TEVDA Press

وێستگەکانی ژیانی ڕۆژنامەنوس گۆهدار زێباری

| Saturday, 10.22.2022, 08:36 PM |



📌گوهدار محمد عبدالمجید زێباری ناسراو بە گوهدار زێباری
🔸لەساڵی ١/٤/١٩٩١ لە گوندی هەشتکای سەربە قەزای ئاکرێی پارێزگای دهۆک لەدایکبووە
🔸هەر لەمناڵی و لەتەمەنێکی کەمدا وانەی ئاینی لەلای مامۆستایانی ئاینی ناوچەکە خوێندووە .
🔸لەتەمەنی چوار ساڵیەوە وەک گوێگر خرایە بەخوێندن و دواتر قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی بەسەرکەوتویی و لێهاتووانە لەئاکرێ تەواوکردووە
🔸دبلۆمی لە کارگێری و یاسادا هەیە
🔸سەرەتایی ئاشنایەتی گوهدار زێباری لەگەڵ کاری ڕاگەیاندن دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١١ـ٢٠١٥ کە وەک بێژەر و پێشکەشکار و دەرهێنەر لەڕادیۆی پەیام کاریکردووە
🔸خولیا و حەزی گوهدار زێباری بۆ کاری ڕاگەیاندن هەر زوو بویە هۆکارێک سەرکەوتنی خێرا لەو بوارە بەدەست بهێنێت
🔸چەندین نوسین و بڵاوکراوەی لەگۆڤارەکانی باشور و شەیدا بڵاوکراوەتەوە
🔸لەسەرەتای ساڵی ٢٠١٢ وەک پەیامنێر لەکەناڵی سپێدە دەستبەکاربووە تاوەکو ساڵی ٢٠١٥
🔸لەساڵی ٢٠١٤ وەک پەیامنێری سپێدە ڕۆشتۆتە کۆبانێ بۆ ڕووماڵی بوێر و لێهاتووی کورد
🔸بەشداری لەچەندین خول و ڕاهێنان لەبواری ڕۆژنامەوانی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق کردووە
🔸جگە لەکاری بێژەری و پێشکەشکاری و پەیامنێری ، شارەزاییەکی باشی لە بوارەکانی کامێرامانی و گرافیک و مۆنتێر و دەرهێنان و دەنگ هەبووە ، هەروەها شارەزاییەکی باشی لەژەنینی سازدا هەبووە
🔸گوهدار زێباری نوسەرێکی زورباشبووە لە بواری نوسینی وتاردا ، و بەهۆی نوسینە کاریگەرەکانییەوە بە قەڵەمێک لەنەحری سەردەشت عوسمان ناوبراوە
🔸خاوەنی چەندین سوپاسنامە و خەڵاتی ڕۆژنامەوانییە
🔸 وەک پەیامنێر و وێنەگر و مۆنتێر لەکەناڵی nrt دەستبەکاربووە تاوەکو کۆتایی ساڵی ٢٠١٩
🔸دواتر لەچەندین سایت و میدیای ئەلکترۆنی بەردەوانی بە کاری ڕۆژنامەوانی داوە وەک وڵات میدیا و پەرەگراف و هتد
🔸بەهۆی کاری ڕۆژنامەوانیەوە زیاتر لە چواردە جار دەستگیرکراوە و چەندین جار ڕوبەڕووی فشار بۆتەوە و کەل و پەلی ڕۆژنامەوانی شکێندراوە
🔸لەساڵی ٢٠١٨ وەک نوێنەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لەمافی ڕۆژنامەنووسان لەئاکرێ دەستنیشانکراوە  ، و لەوماوەیەدا چەندین بەیاننامە و چالاکی لەبەرامبەر پێشێلکارییەکانی  دەسەڵات بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان و ئازادی ڕادەربڕین ئەنجامداوە
🔸ڕێکخەری چەندین ۆرکشۆب و  کۆڕ و سیمینار بووە بۆ پێگەیاندنی گەنجان و ڕۆژنامەنووسان و چەندین خەڵاتی پێبەخشراوە لەلایەن ڕێکخراوەکانی گەنجانەوە
🔸بۆ دەستبەرداری لە هەڵوێست و کاری ڕۆژنامەوانی ڕووبەری چەندین هەرەشە و فشار وسکاڵا بۆتەوە و چەندین جار بەوهۆیەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی بادینانەوە دەستگیرکراوە و ڕفێندراوە
🔸بەهۆی ناڕازیبون و هەڵوێست و بیروبۆچونەکانیەوە زۆرکات لەلایەن دەسەڵاتەوە هەوڵدراوە دەستبەرداری قەڵەمەکەی بێت بەڵام ڕەتیکردۆتەوە
🔸دوای بێ هیوابوونی پارتی  دەسەڵاتدار لە دەستبەرداری هەڵوێستی گوهدار زێباری و چەند ڕۆژنامەنووس چالاکوانێکی بادینان ، سەرەنجام لەڕەشبگیرییەکی پارتیدا لە٢٢/١٠/٢٠٢٠ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی پارتییەوە دەستگیرکرا و دواتر لەگەڵ چوار هاورێی چالاکوان و ڕۆژنامەنووسی بە چەندین تۆمەتی دوور لە ڕاستی و گاڵتەجاڕ بە ٦ ساڵ حوکمدرا
🔸لەبارەی تۆمەتەکانی گوهدار زێبارییەوە پەرلەمانتار عەلی حمە ساڵح ڕایگەیاند من بەڵێنم بە ھەر پێنجیان دابوو، وەک خۆی چیرۆکەکان بگێڕمەوە..
