TEVDA Press

د. سەردار عەزیز

وەڵامی چەند پرسیارێک دەربارەی ڕۆشنبیر

| Thursday, 02.11.2021, 03:43 PM |


ڕۆشنبیر کێیە؟
پرسی ئەوەی ڕۆشنبیر کێیە، یەکێکە لە  پرسیارە هەمیشە دوبارەکراوەکانی باشوری کوردستان، لە پاش ڕاپەڕینەوە. ئامادەیی ئەم پرسیارە نیشانەی ئەوەیە کە ئەم کۆمەڵگایە بە دوای ڕۆشنبیردا دەگەڕێت. نازانێت ئەم بونەوەرە کێیە؟ چۆن بیناسێتەوە؟ ئەوەی جێگای سەرنجە لە هەمانکاتدا، ئەوەیە کە بەشێکی زۆری ئەوانەی کە خۆیان دەخەنە خانەی ڕۆشنبیران، یان دەخرێنە خانەی ڕۆشنبیر لە لایەن خەڵکەوە، بەردەوام قسە لە سەر ئەم پرسە دەکەن. لە ڕاستیدا ئاسان نیە بڵێین ڕۆشنبیر کێیە، بە جۆرێک وەڵامەکەی بۆ هەموو کۆمەڵگایەک و کاتێک بگونجێت. ئایا ڕۆشنبیران گروپێکی کۆمەڵایەتی  ئۆتۆنۆمۆسی سەربەخۆن، یان هەموو گروپێکی کۆمەڵایەتی ڕۆشنبیری خۆی هەیە؟ بیرمەندی چەپی ئیتالی ئەنتۆنیو گرامشی ئەم پرسیارە دەکات. وەڵامی ئەوە ئەوەیە کە هەموو گروپێک ڕۆشنبیری خۆی بەرهەم دەهێنێت. ئەم پێناسەیەی گرامشی پێچەوانەی ئەو پێناسە ئایدیالەیە کە بۆ ڕۆشنبیران باوە: کەسانێکن هەموو ژیانیان تەرخان دەکەن بۆ داکۆکی لە ڕاستی و  دادپەروەری.
ئەگەر پێناسەکەی گرامشی واقیعی بێت و پێناسەکەی تر ئایدیال بێت، ئەوا لە نێوان ئەم دوو پێناسەدا شەبەنگێک لە ڕەنگی جیاواز هەیە، کە جۆری جۆراوجۆری ڕۆشنبیر لە خۆی دەگرێت.
ئەگەر لە کۆمەڵگای کوردی بنواڕین ئەوا دەبینین کە ڕۆشنبیر وەک نوێنەری گروپ، هێزی سیاسی، ئایدەلۆژیا، بەرژەوەندی تایبەت، بونی هەیە، لە هەمانکاتدا ڕۆشنبیرانی ئایدیال کە خۆی لە نمونەکانی وەک سۆکرات و عیسادا دەبینێتەوە، بونیان کەمە. دەکرێت خەڵکانی وەک کاوە گەرمیانی و ئەوانیتر کە لە پێناو پرسێکی گشتیدا شەهیدکران، نمونەی ئەو جۆر ڕۆشنبیرانەبن کە بە ئایدیال ناویان دەبەین.
لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا کۆمەڵگا لە نێوان واقیع و ئایدیالدا جۆلانێیەتی. بۆیە ڕۆشنبیر ساتێک پاڵەوانە و ساتێکی تر خیانەتکار. ئەگەر ڕۆشنبیر ئەو کەسەیە کە ڕاستی بە بیر دەسەڵات دەهێنێتەوە، وەک ئیدوارد سەعید پێناسەی دەکات، سەعید خۆی توانای ئەوەی نەبوو کە ڕاستی بەبیر دەسەڵات بهێنێتەوە، بەڵکو داکۆکیکەربوو لە گروپێک یان خەڵکێک، جا فەلەستینیەکانە یان عەڕەب، لە بەرامبەر دەسەڵاتی ئەمریکی بە تایبەتی و دەسەڵاتی ڕۆژئاواییدا.
بەم پێیە ڕۆشنبیر، ناتوانێت خۆی خۆی پێناسە بکات، بەڵکو دەبێت ئەوانیتر پێناسەی بکەن. کاتێک ئەوانیتر بریتین لە خەڵكی جیاواز، ئەوا ڕۆشنبیر پێناسەی جیاوازی بۆ دەکرێت. ئەمە دەربارەی کێیەتی ڕۆشنبیر. لەم ڕوانگەیەوە ڕۆشنبیر کەسێکە کە هەڵگری بەهاو ئاگاییە. یان کەسانێکن کە خاوەنی شارەزایی و بیرن. یان خەڵکانێکن کە دەبنە قسەکەری توێژێک، چینێک یان ئایدەلۆژیایەک. بەڵام بە گشتی، ئەگەر کەمێک بۆردۆییانە بیربکەینەوە، ڕۆشنبیر بەرهەمی هابیتۆسی کۆمەڵایەتی کوردییە.  ئەگەر بێتوو نەتوانێت  ئەو هابیتۆسە تێپەڕێنێت، ئەوا دوبارەکەرەوەی دۆخەکەیە. دەتوانم بە ئاسانی بڵێم بەشی زۆری ڕۆشنبیرانی کورد بە سەر جوگرافیای شەڕی ناوخۆ کوردیدا بەش بوون. ئەمەش وەها لەم گروپە دەکات کە بە زۆری ببنە قسەکەر و نوێنەر، لە بڕی بیرکەرەوە و بیرمەند.
