حکومەت پارەی سندوقی ژینگەی بۆ مەبەستی تر بەکارهێناوە
| Friday, 01.22.2021, 03:01 PM |
عەبدولڕەحمان سدیق سهرۆكى دهستهى ژینگهى ههرێم، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا (دوێنی 21ی کانوونی دووەمی 2021) ڕایگەیاند، سەبارەت بەداهاتی دەستەکەیان، کە لە خاوەن کارگە و کارخانەکان و ئۆتۆمبێلەکان وەردەگیرێت، رایگەیاند: "حكومهتی ههرێم هاوشێوهی سندوقی خانهنشینی دهستی بۆ سندوقی ژینگەش بردووه و پارەکەی بۆ مەبەستی دیکە بەکارهێناوە".
"پارەکانی سندوقی ژینگە تەنها وەک ژمارە هەن و بەهۆی ئەو دۆخە داراییەی هەرێم تێیکەوتووە، حکومەت وەک چۆن دەستی بۆ پارەی سندوقی خانەنشینی بردووە، دەستی بۆ پارەی سندوقی ژینگەش بردووە."
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد "بەپێی یاسا لە 20%ی پارەکە بۆ وەزارەتی ناوخۆو لە 80%یش دەچێتە سندوقی ژینگە و دەبێ پارەکە بۆ چاککردنی ژینگە بەکاربێت، بەڵام ئێستا سندوق هیچ پارەی تیانییە و داهاتەکەی بۆ چاککردنی ژینگە بەکارناهێنرێتەوە".
سەبارەت بە هەڵوێستی دەزگاکەیان لەو ڕووەوە ووتی: "ئێمە نەمانتوانیوە لەو دۆخەدا هیچ شتێک بڵێین، چونکە لەکاتێکدا خەڵک بێ موچە بێت، ناتوانین بڵێین نابێت دەستکاری ئەو پارەیە بکەن و هیچ چارەیەکمان نەبووە."
هەروەها سەبارەت بە سهرپێچیكاران له لایەن كۆمپانیا و هاوڵاتیانەوە کە ئەوەش سەرچاوەیەکی دەسکەوتی دەزگاکەیانە لە ساڵی 2020، ئامارەکانی خستەڕوو، کە لەساڵی ڕابردوودا 429 کەیسیان لە شاری هەولێر هەبووە و 23 کەیسیان سزادراون، هەروەها لە سلێمانی 125 کەیس هەبووە و 3 کەیسیان سزا دراون.
تەڤدا پرێس
Copyright © 2020 by Tevdapress. All rights reserved