TEVDA Press

لە دهۆك ڕێگری لە گردبوونەوەیەك دژی سزادانی شێروان شێروانی دەكرێت

| Wednesday, 07.26.2023, 03:07 PM |


لەپارێزگای دهۆك ڕێگری لە بەڕێوەچوونی گردبوونەوەیەكی ناڕەزایی دژی سزادانی شێروان شێروان دەكرێت و نوێنەری سزادراوانی بادینانیش دەڵێت: ئەم ڕێگرییە پێچەوانەی یاسایە لە هەرێمی كوردستان.

ئەیهان سەعید نوێنەری سزادراوانی بادینان بەشارپرێس-ی ڕاگەیاند: بڕیاربوو ئەمڕۆ چوارشەممە كاتژمێر چواری ئێوارە، پێنچ ڕێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی لەبەردەم دادگای دهۆك گردبوونەوەیەكی ناڕەزایەتی دژی سزادانی شێروان شێروانی بكەن، بەڵام لەلایەن هێزەئەمنییەكانی شارەكە ڕێگریان لێكراوە.

نوێنەری سزادراوانی بادینان ئەوەشی وت: "بەپێی یاسا گردبوونەوە و خوێندنەوەی بەیاننامە لەهەرێمی كوردستان پێویستی بە ئاگاداركردنەوە نییە، بۆیە ڕێگریكردن لەم گردبونەوەیە پێجەوانەی یاساكانی هەرێمی كوردستانە".

ئاماژەی بەوەشكرد: لەچوارچێوەی ڕێگریكردن لە بەڕێوەچوونی ئەم چالاكییە، ڕێگری لە ڕووماڵی ژمارەیەك لەدەزگاكانی ڕاگەیاندن كراوە. بۆ گواستنەوەی وێنە و ڤیدیۆی گردبوونەوەكە، بەجۆرێك ڕێگری لەبەكارهێنانی مۆبایل لە ڕۆژنامەنووسانیش كراوە.
تەڤدا پرێس