TEVDA Press

د. نیاز نه‌جمه‌دین

مەگری كەسەكەم، شانازیی بكە

| Thursday, 02.18.2021, 03:38 PM |



ئارامبەرەوە گوڵەكەم،

باوكێك هەیە بۆ ئەوەی منداڵەكانی تێروتەسەل بژێنێت، بە هەڵبەستنی درۆ و لەسەر زیندانیكردنی باوكێكی دیكە خۆی و منداڵەكانی دەژێنێت. باوکێک هەیە خۆی فڕێدەداتە زیندانەوە بۆ ئازادیی منداڵەکانی. ئاسودەبە كە نەوەی باوكی دووەمیانیت.

هێمنبەرەوە دڵەكەم،

باوكێك هەیە لە چوونیەوە بۆ ئیشەكەی تا ئەگاتەوە ماڵەكەی، هێندەی خوێنی خەڵك خواردۆتەوە لە پارەیەكی پیس زیاتر هیچی تری نییە بیبەخشێتە خێزانەكەی، باوكێكیش هەیە هێندەی میهرەبانیی بۆ خێزانەكەی جێهێشتووە تا ئەبەد پێی بژین. شانازیی بكە كە باوكی تۆ لەوەی دووەمیانە.

دڵتەنگ مەبە باوانم،

باوكێك هەیە حاكمی وڵاتە، حیمایە و ئوتومبێلی هەیە، بە نوكە قەڵەمێك باوكێك، برایەك، كوڕێك بۆ شەش سال َزیندانیی دەكات. بەڵام لەوە زیاتر نییە باگردێنی ماڵی پاشایەوە و سەربانی پێ دەكوتنەوە تا كاتێك باران باری، دڵۆپە ماڵەكەیان هەرەس پێنەهێنێت. باوكێكیش هەیە ئازا و نەبەز، وەك هەورە بروسكە بەسەر ماڵی پاشادا دەقریشكێنێت. كچێك، یان خوشكێكی ژیری وەك تۆشی هەیە، فرمێسكەكانی دەبنە بارانێكی بەخوڕ و ئەمڕۆ یان سبەی بەسەر خانووە شڕەكەیاندا دەبارێت، ریسەی حاكمە باگردێنەكە دەكاتەوە بە خوری، ماڵیان تەختی زەوی دەبێت. باوكی تۆ هەورەبروسكەكەیە، خۆشتر نییە لەوەی باگردێنەكە بێت؟

مەگری كەسەكەم،

مەگری، نەبادا یەكێك لە پیاوە سوكەكانیان راسپێرن گریانی تۆ پیشانی بابە بدەن تا چۆك دابدات. دڵخۆشبە كچی باوكێكیت ئەمڕۆ دەیان هەزار كەس لە ماڵەكانیانەوە لەگەڵ تۆدا بۆی دەگرین، لە بری ئەوەی تفی تێبكەن.

شانازی بكە رۆحە شیرینەكەم،

باوكێكە هەیە مەسرورە بەوەی "ئەندازیاری زیندووكردنەوەی زیندانی سیاسی"یە و باوكێكیش هەیە هەقیقەتی زیندانە تاریكەكانیان ئاشكرا دەكات و دەبێت بە یەكەم زیندانی سیاسی. تۆ شانازی بكە كچی ئەوەی دووەمیت.

بێ خەم بنوو،

سزادانی باوكت و هاوڕێكانی چەقۆیەكە و بە دڵی نەك هەر كەسێكی ئازادیخوازی ئەم جیلەدا كراوە، بەڵكو بە دڵی جیلی داهاتووشدا. مێژووش ئەم تاوانە گەورەیە لە پاڵ تاوانەكانی دیكەدا تۆمار دەكات و جیلێك هەر دێن هەقی نەك ئەمڕۆ بەڵكو سەدان رۆژی بەباچووی تەمەنی خۆمان و باب و باپیرانمان بەدەست ئەم بودەڵانەوە، بكاتەوە.
نیاز نه‌جمه‌دین