پێگەو  ڕۆڵی ڕۆشنبیر لە نێو کۆمەڵگە زیندوەکاندا لە  چ ئاستێکدایە؟
پرسیارێکی سەرنج ئامێزە. پۆلێنکردنی کۆمەڵگە بۆ زیندوو و کە مانای ئەوەیە کۆمەڵگای مردووش بونی هەیە. هەروەها لە ناواخنی پرسیارەکەوە ئەوە ڕونە کە کۆمەڵگای کوردی بە زیندوو دانانرێت، بەڵکو کۆمەڵگای زیندو ئەوانیترە. من لە گەڵ دیدی ئەم پرسیارەدا تەبانیم. بە لای منەوە پۆلێنکاری کۆمەڵگای زیند و کۆمەڵگای مردوو، پۆلێنکارییەکی نابەجییە. نازانم بە تەواوی مەبەست لە زیندو چیە؟ ئەگەر لە ڕوی بایولۆجیەوە لێی بنواڕین ئەوا زیندوو ئەو دۆخەیە کە گەشە و ژیانکردن و بەرهەمهێنان لە ئارادایە. دۆخی مردوو ئەو دۆخەیە کە پێچەوانەیە.
با بۆ نمونە کۆمەڵگای ئەمریکی وەربگرین. لە ساڵی ١٩٥٩ مارتن لیپست لە گۆڤاری دیدالۆس لێکۆڵینەوەیەک دەربارەی ڕۆشنبیران دەنوسێت، سەرەتا وەها دەست پێدەکات کە ڕۆشنبیران خەڵکانێکن لە لایەن بەشێک لە کۆمەڵگاکەیانەوە قەدریان ناگیرێت. بەڵام بەشێکی تری کۆمەڵگای  ئەمریکی  بەتایبەتی چینە پارێزەرەکەی گلەیی ئەوەدەکەن کە ڕۆشنبیران دەسەڵاتیان زۆرە. دیارە گلەیی لە زۆری لە هەمانکاتدا گلەیشە لە جۆریش.
ئەوەی جێگای سەرنجە کاتێک بە دوای زانیارییدا دەگەڕێیت دەربارەی ڕۆشنبیرانی ئەمریکی، زۆربەی ئەو ئارتیکڵانەی کە لە گۆڤارە ئەکادیمییەکاندا بەرچاوت دەکەوێت دوو خەسڵەتیان هەیە: یەکەم نزیکەی نیوسەدە کۆنن، دووەم، لە ئەو گۆڤارانەن کە لە بەرەی چەپن. بەم پێیە پرسی ڕۆشنبیر دەگەڕێتەوە بۆ پێش نیوسەدە لەمەوپێش بە گشتی پرسی چەپە.
لە ساڵی ٢٠١٠ بە بۆنەی هاتنە سەر دەسەڵاتی باراک ئۆباما، وەک ڕۆشنبیرێک و ڕەشپێشتێک گۆڤاری دیسێنتی چەپ، سیمپۆسیومێک بۆ پرسی ڕۆشنبیری ئەمریکی تەرخان دەکات. یەکێک لەو پێناسانەی بۆ ڕۆشنبیر لەو سیمپۆسیومەدا دەکرێت ئەوەیە کە ڕۆشنبیر ئەو کەسەیە کە بە کارکردن لە بوارەکانی وەک تیورەی سیاسی، ئیتیک، کۆمەڵناسی، ئابوری، دەنوسێت و بە کاری نوسینەکانی دەژی. لەم ڕوانگەیەوە، چەند خەسڵەتێکمان بۆ دەردەکەوێت: یەکەم، ڕۆشنبیر ئەو کەسەیە کە لە هەندێک بواری تایبەتدا بیر بەرهەم دەهێنێت. بۆ نمونە فیزیاناسێک کاتێک تیورەیەک بەرهەم دەهێنێت، ڕۆشنبیر نیە، بەڵکو زانایە. دووەم، ئەو بوارانەی کە ڕۆشنبیر کاری تیادا دەکات بواری پیشەیی نین، بەڵکو پەیوەندییان هەیە بە بواری ژیاری و ئاگایی و ئەخلاقی مرۆڤەکانەوە. لەلایەکی ترەوە، بەرهەمهێنانی ڕۆشنبیریی پیشەیە. ئەمەش دەمانبات بۆ بوارێکی تر لە دونیای ڕۆشنبیری ئەمریکیدا، ئایا ڕۆشنبیران کاڵا بەرهەم دەهێنن و خوێنەریش کڕیاری ئەو کاڵایانەیە. لە هەندێک کۆمەڵگادا ڕۆشنبیران پۆلێن دەکرێن، ئەوانەی کە کاری تیوری قوڵ دەکەن کە دەتوانین بە داهێنەران ناویان ببەین. ئەوانی تریش بە گەیەنەران.
