TEVDA Press

شێروان شێروانی

وێستەگانی ژیانی ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی

| Wednesday, 10.19.2022, 09:08 AM |


شێروان ئەمین شێروانی لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٣ی قەزای ئاکرێی سەربە پارێزگای دهۆکە
دوای گەڕانەوەیان لە ئاوارەیی ئێران قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی بەسەرکەوتوویی لەئاکرێ تەواوکردووە
بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لەکارگێڕی و ئابوری دا هەیە
لەساڵی ٢٠٠٨ پەیامنێری ڕۆژنامەی ئاوێنە بووە کە سەرەتایی ئاشنایەتی شێروان شێروانی بووە لەگەڵ کاری ڕۆژنامەوانی و هەروەها لە گۆڤارەکانی لڤین و هاوڵاتیش کاری ڕۆژنامەوانی کردووە
لە ساڵی ٢٠٠٩ سەرنوسەری گۆڤاری وەشان بووە کە گۆڤارێکی سیاسی گشتی بووە و ٦ ژمارەی لێ بڵاوکراوەتەوە
بەهۆی کاری ڕۆژنامەوانیەوە چەندین جار دەستگیر کراوە و سزادراوە و بۆ یەکەمجار کەدەستگیرکرا لەسەر سکاڵایەکی نیهاد بارزانی برای مەسعود بارزانی دەستگیرا
لەساڵی ٢٠١١ گۆڤارێکی سیاسی لەگەڵ ژمارەیەک هاورێی بڵاوکردەوە کە خودی شێروان شێروانی ئیمتیاز و سەرنوسەری گۆڤارەکە بوو بەناوی باشور کە تەنها گۆڤارێک بوو بتوانێت لە ئەوکات بەهەردوو شێوەزاری سۆرانی و بادینی لە سلێمانی تاوەکو زاخۆ بڵاوبکرێتەوە و جۆرێک بوو لەشۆڕش و وەرچەرخانێکی گەورە لەبواری هۆشیاری سیاسی و تایبەت لە زۆنی زەرد کە بەهۆی ئەو دۆخە توندە ئەمنیەی ناوچەکە ئەستەم بوو بتوانرێت گۆڤارێکی وەها پڕ لەئاشکراکردنی فەزاحەتی بەرپرسان سەرهەڵبدات
گۆڤاری باشور خاوەنی مۆڵەتی ژمارە ٤٧٥ی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بووە
لەئەنجامی کاریگەری گۆڤارەکە چەندین جار ستافی گۆڤارەکە ڕووبەرووی هەڕەشە و دەستگیرکردن و سکاڵا بوونەوە و دواتر لە ٢٠/٤/٢٠١٢ شێروان شێروانی سەرنوسەری دەستگیرکرا بەڵام بە ئەو هەموو فشارە توندەی کەلەسەریان بوو توانیان بەردەوامبن تاوەکو ساڵی ٢٠١٤
گۆڤاری باشور توانی چەندین نوسەر پێبگەیەنێت و چەندین کەسایەتی و سمبول بهێنێتە قسە و لەڕێگەی ماڵپەری مالامە خوێنەرێکی ڕژد لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دروستبکات
لە ساڵی ٢٠١٢ شێروان شێروانی و دەیان کەسایەتی دیاری بادینان گروپی فشاریان دامەزاند و چەندین چالاکی دیاری مەدەنیان ئەنجامدا
لەساڵی ٢٠١٣ لەگەڵ ١٥ ڕۆژنامەنووسی عێراق لەخولێکدا بڕوانامەی نێودەڵەتی عێراقی لەئەردەن وەرگرت
خاوەنی یەکەم خەڵاتی شەھید کاوە گەرمیانی یە بۆ ساڵی ٢٠١٤لە کەلار
لەساڵی ٢٠١٥ بەشداری خولی ڕۆژنامەوانی نەتەوە یەکگرتوەکان UN لەسەر کەیسی ئاوارەکان کردووە
