TEVDA Press

ئەیهان سەعید

گۆمانی تیرۆری بایلۆجی زیندانیانی بادینان ھەیە

| Saturday, 02.18.2023, 09:21 AM |


"گۆمانی تیرۆری بایلۆجی زیندانیانی بادینان ھەیە و بۆ پشکنین داوای لیژنەیەکی باڵای تەندروستی دەکەین"

"دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ نەکرێت، لە نوسینی کۆمێنت تا سەرۆک حزبێک دەکەوێتە بەر مەترسی گرتن"

پەیامێک لەلایەن نوێنەری زیندانیانی بادینان
بۆ/ ڕای گشتی

لە دووەم ساڵیادی سزادانی چالاکوان و رۆژنامەنوسانی بادینان کە پرۆسەکە لەژێر حوکمڕانی کابینە نۆیەمی ئەقل پۆلیسی و دۆگماتیکیەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەر لە یەکەم رۆژ تا ئێستا نایاسای و نا دیموکراسییە، کاردانەوە و نیگەرانی نێوخۆیی و جیھانی لێکەوتەوە و لەبری پێداچونەوە و باشترکردنی دۆخەکە ئێستا گروپێکی دەرون نەخوشی (سادیزم)ی نێو پارتی و بە فەرمانی سەرۆکی حکومەت دژی گیراوەکانمان دەستێوەردان لە کروباری دادگاو و چاکسازی گەورانی ھەولێر دەکەن.

لەلایەکی تریشەوە ئێمە زۆر بە گومانین لە جۆری مامەڵەکردنی بەرپرسانی ئیدارەی زیندانی چاکسازی لەگەڵ گیراوەکانمان تا ڕاددەی گومانی (پیلانی ڕەش و تیرۆری بایلۆجی) بەتایبەت لەم رۆژانەی دوایدا بەرامبەر (شێروان شێروانی) و بۆ ئەم مەبەستەش بە ووردی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناوخۆ و  نێودەوڵەتیەکانمان لێ ئاگادار کردوتەوە و بەرپرسایەتی ھەر زیانێك بە گیراوەکانمان دەخەینە پاڵ حکومەت و لایەنی ئیداری و ئەمنی زیندانی چاکسازی کە پارتی بەسەردا زاڵە.

بوویە بە گرنگ دەزانین کومەڵێك خاڵ وەکو رێگا چارە بۆ ڕای گشتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان رابگەیێنین:

١- پێکھێنانی لژنەیەکی باڵای تەندروستی سەربخۆ بە ھەماھەنگی یۆنامی و دەستەی سەربخۆی مافی مرۆڤ بۆ پشکنینی خوێن و ھەڵسەنگاندی دوخی تەندروستی زیندانیانی بادینان (بەوانەی ئازادیش بوونە!).

٢- دوسیەی زیندانیانی بادینان ماسکی دادوەرە حزبیەکانی خست، بۆیە پێویستە دووبارە دەسەڵات و ئەنجومەنی دادوەری دور لە پشک پشکێنەی حزبی رێکبخرێت، چونکە لە ھەموو سیستەمێکی سیاسیدا بۆ حوکمڕانیەکی باش "دادگا" سەنگی مەحەکە، بۆیە لەم ھەرێمەدا مەترسی لەسەر ھەموو ھاوڵاتیەک ھەیە و ھیچ مافێکیش گرەنتی نەکراوە چونکە یاسا و دەسەلاتی دادوەری لە دەستێکی سەربخۆ و ئەمیندا نیە و لەژێر ڕکێفی حزب و دەسەڵاتی جێبەجێکاردایە.

٣-رێگە بدرێت بە زووترین کات مواجھەی پارێزەرەکان لەگەڵ گیراوەکانمان بکرێتەوە، ئەوانەی بەر کەمکردنەوەی حوکم نەکەوتن وەکو رۆژنامەنوس (قارەمان شوکری رێکانی) کە لە دادگایەکی نھێنیدا حەوت ساڵ سزادرا ئازادبکرێن.

٤- دەستبەجێ زیندانیان ئازادبکرێن، چونکە لە ڕووی یاساییەوە بەپێ بڕیاری دادگا و کەمکردنەوەی لەسەدا ٦٠٪‏ی سزاکەیان لە لایەن سەرۆکایەتی ھەرێمەوە و لەبارچاوگرتنی یاسای ژمارە ٢٣ی بنەما دادگاییەکانی سزا (اصول محاكمات الجزائية)، ئازادکردنی مەرجدار (إفراج الشرطي) ماددەی ٣٣١، سزای زیندانیانی بادینان تەواو بوە و زیاتریش لە ماوە یاساییەکەی خۆیان ڕاگیراون.

ئەمەی لە دووەم ساڵیادی سزادانی زیندانیانی بادینان دەکرێت کە ھاوکاتە لە دوانزەیەم ساڵیادی خۆپێشاندانەکانی ١٧ی شۆباتدا پرسێکی گشتیە و ئەرکی ھەموو لایەکە بەجدی بھێتە وەڵام و ھەلوێستیان ھەبێت، ڕای گشتی، میدیا، داواکاری گشتی و دەستەڵاتی دادوەری، لایەنەکان، و یونامی دەستەی مافی مرۆڤ، نوێنەرانی وڵاتان لەھەرێم و رێکخرواوە جیھانیەکان کە کار بۆ دیمۆکراسی و ماف و ئازادی بکەن، چونکە ئەو چالاکوانانە لەسەر ڕای جیاواز و خۆپیشاندان و خەباتی مەدەنی سزادراون.

بێ جگە لەزیندانیانی بادینان دەیان سزادراوی دیکەی شارەکانی دیکەش لەسەر بیرۆرای جیاوازی سیاسی  ماوەی ٣ تا ٥ ساڵی بێ دادگاییکردن لە ئاسایشی گشتی حجزکراون.

ئەگەر ئەم ئەقلیەتە حوکمڕانییە بەردەوام بێت کە مەترسیە بۆ سەر قەوارەی ھەرێم، رۆژگارێکیش چاوەڕێمان دەکا ھەر لە دامەزراوەی میدیایی و سەرۆک حزبی ئۆپۆزسیۆنەوە تا کۆمێنت نوسینێک دەکەونە بەردەم مەترسی گرتن و دادگا حزبییەکان.

ئەیهان سەعید