بەڵام لە ئەمریکای ئەمڕۆدا خەڵکێکی زۆر هەردوو بوارەکە تێکەڵ دەکەن. بۆ نمونە کەسێکی وەک جیل لیپۆر، پرۆفیسۆرە لە زانکۆی ئۆکسفۆرد، هەروەها بابەتی پڕ لە چێژ لە گۆڤاری نیورکەر دەنوسێت. ئەمە هەتا ئاستێک بۆ مالکۆم گلادوێلیش ڕاستە. بەڵام دۆخ و کاتیش کاریگەری هەیە. ئەگەر نایەکسانی دۆخێکی هێندە زەق نەبوایە، لە دەرئەنجامی حوکمداریی نیولیبرالیزم، هەرگیز تۆماس پێکتی نەدەبوە بیرمەندێکی پڕ فرۆش.
ڕۆشنبیران چۆن دەتوانن کاریگەری لە سەر شەقام دروست بکەن؟
لێرەدا پرسیارەکە ئەوە دەگەیەنێت کە ڕۆشنبیر و شەقام جیاوازن. شەقام پانتایی ڕۆشنبیرنیە. شەقام پێویستی بە ڕۆشنبیرە، بۆ ئەوەی ڕابەرایەتی بکات یان نوێنەرایەتی بکات. وەها هەست دەکەم ئەم چوارچێوەیە دەگەڕێتەوە بۆ شەستەکانی ئەوروپا و هەشتا و نەوەدەکانی ئێمە. ئێستا ناڕەزایی تەنها لە شەقام نیە، بەڵکو لە ماڵ و جێگاکانی تریشە، لە ناوەندە مەجازییەکانە.
لە ڕەهەندێکی ترەوە پرسیارەکە ئەوە دەگەیەنێت کە ئەرکی ڕۆشنبیرە کاریگەری لە سەر شەقام دابنێت. ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە شەقام جارێكی تر پڕیەتی لە ناڕازی. ئەم پڕبونەی شەقام لە ناڕازی دیاردەیەکی جیهانیە. هیچ کیشوەرێک نیە بە دەستیەوە نەناڵێنێت. هەندێکی  دەبنە پرس و بڕێکی زۆری تەنها لە لۆکاڵیتی خۆیاندا دەمێننەوە. ساڵانە هەزاران خۆپێشاندان لە چین دەکرێت، بەڵام بە دەگمەن نەبێت نابنە جێگای بایەخی میدیا.
ڕۆشنبیران دەتوانن بە ئامادەبون، بە پشتیوانی، بە داڕشتنی دونیابینی، بە داکۆکیکردن، بە نوێنەرایەتیکردن کاریگەری لە سەر شەقام دابنێن. بەڵام هەست دەکەم ئەم پەیوەندییە لە قەیراندایە. چونکە بەشێکی زۆری ئەوانەی کە دەخرێنە خانەی ڕۆشنبیرانەوە، دێنە شەقام نەک بۆ ئامانجی شەقام، بەڵکو بۆ بەدەستهێنانی سەرمایەی ڕەمزی و سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ خۆیان کە پاشان بتوانن تەرجەمەی بکەن بۆ جۆری تری سەرمایە. بە گشتی ڕۆشنبیر ناتوانێت لە سەر شەقام بێت بۆ ماوەیەکی زۆر، چونکە خێرا دەبێتە چالاکوان یان قسەکەر، کە بە کاری نوێنەرایەتی هەڵدەستێت. لە دۆخێکی وەهادا ڕۆشنبیر لەوە دەکەوێت بەرهەمهێنی مەعریفی و ئاگایی وتێگەیشتن بێت بەڵکو ئامانجێکی دیاریکراوی دەبێت. ئایا ئەو ئامانجە ئامانجی چەندێک لە کۆمەڵگایە، ئەو لە کوێدایە لە گەڵ ئەو ئامانجانەدا، ئەمانە پرسیارن داوای وەڵام دەکەن. لە لایەکی ترەوە پەیوەندی ڕۆشنبیر لە گەڵ شەقامدا پەیوەستە بە خواستی شەقامەوە. ئایا شەقام دەیەوێت خواستێک بەدی بهێنێت؟ فشارێک بکات؟ پەیامێک بگەیەنێت یان دەخوازێت ببیتە ئەکتەرێکی سیاسی بۆ لە قاڵبدانی سیستەمی سیاسی؟ یان لە دۆخی ئابوری و کۆمەڵایەتی ناڕازییە. بە گشت خۆپێشاندان نابێتە هۆی بەرهەمهێنان، بەڵکو دەبێەت هۆی فشار و ڕوخان و گۆڕین. بەڵام ئەوەی کە دەبێت نوێیەک و جیاوازێک بەرهەم بێت دەبێت کاری زیاتر لە ئەوانیتربێت.
