TEVDA Press

د. سەردار عەزیز

سیاسەتی دەرەوەی بایدن

| Saturday, 02.06.2021, 01:32 PM |


لە یەکەم وتاریدا بۆ داڕشتنی دیدی ئیدارەکەی و ناردنی پەیام بۆ دونیا، بایدن هەوڵیدا سێ چەمک پێکەوە گرێبدات: ئەمریکا، دیپلۆماسی و دیموکراسی. ئەم چەمک و دیدانە، پێش ئەوەی بۆ دونیابێت بۆ ئەمریکا خۆی بوو. لە ماوەی پێشودا، سیاسەتی ئەمریکا پێش هەموان، ئەمریکای دابڕیبوو لە هاوپەیمانانی، بۆیە بایدن یەکەم دێڕی وتارەکەی ئەوەبو کە ئەمریکا گەڕایەوە، یان هاتەوە. ئەم هاتنەوەیە گەڕانەوەیە بۆ ناو ڕیزی هاوپەیمانانی دیموکراسی کە بایدن ناوی هەندێکیانی برد. دەنگۆی ئەوەش هەیە کە بایدن پلانی هەیە لوتکەیەکی جیهانی وڵاتانی دیموکراسی سازبکات. هەر لە ئێستاوە کێشەی ئەوەی هەیە کە کێ بانگ بکرێت و کێ بانگ نەکرێت. زۆر وڵات هەیە کە تەنها بە ناو دیموکراسین، وەک تورکیا، عێراق، ڕوسیا، هەنگاریا و زۆری تر.
لەم وتارەوە بایدن ویستی بگەڕێتەوە بۆ ئەمریکایەک کە ئایدیال بوو، نمونەی ئەوەبو کە باس لە مافی مرۆڤ و ئازادی و ئازادی دەربڕین و زۆر خەسڵەتی تری لیبرال دیموکراسی بکات کە لە چوار ساڵی رابوردودا نەک هەر پشتگوێخرابو بەڵکو سوکایەتیشی پێدەکرا.
لەم ڕوانگەیەوە بایدن ڕەخنەی لە مامەڵەی ڕوسیا گرت بەرامبەر ئەلکسی ناڤالی. هەروەها سەرەکۆنەی کودەتاکەی میانماری کرد. بەڵام لە کاتێکدا ئەمە دەکات لە هەمانکاتدا کار لە گەڵ ئەو وڵاتانەشدا دەکات. چینی بە جیددیترین ڕکەبەری ئەمریکا ناوبرد، بەڵام لە هەمانکاتدا دەرگای مامەڵەی لە گەڵ چیندا دانەخست، بە تایبەتی ئەگەر لە بەرژەوەندی ئەمریکا بێت. ڕەنگە ئەمە یەکەم دژایەتی گەورەبوو لە وتارەکەیدا، ئایا بەرژەوەندی ئەمریکا و دیموکراسی هەمیشە تەبان؟
هەندێک سەرنجی خێرا لە ڕوانگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە:
یەکەم، ناوی عێراق نەهێنرا، تەنها جارێک ئاماژەی پێدرا، لە وتاری ناساندنەکەی بلینکیندابوو، کە ناوی بەغدای هێنا وەک جێگایەک بایدن سەردانی کردوە. ناوی ئێران بە ڕاستەوخۆ تەنها کاتێک هێنرا لە میانەی هێرشی بۆ سەر سەروەری سعودیە، کە ئەمریکا ئامادەیە بیپارێزێت. بەڵام بە ناڕاستەوخۆ لە ژێر ناوی دژایەتی تەشەنەکردنی چەکی ئەتۆمی مەبەستی ئێرانیش بوو.
هەڵوێستی بەرامبەر یەمەن بۆ ڕازیکردنی ڕەخنەگرانی سعودیە بوو لە ناوەوەی ئەمریکا. کاتێک باسی وڵاتانی دیموکراسی کرد ناوی ئیسرائیلی نەهێنا. ئەمەش جێگای سەرنجە بەلای ئیسرائیلییەکانەوە.
وەک یەکەم وتاری، ئامانجی سەرەکی ئەوبوو کە چۆن دابڕانێک دروست بکات لە گەڵ ئەمریکایەکدا کە چیدی بە هێند وەرنەدەگیرا لە دونیادا. بۆ نمونە ئەمریکا داوای لە یەکێتی ئەوروپا کرد کە پەلە نەکات لە ڕێککەوتن لە گەڵ چیندا، هەتا ئەم ئیدارەیە دەکەوێتە سەرپێ، بەڵام مێرکڵ و ماکرۆن، لە بڕی پەلەنەکردن زۆر پەلەیانکرد. ئەمە نەک هەر بە هێند وەرنەگرتنی ئەمریکابوو، بەڵکو بە بایەخ سەیرکردنی چین بوو، زیاتر لە ئەمریکا بۆ ئەوروپا.
یەکێک لەو پرسانەی هەموو وڵاتان بیری لێدەکەنەوە لە بەرامبەر ئەمریکادا ئەوەیە، ئایا دوو ئەمریکای دژ بە یەک هەیە، هەر چوار یان هەشت ساڵ جارێک دەستاودەست دەکەن و هەموو شتێک پێچەوانە دەکەنەوە؟ یەکێک لەو پرسیارانەی لای ئێرانییەکان مایەی واقوڕمانە ئەوەیە ئەگەر ئەم چوار ساڵە هەوڵی دانوستان بدەن ئەوا چوار ساڵی تر، بە گۆڕانی ئیدارە هەموی سفر دەبێتەوە. بە تایبەتی کاتێک ئەمریکای ئەمرۆ تەقریبەن عەیب نەبێت پەنجا بە پەنجایە.
د. سەردار عەزیز