TEVDA Press

ئاشتی برایم ئەفەندی

دەنگی ناڕەزا، وێڵ و سەرگەردان و بێ ڕێبەرە!

| Monday, 12.21.2020, 03:44 PM |


سیاسەت تەنیا ئەوە نییە کە دەنگی ناڕەزا یان لایەنی ئۆپۆزسیۆن، هەمیشە دژی دەسەڵاتی حوکمڕانی ڕابوەستن یان تا هەتا بە ئۆپۆزسیۆن بمێنەوە. گەیشتن بە دەسەڵاتی سیاسی، سەنتەری بڕیاردان و دامەزراندنی حکومەت، بەشێکە لەو پرۆسە سیاسیە، کە بە گوێرەی قۆناغەکان دەنگی ناڕەزا و حزبی ئۆپۆزسیۆن پێیدا ڕەتدەبن، هەروها سروشتییە کە حزب و لایەنی ئۆپۆزسیۆن خاوەن ئامانجی سیاسی بن، هەوڵی ئەوە بدەن کە بگەن بە لوتکەی دەسەڵات و حکومەت تەشکیل بکەن بۆ بەڕێوەبردنی وڵات و کۆمەڵگە.
لە وڵاتانی کە سیستەمی سیاسییان دیموکراتیە، دەنگی گەل واتە سندوقی دەنگدان یەکلایی دەکاتەوە کە کام حزب یان سەڕۆک هەڵبژێرت، بۆ ماوەیەکی مێژووی دیاریکراو لە سەنتەری بڕیار داندا بێت، بەڵام ئەزموون لە باشووری کوردستاندا ئەو ڕاستیەی سەلماندوە، کە کاتێک هەر حزبێک لە ئۆپۆزسیۆندا بڕیاری داوە لە دەسەڵاتی حوکمڕانی هەرێم بەشدار بێت، دواتر نەک هەر نەیتوانیوە هیچ بکات، بەڵکو بووە بە پاشکۆی بنەماڵەی بارزانی و خێزانی تاڵەبانی، لە سێبەری ئەواندا کۆمەڵێک کەس لەو حزبە ئۆپۆزسیۆنانە سوودمەند بوون و خۆیان دەرخستوە و موچە و خانووبەرەی خۆشیان بۆ ژیانی تایبەتی دابین کردوە، لەوە بترازێت بە پراکتیک ئەوان نەیانتوانیوە لە پەرلەمانی کارتۆنی هەرێمدا هیچ ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبێت، لە دوو دەیە زێترە کە ئەوان هیچ گۆڕانکاریەکیان لە ژیان و گوزەرانی خەڵک و سیستەمی سیاسی هەرێم نەکردوە، بۆیە جەماوەر بە تایبەتی دەنگی ناڕەزا، متمانەیەکی بەهیچ حزبێک و لایەنێکی سیاسی هەرێم نەماوە.
ڕێگەدانی سەرانی ینک و پدک بە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی باشوور بۆ ئەوەی بەشداربن لە دەسەڵات، بێگومان تەڵە بوو، هەنووکە هەموو ئەو حزبانەی کە بەشدارن لە حکومەتی بنکە فرەواندا بیانەوێت یان نا، بەشداریی ئەوان ددانپێدانێکی ڕاستەوخۆ بوو کە دەنگدان لە هەرێم دەسەڵاتی سیاسی یەکلایی دەکاتەوە، حکومەتی هەرێم دەسەڵاتێکی سیاسی دیموکراتیە نەک بنەماڵە و خێزان. سەرانی ینک و پدک ئەوانیان کرد بە شەریکی هەموو گەندەڵیەکان کە هەموو جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی حوکمڕانی گرتۆتەوە، کە لە ئەنجامدا ئەمە کاردانەوەی هەبوو لەسەر بنەکەی جەماوەریی ئەو حزبانە و بۆیە ئەوجارە دەنگی ناڕەزا بەبێ جیاوازی بنەکە و بارەگەی هەموو حزبەکانیان سوتاند.
ڕێبەرایەتیکردنی دەنگی ئۆپۆزسیۆن و بە حزبکردنی و گۆڕینی ئەو دۆخە نالەبارەی کە باشووری تێکەوتووە بەو کەسانە ناکرێت، کە پێشوتر بەهۆی ئەوەی لە میدیاکاندا تەنیا بە هەڵگرتنی دروشم و قسەیزل توانیان دەنگێکی زۆر مسۆگەر بکەن، ببن بە ئەندام پەرلەمان، دواتر بە پراکتیک هیچیان بۆ نەکرا یان بوون بەدارودەستەی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی، بە دڵنیاییەوە ئەوان ئەمڕۆ ئەو پێگەی جەماوەریەیان نەماوە و ئەگەر خۆیان هەڵببژێرن ئەگەر دەنگیش بهێنن هەمان ئەو دەنگانەی جاران ناهێنن و متمانەی گەلیان لە دەستداوە.
