TEVDA Press

جه‌عفه‌ر عه‌لی

قارەمانەکانی شکست!

| Monday, 12.28.2020, 12:09 PM |


ئەوەی کەمێک چاودێری دۆخی گفتوگۆکانی نێوان ھەولێر و بەغدای کردبێت، ئەوەی بۆ روونە، کە نە تەنیا لایەنەکانی گفتوگۆ، بەڵکو لە دەرەوەی ئەوانیشدا ھەمیشە ژمارەیەک دەروێشی بێ روئیا، قارەمانی ناو خەیاڵی خۆیان بۆ گەیشتن بە رێکەوتن و دەستەبەرکردنی شایستە داراییەکانی ھەرێم ھەبووە.
   پارتییەکان قارەمانی خۆیان، یەکێتییەکان ھی خۆیان، ھەندێکیش سەرۆک کۆماریان وەک قارەمانی خەمەکانی ئێمە لە دۆسیەی گفتوگۆی نێوان ھەرێم و بەغدادا، وێنا دەکرد.
   خەیاڵی دەروێشەکانی حیزب و بنەماڵە و ھەندێ لە فیگەرە سیاسییەکان، ھێندە ئاڵۆز و شێواوە، لە نێو وێنەیەکی تەواو رووندا، ھێشتا ناتوانن دیمەنی سیناریۆکانی گفتوگۆ وەک خۆی ببینن و خەریکی کێشانی وێنەی قارەمانێکی فریادڕەسن بۆی، بەڵام قارەمانێکی ساختە.
   بۆ یەکێک ئەگەر لە پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا رابمێنێ، قورس نییە لەوە تێبگات، کە کۆدی کردنەوەی گرێ کوێرەی ئەم پەیوەندییانە لە کوردستان بە پلەی یەکەم لە ژێر دەستی پارتی دیموکراتی کوردستاندایە. ئەوەی لە کوردستان بڕیار لە رێکەوتن، یان رێکنەکەوتن دەدات پارتییە، بە ئەگەری زۆریش پارتی لە رێی گرێبەستی پەنجا ساڵەی نەوت و پەیوەندی ھەواڵگری و بازرگانی ژێر بە ژێر و گوماناوییەوە وابەستەی تورکیایە و چاوەڕوانی ئۆکەی ئانکەرە و ئاکپارتییە. ئیدی دوای ئەوە قسەکردن لەبارەی دروستکردنی قارەمانی وەھمی لە خەیاڵی دەروێشیدا جگە لە ئەپدەیتکردنەوەی خولانەوە لە نێو ئەڵقەی زیکری فڕین بەرەو باوەشی قارەمان، شتێکی دیکە نییە.
   قەڵەم بە دەستانی نغرۆ لە وەھمی قارەمان، ھەوادارانی بێ روئیای ونبوو لە ئەویدیکەدا، شەیدایانی گەڕان بە دوای دۆزینەوەی فریادڕەسی ساختە، بۆ ھەر رووداوێک، بۆ ھەر پێشھات و گفتوگۆیەک، بۆ ھەر جوڵەیەکی سیاسی و مەدەنی، قارەمانی ساختە و فریادڕەسی وەھمی خۆیان دەخەنە بازاڕەوە، بەڵام ھەرگیز پێمانناڵێن قارەمانی شکست کێیە.
   ئەوان قارەمانێکیان ھەیە ئازا، ھەمیشە یەکەم، بەردەوام سەرکەوتوو، قارەمانێک عەقڵی رەقی عروبە و فاشیزمی دینی و نەتەوەیی لە بەغدا، بۆ رێکەوتن لەگەڵ ھەولێر، وەک لۆکە نەرم کردووە.
   ئەوان بۆ ھەموو شتێک قارەمانی خۆیان ھەیە، خەیاڵی ئەوان، خەیاڵێکی گیرخواردووی بچوک و وەھمییە، بەیانیان لە خەیاڵی رووت رزگاری بکە، ئێواران لە دیوەخانی وەھم دانیشتووە، ئەمجۆرە لە خەیاڵ، ئەم فۆرمە لە وەھم، چەندیش لە ناو دەزگای زانستی و ئەکادیمیدا بن، ناتوانن نە زانستی و نە ئەکادیمی بن. بڕوانامە ھێزی ئەوەی نییە خەیاڵ و وەھمی ئامادەی نێو مێشک و فیکری ئەوان، بۆ بینینی فیگەرەکان وەک چۆن ھەن، دەستکاری بکات. بڕوانامە بۆ ئەم پۆلە لە