TEVDA Press

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان سزای زیندانیانی بادینان مەحکوم دەکات

| Thursday, 02.18.2021, 07:20 PM |


(دەقی بانگەوازی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان)

دادگاییکردنی چالاکوانان و رۆژنامەنووسانی بەهدینان بە نایاسایی و نا دادپەروەری دەزانین!
داوا لە دادگای تەمیز دەکەین کە ئەو بڕیارە هەڵبوەشێنرێتەوە.
رۆژی سێشەممە 16 ی شوباتی 2021 دادگای دووی هەولێر 5 – پێنج لە چالاکوان و رۆژنامەنووسانی دەڤەری بەهدینان هەر یەک لە ( شێروان شێروانی، گوهدار زێباری، هاریوان عیسا مامۆستا شڤان سەعید و ئەیاد کەرەم ) بە شەش ساڵ زیندانی دادگایی کرد. بەگوێرەی ئاگاداری و زانیاریەکانمان لە چۆنیەتی بەڕێوچوونی دانیشتنی دادگاییکردندا، بە گشتی نادادپەروەرانە و  نایاساییانە بوو. سەد لە سەد سیاسی و تاک لایەنانە بوو. لەلایەکەوە ئەوا بۆ یەکەم جارە لە ماوەی 30 ساڵی حوکمڕانی  لە باشووری کوردستان دا دەبینرێت و هەستدەکرێت کە دادگە و دادوەر هەیە و خەڵک دادگا دەکات. هەڵبەت سیستەمی بەڕێوەبەرایەتیی هەر حوکمڕانیەک بە دەستوور و یاساوە جوان و شارستانییە و سەرکەوتوو دەبێت، بەڵام دەبێ  یاسا و دادگەیەکەی دادپەروەرانە و تا سەر ئێسقان سەربەخۆ بێت. هەروەها بە رەهایی لەژێر فەرمانی لایەن و حیزبەکانەوە نەبێت و ئازادانە و عادیلانە لە سەرووی دەسەڵاتەوە بڕیار بدات، واتە سەروەری هەموو دەسەڵاتەکانەوە بێت. نەک رق و کینەی حیزبی ببێتە بڕیاری دادگا و بە ناحەق هاوڵاتیان دادگابکرێن. ئەوەی دوێنی لە ناو هۆڵی دادگا دا بەڕێوەچوو و ئەو حوکمەی لێکەوتەوە، رێک ویست و بڕیاری سیاسیی حیزبی بوو و چەند رۆژێک پێشتر خەڵکی ئەو تۆمەتانەیان لە زاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمەوە بیست و رێک هەر ئەو قسانەیشی بوونە بڕیاری دادگایی کردنەکە. لەلایەکی ترەوە ئەو تاوانانەی کە لە سەری دادگایی کران بێ بەڵگەو بێ بنەمای یاسایی بوون و لە هەندێک کەیسیشدا دەبوو بە دواداچوونی زیاتری بۆ بکرایا، ئەوجا بڕیاری لەسەر بدرایە.
تێپەڕاندن و قەبوڵکردنی ئەم جۆرە بڕیارانەی دادگاکانی هەرێمی کوردستان، سەروەربوونی یاسا و ئازادی را و را دەربڕین و دیموکراسیی بەرەو ئاراستەیەکی ترسناک و ماڵوێرانکەر دەبات و زەرەر بە هەموو پرۆسەکە دەگەیێنێت.
- بۆیە ئێمە لە کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان دەنگمان دەخەینە پاڵ دەنگی هەموو ئەو دڵسۆز و مافخواز و رێکخراوەکانی بواری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان و ئەم بڕیارەی دادگاییکردنی چالاکوان و رۆژنامەنووسانی دەڤەری بەهدینان سەرکۆنە و مەحکوم دەکەین.
- داوا لە دادگای تەمیز دەکەین کە بە زووترین کات بریارەکە هەڵوەشێنێتەوە و ئەو بەڕێزانە ئازادبکرێن.

کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ ـی ک ن ک ـه
17 ی شوبات 2021