TEVDA Press

بارزانی هەمیشە لای عەرەب و جیهان سەرۆکی کوردە

| Monday, 09.07.2020, 04:37 PM |


بارزانی هەمیشە لای عەرەب و جیهان سەرۆکی کوردە

نووسەر و ڕەخنەگرێکی ناسراوی کورد ڕای گەیاند، سەرۆک بارزانی ئەگەر هیچ پۆست و پایەیەکی نەبێت و بەبێ هیچ پۆستێکیش لە ماڵی خۆیدا دابنیشێت، لای عەرەبەکان و لای هەموو جیهان هەر ”سەرۆکی کوردە.

جەزا چنگیانی، نووسەر و ڕەخنەگر، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، وتارێکی لەبارەی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا نووسیوە و ئاماژەی بە وتارێکی خۆی لە تەمووزی ساڵی ٢٠١٢ سەبارەت بە سەردانیکردنی نەوشیروان مستەفا بۆ تاران داوە و ڕوونی کردووەتەوە، رۆحی سیاسەت تاکتیکە، رۆحی تاکتیکیش هۆشیاریی سیاسییە کە لەسەر بنەماکانی (مێژوو، سیاسەتی ڕۆژ و ئایندە) بونیاد دەنرێت.

بەراوردیشی لە نێوان سەردانەکەی سەرۆک بارزانی و جووڵە دیپلۆماسییەکانی هەریەک لە جۆن کەنێدی، سەرۆکی پێشووتری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و نیلسۆن ماندێلا، سەرۆکی پێشووتری باشووری ئەفریقیا و ماهاتما گاندی، باوکی ڕۆحیی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی هیندستان کردووە و ڕوونی کردووەتەوە کە سەرجەم ئەو سەرکردانە لە پێناو دەربازکردنی گەلەکانیان لەو کێشانەی ڕووبەڕوویان بۆتەوە، چەندان جار گفتوگۆ و دانوستانیان لەگەڵ تەنانەت نەیارانیشیان ئەنجام داوە.

چنگیانی پرسیاری ئەوەی کردووە کە ئاخۆ بۆچی بەغدا ”دەستی تەوقەی دیالۆگ“ بۆ هەولێر درێژ دەکات و فەرشی سووری بۆ ڕادەخات، بەڵام سلێمانی لە دەرەوەی دیالۆگە؟ وەڵامەکەشی بەوە داوەتەوە کە ”لای عەرەبە ڕەسەنەکان، گرووپی ١٦ی ئۆکتۆبەر، لە دەرەوەی گۆڕەپانی سیاسین. ئەوان وەک نیشتمانفرۆش لای نیشتمانییە رەسەنە عەرەبەکان، زۆر سووکن“.

لە کۆتاییشدا دووپاتی کردووەتەوە کە ئەگەر سەرۆک بارزانی لە ماڵەکەی خۆیدا دابنیشێت، ”لەلای عەرەبەکان و جیهان، سەرۆکی کوردە.

-----------------

جەزا چنگیانی ئەو کاتەی لە کوردستانپۆست دەینووسی، ئاوای بە مەسعود دەگوت:

مەسعود پێش ئەوەی سیاسیی بێت دزە . پێش ئەوەی سەرۆكی كورد بێ ... دوژمنی كوردە .

تێبینی: ئەمانەی خوارەوەش چەند نووسینێکی دیکەی جەزا چنگیانییە، کە بە پێچەوانەوە پێش چەند ساڵێک لە کوردستانپۆستدا بڵاوی کردوونەتەوە:

1-مەسعود لە یادی گەورەترین سەرکەوتنی جیهانی درۆیەکی گەورەی کرد

2-مەسعود بۆ سەرۆكایەتی یان بۆ دادگا؟!

3-له‌ ئاشبه‌تاڵێکی تردا مه‌سعود شاربه‌ده‌ر ده‌کرێ!

4-مه‌سعود نه‌ زمانی کوردی ده‌زانێت، نه‌ سیاسه‌ت!

