لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

چ كوردبوونێك لە ڕۆحی ئەم نەوە تازەیەدایە؟

Monday, 12.28.2020, 01:33 PM


١
‎ئایا ئەم نەوەیەی كە بە فۆرمگەلی جیاواز خۆی دەردەبڕێت تەواو دابڕاوە لە چیرۆك و حیكایەتەكانی شۆڕش و شۆڕشگێڕان؟ بەو ئاستە دابڕاوە لە ئاستی خەیاڵدان و زماندا كە بكرێت بە بوونێكی جیاوازی سۆسیۆلۆژی دایان بنێین ؟ یاخود وردبوونەوەو هەڵكۆڵینێكی تەواو وردو بونیادی شتێكی دیكەمان پێدەڵێت جیاواز لەو تێڕوانین و گۆشەنیگا جورنالیستەی پێی وایە ئەم نەوەیە چیتر سەروكاری بە شۆڕش و چیرۆك و حیكایەت و سەرمایەو ڕەمزەكانی شۆڕشەوە نییە، بەڵكو ڕق و توڕەییە لە ڕابووردی خۆی؟ دەتوانین وێنەی دوژمن و ئەویترێكی ناكورد ببینین كە كاڵبوبێتەوەو سنوور لە نێوان (من/ئەوێتر)ی غەیرە كوردا نەما بێت، یاخود لە نەستی سیاسیی و سۆسیۆلۆژی ئەم نەوەیەشدا هێشتاكە (كوردبوونێك) لە ئاستی ئۆنتۆلۆژی و سیاسییشدا ماوەتەوە. ئەوەی ڕودەدات، گەر وەك ( هەڵگەڕانەوە لە شۆڕش) وەری بگرین، گەر وەك ئەكتی دژە شۆڕش وەری بگرین ئەوا لە هەناویدا،لە ڕۆحی ئەم نەوەیەدا توڕییە بەرانبەر( بێ وەفایی و ناڕاستگۆیی شۆڕشگێڕان) بۆ ئەون نەریتەی بڕیار بوو شۆڕش و شۆڕشگێڕان بە وەفاو بە ئەمەك بونیایە بەرانبەری
٢
‎لە كوێدا بەر توڕەیی یان هەڵگەڕانەوەی ئەم نەوەیە دەكەوین بەڕانبەر حكایەت و چیرۆكی شۆڕشگێڕان، بەرانبەر شەرعییەتی وڕەوایەتییان لە ئێستادا ؟
٣
‎بۆ تێگەیشتن لەم بەركەوتە ناچارین بە ئاستێكی قوڵ بەر ئەم نەوەیە بكەوین، بەر كوردبوونێك بكەوین كە زیاترو گەورەتر بێت لە ئەزموون و (پارادایمی كوردایەتیی) وەك فۆرمیولێكی سیاسیی و كولتوری و شۆڕشگێڕیی بۆ پراتیككردن. دەبێت لە فۆرمگەلێكی جیاواز لە كوردبوونی ئەم جیلە تێبگەین و بە بێ حوكمدانێكی مۆراڵیی و تاوانباركردن و پەنجەی تاوان ڕاكێشان بۆیان،بە بێ سەرزەنشتكردن و گلەیی لێیان گوایە نەوەیەكی بێ دایك و باوك و زۆڵن بە كوردایەتیی،بێ وەفاو بێ نمەكن بەرانبەر شۆڕش و حیكایەت و ڕەمزو مێژووی شۆڕش.
٤
‎نەوەی پێشو، بووە بە (ئەویتر)ێكی ئەم نەوەیە، بووە بە ئەویترێك كە هەڵگەڕانەوە و وتنی نەخێر بەرانبەریان ئەو كەناڵەی خۆ پراتیككردنەكە (داننان) و ناسینەوەی ئەم نەوەیە، یاخود چەند نەوەیەكی لە سەر بیناكراوە. بە واتایەكی تر چەندێك دژو نەیارو توندو ڕادیكاڵ بین بەرانبەر(بكەرەكانی) شۆڕش، بەرانبەر شۆڕشگێڕان هێندە دانپیانراوین تا ڕەوایەتی و چیرۆك و ناسنامەی بوونێكی نوێ لە ڕۆحی ئەم نەوەیەدا وەرگرین.
٥
