لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

لەخەو هەستە... تورک تا قیامەت لەدژی کورد دەجەنگێت.

Sunday, 02.14.2021, 12:15 PM



له‌ فه‌یسبووكی‌ ئارام ره‌فعه‌ت وه‌رگیراوه‌

لەخەو هەستە... ئەتاتورک چەند رێزی لە کوردەبۆرە هاوپەیمانەکانی گرت ئەردۆغانیش هەر هێندە رێز لەتۆ دەگرێت

لەخەو هەستە... تورک تا قیامەت لەدژی کورد دەجەنگێت.

ساڵی ١٩٢٣ مەلایەکی گەنجی تەمەن ٢٠ ساڵە بەناوی مەلا شێخموس حوسێن لە خزمەت ئاغایەکی بەناوبانگی دەڤەری دیاربەکردا دەبێت. لەهەمان ماڵدا لاوێک بەناوی شەوقی بەگ، کەلەدەستی تورک رایکردبوو، خۆی حەشاردابوو.

مەلا شێخموس، وەک زۆربەی کوردەکانی ئەو سەردەم و بەتایبەتیش پیاوە ئایینییەکانی کورد، بە سەرکەوتنەکانی تورکی موسوڵمان بە رابەرایەتی ئەتاتورک، بەسەر کافراندا مەست و سەرسامە.

رۆژێکییان شەوقی بەگ مەلا شێخموس جیادەکاتەوە و دەیباتە دەرەوەی ئاوەدانی و پێی دەڵێت:
لەخەو هەڵسە، بیربکەوە ئێمەی کورد لە چ دۆخێکدا دەژین، خۆمان بوینەتە دوژمنی یەکتری و دوژمنیش (تورک)مان کردۆتە برای خۆمان.

لەخەو هەڵسە و ببینەچ مەترسییەک لەسەر کوردە، ئەگەر کورد خەمێک لەخۆی نەخوات و خۆی لەدەست تورک رزگار نەکات چارەنووسی لەهی ئەرمەنییەکان خراپتر دەبێت.

پەیامەکەی شەوقی بەگ مەلا شێخموسی لاوی راچڵەکاند. مەلا شێخ موس دواتر بوو بەو "جگەرخوێنە"ی کە بۆ دەیان ساڵ ئاڵا هەڵگری بیری کوردستانی بوو و داستانی "کینە ئەم"ی نوسیوە.

داخەکەم، شەوقی بەگ دەبوایە لە چۆڵەوانی پەیامەکەی بە جگەرخوێن بگەیەنێت، ئەگینا هەر لەوێ تیرۆر دەکرا، هەڵبەت لەسەر دەستی تورک نا، لەسەر دەستی کوردەبۆرەی ئەو سەردەم.

کوردەبۆرەی ئەوێ رۆژێ تا حەدی نۆکەرایەتی و کۆیلایەتی سەرسامی برایەتی ئیسلامی لەگەڵ تورک بوون.

چ مەئساتێکی گەورەیە، وەک شەوقی بەگ هەست بکەیت کە گەلەکەت لەژێر مەترسی جینۆساید و لەناوبردن دایە، بەڵام لەترسی هەر هەمان ئەو کوردەبۆرەی تۆ لەخەمی لەناوچونی دایت نەتوانیت پێی بڵێیت کاکە لەخەو هەڵسە مەرگ و لەناوچوون چاوەڕێتە.

سوپاس بۆ سۆشیال میدیا، پاشەڵی دەیان کوردەبۆرەی ئەم سەردەمەی بۆ هەڵداوینەوە و دەتوانین بە ئاسانی لە دۆخی ناهەمواری کەسایەتییە کوردستانییەکانی ئەوێ رۆژێی وەک شەوقی بەگ، بەدەست کوردەبۆرەکانەوە تێ بگەین.