5-ئاشەكەی بەرزانی چ دەهاڕێ

6-جامانەكەی مه‌سعودی خەزور و عەگالەكەی یاوەری زاوای بارزانی!

7-مەلا مستەفای بارزانی نەك سوكایەتی، به‌ڵکو بازرگانیشی بە پیشمەرگەوە كردووە

8-سەرۆك لە كۆیدا چەقیوە؟!

9-نامەیەكی جوان بۆ مەسعودی ناشیرین

10-مه‌سعود ڕۆیشت و جه‌لال هاته‌وه

11-مەسعود دەچی بۆ ئەمەریکا

12-گۆڕان مەسعود دەکات بە دیکۆر؟

......................

مەسعود دەچی بۆ ئەمەریکا

نوسینی : جەزا چنگیانی

ئایا ئەندامانی وەفدی کوردی . لەسەر بنەمای هوشیاری سیاسی هەڵبژیراون؟یان وەک ئەکتەری کۆمبارسی شانۆی ( فانتۆمیم )؟

ئایا مەسعود دەزانی نەخشەی کوردستان لەکۆام خاڵەوە. لەعەرەبمان   جیادەکاتەوە؟

ئایا مەسعود پێش ئەم سەفەرە راوێژی بە کەسانی پسپۆر مامۆستا زانکۆ  نووسەر  لێکۆڵێرەوەی ئابوری و میژووی کردوە؟

ئایا مەسعود وەک سەرۆکی هەریمی لە ناوڕۆک و پڕۆژەی دەوڵەتی کوردی  لەتەک پەرلەماندا تاوتۆیکردوە؟

مەسعود سنوری دەوڵەتەکی شێخ مەحمودی نەمری دەزانێ؟ ئایا مەسعود دەزانی ئالای کوردستان لە سلێمانی 17.09.1922. هەڵکرا؟.  دەزانی شێخی نەمر لە10.12.1922. کابینەی وەزارەتی حکومەتەکەی دامەزراند؟ ئایا دەزانی لەسەرەتدا بەریتانیا بڕوای بە دەوڵەتی کوردی هانی و بۆ پەشیمان بووە؟ هۆی لکاندنی باشوری کوردستان بە عیراقەوە 17.09.1922لە؟ فاکتەرەکانی چی بوون؟

ئایا مەسعود بەشیمانە لەو هەڵە چاوشۆریەی لە تەک جەلالدا پێکەوە واژویان لە سەر عیراقی بوونی باشوری کوردستان کرد؟

ئەگەر سەردانەکەی بۆ لای جەلال بۆ ڕاڤەکردن بێ لەمەڕ دەوڵەتی کوردی. جەلال کە نەتوانی لووتی خۆی پاک بکاتەوە . چۆن دەتوانی هاوبەشی بڕیارێکی گرنگ لە چارەنووسی کورد بدا . نەچونی بۆ لای نەوشیرەوان کۆنەبوونەوەی لە تەک لایەناکانی تری باشور چ دەگەینێ؟

ئایا مەسعود ڕۆشنبیری بەرامبەر بەخەباتی گەلان بۆ دامەزراندنی دەوڵەت هەیە.

ئایا مەسعود دەزانی جولەکە خاوەنی گاڵوێنی پیترۆڵ و بستێ زەوی . لە هەموو جیهاندا بێ شناسنامەی نیشتمانی تایبەتی بوون. چۆن توانیان لە 14.Mai.1948 . دەوڵەتی ئیسرائیلی دروست بکەن؟ دەزانی پێش25 ساڵ لە دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیلی؟ جولەکە دەستوری بۆ ووڵاتی ئایندەیان نووسیوە؟ مەسعود (سیودور هرتزل..1860.1904)نووسەری نەخشەی دەوڵەتی ئیسرائیل دەناسێ؟

