TEVDA Press

دلێر محەمەد نوری

دەروونناسانی کورد لە نێوان خزمەت و چەواشەکاریدا

| Friday, 12.30.2022, 10:16 PM |


ڕەنگە نەبێت لە کۆمەڵگای کوردی کۆڵەوارتر لە مەسەلەی دەروونناسی و چارەسەری دەروونی و نەخۆشییە دەروونییەکان. کۆمەڵگای کوردی کەمترین و خراپترین هوشیاری لە بارەی دەروون و کێشە دەروونییە تاکە کەسییەکان و دیاردە دەروونییەکانی کۆمەڵکاش بە گشتی هەیە. لە نێو دونیایەک کێشە و نەخۆشی دەروونیدا، کە خۆیان لە دەیان ئەگەر نەڵێم سەددان جۆر و ناونیشان دەبیننەوە، تاکی کورد هەموویانی لە ژێر ناوی (شێتە، ناتەواوە، تێکچووە یان وڕێنە ئەکات یان لادەرە) کۆکردۆتەوە. هەموو ئەمانەش جۆڕێکە لە تانە و تەشەر و گاڵتە پێکردن، نەک وەکو دەستنیشانکردنی جۆری نەخۆشییەک . بۆ نموونە ئاساییە لای تاکێکی کورد، بە خۆی بڵێت یان پێی بڵێن فڵان یان فیسار نەخۆشی جەستەیی هەیە، هەر لە شەکرە و فشاری خوێنەوە تا دەگاتە شێرپەنجە، بەڵام ئاسایی نیە باس لە کێشە دەروونییەکانی خۆی بکات، نەوەک بە شێت یان ناتەواو پێناسەی بکەن.
بۆیە جێگەی دەست خۆشییە ئەگەر کەسانێک هەبن ئەم کەلێنە بە پسپۆری و شارەزاییەکانی خۆیان پڕ بکەنەوە. جا لە ڕێگەی سۆشیال میدیا بێت یان پرۆگرامی تەلەفزیۆنی یاخود لە ڕێگەی کلینیکە تایبەتەکانەوە بێت. بەڵام بە مەرجێک کۆمەڵگایەکی بێئاگای وەکو کورد چەواشە نەکەن و بە لاڕێیدا نەبەن و ئامانجیان هوشیارکردنەوە بێت نەوەکو بوون بە ژمارەیەکی نێو سۆشیاڵ میدیا یان ئامانجی ئابوری یاخود ئایدیۆلۆجی ڕووتیان لە پشتەوە بێت.
ئەوانەی لەم ساڵانەی دوواییدا، بە زۆری لەم بوارە دەرکەووتوون و خەڵکانێکیان لە خۆیان کۆکردۆتەوە، دوو کاراکتەری دیاری نێو سۆشیاڵ میدیا و پرۆگرامەکانی تەلەفزیۆنن، لە هەرێمی کوردستاندا. کە ئەوانیش خاتوونێکی بەڕێز بە ناوی (فریشتە کەوە) کە خۆی وەکو دەروونناس ناساندووە، بە بێ ئەوەی لە هیچ جێگە و پەیج و ئەکاونتێکی فەرمی خۆی، ئاماژەی بەوە کردبێ کە دەروونناسی لە کوێ و لە چیدا و بە چەند ساڵ تەواو کردووە و پلە زانستییەکەی چیە! بەندە بۆ خۆم، زۆر گوومانم هەیە کە ئەم خاتوونە، ئەلف و بێی دەروونناسی خوێندبێ، چونکە بە گوێ گرتن لە ڤیدیۆ و لێدوانەکانی، ناتوانێ کەمترین شارەزایی خۆی لەو بوارە بسەلمێنێت. وتە و سەرنج و لێدوانەکانیشی، ناتوانن باوەڕ بە کەسێک بهێنێنن کە ئەوانە وتەی دەروونناسێکن، ئەگەر ئەو وەرگرە کەمترین ڕۆشنبیری گشتی هەبێت. بەدەر لەم ڕەخنەیە ئەو خانمە جێگەی ڕێزە و لەوە زیاتر قسەی لە سەر ناکەم چونکە ڤیدیۆکانی شاهیدی هەموو ئەوانەمان بۆ دەدەن. ئەو بەڕێزەی دیکەیان (د.کەریم قەرەچەتانی)یە، کە ئەمیش مامۆستای زانکۆیە و وەکو دەروونناس خۆی ناساندووە و کە مافی خۆشییەتی. چونکە بڕوانامە و پلەکانی خوێندنی دیارن و پێویست بە ئاماژە بۆ کردن ناکات. بەر لە هەر شتێک من ئاگاداری تەواوی چالاکییەکانی دکتۆر کەریم نیم کە ئاخۆ چاڕەسەری نەخۆشانی دەروونی ئەکات (مەبەستم لە نەخۆشییە دەروونییە درێژخایەن و قوورسەکانە) یاخود تەنها وەکو ڕاوێژکارێک، ئامۆژگاری ئەوانە ئەکات کە بە جورێک لە جۆرەکان، نەخۆشی دەروونی کاتی و بچووکیان هەیە. هەر بۆیە ماندووبوونێکی زۆری ناوێت ئەگەر لە ڕێکەی کتێبێک لە کتێبخانەیەکدا یان بە گەڕانێک لە ئینتەرنێتدا، دوو کەسایەتی پسپۆری بواری دەروون لە یەک جیابکەیتەوە، کە ئەوانیش دکتۆری دەروونی و دەروونناسە.