خاڵی لاوازی ڕۆشنبیری کورد چیە؟
دیارە ڕۆشنبیری کورد زیاتر لە خاڵێکی لاوازی هەیە.  ڕۆشنبیری کورد لە هەناو کۆمەڵگای و دەسەڵاتی کوردی و جیهانیدا دەژی. کۆمەڵگای کورد، بە گشتی کۆمەڵگایەکی خوێنەرنیە. هیچ کتێبێک نیە لە کوردستان تیراژی بگاتە دە هەزار کۆپی.  لە کۆمەڵگایەکی وەهادا ڕۆشنبیر ناتوانێت پەیامەکانی بگات. لە هەمانکاتدا ناتوانێت، وەک ڕۆشنبیری گەلانی تر لە سەر پیشەکەی بژی. ئەم نەبونی خوێنەر و خوێندەوارە، وەهایکردوە کە کەرتی ڕۆشنبیری و نوسین و بڵاوکردنەوە بە گشتی بوەتە کەرتێکی سیاسی. یان بوەتە ئەپەراتۆسی (ئامرازی دەستی) هێزە سیاسییەکان. سیاسیەکانیش پەیوەندییان لە گەڵ ڕۆشنبیردا پەیوەندییەکی ڕۆشنبیریانە نیە، بەڵکو پەیوەندییەکی دەسەڵاتیانەیە، بۆیە ڕۆشنبیری کورد دەکەوێتە ژێر فشارەوە لەمبارەوە. لە هەمانکاتدا کۆمەڵگا بە گشتی بەدگومانە لە ڕۆشنبیر، چونکە بە گشتی ڕۆشنبیری کورد کاتێک ڕەخنە دەگرێت دەکەوێتە پانتاییەکی سیاسیەوە یان بە ڕێکەوت لە پارتێکی سیاسی نزیک دەبێتەوە، ئەوا خێرا دەبێتە بەشێک لە میکانیزمی شەڕی ناوخۆی کوردی. لەم ڕوەوە خەڵک هەڵوێستی لێ وەردەگرن بە دۆست  یان بە نەیار.
بەڵام ڕۆشنبیری کورد خۆی بە دەست چەند لاوازییەکەوە دەناڵینێت. یەکەم، کەمن ئەوانەی لە هابیتۆسێکی ڕۆشنبیرییەوە هاتبن. تەنانەت ئەوانەش کە لە خێزانە خوێندەوارەکانەوە هاتوون، ئەمڕۆ دونیا تەواو جیاوازە. بۆیە بە گشتی ڕۆشنبیری کورد، نەوەی یەکەمی ڕۆشنبیرە  لە دونیای کوردیدا. وەک نەوەی یەکەم خاوەن دید و تیورە و چەمک و خیتابی خۆماڵی نیە، بۆیە هەمیشە سەرگەردانی دونیایە بۆ تێگەیشتن لە خۆی. هەتا ئیستاش ئەوەی کەڵەکەبوە، بارتاقەی دونیا نابێت. کەواتە هەژاری، نوێیەتی، لە ئەنجامدا دەبنە هۆکاری لاوازی.
لە لایەکی ترەوە بەرهەمی مەعریفی لە دونیای کوردیدا، دەق بە شێوەیەکی گشتی هێشتا وەها تەماشا دەکرێت کە دەبێت چێژ بەخش بێت، کورت بێت، ڕون بێت، پێویست بە ماندوبون و تەقەلا  نەکات. بە گشتی ئەم سیفەتانە سیفەتی ئەو دەقانەن کە لە ڕۆژئاوا بە نوسینی تابلۆیدا ناودەبرێن. نوسینی تابلۆید ئەو نوسینانەن کە ژمارەیەکی سنوردارن لە وشە، کە بە گشتی لە ٢٥٠  وشە تێناپەڕن، ئەم وشانە بەردەوام دوبارە دەکرێنەوە بۆ وەسفی هەموو ڕوداوەکان. بۆیە چونە دەرەوەی ئەو فەرهەنگە تەسکە، دەبێتە مایەی بێزاری.
بۆچی ڕۆشنبیرانی کورد لە ئاست پێگەکەیاندا نین؟
ڕۆشنبیری کورد ئاوێنەی کۆمەڵگا و ئاگایی و خواست و دەرفەتی کۆمەڵگای کوردییە. لە هەموو کۆمەڵگایەکدا خیانەتکردن، یەکێکە لە وەسفە بڵاوەکانی وەسفی ڕۆشنبیر. بە گشتی ڕۆشنبیر یان قارەمانە یان خیانەتکار، ناوەندی نیە. پرسیارەکە دادوەرییەکی تیادایە کە قورسە. بەو مانایە دەبێت ڕۆشنبیر چی بکات بۆ ئەوەی لە ئاست پێگەکەیدابێت؟ تەنانەت ئەو ڕۆشنبیرانەش ئامادەن بمرن نابنە جێگای ڕەزامەندی زۆرینەی کۆمەڵگا. بەو پێیە ئەگەر ئامادەبیت بۆ کۆمەڵگا بمرێت، تەنها بەشێکی کۆمەڵگا پێت ڕازییە، ئەمە لە کەیس سۆکرات و مەسیحیشدا ڕاستە.  