خوێندەوارە، تەنیا شتێکی بۆی زیاد کردبێتن، موتوربەکردنی خەیاڵ و وەھمە بە زانست، بەڵام زانست چۆتە خزمەتی وەھم و خەیاڵەوە، نەک بە پێچەوانەوە. زانست لێرەدا وەزیفەی سەرەکی لێسەندراوەتەوە، بەتاڵکراوەتەوە لە حەقیقەتی خۆی، وەزیفەی شەڕی وەھم و پاککردنەوەی سەری پڕ لە وەھم، بەڵکو کراوەتە چەکێک لە بری وەھم، شەڕی زانست و بێڕێزیکردن بە زانست خۆی پێدەکرێت. ئەو سەرانەی وەھم رێنوێنیان دەکات، پاکێجی ئامادەی گشت دەردەکان و ھەتوانی ساڕێژی کۆی برینەکان لە ھێزی قارەمانی خەیاڵی نێو خەیاڵی خۆیاندا دەبیننەوە.
   رۆژگارێک مرید و سۆفی و دەروێشەکانی تەریقەت، ھێندە لە بوونی شێخدا ون دەبوون، توانای گۆکردنیشیان لە دەستدەدا، ئێستاش لە رۆژگاری زانست و عەقڵدا، گروپێک لە خەڵکی حیزبی و خوێندەوار، کە ونبوونیان لە قارەمانی وەھمی نێو خەیاڵی تایبەتی خۆیان، خەریکە بەرچاویان تاریک و ھێزی بینینی چەند مەتر دوور لە دەوروبەری خۆیان لە دەست دەدەن، بە ھەمانشێوەی مریدانی ونبوو لە بوونی شێخدا، سەریان کاس و عەقڵیان سڕ بووە. ئەگەر مرید و دەروێشان، شێخ وەک خودایەکی بچکۆڵە لەسەر زەوی دەبینن، ئەوە دەروێشانی حیزب و ھەندێ خوێندەوار، خەریکە کۆمەڵێک سیاسی و فیگەری بێ مۆڕاڵی سیاسیمان وەک خودایەکی بچکۆڵە بۆ پێناسە دەکەنەوە.
   ئەگەر لەم دوا گفتوگۆیەی نێوان ھەولێر و بەغدا، بەگوێرەی ھەندێ قەڵەمی بچوک، قارەمانەکانی خەمی گشتی و بەرژەوەندی گشتی، سەنگەری پێشەوەی شەڕی دەستەویەخەیان گرتبوو، ھەر رۆژە و لە ژێر تایتڵ و ھەواڵ و چەند رستەیەکی داڕزیو و چەندبارەدا، قارەمانی شکستخواردووی خەیاڵی خۆیان لێدەکردین بە پەیامبەری ھەژاران و موچەخۆران، ئەی کاتێک کۆی پرۆسەکە شکست دەخوات، قارەمانەکان و  فریادڕەسەکان دەچنەوە ژێر کام تایتڵ و لە کوێن.
   وەکچۆن قارەمانی رووداوەکان پێناسە دەکەین، لەوەش گرنگتر ئەوەیە دوای شکست و نسکۆکان، دوای بەچۆکداھاتن و وێرانکردن، دوای شکاندنی شکۆ و ئیرادەی نەتەوەیەک، دوای چەمانەوە و موفلیس بوون، دوای ھەڵتەکاندن و بە تاڵان بردنی سامانی سەر زەوی و ژێر زەوی لەسەر دەستی ئەندازیارانی ماڵوێرانی و تاڵانی، جارێکی دی جورئەتی فیکری و ئەکادیمی پێناسەکردنەوەمان ھەبێت و قارەمانانی شکست بناسێنین.
   ئێستا رێک ئەو کاتەیە، پێویستە ئەو قەڵەمە نەرم و شلانەی سەریان پڕ لە عەشق و خەیاڵی قارەمانی گفتوگۆی نێوان ھەولێر و بەغدا بوو، چاوەڕوان بوون بەغدا بڕێک نەرمی بنوێنێ و ئەوان وەک دەستکەوت بیخەنە گیرفانی قارەمانەکەیانەوە (کە دەستکەوت نییە)، بە زمانە سادەکەی خۆیان و لە ژێر ناونیشانە وەھمی و خەیاڵییەکانی خۆیاندا، بە قەڵەمێکی دی، ئاوازی شکستی ئەو فیگەرە قارەمان و ئەفسوناوییانەمان بۆ بنوسنەوە، کە گۆرانی سەرکەوتنیان بە باڵادا دەچڕین.
جه‌عفه‌ر عه‌لی