TEVDA Press

ئیبراهیم شێخ وەسانی

تکایە زیندانەکان فرەوان بکەن

| Monday, 09.14.2020, 09:50 AM |


                               (١)

رۆژنامەنووس و چاڵاکوان (فاروق عومەر) لەلایەن ئاسایشی زاخۆ، بەبێ ئاگاداریی و بڕیاری داداگا، بەبێ هیچ تۆمەتێکی یاسایی، رۆژی هەینی (٢١مانگ) دەستگیرکراوە، بەبێ نان و ئاو دەخرێتە ژوورێکی زۆر بچوکی تاکە کەسی، کە تەوالێتیشی لەناوبووە (ئەشكەنجەش دەدرێت). دوای دوو رۆژ، کاتێک دۆخی تەندروستی خراپ دەبێت و، دەگاتە حاڵەتی مردن، رەوانەی نەخۆشخانەی دەکەن. ئێستا توانای قسەكردنی نەماوەو، گورچیلەكانیشی وشك و سست بوون.
فاروق یەكێكە لەو دەیان گەنجەی کە لەدوای خۆپیشاندانەكەی زاخۆ، لەلایەن ئاسایش دەستگیرکراون.
((سەرچاوە: لێدوانی پارێزەر خەتاب عومەر، برای رۆژنامەنووس فاروق عومەر بۆ راگەیاندنەکان ))

                                 (٢)  

ئەرێ ئەو کارانەی ئاسایش عەفەوین و، بەبێ بیرکردنەوە دەکرێن؟!
بۆچی بەو شێوەیە هەڵسوکەوت لەگەڵ هاوڵاتیانی ئەو هەرێمە دەکرێت؟
بۆچی ئاسایش بۆتە جێگایەکی ترسناک، بۆ ئەو کەسانەی داوای مافەکانی خۆیان دەکەن؟

                               (٣)

وا گریمان توانیتان هەرچی رۆژنامەنووس و، چالاکوانی ئەو هەرێمە هەیە، وەک فاروق بێدەنگ بکەن، پێتانوایە ئەو هەموو گەنجە بێکار و، بێپارە و بێهیوایانە جێگایان نەگرنەوە؟
پێتانوایه‌ بۆ هەتاهەتایە دەتوانن هەرێمیەکان بێدەنگ بکەن و، قەبوڵدەکەن بەو شێوەیە بژن؟

                              (٤)

لەسەرەتای دەستەڵاتی مەلاکانی ئێران، یەکێک لە وەزیرەکانی سەردەمی شا، بەپاسەوانی زیندان دەڵێ "شوێنەکەم زۆر بچوک و ناخۆشە، تکایە بمگوازنەوە شوێنێکی باشتر"
پاسەوانەکەش دەڵێ "قوربان ئەو زیندانە خۆتان دروستتان کردوە، دە تۆزێک گەورەترتان دروستکربا، بۆ ئەوەی جێگای ئێوەش خۆشتربا"
دەستەڵادارە بەڕێزەکان، داواتان لێدەکەم رەوشی زیندانەکان باشتر بکەن، دەترسم رۆژێک ئێمەو ئێوەش رێمان بکەویتە ئەوێ.
ئیبراهیم شێخ وەسانی