خەباتی مەدەنی لە وڵاتێکدا پەیڕەو دەکرێت کە یاسا و دادی تێیدا سەرەوەر بێت، سیستەمی سیاسیی دیموکراتی بێت، نەک لە وڵاتێکدا و لەم چەرخەدا دەسەڵاتی بنەماڵە و خێزانی تێیدا بکرێت بە بنەمای بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی حوکمڕانی و هەموو خێروبێری وڵاتەکە لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندا بێت!
گۆڕینی ئەو دۆخە پێویستی بە شۆڕشە نەک ڕیفۆڕم، ئەم دەسەڵاتە لە دەسەڵاتی سەدام و قەزافی و موبارەک بەهێزتر و درەندەتر نییە، کە دەنگی ناڕەزا یان گەل نەوێرێت و نەتوانێت نەخشەڕێگەیەکی ڕوونی خەباتی تێیدا بکێشێت و وێنە بکات، خۆی لێهەڵبکات و بێتە کۆڕی خەبات، خەڵک ڕێکبخا، یاخی بێت و لە خۆشی ژیانی خۆی ببورێت و شۆڕشگێر بێت.
ئەمڕۆ دەنگی ناڕەزا لە باشووری کوردستاندا لە بازنەیەکی بەتاڵی داخراودا دەخولێتەوە، هەڵگڕی دروشمی لاواز، خاوەن تێگەیشتن و دیدیکی ڕوون نییە، بۆیە پەنا بۆ پێکهێنانی لیژنە و ناردنی بۆ بەغداد و داواکردن لە حکومەتی عیراق کە بەگوێرەی دەستور مامەڵە لەگەڵ هەرێم بکەن، ئەم هەڵوێستە، هێماێکە کە پاشگەزبوونەوە پێشانی دەسەڵاتداران دەدات و هەمان ڕێگەیە کە سەرانی پارتەکانی حکومەتی بنەکە فرەوان پەیڕەوی دەکەن! هەڵگرتنی دروشمی خەباتی مەدەنی، وتار خوێندنەوە بەرامبەر بە مایکرۆفۆنی کەناڵەکانی دەسەڵات، کەشوفش لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، کە هەمان وەتیرەی پارتە ئۆپۆزسیۆنە تەقلیدیەکانی دیکەیە کە لە دوای کۆڕەو سەریانهەڵدا.
کۆکردنەوەی دەنگی ناڕەزا لە پارتێکی سیاسیدا، ئامادەکردنی بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو و بەشداریی پێکردنی لە حکومەت و ناردنی نوێنەر بۆ ئەو پەرلەمانەی کە لەسەر دەستی سەرانی پارتی و یەکێتی دادەمەزرێت کە بەهەمان شێوەی ئێستا دووبارە دەبێتەوە، هەڵەیەکی مەزنە و لە بەرژەوەندیی دەسەڵاتدارانی هەولێر و سلێمانییە، کوشتنی قەوارەی دەنگی ناڕەزاییە، کپکردنی دەنگی جەماوەر و نەمانی یەکریزی ئەو دەنگانەیە، فەراهەم کردنی زەمینەیەکی لەبارە بۆ بەردەوام بوونی ئەو دۆخەی کە ئەمڕۆ باشووری کوردستانی تێکەوتووە، ئەمە ئاماژەیەکە کە دەنگی ناڕەزا لە باشووری کوردستاندا وێڵە، خاوەن سەرکردایەتیەک و ڕێبەرێکی خاوەن کالیزمایی لێهاتووی بوێر نییە، کە بە بەرنامە و پلانێکی تۆکمە بێتە مەیدانەکە، بتوانێت ستراتیژیەتێکی تازە دابڕێژێت بۆ ڕێبەرایەتی کردنی دەنگی ناڕەزا، حزبی ئۆپۆزسیۆن و دیاریکردنی ناسنامە و بنەکە و شوێنێک بۆ داڵدەدانی ئەو دەنگە وێڵانە!
ئاشتی برایم ئەفەندی