لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

هەواڵ

کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان: ژمارەی ڕۆژنامەوانانی زیندانیکراو لە جیهاندا زیادیکردووە

Wednesday, 12.14.2022, 11:30 AM



▪ڕاپۆرتەکە  ئاماژە بە ڕۆژنامەوانانی زیندانیکراوی بادینان دەکات
- سەرنووسەری کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان CPJ ڕاپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە سەبارەت بە ژمارەی ئەو ڕۆژنامەوانانەی لە ماوەی ئەمساڵدا لە جیهاندا دەستگیرکراون. دەڵێت ژمارەکە بە ئەندازەیەک زیادیکردووە کە ڕێکۆردێکی نوێی شکاندووە.

خانم ئارلین گێتز Arlene Getz، لە ڕاپۆرتەکەی کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوکرایەوە، دەڵێت لە ئەمساڵدا هەتا 1 ی مانگی دوازدە 363 ڕۆژنامەوان ئازادییان لە زەوتکراوە و خراونەتە نێو زیندانەکانەوە، ئەمەش ڕێکۆردێکی نوێیە و بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی 20% ژمارەکە زیادیکردووە کە ئەمە بۆخۆی نیشانەیەکی دیکەیە بۆ خراپبوونی دۆخی کاری ڕۆژنامەگەری.

دەڵێت ئێران و چین و میانمار و تورکیا و بیلاڕووسیا، ئەو وڵاتانەن کە زۆرترین ژمارەی ڕۆژنامەوانانیان زیندانیکردووە.

لە ئێران، لەوەتای خۆپیشاندانەکان دەستیانپێکردووە لە پاش کوژرانی مەهسا ئەمینی، 14 هەزار کەس دەستگیرکراون، لە نێویاندا دەیان ڕۆژنامەوان هەن. لە کۆی 49 ڕۆژنامەوانی دەستگیرکراو، 22 ڕۆژنامەوانیان ژنن، ئەمەش نیشانی دەدات ژنانی ڕۆژنامەوان ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە لە ڕووماڵکردنی هەواڵی خۆپیشاندانەکاندا.

ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە پێشتر لە ساڵی 2012 لە ئێران 47 ڕۆژنامەوان دەستگیرکرابوون، تەنیا 4 ڕۆژنامەوانیان ژن بوون. بەڵام ئێستا 24 ژن لە زینداندان، دووانیان پێش دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان هەر لە زینداندابوون.

خانم ئارلین، وەک خۆی دەڵێت " کەمینەکان" بەردەوام سەرکوتدەکرێن، مەبەستی کوردە.
دەڵێت تۆڵە گەورەکەی حکومەتی ئێران لە بەرامبەر خۆپیشاندانەکان لە کوردەکان بووە و بە لایەنی کەم 9 ڕۆژنامەوانی کورد خراونەتە زیندانەوە. دەشڵێت هەتا 1 ی مانگی دوازدە بە لایەنی کەم 62 ڕۆژنامەوان لە ئێران لە زینداندان.

لە تورکیاش، دەسەڵاتداران 25 ڕۆژنامەوانی کوردیان دەستگیرکردووە کە کاریانکردووە بۆ ئاژانسی هەواڵی مێزۆپۆتامیا یان بۆ ژن‌نیوز و یاخود کاریانکردووە بۆ کۆمپانیاکانی بەرهەمیان بۆ ئەو دوو میدیایە ئامادەکردووە لە ئەوروپا و عێراق. لە ساڵی ڕابردوو 18 ڕۆژنامەوان لە تورکیا زیندانیکرابوون، بەڵام ئەمساڵ گەیشتووەتە 40 ڕۆژنامەوان.

سەرنووسەر ئاماژە بۆ 3 ڕۆژنامەوانیش دەکات کە لە هەرێمی کوردستاندا زیندانیکراون.

سەبارەت بە زیندانیکردنی ڕۆژنامەوان لە وڵاتانی دیکە، ئارلین گێتز دەڵێت لە چین ساڵی ڕابردوو 48 ڕۆژنامەوان لە زینداندابوون، بەڵام ئەمساڵ 43 ڕۆژنامەوان لە زینداندان. دەشڵێت دابەزینی کەمی ژمارەی ڕۆژنامەوانە زیندانیکراوەکان لە چین مانای ئەوە نییە فشارەکانی بۆ کاری ڕۆژنامەوانی سەربەخۆ کەمکردووەتەوە.

لە میانماری ژێر حوکمڕانی لەشکری، هەتا 1ی مانگی دوازدە بە لایەنی کەم 42 ڕۆژنامەوان لە زینداندان، لە کاتێکدا ساڵی ڕابردوو 26 ڕۆژنامەوان زیندانیکرابوون.

لە بێلاڕووسیش، ساڵی ڕابردوو 19 ڕۆژنامەوان لە زینداندا بوون، ئەمساڵ گەیشتووەتە 26 ڕۆژنامەوان. نزیکەی نیوەیان هێشتا حوکم نەدراون.

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