TEVDA Press

دلێر محەمەد نوری

ئازادی ئێمە و زیندانیانی بادینان

| Saturday, 10.22.2022, 08:46 PM |


گەر ئازادی لە وێنە گشتییەکەیەوە تەماشا بکەین، ئەوا ئێمە ئازادین و شیروان شیروانی و هاوەڵە ڕۆژنامەنووس و چالاکوانەکانی، ئازاد نین و زیندانین. ئەوان ڕۆژگارێک وەکو ئێمە (ئازاد!) بوون. ئەو ئازادییە ڕێژەییەی ئێمەیان هەبوو. بەڵام تەماعی ئازادی ئەوان گەورەتربوو، لەو بەشە ئازادییەی کە دەسەڵاتی کوردی ڕێگەی پێداوین. ئەوان لە جیاتی هەمووان داوای ئازادییەکیان ئەکرد کە هەم جۆری بوو، وە هەم کاریگەر بوو. نە وەکو ئەو ئازادییەی، ئێمە کە ڕواڵەتیی و بێ کاریگەرییە. ئێمە بە ڕواڵەت ئازادین و لە دەرەوەی زیندانەکەی شیروانین. ئەو زیندانییەی کە ئازادیخوازە بە تەماعەکانی تێدایە. ئێمە ئێستا ئازادین لەوەی بە دەنگی بەرز بڵێین: ئەم هەرێمە غەرقی گەندەڵی و خیانەت و حزبی دیکتاتۆر و دزی و جەردەیی بووە بە گشتی. ئێمە ئازادین تاسەی جادەکان و بەرمیلە نەوتی بەتاڵ و دواکەوتنی مووچە و خیانەتەکان و خوێنە ڕژاوەکان و ژنە تیرۆرکراوەکان و باڵەخانە بەرزەکان و چاڵە نەوتەکان و …هتد بژمێرین. ئێمە ئازادین لە ژماردن و ڕیزکردنی هەموو ئەوانە. ئێمە تەنانەت ئازادین هەموو ژمارەکان و ڕووداوەکان و کارەساتەکان باس بکەن، تەنانەت لە بەردەمی بەرپرسەکانیشدا. کەواتا ئێمە بە ڕواڵەت زۆر ئازادین. ئازادین بەڵام لە نێو زیندانێکی گەورەدا کە پێی ئەڵێن شەقام، کاغەز، شاشە، شار، هەرێم. کەوابێ شیروان شیروانی و هاوەڵەکانی لەوە زیاتر چییان دەویست؟ بە کورتی ئەوان ئازادی سەرزارەکی و کەم و کورتی ئێمەیان نەدەویست، بەڵکو ئەوان ئازادی نێو دڵی ئێمەیان کۆکردەوە و و کەم و کورتییەکانیان پڕکردەوە و بەیانیان کرد و دایان بە گوێی حکومەت و حزب و دەسەڵات و دادگا و سەرۆک و سەرکردەکاندا. ئەوان ئەو ئازادییە ناوەکییە، ڕاستییە، کاریگەرییە، جۆرییەیان ئەویست کە ئەو پڕۆسەی گەندەڵی و خیانەت و وێرانکارییانە ڕابگرێ. ئەوان ئەیانووت تۆی فڵان ڕاست ناکەی. تۆی فیسار گەندەڵیت. ئەوی سەرکرده خیانەتی کرد و ئەوی سەرۆک ڕۆژنامەنووسی کوشت. ئەوی بێ بەڵێن و ئەمی ژنباز و ئەوی خائین و ئەمی….هتد. شیروان شیروانی و هاوەڵەکانی، ژمارەکانیان دەلکان بە ناوەکانەوە، کارەساتەکانیان دەلکان بە سەرۆکەکانەوە، خیانەتەکانیان دەنووسان بە ئەدرەسەکانی حزبەوە. لای ئەوان تاوان بە تاوان و سەرکردە بە سەرکردە و حزب بە حزب، هەر کەس وەکو خۆی بە تایبەتی باس دەکرا و ئاماژەی بۆ دەکرا. بەڵام لای ئێمە ئەبێت ناوی هەمووان بە گشتی و پێکەوە بهێنین و ئەوەی ئەیڵێین، عەکسێکی ناڕوونی ئەوەیە کە لە دڵماندایە. بۆیە ئێمە لە زیندانە گەورکەین و ناوێرین لە ترسی زیندانییەوانەکانی حزب و حکومەت قسەی دڵی خۆمان بکەین. هەر بۆیەش دەبوو شیروان شیروانی و هاوەڵەکانی، لە کەشی ئازادی باو دووربخرێنەوە. دەبوو کەشی بەهەشتی حزب و سەرۆکەکان تێک نەدەن. ئەوان دەستییان بۆ سێوە حەرامەکانی حزب و سەرۆک بردبوو. ئەوان شتێک چووبوووە مێشکییانەوە بە ناوی (شەیتان!)