بە کورتی دکتۆری دەروونی کەسێکە، پزیشکیی لە کۆلێجێکی پزیشکی خوێندووە و لە نەخۆشخانەکاندا وەکو پزیشک کاری کردووە و ئەتوانێت نەخۆشییە دەروونییە جیاوازەکان، لە ڕێکەی پشکنینە پزیشکییەکان و تاقیکردنەوە فیزیکی و زارەکی و نووسراو و بینراوەکانەوە، دەستنیشان بکات. ئەو ئەتوانێ هۆکارە جەستەیی و دەروونییەکانی نەخۆشییەکان لە یەک جیابکاتەوە و دەرمان بۆ نەخۆش بنووسێت و لە هۆکارە بۆماوەیی و جێنەتیکییەکانیش بکۆڵێتەوە. بەڵام سەبارەت بە دەروونناس، کەسێکە وەکو دکتۆر کەریم، پزیشکی نەخوێندووە بەڵام هەڵگری بڕوانامەیە، لە بواری زانستی دەروونیدا. ئەو تیۆرییەکانی شیکردنەوەی دەروونی خوێندووە. ئەتوانێ هەڵسەنگاندن و دەستنیشانی هەڵچوونە دەروونیەکان بکات. هیچ شارەزاییەکی لە پشکنینە کلینکیەکان و تاقیگەییەکاندا نیە ومافی پێدانیێ دەرمانی بە نەخۆشیش نیە. ئەمان تەنها ئەتوانن لە بارەی دیاردە و نەخوشیێەکان بدوێن ولێکۆڵینەوە بکەن و ئامۆژگاری و ڕاوێژ بدەن بە هەندێک نەخۆشی دەروونی.
بەدەر لەمانەش دەروونناسیی زانستە.
زانستیش جێگەی سۆز و دەمارگیری کۆمەڵایەتی و ئایینی و کولتوری تیا نابێتەوە. خاوەن بڕوانامەی زانستی دەبێت کەسی بێ لایەن بێت لە کارە زانستییەکانی و لە هەر ئەنجامێک کە پێی ئەگات. کاری دەروونناس لەوێدا تەواو ئەبێت کە دیاردەکان بە شێوەیەکی زانستی و لە ڕووی دەروونییەوە شی بکاتەوە و لە هۆکارەکانی بکۆڵێتەوە. کاتێک دەروونناس لە دۆخێک یان دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی ئەکۆڵێتەوە، کاری ئەو تەنها لێکدانەوەیە، زۆر بە سادەیی و بێلایەنی و دوور له هەڵچوون. چونکە ئەو بۆ ئەوە نەهاتووە بڕیار دەربکات یان بدات کە ئەشێ ئەم دیاردەیە هەبێت یان نەبێت، پێی خۆشە یان ناخۆش، ئەنجامەکانی بە دڵی ئەون یاخود نا ،...هتد. بەڵام ئەوەی من سەرنجم لە ڤیدیۆ و لێدوانەکانی دکتۆر کەریم دابێت، لە زۆر شوێندا ڕاستگۆیی زانستی خۆی لە دەست دەدات و بە ئەجێندایەکی ئایینی و باوەڕێکی کۆمەڵایەتی و نەریتییەوە ئەدوێ، کە ئەمەش دوورە لە تێزی زانستییەوە، دژ بە ڕێچکە و ڕێبازی لێکۆڵینەوەی زانستیشە. دواجار هەموو ئەمانە دوور ئەکەونەوە لەو ئامانجانەی کە زانستی دەروونی لە پێناویدا دامەزراوە.
مادام بەڕێزیان دەروونناسن و بڕوانامەیان لە دەروونناسی بەدەست هێناوە، ئەوا دڵنیام لە هیچ کام لە وێزگەکانی خوێندن باس لەوە نەکراوە ئەوان بێن ببن بە لایەنگر لە هەر دیاردەیەکدا. ئێوە دەتوانن وەکو دەروونناس شیکاری بۆ دیاردە کۆمەڵایەتی و هەڵوێستە مرۆییەکان بکەن لە ڕووی دەروونناسییەوە.

