TEVDA Press

177 ملیۆن دینار بۆ دو ئۆتۆمبێلی بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی‌و قائیمقامی چەمچەماڵ

| Wednesday, 12.16.2020, 04:27 PM |


دو  له‌په‌رله‌مانتارانی‌ كورد له‌به‌غدا، غالب محمد عەلی‌و سەرکەوت شەمسەدین ده‌قی‌ نوسراوی‌ كڕینی‌ ئۆتۆمبێله‌كانیان بڵاوكردۆته‌وه‌و ده‌ڵێن، "دو ئۆتۆمبێلی جۆری توێتا لاندکرۆزەر مۆدێل (2020 هەشت پستۆن) بۆ بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی‌و قائیمقامی چەمچەماڵ بەبڕی (هەشتاو هەشت ملیۆن‌و حەوتسەدو پەنجا هەزاردینار)  كە كۆی گشتی دەكاتە بڕی (سەدو حەفتاو حەوت ملیۆن‌و پێنج سەد هەزاردینار لەژێر حسابی ژمارە 614 بۆ کۆمپانیای عصام دەرهێنراوە".

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ن كه‌ "ئەو پارەیه‌ له‌هەژماری بانکی هاتوچۆی سلێمانی دەرهێنراوە، پارەی هاتوچۆش ڕونەو هەمومان دەزانین چۆن کۆدەکرێتەوە لەکێ وەردەگیرێت‌و هی چیە؟".

غالب محمد عەلی‌و سەرکەوت شەمسەدین ڕاشیانگه‌یاندووه‌، "لەبری دروستکردن‌و چاککردنی  ڕێگاو بان‌و تونێل دراوە بەئۆتۆمبێل بۆ ئەو دو بەرپرسە، بەشێكیش لەپارەی هاتوچۆ  بۆ خواردن‌و خزمەتگوزاری بۆ هێزی تێڵاوەشێننەكان سەرفدەكرێت،  ئیدی خۆنەدراوە بەهاوڵاتی ڕەش‌و ڕوتی ئەم وڵاتە."

ڕه‌خنه‌ی‌ ئه‌وه‌ش ده‌گرن كه‌ "ئەو هەموو پارەیە هەیە بۆ شەقامەکان ئاوا وێرانن؟ بۆ دوو پرۆژەی هاتوچۆتان لەشارەکان بۆ ناکرێت، بەڵام پارە بۆ تێڵا وەشێنی بەڵتەجی هەیە؟".

هاوكات ده‌ڵێت، "بەراست پارێزگارو بەرێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی تەماشا چین؟ یان ئەمانیش سودمەندن لەم تاڵانکارییەی داهاتی گشتی؟"