TEVDA Press

بڕیاری ملهوڕانەی(مەرجداری) پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران، پێشهاتێکی زۆر ترسناکە بە ئاراستەی(ئازادیی دەربڕین و بیروڕا) چونکە

| Monday, 11.14.2022, 05:47 PM |



١- هەرچی فەرمانبەری هەرسێ سەرۆکایەتییەکەیە کە نزیك بە هەموویان سەر بە دەسەڵاتن یان گوێڕایەڵیانن، نەك پلە بەرزکردنەوە بگرە پاشەکەوتیشیان بۆ گەڕاوەتەوە!

٢- هێزە چەکدارەکان(پۆلیس بەهەموو جۆرەکانییەوە، پێشمەرگە، دژەتیرۆری هەردوولا) کە پێویستیان بە پۆستاڵ و نینۆکیانە، دەمێکە پلەبەرزکردنەوەیان بۆ گەڕاوەتەوە!

٣- دادوەرەکان کە(زۆربەیان) زۆر هەڵوێستی ناشەرعییان بۆ ئەشەرعێنن، بە موچەیەکی پلە باڵاوە، پلەبەرزکردنەوەشیان بۆ گەڕاوەتەوە!

جا ئێستا وێنەکە تەواو نەکراوە، لەناو فەرمانبەرانی مەدەنییشدا کۆمەڵێك کەسی خۆیان لەهەر فەرمانگە و دامەزراوەیەکدا ماوە و پێویستە فریای(کەشتیی گەندەڵیی) بکەوێت!

وەك وتراوە کە؛ هەموو دەسەڵاتێکی ستەمکار پێویستی بە سێ(شین)ـە تا مانەوەی خۆی پێ دەستەبەر بکات:
«شاعیر»ـێكی دەربار بۆ پیاهەڵدان و جوانکردنی دەموچاوی دزێویان، «شێخ»ـێکی ئەڵقەلەگوێ بۆ وەعز و فەتوای ستەمکردن، «شیر-شمشێر»ـێك بۆ پەڕاندنی ملی نەیارەکانیان!

ئەم بڕیارە ستەمکارانەیە زنجیرەی کۆتایی ئەو پیلانە گڵاوەی حکومەتە دەرهەق بە فەرمانبەرانی دەنگ دلێر، لێرەوە قۆناغێکی ترسناکتر دەست پێئەکات، کە بە هەڵاواردن و جیاکاریی کردن لە نێوان فەرمانبەراندا، بەشە بێدەنگەکەیان دەستەمۆ و بێدەنگتر ئەکەن و بەهەڵوێستەکانیش یان بێدەنگ ئەکەن، یان ئەبێت تا کۆتایی تەمەنیان باجی قسەکردن و هەڵوێستیان بدەن بە نانبڕانێکی جوزئیی!

ئەمە وێنەکەیە، پێویستە ئێمە قەبوڵی نەکەین، پێش هەر شتێکیش پێویستە هاوهەڵوێست بین، نەك تەنیا بۆڵەبۆڵی ژێر لێو!
هادی حمە رشبد