ڕێکخەری گروپی یاخی بووە هاوڕێ لەگەڵ پێنج هاورێی دیکەی لە ساڵی ٢٠١٦ و لەگەڵ دەیان ڕۆژنامەنوس و چالاکوان و سیاسەتمەداری بادینان دەیان گردبونەوە و خۆپێشاندانیان ئەنجامدا
لە ٢ی ئوکتۆبەری ٢٠١٦ شێروان شێروانی وهاوڕێ لەگەڵ چوار ڕۆژنامەنووس لەگەڵ مایک ھایکھۆرن کونسولگەری ئەڵمانیا لە دھۆک کۆبوونەوە و دواتر لەساڵی ٢٠٢١ هەمان وێنە ئەنجومەنی ئاسایش وەک کۆبونەوەیەکی نهێنی ناساند ، لەکاتێکدا شێروان و هاورێکانی هەمان وێنەیان لە واڵەکانی خۆیان بەئاشکرا بڵاوکردبویەوە
ئەندامی ڕێکخراوی سەوزی ئەوروپی کوردستان بووە
سەردانی چەندین ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کردووە لە وڵاتەکانی ئیتاڵیا و بەلجیکا و سوید
لە ٨/٨/٢٠١٧ لەگەڵ چەند کەسایەتیەکی سیاسی و نوسەر و ڕۆژنامەنوس کەمپینی نەخێر لەئێستادایان ڕاگەیاند
لەسەرەتای ٢٠١٨ وەک ڕێکخستنەکاننی هەولێر و بادینانی جووڵانەوەی نەوەی نوێ بەهۆی بێ بەڵێنی و ناڕاستگۆیی شاسوار عبدالواحید جیابوونەوەی خۆیان لە لیستی نەوەی نوێ راگەیاند و ڕایانگەیاند "ئێمە ئێستاش وەک ئیرادە نەوەی نوێین بەڵام مەجبوور نین بە عەقڵیەتی رەعیەت و کۆمپانیا و کارمەند و بە کۆیلایەتی لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید  رێکبکەوین" ، و دواتر وەک کەسانی سەربەخۆی ناڕازیی مانەوە
چەندین جار لەئاستی باڵای دەسەڵاتەوە پێشنیاری پلەو پۆستی باڵای بۆکراوە بەڵام  لەسەر مەبادئی خۆی بەردەوامبووە و ڕەتیکردۆتەوە زەرەیەکیش لە پرەنسیپ و مەبادیئەکانی لابدات
بەشداری کۆنفڕانسی یەکێتی نەتەوەیی کوردستان  (کەنەکە)کردووە
خەڵاتی ڕێزلێنانی ١٧ی شوبات و ڕۆژانی دوایی پێبەخشراوە
ڕێکخەری ڕێکخراوی تێکۆشان و کە ڕێخراوەکە پێشووتر ڕێکخراوی شەهید ڕەئوف ئاکرەیی بووە وەک ڕێکخەر ڕێکخراوەکەی زیندووکردبویەوە
بەهۆی ویستی بەشداریکردنی گردبوونەوەیەک لە دهۆک بۆ پشتگیری لە سەرهەلدانی شیلادزێ لە ٢٨/١/٢٠١٩ هاوتا لەگەڵ ٧٠ چالاکوان و ڕۆژنامەنوس و هاوڵاتی مەدەنی ڕەشــــبـــگــیریەکی پارتیدا دەستگیرکرا و دوای ٤٠ ڕۆژ لەدەستگیرکردنی کەفالەت ئازادکرا
لە ٨/٦/٢٠١٩ ڕەوەندی کوردی سیمینارێکی بۆ شێروان شێروانی ڕێکخست لەزانکۆی ئۆسڵۆ سەبارەت بە لەمپەرەکانی ئازادی بیرو ڕا لە باشوری کوردستان
لە ١١/٦/٢٠١٩ لەسیمینارێکی پەرلەمانی سوید بەبەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە نوێنەرانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و پەرلەمانتارانی سوید باسی لە دۆخی ئازادی ڕۆژنامەگەریی و ڕۆژنامەنووسان و ئازادی ڕادەربڕین کردووە
