هەڵبژارنی داهاتوو، رۆژی ئاهەنگی خەڵك و ماتەمی دەسەڵاتداران
| Thursday, 08.03.2023, 10:37 PM |
تا جێنین پلاسخارت نەچووە ئێران، نەتوانرا رۆژی هەڵبژاردنی كوردستان دیاریی بكرێت.
هیوادارین ئەم هەڵبژاردنە چانسێك بێت بۆ دەربازكردنی دۆخی سیاسی لەم چەقبەستنەی ئێستا
هەڵبژاردن هیچ كات لەوادەی خۆیدا نەكراوە، لەكاتێكدا هەموو حزبەكانی كوردستان دروشمی ئازادی و دیموكراسیان هەڵگرتووە.
ئەگەر ئەم هەڵبژاردنە بەپاكی بەڕێوەبڕوات ئەنجامەكەی بۆ ئەو كەمینە خۆسەپێنەی ئێستا دەبێتە رۆژێكی تاریك و بۆ خەڵكیش دەبێتە ئاهەنگ گێڕان
..........
تا جێنین پلاسخارت نەچووە ئێران، نەتوانرا رۆژی هەڵبژاردنی كوردستان دیاریی بكرێت.
دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردن بۆ جاری سێیەم، عەیبەیەكی گەورەی حوكمڕانیی كوردستانە، دواخستنی بۆ جارێكی دیكە، باری هەرێم لەئێستا زۆر گرانتر دەكات. دوای زیاتر لە 32 ساڵ لەحوكمڕانیی، ببینن ئازادی و دیموكراسی و دامەزراوەكانی حوكمڕانیی لە چ دۆخێكی خراپدایە! هەڵبژاردن لەم وڵاتە هیچ كات لەوادەی خۆیدا نەكراوە، ئەمە لەكاتێكدا هەموو حزبەكانی كوردستان (جگە لەئیسلامییەكان) ئەوانەی حكومەتیان پێكهێناوەو ئەوانەیشی گوایە ئۆپۆزسیۆنن، دروشمی ئازادی و دیموكراسیان هەڵگرتووە.
هیوادارین ئەم هەڵبژاردنەی دەكرێت، كەمتر ساختەكاریی بكرێت و كەمێك متمانە بگەڕێتەوە بۆ ئەنجامی هەڵبژاردن. هەروەك ئەم هەڵبژاردنە چانسێك بێت بۆ دەربازكردنی دۆخی سیاسی لەم چەقبەستنەی ئێستاو دروستبوونی هاوكێشەی نوێی لەكوردستان.
هیوادارین ئەنجامی هەڵبژاردن كە بڕیارە 25ی شوباتی داهاتوو بكرێت، رەنگدانەوەی خواست و ویستی خەڵكی كوردستان بێت و ببێتەهۆی راستكردنەوەی رێڕەوی چەوتی حوكمڕانی كە بریتیە لەدروستكردنی حوكمڕانیەكی رەشید و باش و هێنانەدی خواستی خەڵك بەچاككردنی ریشەیی حوكمڕانیی و دابینكردنی ژیانێكی شایستەو كەرامەتمەندانە بۆ خەڵكی كوردستان و رزگاربوونی خەڵك لەدەست ئەم كەمینە دەستڕۆیشتووەی كوردستانیان بەمڕۆ گەیاند و ژیانی خەڵكیان كردۆتە دۆزەخ. من دڵنیام ئەگەر ئەم هەڵبژاردنە كەمێك بەپاكی بەڕێوەبڕوات ئەنجامەكەی بۆ ئەو كەمینە خۆسەپێنەی ئێستا دەبێتە رۆژێكی تاریك و بۆ خەڵكی كوردستانیش دەبێتە ئاهەنگ گێڕان.
سهرتیپ جهوههر
Copyright © 2020 by Tevdapress. All rights reserved