پرسەکانی کۆمەڵگای کوردی بە ڕۆشنبیر چارەسەر نابن بە نەوەیەک و دوو نەوە چارەسەر نابن. ڕەنگە ئەمە یەکێک بێت لە هۆکارەکان، کاتێک کارێک لە کەسێک چاوەڕوان دەکرێت کە توانای ئەنجامدانی نیە. بۆ نمونە ئەگەر هەموو کورد بەیەکەوە بە نیازی باش  هەوڵبدەن بۆ ئەوەی کێشەکانیان چارەسەر بکەن، هێشتا پێویستیان بە کاتی زۆر هەیە و ڕێگری زۆر دێتە ڕێگایان. بۆیە ڕەنگە دادوەریی ئەوەی  ڕۆشنبیر لە ئاست پێگەکەیاندا نین چەند کێشەیەکی هەبێت: یەکەم، ئەوەی لە ڕۆشنبیر چاوەڕوان دەکرێت زیاترە لەوەی کە لە  توانایدا هەیە. دووەم، ڕۆشنبیری کورد به هۆکاری جیاوازەوە، خاوەن زەخیرە و توانا و کاریگەری ئەوتۆ نیە کە بتوانێت کاریگەری گەورە دابنێت. بۆ نمونە ئەگەر کەسێک تەنها کاری ڕۆشنبیریی تایبەت بکات ئەوا ڕەنگە کەمتر لە ٢٪ کۆمەڵگا بیناسن. بۆ نمونە محمد کەمال کاری قوڵی فەلسەفی وەردەگێڕێت و بەرهەم دەهێنێت، بەڵام لە کۆمەڵگادا ناسراونیە، بە بەراورد بە ئەو هەموو چاودێریی سیاسییە، کە لە تەلەفزیونەکانن.
بۆچی لێدوان و نوسینەکانیان وەک پێویست کاریگەرییان لە سەر تاکی کورد نیە؟
ڕۆشنبیر خاوەن زمانی ئاخاوتن نیە لە گەڵ زۆرینەی تاکی کورددا. بە بەراورد بە مەلا و شێخەکان، بە سیاسییەکان، ڕۆشنبیران بونەوەرەێکی نامۆن لە دونیای خۆیاندا. لە هیچ کۆمەڵگایەک ڕۆشنبیری وروژێنەری تاکەکانی کۆمەڵگانیە. ئەمە یەکێکە لە پرسیارە ئاڵۆزەکان کە ڕوبەوروی ڕۆشنبیر دەبێتەوە لە هەموو کۆمەڵگایەکدا، ئایا بۆچی ڕۆشنبیران نابنە ئەستێرەکان، وەک ئەکتەر و گۆرانیبێژەکان لە کۆمەڵگا ڕۆژئاواییەکاندا؟ چونکە زۆرینەی کۆمەڵگا تاقەتی ئاڵۆزی دونیای نیە. ئەوانەشی کە تاقەتی ئاڵۆزیی دونیایان هەیە بە سەر چەندین بەرەی دژ بە یەکدا پەرتبوون. جگە لە نەبونی زمانی کۆمەڵگایی، ڕۆشنبیری کورد خاوەن زەخیرەیەکی وەهانیە کە بتوانێت تاکی کۆمەڵگای کوردی بوروژێنێت یان کاریگەری لە سەر دابنێت. خۆی لە ڕاستیدا ئەرکی ڕۆشنبیر ئەوەنیە کە کاریگەر دانەربێت. ئەوەی دەیەوێت کاریگەری دابنێت ئەوەیە کە دەیەوێت خەڵك بە ئاراستەیەک ببات، هێزێک پێکبهێنێت. ڕۆشنبیری ڕاستەقینە، هەمیشە بە دەست پرسیار و گومان و بینینی ئاڵۆزی دونیاوە دەناڵینێت. زۆرینەی خەڵك بە دوای دڵنیایی و سەقامگیری و بەرچاوڕونی و ڕابەر و چاوساخدا دەگەڕێن. ئەگەر ڕۆشنبیر بەو کارانە هەستا ئەوە دەبێت کەسێکی سیاسی یان چالاکوان، یان عەقیدە بەخش، کە ئامانجی ئەوەنیە خەڵك بەرەو بیرکردنەوە و تێڕامان و پرسیار و ئۆتۆنۆمیی و بەرپرسیارێتی ببات، بەڵکو ئامانجی ئەوەیە کە چۆن مێشکیان بشواتەوە، دونیایان لێبکات بە ڕەش و سپی، قەناعەتیان پێبهێنێت، هانیان بدات و پاڵیان بدات. تراژیدیایەکی تری ڕۆشنبیری ڕاستەقینە ئەوەیە کە پێش زەمەنی خۆی دەکەوێت. بۆیە لە زەمەنی کۆمەڵایەتیدا وەک دەرەکیەکی نامۆ دەبینرێت و زۆرجار وەدەردەنرێت. ئەوەشە زۆرێک لە ڕۆشنبیرانی سەدەکانی پێشوو بە تەنهایی و برسی و نەدار مردن. ئەگەر ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی نەبوایە بە مەسیحی، ئەمڕۆ کەس عیسای نەدەناسی. ئەگەر مارکسیزم لە لایەن سۆڤیەتەوە نەکرایەتە ئایدەلۆژیای دەسەڵات، ئەمرۆ مارکس وەک زۆرێکی تری هاوسەردەمی لە خانەی لەبیرچواندا بوو.  
