TEVDA Press

عومەر عەلی محەمەد

چارەسەر لە دەست ھاوڵاتیاندایە

| Wednesday, 01.20.2021, 05:22 PM |


ئەگەر سەیری زۆرینەی ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردوستان بکەین بە موچەخۆرو ئەوانەش کە موچەیان نیە .ھەمویان ناڕازین لە دۆخی ژیان و گوزەران و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دەسەڵات و حوکمڕانی.ھەر ھاوڵاتیەک بەجۆرێک سەیری دۆخەکە دەکات و چاوەڕێی چارەسەری ئەم دۆخە دەکات کەلە دەرەوەی ویست و ئیرادەی خۆیدایەتی.ئەم زۆرینەیە لە ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردوستان چاوەڕوانی گۆدۆیەکن  کە بێت و دۆخەکەیان بۆ چاک بکات و عەداڵەت بچەسپێنێت .ئەمەش وەک ئەوەیە چاوەڕێی ئیمامی مەھدی بکەن یان عیسا جارێکیتر داببەزێتەوەو لەدەست ئەم نەھامەتیانە ڕزگاریان بکات.

بەشێکی زۆر لە باوەڕدارە موسوڵمانەکان و مامۆستایانی ئاینی پێنج فەڕزە نزادەکەن کە خوا ئەم زاڵمانەیان لەکۆڵ بکاتەوەو دۆخی ئەم گەلە مسوڵمانە چاک بکات .کە ئەمەش دیی گەلی جولەکە بوو کاتێک کەموسا پێغەمبەر داوای ڕوبەڕوبونەوەی لێ دەکردن بەرامبەر بە فیرعەون و دارو دەستەکەی.

ئەوانەش کە بڕوایان بەم تێزەنیە .دەڵێن ئەگەر ئەمریکا نەیەتە سەرخەت ھیچ شتێک نیە چارەسەری ئەم دۆخە بکات .ئەوکاتەش کە کازمی پۆستی سەرۆکایەتی حکومەتی لە عێراق بەدەستەوە گرت ھەمو ھیوایەکیان لە سەر ھەڵچنی و لەکاتی سەردانەکەشی بۆ کوردوستان وەک فریاد ڕەسێک سەیریان دەکردو زۆر بە پەرۆشەوە پەنایان بۆبرد بۆ چارەسەری گرفتەکانی خەڵکی کوردستان.

لەلایەکی تریشەوە کۆمەڵێک پەرلەمانتار دەستیان دایە ھەڵمەتێک بۆ ئەوەی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردوستان بگوازرێتەوە بۆ سەر بەغداو ڕاستەوخۆ بەغدا موچەیان بۆ دابین بکات .دواجاریش شێخ نەھرۆ ھاتە سەرخەت و بەڵێنی چارەسەری گرفتی دواکەوتنی موچەی داو بەمەش ژمارەیەکی زۆر لە فەرمانبەران بڕوایان بەڵێنەکانی کرد. بەڵام لەدوای ھەمو ئەو بەڵێن و قسەو ھیوا ھەڵچنینە بێ بنەمایانە.حکومەتی ھەرێم ڕای دەگەیەنێت کە ڕۆژی ٢٤ی مانگ دەست بەدابەش کردنی موچە دەکرێت.واتە ھەموی بێسوودو بێ بنەمابوو، دۆخەکەش خراپتر بوو نەک چاکتر.

لێرەوە دەبێت ھاوڵاتیان بزانن کە تاکە ڕێگەی چارەسەر بۆ ڕێگرتن لە دواکەوتنی موچەو دزی و تاڵانچێتی لەم ھەرێمە دا ھاوڵاتی خودی خۆیەتی.ئەگەر خۆی بەبەرپرسیارزانی وزانی کە بەرپرسیارێتی حکومەت بەرامبەر بە ھاوڵاتیان چیە .ئەوکاتە دەبێت بەرەو ڕوی بوەستێتەوەو لەڕێگەی ڕێکارە مەدەنیەکانە وە ناچاربە چەسپاندنی مافەکانی ھاوڵاتیانی بکات. ئەگەر ئەمەشی نەکرد ناچار بەدەست لەکار کشانەوەی بکات.



عومەر عەلی محەمەد