TEVDA Press

دلێر محەمەد نوری

ڕوون میدیا یان ناڕوون؟

| Sunday, 11.27.2022, 10:34 PM |


  گەر تۆ بەکارهێنەری بەردەوامی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بیت، گەر تۆ یەکێک بی لە چاودێرانی ئەو تۆڕ و ماڵپەڕە میدیایانەی کە هەواڵ و زانیاری دەگەیێنن و شی دەکەنەوە، گەر تۆ کەسێکی کەمێک شارەزا و کەمێک بە ئەزموون و کەمێکیش خوێنەوار بی، ئەوا بە ئاسانی ئیدیۆلۆژیا و ئامانجی و مەبەستی پشتی هەر یەکێکیان ئەزانیت. هەروەها بە ئاسانیش ڕاست و ڕەوا و ناڕاست و ناڕەوا، لە هەواڵ و زانیاری و ڕاپۆرتەکانیان جیابکەیتەوە. خۆ ئەگەر نووسەر بیت و هەست بە بەرپرسیارێتی بکەیت و بە نیاز بیت وەڵامی هەر درۆ و دەلەسە و زانیاری هەڵە و چەواشەکارییەك بدەیتەوە، ئەوا باشترە پێنووسەکەت بکەی بە دوو لەتەوە و تەرکی نووسین بکەی. چونکە هێندەی چەواشەکار و زانیاری ناڕوون و درۆی شاخدار و زیادەڕۆیی لە ماڵپەڕ و تۆڕە میدیایەکانی باشور هەیە، بەشی هەموو نووسەران و ڕەخنەگرانی دونیا ئەکات تا قسەی لە سەر بکەن. دەمێکە ڕاپۆرتی ڤیدیۆیی میدیایەکی بە ئێدیۆلۆژی ئایینی بارگاوی کراو، تەماشا دەکەم، بە ناوی ڕوون میدیاوەیە (RWN). هەمیشە خۆزگەم بوو، ئەو میدیایە ناوی هەرچییەک ئەبوو تەنها ڕوون نەبووایە. چونکە ڕاستە کاری میدیایی بۆ ئەوەیە کە گۆشە تاریکەکانی هەواڵ و زانیاری ڕووناک بکاتەوە، بەڵام ڕوون میدیا لە زۆرێک لە ڕاپۆرتەکانیدا تەنها کارێک کە کردوویەتی بە ئەرکی خۆی ئەوە بووە کە ڕووناکی لە سەر هەندێ هەواڵ زانیاری بکووژێنێتەوە و زانیارییە ڕاستییەکان بشارێتەوە و زانیاری لە گیرفانی خۆیەوە دەربهێنێ لە جێگەی ڕاستییەکان دایبنێ و بە ڕاستی و بە ناوی ڕوونەوە بینەر و بیستەری پێ چەواشە بکات. ئەگەر چی ئەوان دەربارەی خۆیان ، لە ماڵپەرەکەی خۆیانەوە وەها پێناسەی خۆیان کردووە (ڕوون دامەزراوەیی میدیایی سەربەخۆیە، كاردەكات لە سەر بابەتەكانی هەواڵ و زانیاری، فەرهەنگ و هونەر، پاراستنی خێزان و بنەماكۆمەڵایەتیەكان، وەرزش و تەندروستی...)، بەڵام ئەوان سەربەخۆیی خۆیان تەواو لە دەست داوە، هەر وەکو ڕوونەکە، چونکە تۆ ناکرێت هەوڵ و زانیارییەکان لە ڕووانگەیەکی ئایینی، ئیسلامی، مەزهەبی، ئیخوانی، وەهابییەوە هەڵکێشی و بە پێوەری ئەوان بیپێوی و هەرچی بە دیدی ئەوان نەبینرا ڕەشی بکەیتەوە و ئەنجا بیانخەیتە ڕوو و ناوی سەربەخۆش لە خۆت بنێی. جگە لەمانەش کاتێ تۆ بێی ئەرکی پاراستنی خێزان و بنەما کۆمەڵایەتییەکان بخەیتە ئەستۆی خۆت ئیتر کاری تۆ لە کاری میدیایی سەربەخۆ دەردەچێت و ئەرکێکی کۆمەڵایەتی و ئایدیۆلۆژی و ئایینیت دا