وتار
نامەیەک بۆ کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لەهەولێر
Wednesday, 02.10.2021, 03:14 PM
ڕۆژنامەوانی سەربەخۆ سەباح عەلی قارەمان
۱۰-٢-٢٠٢١
بەڕێز کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر، خۆتان ئاگادارن کە چەکدارەکانی پارتی لە پارێزگای هەولێر و دهۆک کۆمەڵێک چالاکوان و ڕۆژنامەنوسیان بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ وڵاتان تۆمەتبارکردوە و بەشێوەیەکی نایاسای ماوەیەکە دەستگیر کردون.
بەڕێز کۆنسوڵ من بۆ خۆم یادەوەریەکانی بەڕێز بۆشم خویندوەتەوە، لەو یادەوەریانەدا شتێک دەدرکێنێت، کە ئەمریکا وەک وڵاتێکی خاوەن دەمەزراوەی حکومڕانی، چەندین دکتۆری نەفسیان لە کۆشکی سپی هەیە و هەڵسەنگاندن بۆ سەرۆکی وڵاتان و بەرپرسانی وڵاتان دەکەن، بۆش دان بەوەدا ئەنێت تەنها کێشەیان لەگەڵ قەزافی هەبووە، چونکە کەسایەتیەکی ناجێگربووە، دکتۆرەکان نەیانتوانیوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکەن.
لێ من دەزانم ئێوە وەک نوێنەرایەتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان باش دەزانن مەسعود بارزانی و مەسروری کوڕی و نێچیرڤان بارزانی برازای سیخوڕی بۆ هەموو دەوڵەتان دەکەن، خاوەنی کەسایەتیەکی ترسنۆک و تێکشکاون بەرانبەر دەوڵەتان.
باش دەزانن حوکمێکی مافیا گەری و بەرەڵایی لە هەرێمی کوردستانی عێراق هەیە. بەڵام لەبەر بەرژەوندیتان لەگەڵ ئەم دەسەڵاتدارە چەپەڵانەی هەرێم، چاوتان لە تاوانە قێزەونەکانی ئەم دەسەڵاتە نوقاندوە.
بەڕێز کۆنسوڵی ئەمریکا، وەک ئاگادارن مەسرور بارزانی وەک ئینسانێکی ترسنۆک لە بچوکترین دەنگی ئازاد لە بادینان و هەولێر دەترسێت، بۆیە هەر کەسێک دژیان چالاکی مەدەنی و سیاسی ئەنجام بدات، یەکسەر تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئەپێچنەوە و ئەیڕفێنن، یان شار بەدەری ئەکەن، ئەم دەسەڵاتە وەک والی ئەردۆغان لە هەرێم، هەمان ئەو کارانە دەکات کە ئەردۆغان نەیارەکانی پێ تۆمەتبار دەکات و زیندانیان دەکات.
بەڕێز کۆنسوڵ من ئەپرسم ئەگەر ڕۆژنامەنوسان و چالاکانی بادینان سیخوڕی دەوڵەتانبن، دڵنیابن پارتی و مەسرور بارزانی ڕێزیان لێدەگرتن و لێیان دەترسان، تەنانەت پاسەوانیشی بۆ دائەنان، هەر وەک چۆن سیخوڕی هەموو وڵاتان لە هەرێم بە ئازادی تەراتینا ئەکەن و پاسەوانیان لێدەکرێت.
بەڕێز کۆنسوڵ بیستومە ئێوەش باوەڕتان بە سیناریۆکانی پاراستنی پارتی کردوە، کە لەژێر ئەشکەنجەدا دانپیانان بە چالاکانی مەدەنی و سیاسی و ڕۆژنامەوانانی ئازاد تۆمار کراوە، ئەگەر باوەڕ بەو دەسەڵاتە ستەمکارەی هەرێم لەبەر بەرژەوەندیەکانتان بکەن، ئەمریکا ئەمڕۆ بێت یان سبەی وەک زلهێزی جیهان نامێنێت، گەلان وەک دوژمن تەماشاتان دەکەن. بۆیە داوا لە بەڕێزتان دەکەم دەستێوەردان بۆ ئازادکردنی چالاکانی سیاسی و مەدەنی و ڕۆژنامەوانانی سەربەخۆ لە بادینان بکەن، ڕێگە مەدەن لەژێر ئاڵای برا گەورەیی ئەمریکادا بەسەر جیهانەوە زوڵم لە ئازادیخوازان بکرێت. ئەم دەسەڵاتە نوێنەرایەتی خەڵک ناکات، بەڵکو نوێنەرایەتی ساختەکاری و تەزویرات دەکات،کەبە زەبری هێز سندوقەکان لەبەرژەوەندی خۆیان پڕ دەکەنەوە،هەروەک ستەمکارەکانی تری نێو مێژووی مرۆڤایەتی.
لەگەڵ ڕێزدا
ڕۆژنامەوانی سەربەخۆ سەباح عەلی قارەمان
۱۰-٢-٢٠٢١
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس