TEVDA Press

دادگاییکردنی بارزانی مێژووێکی دووبارە

| Friday, 09.25.2020, 12:26 PM |


شێخ عوبەیدوڵڵای نەھری، شێخ عەبدولسەلام بارزانی، قازی محەمەد، شێخ سەعیدی پیران و شێخ رەزای دێرسمی، ھەموویان لە دادگای داگیرکەران لە سێدارەدران، چونکە بۆ سەربەخۆیی کوردستان تێکۆشان و بە دەنگی بەرز و عیشقەوە داوای سەربەخۆیی کوردستان و سەرفرازی گەلەکەیان دەکرد و لە دوژمن و داگیرکەر نەترسان.

ئەوانەی ئەمڕۆ داوای دادگاییکردنی رابەرانی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەکەن ئەوە درێژکراوەی ئیرادەی داگیرکەرانن، سەربەخۆییخوازانیش درێژکراوەی رابەرانی شەھیدی بزووتنەوەی کوردایەتین لە پێناو سەربەخۆییدا.

داگیرکەران وەک بکوژ و دوژمن وەبیردێنەوە، رابەرانی سەربەخۆیش بوونەتە مێژووی زیندووی گەلی کوردستان کە سەرۆک مەسعود بارزانی دڵی زیندووی ئەو مێژووەیە، کە توانای لە مێژووی سەد ساڵی رابردوو بۆ یەکەمجار ئیرادەی میللەتەکەی خۆی بەسەر ئیرادەی داگیرکەران سەربخات و داوا و مافی گەلی کوردستان لە ئازادی و سەربەخۆیی بخاتە بەردەم ویژدانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی.

بارزانی لە یەکەم رۆژدا کە لە تەمەنی شازدە ساڵیدا چەکی پێشمەرگایەتی کردە شان بۆ خۆبادان و موزایەدە نەبوو، بەڵکو بۆ روبەڕوبوونەوەی داگیرکەر بوو، کە بڕیاری ریفراندۆمی سەربەخۆییشیدا لە پێناو نیشتیمان و میللەتەکەی بوو و بە دەنگی بەرز لە بەردەم جیھاندا ھاواری کرد کە گەر دەنگی خۆی لەو پێناوەدا دادەنێ و ھەرگیز لەو بڕیارەی کە شکۆی میللەتەکەی دەکڕێتەوە پەشیمان بوونەوە نیە.

ئەوانەی داوای دادگاییکردنی رابەرانی ریفراندۆم دەکەن ئەوەندە ترسنۆک و گچکەن کە تەنھا لە بن سێبەری داگیرکەران جێگەیان دەبێتەوە، ئەو داوایە تەنھا شایەنی ئەوانەیە کە گەورەیی و ھەبوونی خۆیان لە رێزی خیانەتکار و خاکفرۆشان دەبینەوە، ئەو داوایە لە یەککاتدا و بە درێژایی مێژوو داوای بەغدا، تاران، ئەنقەڕە و دیمەشق بووە کە ھەمیشە دەنگێکی نەشازیش لە ناو ماڵی خۆماندا و لە خوێنی خۆمان بە ئاوازی دوژمنان خوێندویانە و خیانەتیان بە خەبات گۆڕیوەتەوە و دایکی نیشتیمانیان لەسەر مێزی بەرژەوەندی داگیرکەران ھەڕاج کردووە.

داماننا بارزانی دادگایی نا شەھید کرا، داماننا ھەولێر و سلێمانی و ھەڵەبجە و دھۆکیش لە تۆڵەی داواکردنی سادەترین ماف کە بڕیاردانە لە چارەنووس وەک کەرکوک و شەنگال و خانەقین و مەخمور رادەستی دوژمنان کرایەوە، کێ قازانج دەکا جگە لە داگیرکەران، ئایا ئەو کوردانەی خیانەتیان لە میللەتەکەی خۆیان کرد چیان پێ بڕا لە نەفرەتی میللەتەکەی خۆیان و وەک شەرمەزاری و پەڵەیەکی رەشی مێژوو ناویان دێ، بەڵام ئەوانەی لە پێناو نیشتیمان خەباتیان کرد و قوربانیان دا ئەوە میللەت سەریان بۆ دادەنوێنێ و بە شکۆوە لە بەردەم مەزنیان دەچەمێنەوە.

بارزانی بە رابەرایەتیکردنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان نەک گرەوی لە دوژمنان و داگیرکەران بردەوە بەڵکو گرەوی لە مێژوو بردەوە و توانی لە ھەموو سەرکردە سیاسیەکانی پێش خۆی تێبپەڕێنێ و لە مێژووی سەد ساڵی رابردوودا بۆ یەکەمینجار دەرفەت بۆ میللەتەکەی برەخسێنێ کە بە ئازادی و بە ئیرادەی خۆیان بڕیار لە چارەنووسیان بدەن.

لە ساڵیادی سێیەمی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان پێویستە ئەوە بڵێین کە ریفراندۆم سەرکەوت، ئیرادەی گەلی کوردستان سەرکەوت کە سەدا نەوەد و سێ دەنگی بە سەربەخۆیی دا، بارزانی سەرکەوت کە رابەرایەتی گەورەترین ئامانجی کرد و لە بەرامبەر وڵاتانی داگیرکەر بە گیانێکی پێشمەرگانە وەستایەوە و ملی بۆ ھەڕەشەی دوژمنان و پێشنیارکردنی ئیمتیازات لەلایەن وڵاتانی زلھێز نەدا و خۆی شەرمەزاری میللەتەکەی نەکرد.

ئەوانەی دۆڕان داگیرکەران و دوژمنانی کوردستان بوون کە نەیانتوانی وەک ھەموو جار ئیرادەیان بسەپێنن، ئەوانەی دۆڕان ئەو وڵاتانە بوون کە بانگەشەی دیموکراتیەت و مافی مرۆڤ دەکەن، ئەوانە دۆڕان کە نانی بەردەرگای داگیرکەریان بە خوانی براکەیان گۆڕییەوە و وەک خیانەتکار ناویان لە مێژوو تۆمار کرا.
تەڤدا پرێس