بۆچی ڕۆشنبیران ناتوانن لە پرسە گرنگەکاندا شەقام بجوڵێنن؟
ئەم پرسیارە چەند توخمێکی پڕ لە ئاڵۆزی تیادایە، ڕۆشنبیران، شەقام لە گەڵ جوڵاندن. ئایا شەقام بە ڕۆشنبیر دەوروژێت؟ ئایا ئەرکی ڕۆشنبیرە بوروژێنێت، مۆبەلایز، یان ئەرکی ڕۆشنبیرە لە وروژانەکان بە گومانەوە ڕابمێنێت؟ ئایا شەقام پانتایی ڕۆشنبیرانە، ئەگەر ڕۆشنبیر هاتە شەقام و هەوڵ وروژانیدا ئایا وەک ڕۆشنبیر دەمێنێتەوە یان دەبێت بە چالاکوانی سیاسی؟ هەمومان دەزانین، نەک لە کوردستان بەڵکو لە هەموو ناوچەکەدا دابرانێک هەیە لە نێوان ڕۆشنبیر و شەقامدا. ئەم دابرانە ڕەنگە هۆکاری زۆری هەبێت، لەوانە، زمان، دید، پێگەی ئابوری و کۆمەڵایەتی، ئامرازی وروژاندن، لە گەڵ ئاستی خواست و داوای شەقام. بۆ ئەوەی ڕۆشنبیر ببێت بە وروژێنەر دەبێت بە زمانێکی تایبەت خۆی دەرببڕێت. ئەم زمانە دەکرێت ناوی بنێین زمانی شەقام. زمانی شەقام ئەو زمانەیە کە دڵنیایی و هیواو و وزە دەبەخشێت، زۆرجار لە سەر بنەمای وەهم یان بەرژەوەندی، بەبێ گوێدانە ڕەهەندە مێژویی و ئەخلاقیی و گشتییەکەی. لە هەمانکاتدا ڕۆشنبیر بۆئەوەی ئەمە بکات دەبێت لە پانتایی شەقام و بە ئامرازەکانی شەقام بیکات، کە خۆی خاوەنی نیە. ئەمەش دیسانەوە دەیکات بە ئەو کەسەی کە ناچاربێت ئامرازە تەقیلدی و نیمچە تەقلیدییەکان بەکاربەرێت. دەبێت ببێت بە سیاسی یان خەتیب یان ڕابەر. ئەم خەسڵەتە ڕەنگە بۆ ماوەیەک بیکات بە ئایکۆن، بەڵام وەک زۆر ئایکۆن لە ناوەوە بەتاڵ دەبێت. لە ڕاستیدا شەقام جێگای مەرگی ڕۆشنبیرانە. شەقام گۆڕستانی ڕۆشنبیرانە. شەقام بە گشتی سیفەتی بەرخۆری هەیە، وزە هەڵدەمژێ بۆ کاتێکی کەم، بۆ ئامانجێکی سنوردار و پاش ئەوە فڕێی دەدات. ئەرکی فیکر ئەمە نیە. لە ئاستێکی تردا ڕۆشنبیران سەر بە دونیای عەلمانین یان دونیای مۆدرێن. ئەم دونیایە ڕەگ و ڕیشەی نیە لە شەقامدا، هەتا ئەمڕۆ دونیایەکی سنوردارە لە کۆمەڵگای ئێمە و کۆمەڵگاکانی دەروبەرماندا. ئەم دابرانە لە ئاستی فیکریی لە هەمانکاتدا بوەتە هۆکاری دابرانی جەستەیی و کۆمەڵایەتی. لەم ئاستەدا کۆمەڵێک کێشەی گەورە لە ئارادیە. خەڵکە خۆ بە مۆدرێنزانەکە لە وەهمێکدا دەژین کە ئەوە کەلەپور یان تەقلیدە کە ڕێگر و کێشەیە لە بەرجەستەبونی ئامانجەکانیان، ئەگەر ئەو کەلەپور و تەقلیدە لابدرێت ئەوا مۆدێرنە بەرجەستە دەبێت و دونیایەکی هاوشێوەی ڕۆژئاوا دێتە ئاراوە. ئەم بیرکردنەوە میکانیکییە هەتا ئاستێکی زۆر کاریکاتێرییە. لە دەرئەنجامی ئەمەدا چەمکی وەک هایبرید هاتوەتە ئاراوە، کە دەتوانین بە موتوربە لە قەڵەمی بدەین، بەو مانایە نە کەلەپوری پاک هەیە نە مۆدێرنەی دابراو لە واقیعی کۆمەڵایەتی. ئەمە بە تایبەتی کاتێک بەرجەستە دەبێت کە ڕۆشنبیر دەبێتە کاراکتەرێکی شەقامی، ناچار دەبێت لە گەڵ مەلای ئاینی و کەسایەتی کۆمەڵایەتی و سیاسییە ناسیاسییەکان هاوڕیز و تەبابێت و لە ئەنجامدا دەبێت بە کەسێکی هایبرید، بەڵام لە بەر زاڵی کەلەپور و واقیعی کۆمەڵایەتی ووردە ووردە لوش دەدرێت و دەخورێت، یان بە کاوەخۆیی دەبێتە شەقامی  و دەمرێت.