‎وەك باسمانكرد و وتمان: ناكرێت و ناتوانینبەر دابڕانێكی تەواو سۆسیۆلۆژی وخەیاڵدان بكەوین دژ بەشۆڕش و ڕەوایەتی پرسێكی ئۆنتۆلۆژی و سیاسیش، بەڵكو ئێمە ڕوبەڕوین بە بێ وەفاییەك بەرانبەر شۆڕشگێڕان. ئەم نەوەیە كە چەند دەیەیەك لە شۆڕشەوە دوورە، بەڵام خەیاڵدانێك هەیە كە هێشتاكە پەیوەندە بە خەیاڵ و چیرۆكی شۆڕشەوە، جا چ لە ڕێگەی ئەم چەند دەیەیەی شارنشینی شۆڕشگێڕانەوە بوبێت یاخود نزیكی ئەم نەوەیە لە گەڵبكەرانی شۆڕشدا كە هێشتاكە ماون و لە ژیاندان.
٦
‎لێرەوە دەكرێت لەوە تێبگەین كە چۆنچۆنی ئەم نەوەیە تاسەی (باوكێكی) پاك و خاوێن دەكەن بەرانبەر شۆڕشگێڕێك كە ماوەتەوەو تێوەنەگلاوە لە خیانەتكردن لە دروشم و چیرۆكەكانی شۆڕش و زەمەنی شۆڕشگێڕی.خولیاو كەڵكەڵەی گەڕانی ئەم نەوەیە بۆ ( ڕەمزو كاریزمایەك)ی شۆڕشگێڕ كە هێشتاكە بە پاكی ماوەتەوەو دەتوانێت مانیڤێستی پاكێتی و خاوێنبوونی شۆڕش و پرەنسیپ و دروشمەكانی شۆڕش بكات.ئەم نەوەیە سەرگەردانە بە دوی (زاهیدێكی شۆڕشگێڕو شۆڕشگێڕێكی زاهید) تا لێرەبێت و ئامادە بێت لە پێشەوە بێت. ئەم زاهیدە شۆڕشگێڕە بە وەفاو بە ئەمەك بێت بەرانبەر پرەنسیپ و خواست و خەونە بەدینەهاتووەكانی شۆڕش. هێشتاكە پاڵەوانەكانی ئەم نەوەیە كوردن
٧
‎ئەگەر چی ئەم نەوەیە (ئەویترێك)ی بۆ خۆی لە شۆڕشگێڕە كۆنەكان خولقاندووە، بەڵام ئەوەشی لە بیرنەچووە كە ئەوێترێك بۆ كورد و كوردبوونێك هەر دەكاتە غەیرە كوردێك. شۆڕشگێڕانی كۆن، شۆڕشگێڕانی شاخ بووە بە (ئەویتر)ێك بۆ فۆرمیولەبوونی ناسنامەو ڕەوایەتی بۆ ئەم نەوەیە و بۆ خۆجیاكردنەوەی، بەڵام (ئەویترێك)ی غەیرە كورد هەر ماوە بۆ ئەم نەوەیە و لە ئاستێكی ئۆنتۆلۆژیدا دەسبەرداری مەوداو هێڵی خۆجیاكەرەوە نابێت لە گەڵیدا.لێرەدا دەتوانین بەر خەیاڵ و زمانی ئەم نەوەیە بكەوین بەرانبەر (بەغداد). بۆ ئەم نەوەیە بەغداد هێشتاكە ئەویترێكە، بەڵام شتێك لای بەغداد ماوەتەوە كە (مووچە)یە. لەمە زیاتر نییە. نموونەی ڕەخنەو سەرزەنشتی ئەم نەوەیە ببینین بەرانبەر سازو بچووكبوونەوەی نوێنەرو هەر كردەیەكی خۆ بچووككردنەوە لە بەرانبەریاندا.
٨
‎لە ئێستاو لێرەدا هێشتاكە بەغداد یۆتۆپیایەك نییە بۆ ژیان و تیاژیانی ئەم نەوەیە، بەڵكو هێڵێكی باریك و فشۆلەو، ئەگەر پرۆژەگەلێكی سیاسیی و عەقڵانی هەبێت ئەوا ئەو هێلە باریكو، ئەو تالە دەزووە زەقدەكرێتەوەو وەك هێڵێكی گەورەی خۆجیاكردنەوە دەبینرێت. لێرەدا ئامادەیی بكەرەكۆنەكانی شۆڕش و حكومڕانییەكەیان وایكردووە جۆڕێك لە خەیاڵهەڵچنین بەرانبەر بەغدا هەبێت( ئەڵبەتە تاران و ئەستانبول و دیمەشقیش). وەگەر نا ئەم نەوەیە هێشتاكە كوردن و خەیاڵێكی چڕوپتەویان هەیە بۆ كوردبوونێك كە دەسبەرداری نەبوون

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