وتار

چۆن باری لاری دارایی ھەرێم ڕاست بکرێتەوە ؟

Sunday, 01.10.2021, 03:38 PM


لە سایەیی سیاسەتی ژمارەیەک بەرپرسی باڵای حکومی و حزبی ھەرێم،‌ کە جگە لە قسەی بریقەدارو کات کوشتن و مەشغوڵکردن و خۆڵکردنە ناو چاوی خەڵک و گەمەکردن بە قووتی رۆژانەی ھاوڵاتیان، ھیچ بەرنامەو پلانێکی ڕوونیان نەخسۆتە ڕوو بۆ چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان و چارەسەرکردنیان بۆ داھاتوو. لە کاتێکدا کۆمەڵگا لە سەرجەم کایە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییەکاندا تووشی داڕمان و تێکشانی گەورە بووە.

سەرسامم لە ھەرێمی کوردستان زۆرینەی ھۆشیارو ناھۆشیاری خاوەن یەک ھەڵوێستن لە بێدەنگیدا، بەتایبەت شارەزایانی بواری دارایی و یاسا، کە پێویستە بوێرانە لەسەر سیاسەتی کارگێڕی ھەرێم  لە دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران، بەپێی یاساو ڕێنماییەکان ڕوونکردنەوەو بەرچاوڕوونی بدەن بە بەرپرسانی باڵای حکومەت و ھاوڵاتیانیش، لە ئێستاوە سەرجەم میدیاکان ھەردوو لایەنی ھاوڵاتی و حکومەت لە خەوی قوڵ بەخەبەر بھێنن و بەجۆرێکیتر جیاواز لە ڕابردوو شرۆڤەیەکی زیاتر بۆ ئەم پرسە بکەن.

بەپێی زانیارییەکان لە حاڵەتی ڕێکنەکەوتنی ھەرێم و بەغدا لەسەر پرسی بودجە، وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم، لە وا بەرنامەیاندایە کە بۆ ساڵی ٢٠٢١ تەنھا سێ مووچە دابەش بکەن.

پرسیار گەلێکی سادە و ساکار لەسەر سیاسەتە چەوتەکانی ئابوری و دارایی حکومەتی ھەرێم لە ناو ھاوڵاتیاندا دروست بووە ‌و شارەزایانی بواری دارایی و یاسا، تا ئێستا ھیچ قسەیەکیان لەسەر ئەو پرسە نەکردووە و بێدەنگیان ھەڵبژاردووە.

وەک ئاشکرا لێبڕینی مووچە لە ھیچ سیستەمێکی مووچەدا نییە، لە حاڵەتی پاشەکەوتی مووچەشدا دەبێت زیادەی بچێتە سەر، بەڵام ھەردوو کابینەی ئێستاو پێشووی حکومەتی ھەرێم ھیچ گرەنتییەک و بەرچاو ڕوونییەکیان بە فەرمانبەران و مووچە خۆرانیان نەوتووە تا بزانن لێبڕینی لە سەدا ١٨ و لەسەدا ٥٠ ی مووچەی پلە باڵاکان چارەنوسی چی دەبێت و چۆن چارەسەر دەکرێت ؟

لێبڕینی مووچە لەبەرامبەر چی؟ ئایا بەپێی یاسا لە دوای پێنج ساڵ چ گرەنتییەک ھەیە فەرمانبەران و مووچە خۆران بتوانن مافی زەوتکراویان وەربگرنەوە؟ لە کاتێکدا بە یاسا کارپێکراوەکانی ھەرێم ھیچ مووچەخۆرێک لە پاش ئەو پێنج ساڵە مافی وەرگرتنەوەی مووچە زەوتکراوەکانی نامێنێت. یاسادانەرانی پەرلەمانی کوردستان بیریان لە ھەمواری ئەو یاسایە نەکردۆتەوە و یاساناسانی بواری کارگێڕی و شارەزایانی بواری ژمێریاری  لەمبارەوە نەیانتوانیوە فشار بۆ سەر حکومەت دروست بکەن.