ساڵێ 1894هرتزل ئامادەی دادگایەکی سەربازی فرنسی دەبێ تایبەت بەدادگای ئەفسەریکی جولەکە. لە سێدارە دەدرێ. دوای دووساڵ نامیلکەیەک دەنووسی بە ناوی(دەوڵەتی جولەکە)وە. ئەم نامیلکەیە دەبێت بە بنەمایەک بۆ بیرکردنەوەی هەموو جولەکەکانی دنیا لە دەوری پڕۆژەی دروستبوونی دەوڵتێک بۆ جولەکە،

ئایا مەسعود ئاگای لەخەباتی غاندی و محمەد علی جناح هەیە؟ چون دوو دەوڵەت (هندستان و پاکستان) یان  دروستکرد؟

پاکستان

پاکستان لەڕووی میژووی سیاسیەوە لەسەر بنەمای ئیسلامی نیشتمانی و لەسەر دەستی(محمد علی جناح)هاوڕی خەباتی (غاندی)بوو دژی ئیمپرالیزمی ئینگلیزی. دروستبوو.(محمد علی جناح)ساڵی1906ئەندامی پارتی(کۆنگرەی هیندی)بوو. ساڵێ 1913بووبەئەندامی(پەیوەندی ئیسلامی)پەیوەندی خۆشی لەتەک پارتی(کۆنگرەی هیندی)نەپچڕاند. لەسەرەتای شۆرشی هیندی دا  ڕەگەز ، دین  مەزهەب ڕۆڵی نەبوو.تا ساڵی1937هیچ هەوڵێک لەلایەن موسۆڵمانەکانی هیندەوە واتە(پەیوەندی موسوڵمانی)بۆجیابوونەوە لەهندستان نەبوو.جیاوازی شێوەی خەباتی سیاسی لەنێوان(غاندی ومحمد علی جناح) لەوەدابوو(غاندی)بڕوای بەخەباتی ئاشتیانە هەبوو لێ(محمد علی جناح) بەچەک و توندو تیژی.لەکۆنگرەی لندن ساڵی(1930-1932) محمد علی جناح 14 خاڵی بۆ ئیسلامەکانی هیندستان وەک ماف دەستنیشانکرد.

(محمد ئیقبال)چالاکەوانێکی موسوڵمانی هیندی بوو بۆیەکەمجار نەخشەی جیابوونەوەی  موسۆڵمانەکانی لەچۆارچێوەی(دەوڵەت) وروژان. بەڵام(محمد علی جناح)بڕوای بە سیستەمێکی(فیدریاڵی) هەبوو. لەچۆارچێوەی ووڵاتی هندستاندا.

ساڵی 1935هیندستان لەئامادەکاری دەستورێک بووبۆ دەوڵەتی هیندی لە ساڵی 1937(محمد علی جناح)ئیستراتیجیتی خۆی گۆڕی وپڕۆژەی دەوڵەتی سەربەخۆی پاکستانی وەک وڵاتێکی ئیسلامی جیا لەهیندستان  ئاشکراکرد.

زۆر بەڕاشکاوی جیاوازیەکانی نێوان موسۆڵمانەکان و هندۆسییەکانی لە سەربنەمای میژوو سترۆکتۆری بیروباوەڕ خستەڕوو ئامادە نەبوو موسوڵمانەکان ببن بەکەمینەیەک لەپەرلەمانی هیندستاندا  ووتی :

ئێمە ڕەگەزی ئارین . ئێوە درافدا . ئێمە ئەهلی قورئانین ئێوە وستیون . پاڵەوانە میژوویەکانی ئێوە دوژمنی ئێمەن. پاڵەوانەکانی ئێمە دوژمنی ئێوەن . قەت جیاوازییەکانمان کاڵنابێتەوە تاقە شانسێک بۆ ئێمەی موسۆڵمان دەوڵەتێکی سەربەخۆییە.

1947دەوڵەتی پاکستان دروستبوو . لەتەک کۆمەڵی کێشەی هەڵواسراودا ئینگلیز نەیهێشت بەئاشتی لەسەری رێکبکەون ئەویش کێشەی(کیشمیر)بەمەبەستی دارشتنی دوژمنایەتی نێوان هیندستان و پاکستان.

