هەواڵ
فیدراسیۆنی رێكخراوه‌كان داواى ده‌ستبه‌جێ یه‌كلاییکردنەوەى چاره‌نووسی سزادراوانى بادینان دەکات
Friday, 12.02.2022, 02:44 PM
▪فیدراسیۆنی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی داواى ده‌ستبه‌جێ یه‌كلاییکردنەوەى چاره‌نووسی سزادراوانى بادینان دەکات، "كە لە تۆمتبارکردنیانەوە تا بە تاوانبارناساندن و زیندانییکردنیان؛ چەندین پێشێلكاریی زەق و ئاشكرایان بەرامبەر کراوە".
▪راشیدەگەیەنێت ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له هه‌رێمی كوردستان سه‌ربه‌خۆ نییه و سه‌ربه‌خۆیی ده‌سته‌ڵاتی دادوه‌ری و دادگاكان، دوای نزیكه‌ی سێ ده‌یه له ئه‌زموونی فه‌رمانڕه‌وایی كورد له خراپترین دۆخیدایه.
▪فیدراسیۆنی ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕایده‌گه‌یه‌نێت چه‌ندینجار بێشه‌رمانه پێشێلكاریی به‌رامبه‌ر مافه‌كانی تۆمه‌تباران كراوه. ته‌نانه‌ت له سه‌روه‌ختی هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردن، قه‌یرانه‌كان و ململانێ سیاسییه‌كاندا په‌نا ده‌برێته به‌ر خراپ به‌كارهێنانی دام و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و جووڵاندنی هێز بۆ زانكۆ و په‌یمانگه‌كان.
▪فیدراسیۆنه‌كه داوا ده‌كات ده‌ستێوه‌ردانی حزبی له كاروباری ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری ڕابگیرێت و ده‌ستی حزب له دامه‌زراندنی دادوه‌ران و پله به‌رزكردنه‌وه و ئاڵوگۆڕكردنی شوێنه‌كانیان دووربخرێته‌وه.
▪هه‌روه‌ها ده‌ستبه‌جێ چاره‌نووسی ده‌ستگیراوانی بادینان یه‌كلایی بكرێته‌وه و بكه‌رانی كرده‌وه تیرۆریستییه‌كانی ئه‌مدواییه بدۆزرێنه‌وه به‌تایبه‌ت دۆسییه‌ی تیرۆری ئه‌فسه‌رانی دژه‌تیرۆر.
▪فیدراسیۆنی ڕێكخراوه‌كان داواش ده‌كات ده‌ستبه‌جێ كه‌سێكی شیاو بۆ راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێم دیاری بكرێت له ده‌ره‌وه‌ی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و تاڵه‌بانی كه ساڵانێكه هه‌ژموونیان هه‌یه به‌سه‌ر ده‌زگا هه‌واڵگریی و ئه‌منییه حزبیی و حكوومییه‌كاندا.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس