TEVDA Press

یووسف مەنتک

یەکێتی هونەرمەندی میللی حەسەن حەیران گوڵلە باران دەکات

| Monday, 02.27.2023, 06:59 PM |



حەسەن مامند ڕەسول قادر، ناسراو بە حەسەن حەیران، لە خێزانێکی هەژارو کوردپەروەر لە یەکێک لە دێهاتەکانی سنووری شاری هەولێر لە ڕێککەوتی(١- ٧- ١٩٥٣) لەدایک بووە، خاوەن دەنگێکی سازو ڕەسەن بووە، هەمیشە کۆڕی مەجلیس وشایی گەرم و گووڕ بووە، خەڵکی تامەزرۆی دەنگەکەی بوون و گوێیان بۆ ڕادێراوە.

بوون بە پێشمەرگە: لەساڵی ١٩٧٩ لەگەل کەسایەتی ناسراو سەلیم خرینگەو کەسێکی تری گوندی پونگینەی دەشتی هەولێر، چەکی جەیشی شەعبی دەبەن و پەیوەندی بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکەن، شەهید حەسەن حەیران لە هێزەکەی مستەفا ناوپردانی دەبێت، کاتێک مستەفا ناوپردانی تەسلیم دەبێتەوە بە حکومەت حەسەن مامندیش لەگەلی تەسلیم دەبێتەوە( دیارە مستەفا ناوپردانی و هاوسەنگەرانی باش ماهەییەت و مۆڕاڵی سەرکردەکانی شۆڕشیان ناسیوەو زانییانە هیچ لەبار نیین و شتێک نییە بەنێوی کوردایەتی) ناوپردانی چەک لە حکومەت وەردەگرێت، بەڵام حەسەن حەیران نابێت بە جاش دەبێت بە سائیقی ( ڕیم- پاس) ی ماڵی مستەفا ناسراو بە مستە کەچەر لە نێو خزمان.

هێرشی بەربڵاوی هێزەکانی یەکێتی لەدەشتی هەولێر:

کات ساڵی ١٩٨٣ یە تازە هێزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان- جەلالی- بە فەرماندەی شێخ جەعفەر مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئێستا هاتوونەتە خوارەوەو ڕاوە حسک دەکەن، سنووری دەسەڵاتی یەکێتی فراوان دەکەن، بۆ تۆقاندن و ترساندن و پاوانخوازی و سەپاندنی دەسەڵاتی ڕەهایان دەست لە هیچ ناپارێزن تەڕو وشک پێکەوە دەسووتێنن، ئەوەی لەل بکات یەکسەر ڕەمی دەکەن، لەگەل هاتنە خوارەوەیان دەیان بگرە سەدان تاوانی کوشتن وئازاردانی خەڵکی ئەنجام دەدەن، شێخ جەعفەر گوتەکی بەناوبانگی هەبوو لەنێو خەڵک باو بوو گوتبووی:" لە هەر گوندێک دەبی باش وخەراپێک بکوژم، خەراپەکە ئەوە هیچ هەقی خۆیەتی، باشەکەش بۆ ئەوەی بترسێت نەتوانێت خەراپەمان بەرامبەر بکات".( خەراپ مەبەستی نەیارەکانی جەلالی بوو). مام سەدیقی میرەکانی حاجی مستەی مەنتکیش لەبەرامبەر ئەو قسەیە گوتبووی:" جا باشە ئەو گوندە بەس ئەمن و مام جەمیلی لێیە، پیاو خەراپەکی لە کێندەر بینین لۆ شێخ جەعفەری هەتا لەگەرەمە ڕەمی بکات!".

ڕەمیکردنی حەسەن حەیران لە فولکەی گوندی کانی بزرەی مەنتک- سەر بەناحییەی قوشتەپە- هەولێر ڕۆژی هەینی ٣-٦- ١٩٨٣:

تازییەک لە گوندی کانی بزرەی دەبێت، تازییەی دایکی ڕەحمان و عومەری شێخ ئۆمەری دەبێت، خزم و دۆست وناسیاو بۆ سەرەخۆشی لە گوندەکان وشاری هەولێرو شارۆچکەکان دەچن بۆ تازییە، ڕۆژی هەینی ڕێککەوتی ٣-٦- ١٩٨٣، حەسەن حەیران بە پاسەکەی لە هەولێرەوە تازییەکاران دەبات، کە دەگەنە گوندی کانی بزرە، حەسەن دەناسنەوەو دەیگرن( حەسەن پێشتر گوتبووی من هیچ کێشەم نییە لەهەر شوێنیک تووشی پێشمەرگەی یەکێتی بم)، شێخ جەعفەر دەلێ:" کاتی خۆی بیکەیسی تەسلیم کردۆتەوە". حەسەن حەیران دەلێت:" من تەسلیمم نەکردۆتەوە، مستەفا تەسلیمی کردۆتەوە بووە بەجاش، بەس من نەبوومەتە جاش، کاتی خۆشی کە بوومەتە پێشمەرگە چەکی خۆم پێبووە، کەچومەتەوەش چەکی خۆم بردۆتەوە".

دیارە خەڵکیش تەداخوڵ دەکەن و قسەی خێری لێدەکەن، شێخ جەعفەر دیارە بۆ چاو ترساندن و تۆقاندنی خەڵک و سەپاندنی دەسەڵاتی یەکێتی لەناوچەکە، بە فرسەتی دەزانێت حەسەن حەیران ڕەمی بکات دەلێت:" هەتا سعات یەکی دوای نیوەڕۆ چەکێکی بیکەیسیی نەهێنن گوڵلەبارانی دەکەم".