هوشیاری سیاسی بەریتانیەکان لەوەدایە ئەگەر لە نیشتمانیک . ووڵاتێک دەربکرێن ، هەوڵدەدەن لەووڵاتەدا تۆوی گرفتێکی بێ چارەسەربچینن تائەو ووڵاتە هەمیشە لە گرفتا بێت .

بەو هویەشەوە لەڕێگەی تۆڕی سیخوڕیانەوە دەستدەخەنە ئیشوکاری سیاسی ئەو ووڵاتەوە .کێشەی کیشمیر لە نێوان(هند وباکستاندا)کێشەی کەرکوک لە نێوان ( عەرەب و کوردا)لەعیراقدا.کێشە قدس لەنێوان(ئیسرائیل و فەلەستینەدا) کێشەی خواروی سودان لە نێوان سودانیە موسوڵمانەکان ومسیحیەکانی خواروی سودان ودافور.

لەتەک ئەودا(محمد علی جناح)تاتەمەنی 61ساڵی بڕوای بەیەکپارچەی هیندستان هەبوو بەڵام جوپۆلیتیکی ناوچەکە و ئەدمۆسفیری سیاسی هیندستان بۆچونەکەی گۆڕی بوو بەقارەمانی دامەزینەری دەوڵەتی پاکستان.

(محمد علی جناح)بە دریژای سیاسی خۆی لە پاکستاندا لە خەمی دروستکردنی دەوڵەتێکدابووتابەرۆحێکی(نیشتمانی وقەومیەوە)پەروەردەیان بکات.چونکە سیاسەتی بەریتانی بۆ یەکپارچەی هیندستان و بەتایبەتی  سەرۆک وەزیرانی ئەو ساتەی بەریتانیا (ویلیام گلاوستۆن)هەوڵی دروستبوونی(قومی)هیندی بە کۆمەڵێ ڕەگەزی جوداوە. وپاراستنی مافی کەمینە وڕەگەز ومەزهەبە جوداکان لە سنوری ئۆتۆنۆمیدا(وەک کوردو عەرەب لەعیراقدا) بەڵام دڵسۆزی و زرنگی (محمد علی جناح) بوو بە لەمپەر لەبەردەم پرۆژەکەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا.

ووتی دەستور پاڵپشتێکی قایم نیە بۆ پاراستنی مافی موسۆڵمانەکان.

بڕوای وابوو هیندستان دەبێتە دەوڵەتێکی(روح هیندۆسی)ئێمەی موسولمان دۆڕای ئەو پرۆژەیەدەبین . وەک کوردی دۆڕا و فشەی فیدرالێ و بازی دەستوور کوژانەوەی مادەی 140. شتە عەنتیکەکانی تری عیراقی عروبە.

ئایا موسعود بەوە هوشیارە جاران تەنیا بەعس دژی کورد بوو ئیستا شیعەش چووە پالێ ( شیبەعس)؟

داوی 54 ساڵ دانیشتن و گفتوگۆ ، شەر و ئاشتی . ئاشتی و شەر. بروای وایە کورد بتوانی لە سنوری عیراقدا بەئارامی بژی؟

ئایا مەسعود دەچێ بۆ ئەمەریکا بۆ جوڵاندی دۆسییەی دەوڵەتی کوردییە؟یان بەدزی وەفدەکەوە مکیاچی ڕووی خۆی دەکات؟

د. جەزا چنگیانی

...............................

نمونەی جەزا چنگیانییەکان بوو، کە ئەم سەرکردە و بەرپرسە خائینانەیان لە باشوور بۆ دروستکردین

نوسینی : تەها ئەمین هەڵەدنی

(لە کوردستان پۆست) ەوە وەرگیراوە.

لینین دەڵێت:، خیانەتی ڕۆشنبیر ترسانکترینە، چونکە کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا دەبێت.

