TEVDA Press

دانا مەنمی

سیاسەت و کۆستەڵە

| Friday, 11.18.2022, 11:35 PM |


ئەو دۆخەی کە ئەمڕۆ کوردی تێکەوتووە کوتومت وەک ئەو کۆستەڵەیەی دەورانی منداڵیمانە ، کەس حسابی تورێکی قوڕاوی بۆ ئەویتر ناکات و بێباکن لەوەی خەون و خوێن قوربانی سەدان ساڵەی کورد بکەنە قوربانی حەزو رقە سیاسییەکانیان ، پارتی و یەکێتی هیچ نەماوە خراپی نەکەن و شەرمیش ناکەن لە شانازیکردن بە خوێنی شەهیدانەوە ! شەهیدانێک کە نەیانزانی بە خوێنی ئەوانەوە بازرگانی دەکرێت ! ئاشکرایە هاوپەیمانیەتی پارتی و یەکێتی هەتا شەڕو ئاشتیان هیچ خزمەتیکی بە خەڵکی کوردستان نەکردووەو هیچ دەستکەوت و ئینجازێکی بۆ کوردو دۆزەکەی تیدا نەبووە ، ڕێکەوتنەکانیشیان وەکو کۆستەڵەی منداڵی وایە و هەرکاتێک لەسەر ئەنجامەکان ڕێکنەکەوتن بەیەک کۆستەڵە تێکی دەدەن و هەر لایەو پڕدەکاتەوە بە مووشەکەی خۆیدا دەڵی ؛ ئەوەی من ویستم دەستم کەوت تۆش بیخولێنەوە ! لە منداڵیدا ئەگەر منداڵێک لە یاری هەڵماتێندا هەستی بە دۆڕان بکرادایە یاسایەکی قەرەقوشانە هەبوو بۆ ئەوەی بێتەوە مایە پڕی دەکرد بە هەڵمات و موشەکەی خۆیدا و دەیگوت کۆستەڵەیە ، کۆستەڵە واتە دۆڕان و براوەیەک بوونی نییە ، کۆستەڵە لە دەورانی منداڵیدا شتیکی جوانە ، منداڵی منیش وەک منداڵانی تررۆژ هەتا ئێوارە لە دەرەوە بووین ، بەیانیان هەڵماتێنمان دەکرد و کۆستەڵەی تێدەکەوت ، ئێوارانیش هەلوکێن ، کچەکانی دراوسێمان خەتخەتێن و هەڵماقۆیان دەکرد ، لە تەمەنێکی بچوکەوە لە پاڵ خوێندن دەستم کرد بە کارکردن ، چاوبڕکێم لەگەڵ کچان کردووە و ئەگەر ڕێک کەوتبا لە ماچ و مووچێک زیاتر تێنەدەپەڕی ، بەڵام لە نوێژ و ڕۆژوو گرتندا زۆر ئازا بووم . سیاسەت هونەری بەرێوەبردن و هونەری ململانێ یە لەسەر چۆنیه‌تی به‌رێوه‌بردن و ڕێکخستنی کۆمه‌ڵگا ، لەهیچ سوچێکی دونیادا سیاسەت هونه‌ری فرتوفێڵ و ته‌ڵه‌كه‌بازی و کۆستەڵە نەبووە بۆ به‌ده‌ستهێنانی مه‌رامی حیزبی و خێزانی‌ ، خودا فرسەتی ئەم کۆمەڵگایە بدات کە حیزب و سەرۆک و سەرکردەکانی ڕقیان لە پارەیە و میللەت بە زۆر دەیخاتە گیرفانیان ! نازانم ئەم حەماقەت و کۆستەڵەی یەکێتی و پارتی تاکەی بەردەوام دەبێت، بەڵام ئومێدم هەیە کە ئەم میللەتە بە خۆیدا بچێتەوەو رۆژێک زوتر هەنگاوێک خێراتر هەڵبگرێت تێیان گەیەنێت کەی وەختی کۆستەڵە!
دانا مەنمی