ی ئازادی و خەریک بوو عەرشی (خوداکان!)ی هەرێمیان ئەلەرزاند. سۆرانی مامە حەمە و سەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانیش هەمان کاری شیروان شیروانی و هاوەڵەکانیان کرد. هەستان ژمارە و ڕووداوەکانیان بە ناو و ناونیشانەوە بڵاوکردەوە، بۆیە تیرۆر کران. ئەمڕۆ دونیا لەوە بچووکتر بۆتەوە کە تیرۆری ئاشکرا وەکو میتۆدێک بۆ کپ کردنی دەنگی ئازادی بەکار بهێنرێت، مەبەستمە بڵێم تیرۆری ڕۆژنامەنووس ئاسان نیە، بەڵام تیرۆری سیاسی لە نێوان خودی جەمسەرەکان و کادری حزبەکان هەر بەردەوامە، بەڵام ئەو تیرۆرە سیاسییانەی نێوان خۆیان هێندە خەمی گشتی نیە وەکو تیرۆری ڕۆژنامەنووس و چالاکوانێک کە لە جیاتی هەمووان، قسەی دڵی هەمووان ئەکەن. بۆیە ئەوەی دوێنی بە سەردەشت و سۆران و کاوە کرا، ئەمڕۆ بە جۆرێکی دیکە دەرهەق بە شیروان شیروانی و هاوەڵاکانی ئەکرێ. چەکی تیرۆر گۆڕاوە بە چەکی یاسا و دادگای قەرەقووشی. بکوژ گۆڕاوە بە دادوەر و لێکۆڵەری حزبی. سیناریۆی چیرۆکی بە تیرۆریست ناساندن و بە خاوەنکردنی کەسی تیرۆرکراو، بە کێشەی کۆمەڵایەتی، گۆڕاوە بە سیناریۆی تۆمەتی یاسایی داڕشتن و پیلاندانان بۆ داهێنان و دروستکردنی شاهیدی هیچ نەدیو و داتاشینی تۆمەت بە پێی یاساکانی سزادان. شوێنی دوورخستنەوەی ڕۆژنامەنووس و چالاکوانیش لە گۆڕەپانی سیاسییەکان، لە گۆڕستانەوە گۆڕاوە بە زیندان. ئەو زیندانە بچووکەی ناو زیندانە گەورەکەی کە ئێمە بە ڕووکەش تیادا ئازادین. جیاوازی نێوان ئازادی ئێمە و ئەوان لە جیاوازی نێوان وتاری گشتی ئێمە دەچن کە زوو دەبن بە مانشێت و ستوونی بڵاوکراوەکان، لە گەڵ ئەو وتارانەی کە باس لە ئابڕووچوونی سیاسی و ئیداری و ئەخلاقی، بە ناو و ناونیشانەوە ئەکەن و بە داوای لێبووردنەوە بڵاوناکرێنەوە لە هەرێم، لە ترسی چەکوشەکەی دادگا قەرەقووشییە حزبییەکان. ئەوەی شیروان شیروانی و هاوەڵەکانی کردیان ئەمە بوو، بۆیە لە گۆڕەپانەکە دوورخرانەوە. شیروان شیروانی و هاوەڵەکانی چەند ساڵێکیان لە هەڕەتی لاوی خۆیان بەخشی بە ئازادی. چەند ساڵێک دوور لە خێزان و مناڵە چاو بە فرمێسکەکانی خۆیان بەخشی بۆ باشترکردنی دۆخی ئازادی و ژیانی ئێمە. ئێمەش جگە لە هەوڵی پارێزەر خۆبەخشەکان و چالاکوانی ئەوروپا و ئەم پرته و بۆڵەی وتارانە و هەندێ خۆپیشاندان و توڕبوونی بەردەم شاشەکان، جەماوەرێکی زۆر بە ئەمەک نەبووین. چونکە دەبوو فشارەکان بگەیشتنایەتە ئەو ڕادەیەی دەسەڵاتی ناچار بە ئازادکردنی شیروان و هاوەڵەکانی بکردایە، ئەنجا بارتەقای ئەو قوربانییەی ئەوان دەبوو. ئێستا ئەوان لەو قارەمانانە دەچن کە خوێنی خۆیان بە فیڕۆ داوە بۆ هەرێمە پڕ گەندەڵ و خیانەتەکە. تۆ بڵێی شیروان شیروانی و هاوەڵەکانی چاوەڕوانی توڕەیی و ناڕەزایی زیاتر نەبووبن لە ئێمە؟ ئەوان هەر ڕۆژەی پەتپەتیەکی نوێی نێو زیندانیان پێ دەکرێ، کەچی ئێمە بە ئاستەمیش نابزوێنێ! ئەوان ئەیانتوانی لە بری قوربانی، ببن بە دەرباری تێر و تەسەلی دەسەڵات. کە نەبوون ئاخۆ، ئەمەیە پاداشتی جەماوەر، بۆ قوربانیی بێ بەرانبەر!؟
دلێر محەمەد نوری