چ. گیڤارای پێشەوای یاخیی بووەکانیش ئەفەرموێت: خیانەتی سەربازێک تەنها کەسێک و زیاتر دەکوژێت، بەڵام ڕۆشنبیر دەتوانێت گەلێک بکوژێت.

دیسان دەڵێت: یاخی بوون دوا پلەی ئەخلاق بەرزییە، بەڵام یاخی بوون بەبێ ویژدان و ئەخلاق ئەوپەڕی بەد ڕەوشتیە.

هەموو ئەمانە لە نمونەی جەزا چنگیانییەکاندا هەیە.

لە سەرەتای حەفتاکاندا بەڕێوەبەری قوتابخانەی سەرەتایی دەربەندیخان ناوی سامی بوو، سەگێکی هەبوو ناوی نابوو (بەعسی) زوو زوو خۆی منداڵەکانی بانگیان دەکرد:

بەعسی..... بەعسی.

کەچی دوای تێکچوون و هەڵوەشاندنەوەی بەیاننامەی ١١ی ئازار، هەر هەمان شەو کە زۆر بەی خەڵکیی شاریان بەجێ هێشت و دوای پارتی کەوتن و چوونە شاخ، ئەو مامۆستا سامیە ناوی سەگەکەی گۆڕی بە (بارزانی)، پێشتر مامۆستا سامی پێیەکی لە قوتابخانە و پێکەی تری لەناو بارەگاکانی پارتیدا بوو.

پاش هەڵگیرسانی شەڕی نێوان بنەماڵەی بارزانی و بەعسی، ئیتر مامۆستا ڕیگەکەی گۆڕی بۆ مونەزەمە و دائیرەی ئەمنەکان.

لەو دواییەداو پێش روخانی بەعس، ناسیاوێکم لە پۆڵۆنیا بینی باسی ژیلوان ناوێکی کرد، کە  لە سەفارەتی عێراقە پارە بۆ قوتابیەکان لە سەفارەت وەردەگرێت و دەستی دەڕوات، وەک ئەمنێکی دڕندە قوتابیەکانیش لێی دەترسان، دوای پرسیارکردن کە ژیلوان کێ بێت و کێ نەبێت، پرسیم، ئایا کوڕێکە لە تەمەنی خۆماندا، پرچی زەردە؟ ناسیاوەکەم ووتی: ئا ئا ئا خۆیەتی،  ئیتر دەرکەوت ئەو ژیلوانە کوڕی ئەو مامۆستا سامییە بوو.

چەند ساڵێک دوای ئەمە، کە ئەمەریکا سەدامی ڕووخاند، چ گیڤارا واتەنی هەر کە شۆڕش بەئەنجام گەیشت جرجەکان لە زێرابەکان دێنە دەرەوە و ئاهەنگی سەرکەوتن دەگێڕن، ناسیاوێکی دیکەم بۆی باسکردم، کە هەمان ژیلوان هەمیشە دەڵێ لەگەڵ کاک مەسعود چوین بۆ پۆڵۆنیا، لەگەڵ کاک مەسعود لە وارشۆ چاومان بە فڵان و فیسار کەس کەوت. ناسیاوێکی دیکەم ووتی: بەڵێ ڕاستە ئەو ژیلوانە هەمیشە لە دەوری مەسعود و مەسروری کوڕی مەسعودە.