هەواڵ دەدەنە براکانی و خزمانی لە هەولێر، مام نادری برای ومام رەفیق بەرێ دەکەون بەرەو گوندی، مام ڕەفیق حاجی حمدئەمین دەلێت:" من سەیارەکەم لەرەهن دادەنێم تا پارەی بیکەییسییەکیان لۆ دەهێنین با نەیکوژن"، دیارە ئەوان درەنگ دەگەن سەعات ١،٢٠ دەقیقە دەگەن کاتێک دەگەن دەبینن جەنازەی حەسەن لە فولکەی کانی بزرەیە بەتانییەکیان پێداداوە.

لە قسان شەهید حەسەن حەیران زۆر برادەری فەرماندەی یەکێتی ئەحمەد کوردەی بووە. ( ح، ف) بۆی گێڕامەوە گووتی:" حەسەن منی نارد بۆ لای ئەحمەد کوردە، ئەحمەد گووتبووی بە هیچ شێوەیەک حەسەن مەدەنە دەستی شێخ جەعفەر دەیکوژێت". ڕۆژانی پێشتر پێشمەرگەکانی یەکێتی لە گوندی دووشیوانی مەنتک پرسیاریان لە خەڵکی کردبوو دیارە لە مێژبووە تاقیبیانکردووە.

ئەوکاتەی حەسەن لایان زیندان بووە پێش ڕەمیکردنی شێخ جەعفەر دیارە قسەی پێگووتوووەو ئیهانەی کردووە، شەهید حەسەن پێی گووتووە:" بێ منەت بە بڕۆ ڕەمیم بکە".

( م، ‌هه) بۆی گێڕامەوە گووتی:" من بڕیار بوو بچم چەکێک بهێنم و حەسەن ئازاد بکەن، بەڵام سەد مەتر دوو نەکەوتبوومەوە دەنگی دەستڕێژی گوڵلە هات، کە گەڕامەوە شەهید حەسەن لە سەر زەوی کەوتبوو لە فولکەی کانی بزرەی خوێنی لێدەچۆڕا، کاکە جەلالی مەبەستیان چەک نەبوو، هەر دەیان ویست ڕەمی بکەن ئەوە بوو ڕەمیان کرد، خوا هەقی بکات.

دەبڵ مۆڕاڵی یەکێتی:

مستەفائاغای ناوپردانی تەسلیم بە حکومەت بۆوەو بوو بەجاش، لە ڕاپەڕینەکەی کوردستان بەشداریکرد، بەرەو هەولێر دەچوون بۆ ئازادکردنی، لە نزیک کۆمەڵگەی شاوێس- هەولێر لە  ڕۆژی دووشەممە ڕێککەوتی ١١-٣- ١٩٩١ تۆپی حکومەتی بەردەکەوێت و شەهید دەبێت. دەبڵ مۆڕاڵی یەکێتی لەوەدایە نافیزی کوڕیان کرد بە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، بەدڵنیایەوە چەندین ئیمتیازاتی تریان پێداون!. پرسیار ئەوەیە شێخ جەعفەرو سەرکردەکانی جەلالی تا چەند بەر هەلستیان کردووە بەرامبەر بەوەو دژ بوون، کەچی کوڕە هەژارێک بە بیانووی ئەوەی چەکی تەسلیم کردۆتەوە ڕەمی دەکەن، لەکاتێکدا چەک هی خۆی بووە شەهید حەسەن حەیران.

بنەماڵەی مامندی هەژار و کورد پەروەربوون، هەمیشە کوردایەتیان کردووەو بەشداری شۆڕشیان کردووەو قوربانیان داوە، نادر مامند ڕەسوڵ قادری براشی ماوەی چەندین ساڵ پێشمەرگە بووە. کورێکیشی بەنێوی ڕەسوڵ نادر مامند، لە هێرشە خۆ کوژییەکەی داعش بۆسەر ئاسایشی هەولێر لە ڕۆژی یەککشەممە ڕێککەوتی ٢٩-٩-٢٠١٣ شەهید بوو. دیارە کە کورد پەروەران چوونەشاخ و بوونەتە پێشمەرگە دوای ماوەیەک بۆیان ڕوون بۆتەوە بنەماکەی هیچ وبۆشە، بۆیەش تەسلیم بوونەتەوە!. وەک نووسەری ئەم گووتارە ڕووداوی ئەم ڕۆژەم باش لەبیرە.

وێنەی پۆرترێت شەهید حەسەن حەیران، وێنەی منداڵەکە سلێمان شابازو شەهید حەسەن حەیران لە کوێستانی تانجووکان لە چیای قەندیل لە دیوی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ گیراوە سەردەمی پێشمەرگایەتی لە نێو ڕەوەندانی خزمانی مەنتک. وێنەی سێهەم هی شەهید ڕەسول نادر مامند.

کتێبی شۆڕش و تاوان. نووسینی یووسف مەنتک. بیرەوەرینامە، ، ئەم دەفتەرە زیاتر لە دووسەد تاوانی کوشتنی هاوڵاتی بێ تاوان و پێشمەرگە لە خۆ دەگرێت، لەلایەن  یەکێتی نیشتمانی کوردستان گوڵلەبارانکراون.

یووسف مەنتک