هەر لە سەردانی ساڵی ٢٠١٩ی بۆ سوید لەلایەن نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی سویدەوە پێشوازیلێکراوە و دواتر بەهۆی دەستگیرکردنەکەی ساڵی ٢٠٢٠ەوە لەدیدارێکی ١٧ی شوباتی سویددا بەئامادەبوونی قادر نادر و شەماڵ بەشیری وەک نوێنەری ڕێکخراوەکە ، وەزارەتی دەرەوەی سوید ڕایگەیاند شێروان شێروانی لە نزیکەوە دەناسن و دیدار لەگەڵ شێروان شێروانی لە ساڵی ٢٠١٩ لە وڵاتی سوید- بەرز دەنرخێنن.
لەساڵی ٤/١١/٢٠١٩ لە ئاکرێ لەلایەن کۆمەڵەی ئاشتی و مافی مرۆڤی ئوردنی وەکو میدیاکارێک لەبواری مافی مروڤ و نووسین لەبارەی گەندەڵی حوکمڕانی خەڵاتی ڕێزلێنانی ئاشتی پێبەخشرا
لە ٧/١٠/٢٠٢٠ لەلایەن هێزێکی ئەمنیەوە لەماڵەکەی خۆیدا ڕفێندرا و دوای ماوەیەک لەبێسەرو شوێنبوونی لەڕێگای خاچی سوری نێودەوڵەتیەوە دەرکەوت لەئاسایشی گشتی هەولێر دەستبەسەرە
لە سەرەتای دەستگیرکردنیەوە بۆ ماوەی ٦٧ ڕۆژ لەزیندانی تاکەکەسی بووە
لە ١٨/١/٢٠٢١ باوکی بەحەسرەتی بینینی کوڕەکەیەوە لەشەوێکی ساردی زستان گیانی لەدەستدا و برایەکی بۆ میدیاکان ڕایگەیاند باوکم پێش ئەوەی تواناى قسەکردن لەدەستبدات و دواتریش بەئاماژەی دەست و چاو و بە دڵێکى پڕەوە داواى بینینى شێروان شێروانى برامی دەکرد بەڵام بۆ چرکەیەکیش ڕێگەیان پێنەدا کوڕەکەی ببینێت
دوای ٤ مانگ لەدەستگیرکردنی بەبێ ئەوەی ڕێگەبدرێت پارێزەری ببینێت لە ١٨/٢/٢٠٢١ لەگەڵ چوار هاوڕێی لەدادگاییەکی ناعادیلانەی پڕ لە کەم کورتی و تۆمەتی بێ بنەما و گاڵتەجاڕ و بە بەشداری پەرلەمانتاران و نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوی cpt بە ٦ ساڵ حوکمدرا
لەکۆتایی دادگاییەکەدا شێروان وتبووی لەئاسایشی گشتی ئەشکەنجە دراوم و بە خێزانم ھەڕەشەم لێکراوە، کێ لە ئێوە قبوڵدەکات بە خێزانی ھەڕەشەی لێبکرێت ئەم وتانە هەر زوو کاردانەوەی گەورەی ڕای گشتی بەدواهات
لە دوای دادگاییەکە چەندین ڕێکخراوی گەورەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی زلهێزی جیهانی بڕیارەکەیان بە بێ بنەما وەسفکرد
چەندین دیبلۆماتکار و باڵیۆزی وڵاتان لەنزیکەوە و بەرێگای پەیام سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتیان لە مەترسی و بێ بنەمایی بڕیارەکە ئاگادارکردەو کاردانەوەکان بەجۆرێک گەورە و کاریگەر بوون نێچیرڤان بارزانی لە لای بەرپرسانی ئەوروپی شێروان شێروانی بە ماندێلای کورد وەسفکردبوو بەهۆی ئەو هەموو گرنگیدانە گەورەی بەرپرسانی ئەوروپا و ئەمریکا بۆ کەیسی زیندانیانی بادینان
