TEVDA Press

مەریوان وریا قانع

مرۆڤی ئێمە و نیشتیمان

| Thursday, 01.14.2021, 02:27 PM |


من باوەڕم بەوە نییە مرۆڤی ئێمە نیشتیمانی خۆی خۆشنەویستبێت و خۆشینەوێت. ئەم بۆچوونە نە مێژووی ئێمە و نە ئەدەبیاتی ئێمە و نە ھەڵوێستەکانی مرۆڤی ئێمە نایسلەمێنێت. مێژووی سەدەی بیستەم مێژووی خۆشەویستییەکی خوێناوییە لەنێوان مرۆڤی ئێمە و نیشتیماندا، تێپەڕینی ئەم خۆشەویستییەیە بەناو مەرگ و قوربانیدانێکی بەردەوام و بێوێنەدا. یەکێک لە ئامرازە سەرەکییەکانی دروستکردنی نەتەوە جەستەی ئەو تێکۆشەرانەبووە کە وەک پاڵەوانی گوم ناو کوژراون، کە یاخیبوون و بە شاخەکانەوە، بۆ خۆیان و بۆ ئازادی و ئایدیالە گەورەکانیان جەنگاون. قسەم لە سەرکردە سیاسییەکان نییە، قسەم لە مرۆڤە سادەکانی دونیای ئێمەیە، قسەم لەوانەیە بێمەرج نیشتیمانیان خۆشدەویست، نیشتیمان بۆیان ھەمان ئەو تەفاسیلە وردانەیە کە لەو شیعرانەدا باسدەکرێن. لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا پەیوەندی نێوان ئینسانی ئێمە و نیشتیمان گۆڕانێکی ڕیشەیی و ڕادیکاڵی بەسەردادێت. خۆشەویستی بۆ نیشتیمان، لە خۆشەویستی بۆ بەرگریکردن لەخاک و لە ئینسانەوە، لە ھەوڵدان بۆ دروستکردنی دونیایەکی ئاسودەوە کە مرۆڤ بتوانێت لەگەڵ قاوەکانی دایکیدا بە ھێمنی بژی و بتوانێت ئێواران بێخەم بۆ ماڵەکەی بگەڕێتەوە، دەگۆڕێت بۆ خۆشەویستی بۆ حیزب و لەناو حیزبیشدا بۆ خۆشەویستی بۆ ئەم یان ئەو بنەماڵە و کەسایەتی سیاسی. لەزۆر ڕووەوە دونیای دوای ڕاپەڕین دونیای وێرانکردنی پەیوەندی نێوان ئینسانی ئێمە و نیشتیمانی ئێمەیە. لەم پەیوەندییەدا نیشتیمان لەوەدەکەوێت وڵاتی ھەمووان بێت، پەیوەندیش بە نیشتیمانەوە لەوە دەکەوێت پەیوەندییەکی تەندروست و دادپەروەر و دروستکەربێت. لەدونیای دوای ڕاپەڕیندا نیشتیمان چیتر نیشتمانی ماف و ئازادی و ڕێز و بەختەوەری مرۆڤەکان نییە، ھەروەھا سەرزەمینی خەبات و یاخیبوون نییە لەپێناوی ئەو بەھایانەدا، لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا نیشتیمان دەغیلەیەکی گەورەی پارەی گومرک و پارەی نەوتە، کەوتۆتە باوەشی کۆمەڵێک کەسەوە چۆنیان بوێت بەو شێوەیە دەیکەنەوە و پارەکانی دەردەھێنن و خەرجیدەکەن. کاتێک نیشتیمانیش دەگۆڕێت بۆ دەغیلەی توێژێکی بچووک، یاخود کورتدەبێتەوە بۆ کۆمەڵێک بیری نەوت و خاڵی گومرک و چالاکی بازرگانی قاچاغ و ناقاچاغ، ئیتر زۆرێک لە مانا ئینسانییەکانی لەدەستئەدات. ئەو مانایانەی جوگرافییایەکی دیاریکراو دەگۆڕن بە نیشتیمان و دەیکەن بە شوێنی ماف و ئەرک و بەرپرسیارێتی بۆ ھەمووان”.
مەریوان وریا قانع