TEVDA Press

عەزیز ڕەئوف

یەکێتی، کام گەنج و کام نوێبوونەوە؟

| Friday, 12.25.2020, 01:31 PM |


دوای کۆنگرە، یەکێتی نەک نوێ نەبۆوە بەڵکو ئەم گەنجە خوێنگەرمانەی یەکێتی خەریکە سەری حزبەکەیان دەخۆن. لەكاتی ناڕەزاییەکاندا گەنجان و ژنانی ئەم پارتە  بە سەرۆک کۆماریشەوە لەجیاتی بەخۆیاندا بچنەوە و پەنجە بخەنە سەر برینەکان، کەچی پۆل پۆل سەردانی شێخێک دەکەن لە لە دەروازەی سلێمانیدا ئاڵای سەوزی هەڵکردووە. ئەم پارتە سۆسیال دیموکراتە لای خۆی بە خۆی و بە کردەوە و بە گەندەڵیەکانیدا بچێتەوە، کەچی خۆپیشاندەران دەکوژێت و گەنجانی ناڕازی ئازار و زیندانی دەکات و ژنانی ئەم پارتەش لە پارلەمان لە بوکەڵەیەکی گوێڕایەڵی پارتی و لە پۆستە باڵاکانی تریشدا جگە لە موریدێکی گوێڕایەڵی شێخ زیاتر هیچی تر نین.

سەردانی زۆرینەی بەرپرسانی ئەم پارتە بۆ لای شێخێک، خەریکە وێنەی ئاڵا سەوزەکەی یەکێتی لەبیر لایەنگرانی دەباتەوە، ڕێگەی قەڵاچوالان خەریکە ون دەبێت و دەگۆڕێ بۆ ڕێگەی سەردانکردن بۆلای شێخێک کە لەدەروازەی سلێمانیدا جێگیرکراوە.

یەکێتی، پاڵەوان لەئاست گەنجان و خۆپیشاندەرانی دەست و پێ سپی و بچوک هەم  له‌ ئاست  پارتی وەک دەسەڵات و هەم لەئاست شێخێکی گۆچان بەدەست.

ئەم هەنگاوانە بەشێکە لە بەتاڵی و وێنەیەکە کە ئەم پارتە گەنجەکانی هیچ ئەزمونێکیان لە کاری بەڕێوەبردن و حوکمڕانی و تەنانەت لە کاری حزبیشدا نیە. ئەوەی نەتوانێت بەرنامەی پارتێکی مۆدێرن و سۆسیال دیموکرات لە زیکری شێخ جودا بکاتەوە، بێئەزموونە و شایەنی بەزەییە.

یەکێتی دوای کۆنگرە نەک هەر نوێ نەبۆوە، بەڵکو لە ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەدا بەئاشکرا کەڵبەکانی پیشانداین.

عەزیز ڕەئوف