چیرۆکی گوھدار..
رۆژنامەنوس یان سیخوڕ..
گوھدار لەدایکبووی ساڵی 1991ــە، خوێندەوار و قسەزانبوو ، ئازا و زمانپاراو، زۆر بە باشی بەرگری لە خۆی دەکرد..
دانپێدانانێک بەناویەوە خوێندرایەوە، چەندین خاڵی تێدابوو، گوھدار بەشێکی ڕەتکردەوە..
نوسرابوو..
بەشداری گروپێکم کرد کاری گۆڕینەوەی زانیاری بوو
لەسەر خراپی دەزگا ئەمنیەکان بەرامبەر خۆپیشاندان و نەبوونی خزمەتگوزاری، چەند جارێک راپۆرتم بۆ شیروان نوسیوە و کۆی گشتی پاداشتی  400 ھەزار دیناری پێداوم..
لە قونسوڵگەری ئەمریکا باسی خراپی دۆخی ئەمنی دھۆک و ئازادیمان کردووە..
گوھدار، بەشێکی ئەم دانپێدانانەی ڕەتکردەوەو وتی: بەشێک لەمانە قسەی من نیە...
ئێمە وەک ڕۆژنامەنوس و چالاکوان لە گروپێک بوین بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری میدیایی و خێراکردنی کاری میدیای و ڕۆژەڤی بادینان ئەم گروپەمان دروستکردووە و  ھەر یەکێک لە دەزگایەکی میدیای کارمان دەکرد و ئەو گروپە بۆ ئاسانکاری کاری میدیایی بوو...
من ڕۆژنامەنوس بوم لە سپێدە و NRT پەیامنێری وڵات... من لە ھیچ گروپێکی سیخوڕی و چەکداریدا نیم..
داواکاری گشتی وتی: تۆ لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسان ناوت نیە و چۆن بەناوی ڕۆژنامەنووس کار دەکەیت..  گوھدار، وتی: ئەو تەلەفزیۆن و کەناڵانەی کارم تێداکردوە مۆڵەت پێدراو بوە و منیش باجی ئەوانم ھەیە..
گوھدار، تۆمەتبارکرا بەوەی داوای زانیاری لە پارێزەرێک کردوە لەبارەی دادوەرێک کە بڕیاری گرتنی شیروان شیروانی داوە.
گوھدار، وتی: من وەک ڕۆژنامەنوس پرسیارم کردوە تەنیا ویستومە بزانم زانیاریەکە ڕاستە کە بڕیاری دەستگیرکردنی شێروان شێروانی داوە، نەک بەدوای زانیاری کەسی بم..
دوو تۆمەتی دیکە لە لایەن دادگاوە ڕووبەڕووی گوھدار کرایەوە، فیشەکی ھەبوە ، ئاڕمی پێشەوە و پشتەوەی سەیارەکە جیاوازەو یەکیان شۆفرلێتە و ئەوی دیکە دایۆ، ساڵانەی ئۆتۆمبیلەکەشی بەسەرچوەو ئۆتۆمبیلەکەت ڕەقەمی پێشەوەی نیە و تەنیا ھی دواوەی پێوەیە..