بەخۆت. من پێم باشە بڵێن ئێمە دامەزراوەیەکی میدیایی ئیسلامین و سەر بە فڵان لایەنین و هەوڵ ئەدەین لە ڕوانگە ئەو لایەنەو ئەو فەلسەفەیەی خاوەنەکەمان باوەڕی پێیەتی ڕووداو و زانیاری و هەواڵەکان شی بکەینەوە و بخەینە ڕوو. بەم پێیەش وشەی ڕوونەکە و بانگەشەکانتان یەک ئەگرنەوە. بڵێن ئێمە ڕوون ئیسلامین نەک ڕوون زانیاری. لەو ڕۆژەوەی من تەماشای ڕاپۆڕتە ڤیدیۆییەکانیان دەکەم، کە زۆر کات خانمێکی لەچک پۆش لەوەی ژنەکەی ئەردۆگان و کوڕێکی بەسەروسیما ئیسلامی پێشکەشی دەکەن. زۆرێک لە ڕاپۆرتەکانیان تیشک ئەخەنە سەر ڕۆژئاوا و ژیانی ئەوروپا و ڕووداوەکانی ئەوروپا. ئەگەرچی ئەوروپا نە بەهەشتی سەر زەوییە و نە بێ کەم و کورتیشە، بەڵام ناکرێت تۆ بێی باسی ژیانکردن بکەی لە نێو میللەتانی ڕۆژئاو و ئەوروپییەکان و نەک لایەنی کەمی ڕاستی نەڵێی بگرە سەرتاپای زانیارییەکانت پێچەوانە و ناڕاست بن. بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکانیان تەرخانە بۆ لێدان لە ئایینەکانی دیکەی وەکو مەسیحی و جولەکە و زەردەشتی و ...هتد. من تێناگەم بۆ بە تەنها بەوە کۆتایی پێ ناهێنن کە ئایینی خۆتان بە جوانی نیشان بدەن و باس بکەن وەکو هەموو ئایینزاکانی دیکە، چ پێویست ئەکات تۆ هەمیشە بۆ پیشاندان و سەلماندنی ڕاستی و ڕەوانی و پیرۆزی خۆت دەبێ پشت بە نابوتکردن و ناشرین کردن و خراپ‌ نیشاندانی ئایینەکانی دیکە ببەستیت. ئەمە چ فەلسەفەیەکە لە پێناو ڕاگرتنی خۆت بە پێوە، ئەبێ هەمیشە دارێکت پێ بێ لە پێی ئەوانی دیکەی پێ بدەی. ئەرکی ئایینی چۆن ئەبێت وابێت کە تۆ بێیت، بەناشرین کردنی ئەوانی تر، ڕازاوەیی خۆت نیشان بدەی. من بۆ هەر یەک لەو بیروڕایانە و زۆرێکی دیکەش کە لێرە جێگەیان نابێتەوە، لە ڕاپۆرتەکانی ڕوون میدیا زۆر بە ئاسانی دەتوانم دەیان نموونە بهێنمەوە. چونکە نەک بە گشتی بگرە ڕاپۆرتی وایان کردووە کە بەتەنها ڕەخنەی یەکێکیان بکەی پێویستی بە وتارێکی چەند بەشییە. هیوادارم ئەم ڕەخنەیەم لە ڕوون میدیا، ڕێگا ڕاستەکەی بۆ ڕوون کردبنەوە. چونکە ناکرێت بە ڕاپۆرتێکی پڕ کەم و کوڕی و ناڕاستیی، چەواشەی دەیان هەزار بینەری کورد بکەی. مرۆڤ کاتێک کۆمێنتەکانی خوار ئەو ڕاپۆرتانەتان ئەخوێنێتەوە، پەست ئەبێت لە ڕادەی ئەو ڕق و توڕەیی و تەشهیر و جنێوانەی بە کەسانێک و میللەتان و وڵاتانێک دەدرێن، لە سەر بنەمای زانیاری ناڕاستی ئێوە، چ هەستێکی ناخۆشت پێ دەبەخشێت کە تۆ لە ناو ڕاستییەوە تەماشا ئەکەی، کە چۆن بە چەواشەکاری، خەڵکانێک بە ڕێگەی تاریکیدا دەبەن و بانگەشەی ئەوەش دەکەن کە ئەو ئێوەن ڕووناکیتان پێیە.
دلێر محەمەد نوری