من دەمێکە چەزا چنگیانی دەناسم، بەڵام پاش ئەوەی خێڵی بارزانی سەردەشتیان تیرۆرکرد، چەند نامەیەکم بۆ جەزا چنگیانی نووسی لەنامەکەمدا باسی ئەوەم بۆ جەزا کرد، کە عومەری خاوەنی کوردستان نێت، شەهید سەردەشتی بۆ بنەماڵە ئاشکرا کرد، چونکە شەهید سەردەشت بەناوی خوازراوەوە نووسیەنەکانی بۆ کوردستانپۆست دەنووسی، بۆ جەزام ڕونکردەوە، کە ئێمە لە کوردستانپۆست بەڵگەمان هەیە، کە شەهیدکردنی سەردەشت بەشێک لە تاوانەکەی دەکەوێتە ئەستۆی عەمەر فارسی کوردستان نێت، ئەو کاتانەش جەزا چنگیانی بابەتەکانی خۆی بۆ کوردستان نێتی عەمەر فارسی سەربە پاراستن دەنووسی، دوای چەند نامە گۆڕینەوەیەک جەزا وازی لە کوردستان نێت هێنا و بوو بە نووسەری کوردستانپۆست، بەڵام هەر گومانم لێی هەبوو، جەزاش حەزی دەکرد، وەک خاک و خەڵک دۆست پێناسە بکرێت، ئەویش باوەڕی لە لا دروست بوو، کە دەبێت دەسەڵات ڕیسوا بکرێت.

لە کۆبوونەوەیەکی ستافی کوردستانپۆست لە کۆپنهاگن، پێشنیار کرا، کە جەزا چنگیانیش بانگ بکرێت، وەکو چاودێرێک و لەگەڵماندا بێت و لەماڵی "کاک مستەفای حەسەنە گەورە" کۆبووینەوە بۆ تاوتوێکردنی بەرنامەی ئایندە و لێدوانمان لەسەر باری ژیانی گەلەکەمان و ئایندەیمان تاوتوێ کرد، هەرکەسە لە ئەندامانی دەستەی کوردستانپۆست ووتاری خۆیدا و پاشان باس و پێشنیاریش کرا، تەنانەت باس لە دروستکردنی هێزی چەکداریشی تێداکرا، هەر کە گوێم لە ووتەکانی جەزا بوو، زۆر زوو تێگەیشتم، کە جەزا ئەو پیاوە نییە و کەسێکی ڕیسوایە، تەنانەت بە چەند ئەندامێکی کوردستانپۆستم ووت کە جەزا چنگیانی کەسێکی هەڵەیە و ناتوانێت لەگەڵماند بمێنێتەوە، دەبیننەوە کە دەڕوات، چونکە لووت بەرز و فشەکەرە، ئەوەی ئەو لە مێشکیدا بوو هەرگیز خەڵک و خاک نەبوو، دڵنیاش بووم، کە بە ئێمە دەستەمۆ نابێت، ئەو وەک لەشفرۆشیک خەڵک و خاک و قەڵەم دەفرۆشێت، هەرچەند ئێمە نهێنیمان نەبوو، ئەوەی سەر زمان و بنی زمانمان ئەوەبوو، کە وەک ڕۆژی نیوەڕۆ ئاشکرامان دەکرد، پاش ماوەی دوو سێ هەفتەی پێنەچوو، ئەم جەزا چنگیانییە، وتارێکی نووسی، لەوێدا وتی ئەگەر بارزانی دەوڵەتی کوردی دروست بکات، من وێنەکەی لە چوارچێوەی زێڕ و ئاڵتون دەگرم، ئاخر کابرا تۆیەکی پولەکی و پیسکە و رەزیل، چۆن دەستت دەچێتە ئەوەی کارێکی وا بکەیت و پارە بدەیت بە چوارچێوەی ئاڵتون، تەنانەت نەک باشوور، بەڵکو هەر چوار پارچەی کوردستانت بۆ رزگار بکەن، ناچیت ئەو کارە بکەیت و دۆلارێک لە گیرفانت نایەتە دەرێ، بەڵام چونکە نووسین ئەوەندە بێ نرخ بووە بۆ خۆفرۆشێک و دەربارێکی وەکو ئێوە بۆیە تەنیا بۆ خۆهەڵکێشان نەبێت، کاری وا ناکەیت.

