TEVDA Press

ئەندامی ستاف

لە عەنتیکەخانەکە دەبابەکانی ٣١ی ئاب و ئەم شتانەش دابنێن!

| Saturday, 05.13.2023, 02:48 PM |



لەلای پێشەوەی مۆزەخانەکە وێنەی ڕاکردنی بارزانی لەکۆماری مهابادو پشت تێ کردنی لەقازی محمدیش دابنێن.
لەلای چەپی مۆزەخانەکەی بارزانی وێنەی ئەو سەدان ژن و کچە ڕوسیە دابنێن کە بارزانی و ئەو 500کەسەی لەگەڵی بون لەڕوسیا وەک کەنیزە کردیانە ژنی خۆیان و دوایش بەجێیان هێشتن و نەیانکردنە میراتگری خۆیان.
لەلای ڕاستی مۆزەخانەکە وێنەی تەواوی خانەوادەی حمدئاغای مێرگەسوری بە جامانەی سورەوە دابنێن کە چۆن قەتل وعامتان کردن و هەموتان بەفەرمانێک کوشتن.
لەلایەکی تری مۆزەخانەکەتان وێنەی تەواوی ئەو زێباریانەی خاڵوانتان دابنێن کە چۆن هێرشتان کردنە سەریان و لەناوتان بردن و موڵک ماڵەکانیانتان هەڕاج کرد.
لەلای ڕێگەی چونە ژوورەوەی مۆزەخانەکەتان وێنەو یادگاریەکانی کوشتنی حسێن ئاغای سورچی و سوتانی گوندی کەلەکین دابنێن وبیکەنە یادگاری بۆ نەوەکانی خۆتان وبڵێن هەرچی بەرامبەرتان وەستاوە ئاوها بیانسوتێنن.
لەلای سەری مۆزەخانەکەتانەوە لایەک تەرخان بکەن بۆ ئازارو و محکمەکەی سجنی ڕایات و دیلمان کە رۆژانە خەڵکتان لێ فەلاقە دەکردو دەیان سەرکردەو کادیری خۆتان بەناوی خیانەت لەناوچەکانی کۆیەو ڕواندزو باڵەکایەتی و پشدەرو سلێمانی لەناوبردو لە سێدارەتان دان.
بیرتان نەچی لایەکی تری مۆزەخانەکەتان تایبەت بکەن بە کوشتنی هەموو سەرکردەکانی شەڕی بەرەی جووت کەچۆن ڕمیتان کردن و ئەتکتان کردن.
ئەگەر لەتەنیشت جلەکانی بارزانی شوێن هەبو مجالێکی باش بهێڵنەوە بۆ حوکمڕانیتان لەدوای ڕاپەڕین و لەوێ سەرجەم ئەو جل و ئۆتۆمبیلانە دابنێن کە لەڕاپەڕین پێی هاتنەوەو لە ڕاژان کە بۆنی ڕێواسی چیاکانی ئەو دیوتان لێ دەهات بائەویش ببێتە یادگاری بۆتان و بیانبەستنەوە لەگەڵ جلە ماڕکەکانی ئێستاتان.
ئەوجا لا دیوارەکیش تەرخان بکەن بۆ شەڕی ناوخۆی 94و وێنەی هەمو ئەو گەنجانە دابنێن کە کوشتتان وبەکوشتان داو ئەوجا بەگەورەیی وێنەی سجنە شومەکەی ئاکرێ و فیرعەونەکانی ئەشکەنجەدان دابنێن و بڵێن ئەوەشمان هەبووە.
ئەوجا هەر لەتەنیشت ئەو لایەک تەرخان بکەن و تایبەتی بکەن بەوێنەی ئەو دەبابانەی لە ساڵی 96 پەرلەمانیان ئەتک کردو وێنەی سوپای ڕژێمی بەعس بکەنە لاپەڕەی ناوەڕاستی دەفتەرەکەی مۆزەخانەکەو بنوسن ئەو ڕۆژەی خیانەتی سی و یەکی ئابمان کرد.
ئینجا وەرن لای پشتەوە بکەنە وێنەی ئەو حوکمڕانیە فشۆڵەی سی ساڵە بەڕێوەی دەبەن ووێنەی هەموو ئەوانە دابنێن کە ئەتکتان کردن پرچ و سمێڵتان تاشین و پشیلەو مشکتان هاویشتە ناو شەڕواڵیان و شەقتان لەمامۆستاو قوتابی داو ڕیشی مەلاتان سوتاندو ژنتان کردە کچە مۆدێل و لەسەرەوەش بەگەورەیی وێنەیەکی گوندی لوبنانی دابنێن بنوسن گەورەترین دەستکەوتی خەباتی بارزانی نەمر.

ئینجا لەگۆشەیەکی مۆزەخانە وێنەی موچە خۆرانی هەرێم دابنێن بنوسن ئەوە پاشماوەکانی شەڕی جیهانی و شەڕی ئۆکڕاین و ساڵی گرانی نینین، بەڵکو ئەوە موچە خۆرانی هەرێمە کە موچەمان لێ بڕین و بۆ پاشەکەوت کردن.
لەکۆتایشدا وێنەیەکی گەورەی ڕۆژی ڕیفڕاندۆم هەڵواسن لەبەردەم مۆزەخانەکە بنوسن ئەو رۆژەی هەموو شتمان لەدەستداو وتمان عێراقمان تەڵاق داو عێراق موفلیسە ئێستا بەغدا پایتەختمانەو و چاوەڕێین پارەمان بۆ بنێری.
.ئا ئەمەشم بیرھاتەوە وێنەی ھێلکە بارانکردنەکەی لەندەنیش لەلایەکی عەنتیکەخانەکە جێگای بۆبکەنەوە، زۆر شت ماوە بەخوا بەسێ عەنتیکەخانەی تر تەواو نابێ!

ھێمن مامەند

هێمن مامه‌ند