TEVDA Press

ئاراز محەمەد

دوای ئەم تاریکییە، گزنگ بەڕێوەیە

| Friday, 01.01.2021, 01:18 PM |


ئەگەر بەکورتی بڕوانینە پانۆرامای روداو و ناڕەزاییەکانی دوایی راپەڕینی پیرۆزی ئەم هەرێمە، تەنها تولەڕێیەک دەمێنێتەوەو دەمان گەیەنێت بە شۆڕش.

یەکەم خۆپیشاندانی ئەم شارە (کەلار) ساڵی (٢٠٠٦) خەڵکێکی توڕەو بێزارو بێخزمەتگوزاریمان هەبو، داوای عەدالەتمان دەکرد، خزمەتگوزاری ئاو، کارەبا و ڕێگاوبانمان دەویست. لەگەڵ توڕەیی جەماوەر و بێ دەربەستی دەسەڵات، بەڵام دیسانەوە شتێک هەبو بەناوی (ئینتیما)، خۆپیشاندەری توڕە نەیدەویست هەمو شت زەربی سفر بکات، دەستی لەتێکدان دەپاراست .

زەمەن ڕۆیی، توڕەیی لەگەڵیان و بێ دەربەستی دەسەڵاتیش هەروا، لە (٢٠١١) خەڵکی توڕە ئینتیمای لەدەست دابو، بەڵام حورمەتی شەهیدو هەندێک سەرکردەی دەگرت و ئاڵاو نشتیمانی لا پیرۆز بو، چەپ و ڕاستی بەسەر هەمو گۆشەیەکی ئەم وڵاتەدا نەهێنابو .

خۆپیشاندان دادەمرکێتەوە، خوێنڕژاوە قین و ڕق ئەستوری پەستێنراوە.

دەگەین بە ساڵی (٢٠١٦) دەسەڵات لەدۆڵێکەو میللەت لەدۆڵێکی تر، ئەوان هایلایڤ دەژین و میللەتیش بەزیو، بەدەست قەیران و شەڕی داعش و درۆی سیاسییەکانەوە، ئیدی هیچ پیرۆز نییەو هەمو رەمزەکان کەوتون، کارێزماکانی وڵات بۆ مشتێک محبەت دەکڕوزێنەوە، خۆپیشاندەر بارەگای حزبەکانی پێشڕەوی شۆڕشی رزگاری دەسوتێنن و ئاڵاکانیان لەژێر پێ دەنێن، ئەوانیش لەپێناو پارچە پەڕۆیەک، خوێنی گەنجێک سارد دەکەنەوەو لەلیتەو قوڕی دەگەوزێنن .

بەڵام دیسانەوەش دەسەڵات بەزەبری هێز و چاوسورکردنەوەو دواجاریش خوێن ڕشتن خۆپیشاندان دادەمرکێنێتەوە .

دەگەین بە ساڵی (٢٠٢٠)، میللەت دێتە سەرشەقام، توڕەدەبێت و بارەگای حزبەکان دەسوتێنێت، بەڕێوبەرایەتی و فەرمانگەکانیش لەگەڵیا، دواجار دەچنە سەرماڵی بەرپرسان و ئەوێش نێڵەی ئاگری لێ بەرز دەبێتەوە...خۆپیشاندەر چەک بەدەستەوە دەگرێت و ماڵە بەرپرس گولـلەباران دەکات، کادری حزبەکان لەسەر شەقامەکان  دارکاری دەکرێن، دایکی جەرگسوتاوی شەهیدێک چاوی دەسڕێت و دەڵێت"خوێنی کوڕەکەم بەقوربانی ئێوە بێت."

ئێستا خۆتێگەشتن، ئەم هەورە هی باران نییەو تەرزەی پێیە، ئەو توڕەییەش هی خۆپیشاندان نییەو بانگی شۆڕشیان بەگوێیا خوێندوە.

بەکورتی: ئەگەر دەسەڵات بتوانێت جارێک و دوان میللەت سەرکوت بکات و هیچ گۆڕانکارییەک لەخۆیدا نەکات، دواجار میللەت سەری دەسەڵات پاندەکاتەوە، خۆپیشاندان بەهەند وەرنەگیرێت، دواجار شۆڕش هەموی ڕادەماڵێت .
ئاراز محەمەد