کاک پێشڕەو ئیسماعیل باش ئەم جەزایە دەناسێت، ئەوەتا لە کۆمێنتێکدا ئاوای بۆ نووسیوە:

(دەسخۆشیت لێ دەکەم کە دواجار توانیت خۆت ئاشکرا بکەیت و خۆت ڕوت بکەیتەوە . تەنها باشییەك لەم قەڵەمفرۆشیەت، کە بیبینم خۆ ناساندنتە بەو کەسانەی کە تاکو ئەمڕۆ تۆیان نەناسیوە. دڵنیابە زوو یان درەنگ ئەو نووسینەتان لە پیرێژنە ئەڵمانیەکە زیاتر دەسکەوت و موڵك و ماڵت بۆ دابین دەکات.

لەمەوبەر لەبری ئەوەی لە سانتپێترسبورگ دکتۆرا بکڕیت، دەتوانیت ئاسانتر پۆست دکتۆراش بەدەست بێنی، ئەگەر گرانتریش بێت کێشە نییە، قەڵەمفرۆشی گەرچی لە ڕوی ئێتیکەوە زۆر نزمە، بەڵام خۆشبەختانە بۆ تۆ و بابەتی وەکو تۆ کاسبییەکی پڕ دەسکەوتە و لە پیرێژن زیندانی کردن دەسکەوتتان زیاتر دەبێت  لە چاوەڕوانی مردنیا بۆ میراتەکەی. لەمەو بەر لە جاران زیاتر دەتوانیت ئارەزووەکانت تێرتر بکەیت. بۆ ئاگاداریت لە پاڵ کرێکاریمدا یەکێك لە ماستەرەکانم پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان و دبلۆماسیەتە، کە لە باشترین زانکۆکانی ئەوروپای ڕۆژئاوا، نەك لە روسیای پڕ لە ساختەکاری و گەندەڵی وەرمگرتبێت. خۆشبەختانە هەرگیز لە بەرنامەکانماندا باس لە مەشروعیەت دان بە درۆ و ساختەکاری نەکراوە. خۆشبەختم و شانازم بەوەی کە تێڕوانی خۆم و مامۆستاکانم و زانکۆکەم بۆ دبلۆماسیەت ئایدیالیزمانە بووە، نەك پرنسیپ و شێوازی کاری کەس و سیستەمە جەنگەڵییەکان.

سیاسەتی دەرەوە و دبلۆماسیەت دەبێت بۆ خزمەت بێت بە  بەرژەوەندی هاوبەشی گەلان و ڕاستگۆیی و ئێتیك و مۆراڵ. هەڵبەت ئەو شتانەی کە بابەتی وەکو تۆ پێی ئاشنا نین، کە تەنها بۆ خۆ ئیبرازکردن لەسەرەتای سەرجەم نووسینەکانتان لوتی تێوە دەژەنن.).

جەزا جنگیانی وەکو دەیان نووسەری خۆفرۆشی تر، مەسعود دەخاتە ریزی گاندی و ماندێلا و گیڤارا و سەرکردە بەناوبانگەکان

(ئەم وێنەیە لەسەر رێنمایی نووسینە ریاکارییەکانێتی، کە پارتییەک بۆی دروستکردووە )

وەکو لەم دواییدا بیستمەوە و بۆیان باسکردم، هەروەها کاک پێشڕەو ئیسماعیلیش لەسەرەوە ئاماژەی پێداوە، کە جەزا چنگیانی، خۆی لە پیرەژنێکی ئەڵمانی نزیک کردۆتەوە ئەویش متمانەی زۆر بە جەزا دەدات، گوایە وەسیەتنامەی نووسیوە، ئەگەر مرد هەموو ماڵ و موڵکەکەی بۆ جەزا بێت، جەزاش نەیکردۆتە نامەردی بۆ ئەوەی پیرەژنەکە  زوو بمرێت: گوایە بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک لە ژوورەوە زیندانی کردووە، ئەویش لە کاتی سەردانییدا بووە کە چووە بۆ لای جەزا لە سانپێتەشبورگ، دوایی بە هەر فێڵێک بێت خۆی لە دەستی جەزا رزگار کردووە.(هەڵبەت خۆی باشتر وردەکاریی رووداوەکە دەزانێت، با لە فەیسبوکدا بۆمان بگێڕێتەوە).