بۆچی دەسەڵاتی کوردی گرنگی بە ڕۆشنبیران نادات؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە کۆمەڵێک فاکتەر هەیە:
یەکەم، فاکتەری جۆرایەتی. ڕۆشنبیرانی کورد بە گشتی ئەدیب و نوسەرن. نەک خەڵکانی شارەزای بوارەکانی حوکمڕانی. ئەم سنوردارێتی جۆرایەتییە وەها دەکات کە ڕۆشنبیران تەنها وەک قسەکرێکی کۆمەڵایەتی یان بە نوێنەربوی کۆمەڵایەتی سەنگیان هەبێت. زۆرجار ئەم پرۆسەی نوێنەرایەتی بونە کاتی و تێپەڕە.
دووەم، هۆکاری ئابوری. لە بەر خوێنەر نەبونی کۆمەڵگای کوردی، دەگمەنن ئەو ڕۆشنبیرە کوردانەی کە تەنها بە یەک زمان دەنوسن بتوانن لە سەر داهاتی کتێبەکانیان بژێوی خۆیان دابین بکەن.
سێیەم، لاوازی ڕۆشنبیران وەک توێژێک لە کۆمەڵگادا و هەبونی کینە و ڕق و پەرتەوازەیی زۆر لە نێویاندا.
چوارهەم، دەگمەنن ئەو ڕۆشنبیرانە بە کاری ڕۆشنبیری توانای خۆ بونیادنانیان هەبێت، وەک ئیشی قوڵ تایبەت لە سەر بوارێکی کۆمەڵایەتی یان سیاسی یان حوکمداری. یان داهێنانی چەمکێک یان میتۆدێکی خوێندنەوە.
پێنجەم، بە سوتەمەنی بونی ڕۆشنبیران لە کایەی میدیادا، لە بەر پەلەیی و ئاسانیی و خێرایی.
شەشەم، نەبونی هیچ سەنگێکی ئەوتۆ بۆ مەعریفە لە کایەی حوکمداری هەرێمدا.
زیانی مەیل و ئینتیمای حیزبی لە ڕۆشنبیران؟
مەیل و ئینتیمای حیزبی زیانی گەورە بە ڕۆشنبیران دەگەیەنێت، چونکە هەتا ئێستا شتێک نیە لە ناو کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستان حیزب بێت، ئەوەی پێی دەوترێت حیزب هێزێکی ڕیکخراوە لە پێناو کۆمەڵێک ئامانجدا. ئەم هێزە ڕێکخراوە خاوەنی بیر و ئایدەلۆژیا و کادیر و مەعریفە و پرۆسەی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و کارکردن بە داتا و ئەم شتانەی نیە. بۆیە ڕۆشنبیر لەم هەناو حیزبدا بە گشتی لە کاتی کپبونی شەری ناوخۆدا دەبێتە بڵندگۆی باڵێکی ناو حیزب، لە کاتی کڵپەی شەڕی ناوخۆدا دەبێت بڵندگۆی حیزب یان لایەن. ئەم دۆخە وەها دەکات کە ڕۆشنبیری نزیک لە حیزب هەمیشە تەنها نزیکایەتیەکی بەس بێت بۆ ئەوەی ببێت بە کەسێکی نەخوازراو لە لایەن ئەوانەی لە دەرەوەی حیزبن.
