۆسییەی زیندانیانی بادینان دۆسیەی ئازادی رۆژنامەگەری و بیروڕای جیاوازە، بۆیە دۆسیەیەکی لەبیرنەکراو و جددییە هەتا ئەو شوێنەی سەرجەم ئەو رۆژنامەنووس و دەنگە رەخنەگرانە ئازاد نەکرێن. ئەمەی خوارەوە ناوەرۆکی راپۆرتەکەی پەیامنێرانی بێ سنوورە کە کردوومەتە کوردی:
- ئێمە داوا لە دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین دەسبەجێ رۆژنامەنووس قارەمان شوکری و هاوپیشەکانی ئازاد بکەن و، دەستیش لە هەراسانکردن و تەنگپێهەڵچنینی رۆژنامەنووسان هەڵبگرن.
- دایکی قارەن شوکری لە ١٨ ئەیلوول نامەیەکی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێم کردووە و تێیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزای زیندانییە دەکات کە بەسەر کوڕەکەی سەپێندراوە. هێزەکانی ئاساییشی پارتی دیموکراتی کوردستان (پدک) ئەم رۆژنامەنووسە گەنجەی رۆژنیوز لە ماڵەکەی خۆی لە رۆژی ٢٧ کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ لە شارۆچکەی شیلادزێ دەستگیردەکەن. لەو کاتەوە قارەمان شوکری زیندانیکراوە لە زیندانی شاری دهۆک کە تێیدا سزای حەفت ساڵ زیندانیی بەسەردەبات بەبێ هەبوونی هیچ تۆمەتێکی فەرمی لە دژی.
- هاوکات، رۆژنامەنووسە سەربەخۆیەکانی دیش بەختیان باشتر نەبووە. سێ رۆژنامەنووسی تر لە پشت شیشەکانی زیندان ماونەتەوە لە هەرێمی ئۆتۆنۆمی باکووری عێراق. شێروان شیروانی، گوهدار زێباری، ئەیاز کەرەم لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠ دەستگیرکران و سزای شەش ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپێنراوە بە تۆمەتی "تێکدانی ئاساییش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان".
- هەر سێ رۆژنامەنووسە زیندانییەکە، شێروان شێروانی، گوهدار زێباری و ئەیاز کەرەم، چوونە ریزی بزوتنەوەی مانگرتن لە خواردن لە زیندانی هەولێر کە تێیدا زیندانیکراون. بزوتنەوەیەک کە لەلایەن زۆربەی"  ٨٢ زیندانییەکەی بادینان" رۆژنامەنووس، چالاکوانی مەدەنی ، هاووڵاتیانی کوردانەی دەسپێشخەری بۆ کرابوو کە لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠ دەستگیرکران لە سەروبەندی بزوتنەوەیەکی ناڕەزایی کە لە هەمان ناوچەی هەرێمی خۆبەڕێوەبەریی باکوور رێکخرابوو.
- دوای پەیوەندیکردنی رێکخراوی پەیامنێرای بێ سنوور لە سێپتێمبەری ٢٠٢١، حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە سزادانەکان "پەیوەندی بە چاڵاکییە رۆژنامەییەکانی تۆمەتبارەکان نییە". بەڵام بەگوێرەی سەرچاوەکانی پەیامنێرانی بێ سنوور، زیندانیکردنی ئەو رۆژنامەنووسانە سزادانێکە لە بەرامبەر ئەو راپۆرت و بابەتە رۆژنامەییانەی کە لەسەر گەندەڵی و پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لەژێر دەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویان کردووەتەوە.  
- رۆژنامەنووسە زیندانییەکان هەروەها روماڵی خۆپیشاندانەکانی شارۆچکەی شیلادزێیان کردبوو کە لە دژی هەبوونی بنکە و بارەگا سەربازییەکانی تورکیا، هاوپەیمانە بەهێزەکەی پارتی ( PDK ) ئەنجام درابوون.
-  شێروان شێروانی، رۆژنامەنووسی سەربەخۆ، بەدواداچوونێکی کردبوو لەسەر ئەو نووسەر و رۆژنامەنووسانەی کە لە ساڵی ١٩٩١ بەدواوە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیرۆر کراون.
- بەر لە دوایین دەستگیرکردنی، پێشتر قارەمان شوکری دووجاری تر دەستگیرکرابوو. بەگوێرەی سەرچاوەکانی نزیک لەو رۆژنامەنووسە، دەسەڵاتداران داوایان لێکردبوو کە واز لە بەدواداچوون لە گیان لە دەستدانی باوکی، شوکری زینەدین، بهێنێت. ئەویش رۆژنامەنووس بوو لە کەناڵی KNN ، لە دیسێمبەری ٢٠١٦ کوژرا.
دەقی راپۆرتەکە بە زمانی فارسی لە وێبسایتی رۆژنامەنوسانی بێسنوری لەم لینکەدا ببینن
https://rsf.org/fr/rsf-demande-aux-autorit%C3%A9s-du-kurdistan-irakien-de-lib%C3%A9rer-qahraman-shukri-et-les-trois-autres?fbclid=IwAR1ON6Wi_mOkV9LqPHHoXEMoLhbLsOm47ISlKh26aZtGZsU5Z11PRNjp55k
دیار عەزیز شەریف