TEVDA Press

مەسرور بارزانی لە پەرلەمان

| Thursday, 10.08.2020, 04:39 PM |


مەبەستی ئەم گوتارە ھەڵسەنگاندنی ئاستی رۆشنبیری سیاسی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم نییە، بەڵکو لێکدانەوەیەکی سەردانەکەی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەیەتی بۆ پەرلەمانی کوردستان.

لەو ساتەوەی کە ئاشکرابوو مەسرور بارزانی کاندیدی پارتیە بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەت، لێکدانەوەکان بەو ئاڕاستەیەوە دەچوون کە خەڵکی کوردستان لەژێر سایەی کابینەی نۆھەمدا شاھێدی حوکمڕانیەکی پۆلیسی و ئەمنی دەبن و، راوبۆچوونەکان لە چوارچێوە دەگیرێن و ھەموو جۆرە دەنگێکی ئازاد کپ دەکرێن. ئەویش چونکە کاندیدەکەی پارتی پێشینەی ئەمنی ھەیە و جگە لە راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایش، بەرپرسی ئاژانسی پاراستنیش بووە. ھەندێک کەسیش ھەبوون کە قوباد تاڵەبانیان بە مێردمنداڵی سیاسی لەقەڵەم دەدا و بە کەم تەجروبەیان دەزانی. ساڵێک زیاتر بەسەر حوکمڕانی مەسرور بارزانی تێپەڕی و، نە رەشبگیر دەستیپێکرد، نە سەرانی ئۆپۆزسیۆن تیرۆر کران، نە دەرگای پەرلەمان قفڵی لێ درا و نە کەرامەتی ئینسان لەم ھەرێمەدا ئاستی حورمەت لێگرتنی لەچاو ساڵانی پێشوو کەمی کرد و، نە ئیدارەی حکومڕانیش ھەرزەکارانەبوو. بە پێچەوانەی پێشبینیە نادروستەکان، سەرۆکی حکومەت موبادەرەی چوونە پەرلەمانی کرد و لە راستیدا بە ھەمووانی گوت: "انکە حساب پاک است، از محاسبە چ باکست."

سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی ، زۆر بە راشکاوانە و بە راستگۆیانە سێ پەیامی گرنگیان گەیاندە پەرلەمانی کوردستان. پەیامی یەکەم: ئاسەواری دوو ئیدارەیی ماوە و، ئەم کێشەیە لە پڕۆسێسدا چارەسەر دەکرێت، چونکە دوو ئیدارەیی بە رۆژێک دروست نەبووە ھەتا بە رۆژێکیش چارەسەر بکرێت، بەڵکو جزوری مێژوویی خۆی ھەیە. پەیامی دووھەم: گەندەڵی ھەیە و، ئەوەش بەرھەمی رۆژێک و کابینەیەک نییە ھەتا بە شەو و رۆژێک چارەسەر بکرێت. چاکسازی و ریفۆرم ئیشی پڕۆسێسین. پەیامی سێھەم: کێشەی قەیرانی دارایی بە تەنیا پێنەدانی موچەی فەرمانبەران نییە، بەڵکو لەوە گەورەترە و چارەسەرکردنی بە شەو و رۆژێک ناکرێت و، زۆر فاکتەر دەوری تێدا دەبینن. گرنگترین خاڵ لە ھەر سێ پەیامەکەدا لە راسگۆییەتی. مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی خۆیان لە خەڵک نەکردە سیحرباز و بڵێن ھیچ کێشەمان نییە و بەم زوانە ھەمووی چارەسەر دەکەین.

لە روبەڕوبوونەوە لەگەڵ رەخنە و پرسیارەکانی ئۆپۆزسیۆن، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بە میزاجی پۆلیسی و ئەمنی و وەک مێردمنداڵ  رەفتاریان نەکرد. بە پێچەوانەوە سوپاسی رەخنەکانیان کردن و سەرنجەکانیان بە ھەند وەرگرتن. بەڵام تەسلیمی عەواتفیش نەبوون و، تەراجوعیان لە بەرنامەی حکومەتیش نەکرد. بەواتایەکی تر تەسلیمی ھاژوھوژی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و چەپڵەڕێزانی سەرجادە نەبوون. چونکە حکومەت دەبێت ئیدارەی کۆمەڵگە بدات، نەک لەدوایەوە بڕوات. ئەو سیاسەتمەدارەی کە بۆ رازیکردنی دڵی خەڵکی ناڕازی، ھەزار و یەک پەیمانی درۆ بە خەڵک دەدات، تەنیا بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی کاتی خەڵک رازی بکات و بەشان و باڵیدا ھەڵبدەن، ئەوە کەسایەتیەکی لاواز و مەسڵەحەتچیە. مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی لە پێگەیەکی بەھێزەوە چونە پەرلەمان، راستگۆ و راشکاو بوون، ھەروەھا بەھێزەوە ھاتنە دەرێ. بۆیە لەوانەیە ئەم سەردانە سەرەتایەک بێت بۆ ھەماھەنگی پەرلەمان و حکومەت لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی سەروەری خاکی پیرۆزی کوردستان.