زیانی نەبونی ڕۆشنبیری بێلایەن
هەموو کۆمەڵگایەک پێویستی بە مەعریفەیە. مەعریفە بۆ ئەوەی بتوانێت لە خۆی تێبگات، لە دونیا تێبگات و پەیوەندی لە گەڵیاندا دروست بکات. ڕۆشنبیر ئەو کەسەیە کە ئەم مەعریفەیە بەرهەم دەهێنێت. لێرەدا پێویستە کە ڕۆشنبیر بکەین بە چەند ئاستێکەوە، خەڵکانێک هەن کە بیری قوڵ بەرهەم دەهێنن، هەندێک کار سەر ئەو بیرانە دەکەن و هەندێک کاریان گەیاندنیەتی. نەبونی ئەم توێژە جیاوازنەی ڕۆشنبیر و هاوئاسات بونی زۆربەی ڕۆشنبیران وەها دەکات کە کایەی ڕۆشنبیری کوردی کایەیەکی هەژاربێت. یەکێک لە زیانە گەورەکانی ئەم بوارە ئەوەیە کە توانای لێگەیشتن و گفتوگۆ بونی نیە. بۆ نمونە لە کایەی سیاسیدا کاتێک خەڵكی دەڵێن دیموکراسی، ماف، دەزگا، حکومەت، دەسەڵات، لە کاتێکدا ئەم زاراوانە بونەتە بەشێک لە ئاخاوتنی ڕۆژانە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک ماناکان و پاشخانیان ڕون نیە. بۆیە هەرچەندە وشە و دەربڕینی هاوشێوە بەکاردەبرێت بەڵام ڕەنگە بە هیچ شێوەیەک ئامانج و مەبەست یەک نەبێت. ئەمەش لە هەمانکاتدا ڕەنگە هۆکاری ئەوەبێت کە کورد ناتوانن نە لە نیوخۆیاندا و نە لەگەڵ ئەوانتردا بە ئاسانی گفتوگۆ بکەن یان بە سەر تەنگ و چەڵەمەکانیاندا زاڵبن. لە ئاستی پەیوەندی بە ئەوانترەوە، کوردستان لە مێژوی نوێدا جێگای بایەخی هەموو زلهیزەکانی دونیابوە، لە پاش کەوتنی خەلافەتەوە، کوردستان جێگای ڕوس و بەریتانیا و فەرەنسا و پاشان ئەمریکا دەبێت. لە داهاتودا بەبێ گومان دەبێتە جێگای بایەخی چینیەکانیش. بەڵام هەتا ئێستا هیچ ناوەندێک یان بیرمەندێکی تایبەت نادۆزیتەوە کە توانیبێتی کرۆکی ئەو کۆمەڵگایانەی بۆ کۆمەڵگای کورد بەیان کردبێت و هەتا بتوانرێت لە ڕێگایەوە لە ڕەفتار و مامەڵەی ئەم وڵاتانە تێبگەین. بەڵام نابێت لە هەمانکاتدا ڕەشبین بین چونکە کۆمەڵگای کوردی هەتا چەند دەیەیەکی کەمی ڕابوردو کۆمەڵگایەکی دابڕاو بوە لە دونیا. بە زمان و کەلتوری ئەوانیتر هێندە شارەزا نەبوە. لە ئەمڕۆدا جۆرێک لە کرانەوە هەیە بەڵام ئامرازەکانی تێگەیشتن لاوازن. سیستەمی خوێندن لە کوردستان لە ئاستی دەوڵەمەندی مەعریفی دونیادانیە. ئەمە لە کاتێکدایە  ئێمە چیدی بژاردەی ئەوەمان نەما کە لە دەرەوەی دونیابین یان لە دونیا دابراوبین. بە خۆشی و بە ترشی لە ناو دونیا و قەیرانەکانیدان، چ لە ئاستی ئابوری، سیاسی، جیوپۆلەتیکی و  زۆر بواری تر.
چۆن بتوانین نوخبەیەکی ڕۆشنبیری کاریگەر دروست بکەین؟
پرسیارێکی سەیرە، وەک ئەوەی ڕۆشنبیر بتوانرێت بە دەست و برد لە کاتێکی کەمدا یان بە چەند کردارێکی دیاریکراو بتوانرێت بەرهەم بێت و دروست بکرێت. ڕۆشنبیر چەندین دەیەی دەوێت لە وە چەرخانی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی. یەک نمونەی بچوک. لە ڕوانگەی بۆردیوە تەماشای زەوقی خوێنەر بکە. ئایا زەوقی خوێنەرنیە کە جۆری ڕۆشنبیر بەرهەم دەهێنێت؟ ئایا زەوقی خوێنەری خۆی بەرهەمی کۆمەڵگا و ئابوری نیە؟ ئەگەر وەڵاممان بە ئەرێ بێت، ئەوا دەبێت زەوقمان بگۆڕێت. دەبێت لە گەڕان بە دوای چێژدا لە دەقدا بۆ مەعریفە و چەمک بگەڕێین لە نوسیندا. ئەم موەرچەرخانە کاتی زۆری دەوێت. بەڵام کۆمەڵگای کوردی لە وەرچەرخاندایە. وەرچەرخانی گەورەی وەک کۆتایی لادێ، دروستبونی شار، هەبونی سامانی کەڵەکەبوو، کاتی بەتاڵ، بەرخۆرێتی، سەنتەرێتی پارە،. پارە دروستکەری بۆرژوایە. دەسەڵاتی پارەبوو لە سەدەکانی ڕابوردو دەسەڵاتی بەخشی بە بۆرژواکانی شار لە بەرامبەر خاوەن موڵکەکانی گوند. ئەم وەرچەرخانە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە کۆمەڵگای ئێمەدا ڕودەدات.

د. سەردار عەزیز