حکومەتی ھەرێم پێش ھاتنی ساڵی ٢٠٢١ بڕیاریدا ڕاستکردنەوە بۆ مووچەی مانگی ١١ و ١٢ ی ساڵی ٢٠٢٠ بکات، کەواتە دوومانگ جارێک ڕاستکردنەوەی دارایی بە مانای دەوامی بێ مووچەیە! ئەی مووچەی مانگی یەکی ٢٠٢١ بە چی تۆمار دەکرێت؟ لە کاتێکدا تا ئێستا حکومەت نەیتوانیوە دڵنیایی بە ھاوڵاتیان بدات بۆ وادەی دابەشکردنی مووچەی مانگی یەکەمی ئەمساڵ.

دەبوو لە ڕوونکردنەوەکەی مانگی ڕابردووی وەزارەتی دارایی و ئابوری کە میدیا حزبییەکان وەک مژدانەی ساڵی نوێ بۆ دابەشکردنی دوو موچە بڵاویانکردەوە، بەشێوەیەکی ناڕوون نوسرابوو، دەبوو بە ڕاشکاوی بە فەرمانبەران بڵێن بە نیازی مووچەی مانگی ١١ و ١٢ مەبن، بەڵام پاش ١٢ کاتژمێر وەزارەتی دارایی ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە،‌ گوایە بۆ پاکتاوی حساباتی ساڵانەیە، یاخود لە چەند رۆژی ڕابردودا دەیان جار مژدانەی ھەواڵی دابەشکردنی موچەی مانگی یەک بڵاو کرایەوەو ئەمرۆش وتەبێژی حکومەت بەپێچەوانەوە فەرمووی: کەی داھات بەردەست بوو ئەو کات موچە دابەش دەکرێت، ئەمانە جگە لە یاریکردن بە ھەست و گوزەرانی خەڵک چی دیکەیە.

کەی ڕەوایە دەوام بە فەرمانبەران بکرێت، بەڵام مووچەیان پێ نەدرێت؟ ھاوکات دەیان جۆری باج لەسەر خەڵک دابنرێت و حکومەتیش ئامادە نەبێت،‌ وەک پێش پرۆسەی ئەنجامدانی سیستەمی بایۆمەتری وتیان:  قەرزی ئاو و کارەبا بە پارەی مووچە پاشەکەوت کراوەکان دەدرێتەوە،‌ یان حساب بانکی بۆ فەرمانبەران دروست دەکرێت. ئەو بانگەشەیەیی ڕابردووی لە گوفتارەوە بگۆڕێت بۆ کردار، لەپێناو گێڕانەوەی متمانە لەنێوان ھاوڵاتی و دەسەڵات.

ئەگەر حکومەت ھێندە باری ئابوری لاوازو خراپە، چاوەڕوانی چییەو کەی ڕێژەی زۆرو بۆری وەزارەتەکان کەمدەکاتەوە، بەنمونە  پێمان بڵێن، لەم دۆخەدا ڕۆڵ و گرنگی وەزارەتی پلاندانان چییە، کە جگە لەوەی بە پلانی حکومەت کار دەکات، نەک پلاندانان بۆ خەڵک؟ لەڕووی پەیوەندییەکانی تەکنۆلۆژیاوە تەنانەت تەلەفونی نۆڕماڵ و سەرجەم کۆمپانیاکانی مۆبایل و ئەنتەرنێت کە سەر بەکەرتی تایبەتن، کەواتە چەند سودێکی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن بۆ خەڵک بخەنەڕوو. یاخود وەزارەتی دارایی و ئەوقاف ھەموو ئەمانە بۆچی دەستکاری بچوککردنەوەی ھەیکەلی وەزارییان ناکرێت؟  وێڕای ئەوەش بۆچی تا ئێستا ھەر وەزیرێک ٤ ملیۆن دیناری بەردەست و ١٥ ملیۆن دینار نەسرییەی مانگانەیان ھەیە؟

بە بڕوای من چارەسەری تەواوی کێشەکان ئەوەیە، ئەگەر ھەرێم و بەغدا نەگگەیشتن بە ڕێکەوتن، ئەوا  سەرکردە خاوەن ھەڵوێستەکان و سەرجەم جەماوەری ناڕازی بێنە دەنگ و کۆدەنگییەک دروست بێت لەسەر ڕادەستکردنی حکومەت بە کۆمپانیایەک بۆ بەڕێوەبردنی ھەرێم.



ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس






وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

ئایا مەسرور بارزانی لەسەر سكاڵاكەی دادگای واشنتۆن دەیدۆڕێنێت؟