TEVDA Press

هێمن عەزیز

کێشە ڕاستەقینەکەی هەرێم، ئایا لێبڕین و دواکەوتنی مووچەیە ؟

| Sunday, 12.06.2020, 09:47 PM |


نەدانی موچە لە لایەن دەسەڵاتداریی هەرێم، شتێکی بچووکە لە ناو کۆی کێشە گەورەکانی تر. بێگومان نەدانی موچەو ئیفلاسبوونی حکومەت لە ڕووی داراییەوە حالەتێکی چاوەڕواننەکراو نەبووە. ئەگەرچی لە ئێستادا ڕەوشێکی سایکۆلۆجی پڕ هەڵچوونی لەناو خەڵک دروست کردووە، لە لایەک بۆتە کێشەیەکی سەرەکی بۆ فەرمانبەران، لە لایەکی تریش کاریگەری کردۆتە سەر کۆی جولەی بازاڕو گوزەرانی هاوڵاتیان، بەڵام لە بنەڕەتدا نەدانی موچەی فەرمانبەران دەرئەنجامی کەڵەکەبوون و هاوکات دەرکەوتنی  دەیان کێشەی گەورەی سیاسی و ئابووری و بەڕێوەبردنە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دروستکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.
لە سەرەتای ڕاپەڕینەوە  بەردەوامبوونی مۆنۆپۆلی سیاسی، ئابووری و هێزی چەکداری دوو حیزب، بە ووردتریش، دوو بنەماڵە وایکرد کە نیمچە حکومەتێکی دابەشبوو بۆ دوو زۆنی ئیداری جوگرافی حیزبی دروست بێت، کە ڕێگر بێت لە هەبوونی ئیدارەیەک کە وەزیفەو خزمەتگوزاریەکانی لە حکومەتێکی مۆدێرن بچێت و بە ستانداردی تیۆرە سیاسی و زانستیەکان ناوی بنرێت سەرکەوتوو. هەر لەسەرەتاوە، ئەکتەرە سەرەکیەکانی ئەم قەوارەی بەڕێوەبردنە نەیانتوانی وجودی حکومەتێکی کاراو نمونەیی بسەلمێنن کە جیاواز بێت لە هاوشێوەی سیستەمە داتەپیوە سیاسیەکانی ناوچەکە، کە زۆربەیان بە هۆی گوێنەدانیان بۆ چاکسازی سیاسی بەڕێوەبردن و حوکم لەم دواییە یا لەناو چوون یاخود تووشی ناسەقامگیری سیاسی و دەیان کێشەی بنەڕەتی ئابووری و کۆمەڵایەتی بوونە لە ئێستادا.
دوو حیزبی دەسەڵاتدار، هەر لەگەڵ دامەزراندنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، دەستیان کردە شەڕی ناوەخۆو هەریەکەیان هەوڵی دروست کردنی ئیدارۆکەکەی خۆیدا لەسەر بنەمای تەزکیەی حیزبی و پەراوێزخستن یاخود دوورخستنەوەی ئەوانەی لەگەڵیان نەبوون لە جومگە سەرەکیەکانی حوکمکردن و بەڕێوەبردن، بە تایبەت لە بواری ئەمنی و پۆستە گرنگەکان. بۆ نمونە لە زۆربەی ئەو وڵاتانەی لە ئەزموونی ئیداری سەرکەوتوون، دەبینرێ کەوا زانکۆ، سەنتەرێکی گرنگە بۆ ئامادەکردنی کادیری پسپۆرو پیشەیی ئاست بەرز تا دواتر بتوانرێت سوود لە تواناو زانستەکانیان وەربگیرێت لە ناو کەرتی گشتی و تایبەتی کۆمەڵگەدا، بەڵام لە هەرێمی کوردستان، هەر لەدوای ڕاپەڕینەوە زانکۆکان ئەو ڕۆڵە بەرزو گرنگەیان لە دەستداو بوون بە ئامرازێک کە هەزاران خەڵكی حیزبی یاخود مشەخۆر بەسەر حیزب بە پێوەری نازانستی ببنە خاوەن بڕوانامەی بەرزو دواتریش