TEVDA Press

محەمەد خدر

کلتوری وامزانی ڕادیۆیە!

| Sunday, 01.31.2021, 01:40 PM |


بەدرێژایی مێژوو، دەسەڵاتە تۆلیتارەکانی دونیا لە پێناو مانەوەیان لە دەسەڵات، هەموو جۆرە کەرە ستە و شێوازێکی سەرکوتکەرانەیان بەکارهێناوە بەرامبەر بە نەیار و ڕەخنەگرانیان، بەڵام لە دواجاردا نەیانتوانیووە بەر بە لێشاوی هێزی گەل بگرن.
لە باشوری کوردستان، ئەوکاتەی هێزەکان لە شاخ بوون، بۆ کپکردنی ناڕەزایی و ڕەخنەکان، تۆمەتی ئەخلاقی و جاشایەتی بۆ نەیارەکانیان دروست دەکرد، بەو جۆرە پاساوانەش نەیارەکانیان تیرۆر و لەناو دەبرد، دواتریش لە ڕادیۆ ناوی کابرا بە " خائین و خۆفرۆش" بڵاو دەکرایەوە. هەڤاڵ کوێستانی لە کتێبی(ئەوکاتەی نیشتمان هی هەموان بوو) چیرۆکی شەهیدکردنی پێشمەرگەیەک دەگێڕێتەوە بە ناوی(مامۆستا حەیدەر)  کە بەرلەوەی هاوڕێ پێشمەرگەکانی گولەبارانی بکەن، لێی دەپرسن دوا ڕاسپاردەت بڵێ؟
ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: تکاتان لێ دەکەم، با لە ڕادیۆ بە خائین ناونەبرێم.. با دایک و باوکم، لەناو خەڵکا بە دایک و باوکی خائینێك نەناسرێن.
لە ئێستاشدا شێوازێکی تری زۆر مەترسیدار سەریهەڵداوە، کە یەکەمجار یەکێتی کلتور( وامزانی ڕادیۆیە)ی داهێنا ئەویش بەهێنانە سەر شاشەی ئەو گەنجەی کە گوتی: حکومەت و پەرلەمانم بۆ چی یە لەناو کەوانەیەکا. دواتریش کەسێکی تریان هێنا بو کە پێشتر ڕەخنەی لە خەباتی چەکداری شاخ گرتبوو، پێی وابوو ( لە شاخیش خەریکی قەل و قاز دزین بوون)، بەداخەوە ئەم کلتورە ئێستا لەناو پارتی زۆر پەرەی پێدراوە و لەگەڵ ڕوودانی هەر هەڵوێستێکی مەردانە دژی دەسەڵات، چاوەڕێی ڤیدیۆی پەشیمان بوونەوەی کەسەکە دەکەین لە ژێر فشار و لێدان و دەستگیرکردنی، بۆئەوەی دواتر کەسایەتی ئەو مرۆڤە لە ناو کۆمەڵگادا بەتەواوی تێکبشکێنن.
هەرچۆنێک بێت، وەکو چۆن ئێمە باش دەزانین هەڵوێستی یەکەمجار هەڵوێستی ڕاستەقینەیە، و پەیامی خەڵکە، بەهەمان شێوە دەسەڵاتیش ئەو ڕاستیە باش دەزانێت، بۆیە هەوڵ دەدات ڕێکارەکانی سەرکوتکردن زیاتر بکات بۆ کپکردنەوەی دەنگی ناڕازی، بەڵام شەوەکان چەند تاریک و درێژبن، بە گزنگی خۆر کۆتاییان دێت، زوڵم و زۆرداریش چەند زیاتر بێت بە ئیرادەی کەسانی ئازا و ئازادیخواز کۆتایی دێت.

محەمەد خدر