TEVDA Press

ئەندامی ستاف

چۆن تیرۆریستەکەی پاریس گەیشتووەتە شوێنی مەبەست و یازدە پرسیار.

| Tuesday, 12.27.2022, 02:22 PM |


١- بەپێی زانیارییەکان ١٠ ڕۆژ پێش هێرشەکەی دوێنێی سەر کۆمەڵەی کوردی ئەحمەد کایا و چەند شوێنکارێکی کورد لە پاریس تیرۆریستی هێرشبەر لە زیندان ئازادکراوە. واتا لە ژێرچاودێری پۆلیسدا بووە، چۆن توانی هێرشەکە ئەنجام بدات.
٢- تیرۆریستەکە چۆن توانیویەتی وائاسان و بەجانتایەکی پڕ لە چەکەوە بچێتە شوێنی ڕووداوەکە و هێرش بکاتە سەر سێ ئەدرەسی تایبەتی پێشتر دەستنیشانکراوی کوردان؟
٣- ئەگەر هێرشەکە پاڵنەری ڕەگەزپەرستی لەپشتە بۆچی لەکاتێکدا لەدەوروبەری شوێنی ڕووداوەکە جێگە و دوکانی تورک و عەرەب و ئەفریقی لێیە بەڵام تەنها کوردان و بەتایبەت کۆمەڵەی کوردی کە وەک ناوەندێکی لەهەمانکاتدا سیاسی ناسراوە کراوەتە ئامانج ؟.
٤- بەپێی زانیاریەکانی ڕۆژنامەی لا هیومانیتای فەڕەنسی هێرشبەرەکە لەلایەن کەسێکەوە بە ئۆتۆمبێلی تایبەت براوەتە شوێنی مەبەست و دانراوە، ئەو ئۆتۆمبێل و کەسە کێ بوون؟ پۆلیس هیچی لەوبارەیەوە نەگوتووە.
٥- لەحاڵەتی هێرشێکی وەها چەکداریدا چۆن دەبێت ئەمبوڵانس نیوو کاتژمێر و پۆلیس ٤٠ خولەک دوای هێرشەکە گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە، کە بەو هۆیەوە بریندارەکان خوێنی زۆریان لێ ڕۆشتووە و شەهید بوون.
٦- بە ٢٠ ڕۆژ پێش هێرشەکە بەڕێوبەرانی ناوەندە کوردیەکە و جالیەی کوردی سەردانی جێگە و کاربەدەستانی ڕەسمی دەوڵەتی فەڕەنسایان کردووە و داوایان لێکردوون ئاسایشیان بپارێزن چونکە هەستیان بەمەترسی کردبوو، بۆچی داواکاریەکەیان بەهەند نەگیرا تا هێرشەکە ئەنجامدرا؟.
٧- ژنە چالاکوانی سیاسی کورد ئامینە کارا ناسراو بە ئەڤین گۆیی پێشتر لە ڕۆژئاوای کوردستان فەرماندەیەکی سەربازی یەکینەکانی پاراستنی ژن یەپەژە لەژێر چەتری هەسەدە دا بووە، فەرماندەیی شەڕەکانی دژ بەداعشی کردووە و بریندار بووە، بۆ چارەسەری هاتووەتە ئەوروپا و لە فەڕەنسا ژیاوە، ئایا بۆچی ئەو کرایە ئامانج و شەهید کرا؟.
٨-  هەمان ڕۆژی هێرشەکەی پاریس ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، لە کۆنفرانسی دادوەری دەستووری لە جیهانی ئیسلامی، کە لە ئەستەنبوڵ بەڕێوەچوو گوتبووی وڵاتانی ڕۆژئاوا هیچ هەنگاوێکیان نەناوە سەبارەت بە ڕادەستکردنەوەى هەڵاتووەکان سەرەڕای داواکارییە دووبارەکانی وڵاتەکەمان، داواکراوەکانیشی وەک پەناخوازی سیاسی ناوبردبوو، گوتبووشى: وڵاتانى ئەوروپا هاوکارى لایەنگرانى “گولەن” و “پەکەکە” دەکەن، بۆچی تەنها سێ کاتژمێر دوای ئەو قسانەی ئەردۆغان هێرشەکە بۆسەر ئەو کەسانە ئەنجامدرا کە ئەردۆغان داوای ڕادەستکردنەوەیان لە ئەوروپا دەکات؟.
٩- بۆ لە ساڵیادی شەهیدکردنی ساکینە جانسز و هەڤاڵانیدا ئەو هێرشە ئەنجامدرا؟
١٠- هەمان ڕۆژی هێرشەکە کۆبوونەوەیەکی تایبەت لە کۆمەڵەی کوردی ئەحمەد کایا شوێنی تاوانەکە هەبووە هێرشبەر چۆن زانیویەتی کۆبوونەوە هەیە و بۆ ئەوڕۆژە هێرشەکەی ئەنجامدا؟.
١١- بۆچی تەنها سێ ڕۆژ دوای قسەکانی فەخرەدین ئاڵتوون، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا کە گوتبووی تورکیا داوا لە فەرەنسا دەکات کۆتایی بە سەرجەم چالاکییەکانی پەکەکە لە وڵاتەکەی بهێنێت، هێرشە تیرۆریستیەکه ئەنجامدرا؟؟..


سەلاح خدر