لەماوەی دەستگیرکردنیدا چەندین خۆپیشاندان  چالاکی لەناوەوە و دەرەوەی وڵات ئەنجامدرا و بۆیەکەمجار ڕووبەروو ڕەوەندی کوردی لەوڵاتە جیاجیاکان لەنزیکەوە شکۆی مەسرور بارزانی و نێچیرڤانیان بارزانیان شکاند و لەپێش چاوی بەرپرسانی باڵای ئەوروپا هێلکە بارانیان کردن
لە چەند ساڵی سزادانی و زیندانیکردنیدا پارێزەرانی خۆبەخش بەردەوام و بێ پشوانە لەسەرخەتبوون و لەهەوڵی ئازادکردنی شێروان و هاورێکانیدا بوون
لە9/3/2021 ئامینە کاکە باوە بەئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی سوید کەیسی زیندانیانی گەیاندە پەرلەمانی سوید و لەدیبەیتێکدا باسی لە کەیسی زیندانیانی بادینان و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی کرد لە کوردستان
لە ١٠/٤/٢٠٢١ عەبدوڵا پەشێو شاعیری ناسراو و بە هەڵوێستی کوردستان بابەتێکی بۆ پشتیوانیکردن لە دەستگیرکراوانی بادینان نووسی و بە توندی رەخنەی لە دەسەڵات و ئەو تۆمەتانە گرت کە خرابوونە پاڵ سزادراوانی بادینان
بەهۆی ناڕازیبوونی خەڵکی بادینان لە حکومەتە پۆپۆلیستەکەی مەسرور بارزانی و تایبەتتر کەیسی زیندانیانی بادینان لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ پارتی پاشەکشەیەکی گەورە و زەبرێکی توندی لەئاستی دەنگدەرانی بەرکەوت بەجۆرێک لەسەدا ٤٤ی دەنگ و لەسەدا ٢٠ی کورسیەکانی لەدەستدا ، هاوکات لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا نێردەی یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند سزادانی ڕۆژنامەنوس و چالاکوانانی بادینان کاریگەری نەرێنی لەسەر هەڵبژاردن لەهەرێمی کوردستان هەبووە
لە١٠/١٢/٢٠٢١ ڕۆژی جیهانی مافەکانی مرۆڤ لەکاتێکدا شێروان شێروانی لەزیندان بوو ڕێکخراوی چەتری پارێزەرانی ئاشتی نێودەوڵەتی خەڵاتی ئاشتی پێ بەخشی
دوای فشارە نێودەوڵەتییەکان و ناڕەزایەتی ڕێکخراوەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی،لە ٢٣/٢/٢٠٢٢ سەرۆکایەتی هەرێم بە مەرسومێکی هەرێمی لە ٦٠٪ ڕێژەی سزادانی پێنج سزادراوەکەی بادینانی ئاسانکرد بەڵام بەهۆی لێدوانێکی بۆ ڕاگەیاندن سزاکەی شێروان شێروانی بۆ لەسەدا پەنجا زیادکرا
لەماوەی زیندانییکردنیدا لە زیندانیش چەندین جار سزا دراوە و ڕێگری لە چەندین مافی سەرەتایی خۆی و زیندانیانی بادینان کرا
"ئێمە بە مردویش هەرنەمرین ئەوان بە زیندوییش مردوون"

* ڤیدیۆێکی دیکۆمێنتاری لەسەر ژیانی رۆژنامەنوس شیروان شێروانی بە زاراوەی بادینی لەم لینکەدا ببینە
https://youtu.be/XJ86T_jU8HI

* ڤیدیۆێکی دیکۆمێنتاری لەسەر ژیانی رۆژنامەنوس شیروان شێروانی بە زاراوەی سۆرانی لەم لینکەدا ببینە
https://youtu.be/X9f0dzx6pcw

شێروان شێروانی