هەر بۆیە دەبوو هەمیشە بێ لایەن و بابەتییانە و دوور لە یاری کردن بە سۆزی کۆمەڵانی خەڵک بەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکانتان بخستایەتە ڕوو. کە من زۆر جار ئەمە لە لێدوانەکانتاندا نابینم کە هەمیشە بەراوردێکی نا زانستی و نا لۆژیکی ئەکەن لە نێوان ژیانی کۆمەڵگای کوردی لە هەشتاکاندا لە گەڵ ئەمڕۆی کۆمەڵگای کوردی لە ڕووی گۆڕانکاری لە هەڵسوکەوت و داب و نەریت و بەها کۆمەڵایەتییەکان، بە بێ ئەوەی ڕەچاوی زیاد بوونی ژمارەی دانیشتووان و دۆخی ئابوری و جەنگ و جێگۆڕکێی مرۆڤەکان لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە بە هۆی جەنگ و ئاوارەبوونەوە، بەکارهێنانی ئینتەرنێت و کرانەوە بە ڕووی دونیا و هاتنی سەددان هەزار گەشتیار و دەستی کاری بیانی...هتد. بەڕێزتان کە باس لە دیاردەیەکی نوێی نامۆ ئەکەن و بە دوورکەووتنەوە لە بەها کوردەوارییە جوانەکان وەسفی ئەکەن. کاتێ داوای گەڕانەوە بۆ دواوە و بۆ بەها کۆمەڵایەتییەکان ئەکەن، ئەبێت پێش هەموو شتێک داوا بکەن وەکو مەلاکان ئینتەرنێت دابخەن و هەرچی بیانی و گەشتیارە بیکەنە دەرەوە و کۆمەڵگایەکی داخراوی بێ پەیوەندی لە وانەی ئەفغانستان و پاکستان دروست بکەن تاوەکو ئەو بەها ئایینی و کۆمەڵایەتییانە وەکو خۆیان بمێننەوە. ناشبێت بەڕێزتان ئەوەش لە بیر بکەن کە ئەگەر گریمان ئێوە بە هەمان پلەی زانستی و ئەرک و باوەڕی ئایینی و تەمەنەوە لە هەشتاکاندا کارتان لە سەر ئەم دیاردانە بکردایە، ئەو کات تانە و تەشەرتان لەم بەها جوانانە ئەدا کە ئەمڕۆ بۆی ئەگرین و دوای گەڕانەوەتان ئەکرد بۆ بەها کۆمەڵایەتییەکان چلەکان و پەنجاکان. چونکە زۆر بە سادەیی دونیا لە گۆڕاندایە و نە بە ئامۆژگاری ئایینی و نە بە هی کۆمەڵایەتی لە جووڵە ناخرێت، مەگەر لە ژێر فشاردا نەبێت کە بەوەش هەر وەکو سەرپۆشەکەی ئێرانی لێ دێت لە هەر دەرفەتێکدا لە سەر تەوقی سەرەوە ئەخرێتە ژێر پێ. بۆیە چاکتر وایە لە دیاردە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان وەکو ئەوەی کە هەیە بکۆڵینەوە، نەک وەکو ئەوەی کە ئێمە خۆمان چۆنمان پێ خۆشە.
جێگەی خۆیەتی لە کۆتاییدا وتەیەکی زور جوانی (د.فراس السواح، مێژوونووس و لێکۆڵەر لە مێژووی ئایینەکان) بە بیری د.کەریم بهێنمەوە کاتێ دەڵێت: پێویستە زاناکان دەست لە ئایین هەڵبگرن کاتێک ڕوو ئەکەنە تاقیگەکانیان و هەر وەها دەست لە سەلماندنی زانستیش هەڵبگرن کاتێک پێ ئەخەنە پەرستگاکانیانەوە. باوەڕ ئەکەم بەڕێرتان خەریکن ئەو دوو بابەتە بە توندی پێکەوە ئەبەستنەوە، هەر بۆیەش بوون بە خۆشەویستی مەلا و ڕێکخراو و حزبه ئایینییەکان و خریکن لە خودی زانستەکە دوورئەکەونەوە. بەمەش زیاتر لە بانگخوازێک ئەچن نەک دەروونناسێک.

دلێر محەمەد نوری