دو پەرلەمەنتاری گۆڕان عەلی حەمە ساڵح و هۆشیار عەبدوڵا بۆچی ناوی تاوانباران ناهێنن؟!
| Saturday, 09.19.2020, 07:42 PM |
سوتاندنی سنەوبەرەکانی دەروازەی سلێمانی بۆ کردنی بە پرۆژەی بازرگانی لە لایەن عەلی حەمە ساڵح، ئهندامی پهرلهمانی كوردستان ئاشکرایکردووە كه ژمارەیەک دەسەڵاتدار پلانیان داناوە بۆ سوتاندنی سنەوبەرەکانی ڕێگای ڕاپەڕین - تاسڵوجە، بە پێی ووتەی عەلی حەمە ساڵح پلانەکە بەم شێوەیە ئەنجام دەدرێت؛ " شەوانە نەوت دەکەنە بنی دارەکان تا وشک ببنو دواتر شەوانە بەدزییەوە سنەوبەرەکان دهسوتێنن... پاشان زهوییهكان كه نزیکەی ١٢٠ دۆنمه دهیکهن بەپێشانگای ئۆتۆمبیلو دهیفرۆشنهوه، بهوهش ١٠٠ ملیۆن دۆلار قازانج دهكهن، پاشان لەڕێگای شارەوانی سلێمانیەوە ڕێگاپێدانی کاتی بۆ وەردهگرن. ... ماوەی دو مانگە بەھەرچی بەرپرسو دەسەڵاتدارە وتومانە تکایە ڕێگا لەسوتاندنی سنەوبەرەکانی ڕێگای ڕاپەڕینو داگیرکردنی زەویەکەی بگرن".
هەروەها بهوتهی هۆشیار عەبدوڵا ئهندامی پهرلهمانی عێراق، سەبارەت بە سوتاندنی سنەوبەرەكانی رێگای تاسڵوجە دەڵێت: "سوتاندنی ئەم سنەوبەرانەی رێگای تاسڵوجە بەئاگاداری بەرپرسێکی حزبییە کە بەرپرسیارێتی لەناو حکومەتی هەرێمدا هەیە، ناوی بەرپرسەکەو ئەو بازرگانەشم لایە کە ۱۲٠ دۆنم زەوی لەسەر ئەو رێگایە بە بەهای زیاتر لە ۱٠٠ ملێۆن دۆلار پێ ئەدرێ. ... پارێزگاری سلێمانی لەپشکی گۆڕان لەکوێیەو هەڵوێستی چییە؟! ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، پەرلەمانی کوردستان، رایکخراوەکان، میدیاکان لەکوێنو هەلوێستیان چیە لەدژی سوتاندنی سنەوبەرو تاڵانکردنی زەویو زاری ئەم وڵاتە؟".
ئێمەش وەکو تەڤدا پرێس ڕوی دەممان دەکەینە ئەو دو پەرلەمەنتارە عەلی حەمە ساڵح و هۆشیار عەبدوڵا و لێیان دەپرسین : ئەگەر ئاوا دڵنیان کە ژمارەیەك دەسەڵاتدار و بەرپرسێکی حیزبی دەستیان لەو کارەدا هەیە و ناوی بەرپرس و بازرگانەکەشتان لایە، بۆچی جورئەتی ئەوەتان نیە ناویان بهێنن ؟! تاکو کەی ئاوا خۆپارێزانە مامەڵە دەکەن و تەنانەت لەبەرامبەر کارێکی ئاوا مافیاییشدا جورئەتی ناوهێنانیانتان نیە؟ ئێوە نوێنەری خەڵکن و ئەرکی ئەخلاقیتانە کە ئەو تاوانبارانە ئاشکرابکەن دەنا ئێوەش بە هۆی ناونەهێنانی تاوانبارانەوە و شاردنەوەیان لە بەردەم ڕای گشتی و میدیاکان، خۆشتان دەبنە هاوکاریان و دەکەونە بەر نەفرەتی خەڵك و خاكی کوردستان.
ستافی تەڤدا پرێس
تەڤدا پرێس
Copyright © 2020 by Tevdapress. All rights reserved