جەزا چنگیانی ئەو ماوەیەی کە بۆ کوردستانپۆستی دەنووسی، لەگەڵ سیاسەتی رۆژدا گێڕی دەگۆڕیی و بیری دەکردەوە، سەرەتا بە حاکم قادر دەستی پێکرد، پاش چەند ساڵێک، کە کوردستانپۆست پشتی تێکرد و ناسیان، ئیتر خووی دایە فەیسبوک، لە ژێرەوە دەیویست پەیوەندیی لەگەڵ لاهوری شێخ جەنگی خۆش بکات، بە خەیاڵی خۆی یەکییتی چەند باڵێکە، ئەمیش ویستی خۆی بە باڵێکدا هەڵبواسێ، لەپاڵ ئاراس و لاهوری شێخ جەنگی خۆی لە بەڵا و غەزەبی حاکم قادر لابدا، کاتێک  وەکو پۆڵا سەعید زانی یەکێتییەکان لوتی پێناسڕن، ئیتر دوایی بایدایەوە بۆ لای پارتی و ئیستا بە شان و باڵی بنەماڵەی بارزاییندا هەڵدەدات، ئەوەی لە بیر چٶتەوە، کە هەر لێرەوە چی لەسەر نووسیون و چی پێ دەوتن، ئەوسا درۆزن، ئیستاش دوو قات درۆزنتر دەرچوو، کەسێک کە پیسکە و رەزیڵ بێت، خۆ ناچێت پارە لەسەر کڕینی شەرەف و ئەخلاق دابنێت،  کەمێک حەیا و ناموس بکڕێت، بیربکاتەوە، کە لەوەو پێش چی نووسیوە!؟

ئەو چاک دەزانێت، کە هیچ لە پەیڕەو و پرۆگرامی بنەماڵەی بلەی ئەحەڕەش و بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی نەگۆڕاو، بەڵکو ئەمانە رۆژ بەرۆژ دڕندانەتر بەربوونەتە گیانی خەڵکی، ئایا هەر هەمان مەسعودی کوڕی مەلا مستەفا بارزانی نەبوو لەگەڵ خێڵی بلەی ئەحەڕەش و تالەبانی، کە ساڵی پار نیوەی خاکی نیشتیمانیان ڕادەستی باغداد کردەوە؟ نەک هەر ئەوەش بە چرکەساتێک چییە، جووت بنەماڵەی خۆفرۆش لە خیانەتکردن و خۆفرۆشی نەوەستاون چ بۆ تاران و ئەنقەرە، چ بۆ دوژمانی کورد، و بەرژەوەندی خۆیان لە دزیی و پیاوکوشتن.ئەوەی لەو ناوەندەدا گۆڕاوە تەنها ڕیسوایەکی وەک جەزایە، کە سەنگەری خوێڕێتی خۆی زیاتر تەسلیم بە بنەماڵەی بارزانی کردووە و دەستی داوەتە خۆفرۆشی و قەڵەمفرۆشی.

سەنەگەر گواستەنەوە بۆ باوەشی دوژمن هیچ جیاوازیەکی نییە لە نێوان گۆڕینەوەی کڕیاری لەشفرۆشی، لەشفرۆش تەنها مەبەستی پارەکەیە، ئیتر کاری بەکاری سپی و ڕەشەوە نییە.

لە کۆتاییدا دەڵێم کارکردن یان نووسین لە کوردستانپۆستدا بۆ نووسەر هەروا ئاسان نییە، هەروەکو لەسەرەوە ئاماژەم بە وتەیەکی گیڤارا داوە، کە دەڵێت: یاخی بوون دوا پلەی ئەخلاق بەرزییە، بەڵام یاخی بوون بەبێ ویژدان و ئەخلاق ئەوپەڕی بەدڕەوشتیە.

جەزا چنگیانی: بارزانی هەمیشە لای عەرەب و جیهان سەرۆکی کوردە

تەها ئەمین هەڵەدنی

تەڤدا پرێس