گوھدار، وتی: من ھیچ چەک و فیشەکێکم نەبوە، ئۆتۆمبیلەکم تێکچوە و لە کاتی چاکردنەوەدا وا بۆم گونجاوە بۆیە ئەو عەلامەتە وابوە... ئۆتۆمبیلەکەی من ژمارە موسڵە بۆیە لە ھاتوچۆ ساڵانەم بۆ نوێ نەکرایەوە و ڕێگا پێدانم ھەیە،  لای من بوو پێشەوە و پشتەوەی ئۆتۆمبیلەکە ژمارەکەی پێوەبوو...
ھەرچەندە من دژی ھەموو یاساشکێنیەکم.. بەڵام لەو کاتەدا بیری ئەوەم کردەوە بەرپرسان نزیکەی شانزە ھەزار ئۆتۆمبیلی خوار مۆدیلیان داخڵکردوە بەنایاسایی، ژمارەشیان پێنادرێ و ئێستاش کەس دەستگیریان ناکات!!
من ھیچ بەڵگەیەک و زانیاریەکی باوەڕ پێکراوم نەدیت، گوھدار بەشێک بێت لە گروپێکی چەکداری یان سیخوڕی بۆ لایەنێک کردبێت..
ئەو شەش ساڵەی حوکمدرا پەیوەندی بە سەرپێچی ئۆتۆمبیلەی نەبوو، چونکە لە کاتی خوێندنەوەی حوکمدا، دادوەر وتی: ئۆتۆمبیلەکە دۆسیەیەکی جیاوازی بۆ دەکرێتەوە..
لە کۆتاییدا ئازایانەو بە قوڕگی پڕ گریانەوە وتی: جەنابی دادوەر من بێتاوانم، من ڕۆژنامەنوسی نیشتیمانم، لە شەڕی داعشدا ڕۆشتمە بۆ کوبانی بۆ پیشاندانی ئازایی کورد، لەشەڕی داعش ھاوشانی پێشمەرگە کاری ڕۆژنامەوانیم دەکردو ورەی خەڵکم بەرز دەکردەوە، ئێستا من چۆن سیخوڕی بەسەر نیشتیمانەوە دەکەم.. بێتاوانم
"گوهدار زێباری"دوای فشارێکی زۆرق ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر سزای نادادی گیراوانی بادینان و به‌یاننامه‌ی نزیکەی 15 ڕێكخراوی مافی مرۆڤ و نێوده‌وڵه‌تی و شه‌ش كۆنسوڵخانه‌ی جیهانی ماوه‌ی سزادانی گوهدار زێباری و چوار لە هاوڕێیانی بەمەرسومێکی هەرێمی 60% كه‌م كرایه‌وه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان
گوهدار زێباری لەئێستادا له‌ ناو زیندانی به‌ناو چاكسازی هه‌ولێر سزا سه‌پێنراوه‌كه‌ی به‌سه‌ر ده‌بات به‌به‌رده‌وامی له‌لایه‌ن ئیداره‌ی زیندانه‌وه‌ به‌‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی سیاسیانه‌ ڕووبه‌رووی هه‌ر جۆرێكی ڕێگری و ئابلوقه‌دان و پێشێلكاری دەبێتەوە و له‌مافی خوێندن و به‌شداری كردن له‌ خوله‌كانی ڕاهێنان و بینیی پارێزه‌ره‌كان تا ئێستاش بێ به‌ش ده‌كرێت و وەک لە نوسینێکی بۆ ڕای گشتیش ئاماژەی بەوەکردبوو کە وەک دیلی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵدەکرێت ، ئه‌مه‌ش ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕق و كینه‌ شاراوه‌یه‌ی پارتی و ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی بنه‌ماڵه‌ی بارزانیه‌ كه‌ له‌به‌رامبه‌ر گوهدار و هاوڕێكانیدا كه‌ ته‌نانه‌ت دوای سزادانیش تا ئێستاش به‌رده‌وامی هه‌یه‌ كه‌ نیشانده‌ری ده‌سته‌وه‌ستانیانه‌ به‌رامبه‌ر خۆڕاگری و ئیراده‌ی به‌هێزی گیراوان و غه‌درلێكراوانی بادینان.
📌ئەم ل زیندانێ ژی ب مری ژی دئاخڤین ...
لێ هوین دئازاد و زندی دبێدەنگنن .. جوداهیا مە ئەڤەیە..

لە رێگای ئەم لینکە ڤیدیۆێکی دیکۆمێنتاری ببینە
https://youtu.be/fCUlursqUGY
گوهدار زێباری