بەرپرسیاریەتی و بەڕێوەبردنی زۆر شوێنی هەستیارو گرنگیان پێبدرێت، کەوا دیارە ئەم جۆرە کەسانە چ جۆرە کارەسات و گەندەڵیەکیان لۆ کۆمەڵگە خولقاندووە. ئەم فۆرمەی گەندەڵی و دەیانی تریش کە هەر لە دوای ڕاپەڕینەوە دەستی پێکرد، کە ئێستا دەرئەنجام و بەرهەمەکەیان دەبینرێ و بە ئاستێک کاریگەری خراپی دروست کردووە کە هەرەسهێنانی مۆدیلی دەسەڵاتی خۆماڵی هەرێمی کوردستانی کردۆتە ئەگەرێکی کراوە!! بە تایبەت کە هەوڵ و هەماهەنگی ئیقلیمیش زیاتر بێت دژ بەو سیستەمە فیدڕالیەی کەوا دەستووری عێراق دانی پێداناوە، بەڵێ‌م لە ناوەخۆ گەندەڵی سەری خواردووە، ئەوە ناسەقامگیری زیاتری دێتە سەر.
لە ئێستادا، لەگەڵ دەرکەوتنی ئەو هەموو کاریگەریە خراپانەی شێوازی حوکم و بەڕێوەبردن لە هەرێم، هێشتاش دیارە کەوا دەسەڵاتدارەکان نیەت و ئامادەگی ئەوەیان تێدا نابینرێت کە کێشەکان بە قەبارەو مەترسی ڕاستەقینەیی خۆیان ببینن. ئێستاش هەوڵ دەدن بە پینەوپەڕۆ بارودۆخەکە بەڕێ بکەن و ئیعتراف بە لەکەلککەوتنی ئەو میتۆدە کۆنەی حوکمڕانییان نەکەن. لەمەش خراپتر ئەوەیە، لە هەوڵی ئەوەدان، کە هەریەکەیان، کوڕوکوڕەزاکان و ئەندامانی تری خێزانەکانیان زیاتر پێ قایم بکەن لەناو جومگە سەرەکیانی حوکمڕانی و سیاسەت. لە ئێستادا بە ئاشکرا دیارە کەوا کار بۆ دەوڵەمەندکردن و بەهێزکردنیان  دەدرێت بە تەمویل کردن و بەکارهێنانی سامانی نیشتمانی بێ سانسۆرو لێپرسینەوە لە ڕێگەی دەیان شێوازی سیاسی، مدیایی، کۆمەڵێ‌یەتی، و بارزگانی جیاواز.
کۆتا سەرنج؛ لەبری ئەوەی هەموو فشارەکانی فەرمانبەران لەسەر دەسەڵێ‌تدارانی هەرێم بخرێتە سەر پێدانی مووچە، باشتروایە فشارو کارتی سوور هەڵبکرێت لە زرورەتی دەست بردن و چاکردنی  ڕەگ و ڕیشەودایکی کێشەکان، کە خۆی دەبینێتەوە لە شێوازی حوکم و سیستەمی ناسیستەمی سیاسی کوردستان. ئەگەر حوکمڕانی بەم شێوە بەردەوام بێت و هەر بەڕوالەت پرسی چاکسازی قسەی لەسەر بکرێت و نیەت و ئیرادەی جدی لەگەڵ نەبێت، ئەوە بێگومان کاتێک بابەتی دواکەتن و لێبڕینی موچەش چارەسەر بکرێت، ئەوە دەیان کێشەی تر ڕوو لە خەڵک دەکات. بەڵام پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە، ئەم نوخبە سیاسیەی شاخ کە ئێستا درێژە بە مانەوەیان دەدەن لە ڕێگەی گواستنەوەی دەسەڵات بۆ کوڕو كوڕی کوڕەکانیان، ئاخۆ دەتوانن قەبارەی ڕاستەقینەو ئاستی گەندەڵی و لاوازی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ببینن، تا دواتر بێن چاکسازی دەست پێبکەن؟ لە بەرامبەریش، ئایا ئاستی هوشیاری سیاسی خەڵکی هەرێمی کوردستان، دەتوانێت ئەو ترس و فشارە لەسەر نوخبەی دەسەڵات دروست بکات کە چاکسازی بکرێت؟!

هێمن عەزیز