هەر بۆ نموونە،

لە سۆشیال میدیا بنوسە کەرکوک داگیرکراوە...یان فاشیزم لەناو شیعەکان لەهەڵکشاندایە... یان کورد لە عێڕاق هەڕەشەی جینۆسایدی لەسەرە... یان داهاتوومان وەک نەتەوەیەک لە مەترسی لەناوچوندایە... خۆت دەبینیتەوە وەک ئەوێ رۆژێی شەوقی بەگ، دەیان کوردەبۆرەی کۆیلەت لێ راست دەبنەوە و ئەگەر نەشتوانن تیرۆری فیزیکیت بکەن، تیرۆری کەسایەتیت دەکەن و دەیان تۆمەتی فاشیزم و راسیزمت دەخەنە پاڵ.

هەر بۆ نموونە،

لە سۆشیال میدیا بنوسە، ئەردۆغان فاشیست و زۆردارە و دین وەک تیجارەت بۆ کۆیلەکردنی کورد بەکار دێنێت ، یان تورک داگیرکەرە و مەبەستی داگیرکردنی کوردستانە... بەهەمان شێوە، دەیان کوردەبۆرە، لە جۆرەکەی تر هەوڵی تیرۆری کەسایەتیت دەدەن، ئیخوانەکان بە تۆمەتی کافر و مورتەد و پارتییەکانیش بە تۆمەتی پیاوی ئیتیلاعات تیرۆری کەسایەتیت دەکەن.

داخەکەم، پێشبینییەکەی شەوقی بەگ راست دەرچوو. کورد لەخەو هەڵنەستا و لە سەردەستی تورک لە ئەرمەنییەکان خراپتری لێ بەسەرهات.

(٩٨) ساڵ بەسەر دیدارەکەی شەوقی بەگ و جگەرخوێندا تێدەپەڕێت، هێشتا کورد هەر لەخەودایە، ئەوانەشی لەخەو هەڵساون هێشتا خەوی برایەتی گەلان و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەگەڵ هەرسێ نەتەوەی سەردەست و داگیرکەر بەری نەداون.

(٩٨) ساڵ بەسەر دیدارەکەدا تێدەپەڕێت و هێشتا جەستەی کورد ئەرمەنی ئاسا لەسەردەستی تورک لە خاچ دەدرێت.

  مێژووی تورک خوێن و جەنگە.

٦٠٠ ساڵە تورک حوکمڕانی ئەو ناوچەیەن... لەو ٦٠٠ ساڵەدا (٦) ساڵ نادۆزیتەوە تورک لە جەنگدا نەبووبێت.

هەرکاتێک نەیتوانیبێت لەدژی وڵات و گەلانی تردا بجەنگێت لەدژی کورد و گەلانی بندەستی دیکە جەنگاوە.

٦٠٠ ساڵە تورک حوکمڕانی ئەو ناوچەیەن... مێژووی ئەو ٦٠٠ ساڵەی کورد مێژووی کۆیلەتی و قوربانی بووە. کورد یان کۆیلەی تورک بووە و جاشێتی و کوردکوژی بۆ کردووە، یان یاخی بووە و بۆتە قوربانی سیندرۆمی خوێنڕێژی تورک.

ئای چەند پێویستمان بە شەوقی بەگێکە پەلی مەسعود بارزانی بگرێت و لەسەری رەش دووری بخاتەوە و بیبات بۆ چۆڵەوانی و پێی بڵێ:

لەخەو هەستە... ببینە لە چ دۆخێک دایت، کوردت کردۆتە دوژمن و تورکی دوژمنیشت کردۆتە دۆست.

لەخەو هەستە... وا تورک گەییشتونەتە بەر دەرگەی ماڵت، ئاوا بڕوات لەسەردەستی تورک چارەنووسمان لە ئەرمەنییەکان نا، لە کوردەکانی باکور تراژیدی تر دەبێت.

لەخەو هەستە... ئەتاتورک چەند رێزی لە کوردەبۆرە هاوپەیمانەکانی گرت ئەردۆغانیش هەر هێندە رێز لەتۆ دەگرێت.




ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