TEVDA Press

هەڤاڵ ئاکۆ

تۆمەت و سیناریۆكانی پارتی

| Thursday, 02.18.2021, 09:09 PM |



ھاوینی ساڵی 1995 لەبنکەی ئاسایشی مەسیف لەگەڵ دەیان كەسی تر بەند کرابووین ئەو ڕۆژەی کەبڕیار بوو بمانگوازنەوە زیندانی ئاکرێ كامیۆنێكی ڕەنگ سپیان هێنا بۆ گواستنەوەمان ئێمە لە داڵانی سجنەكە ڕیز كرابوین وەك ئامادەكاری بۆ گواستنەوەمان لەپڕ چەند كەسێكی بیانی كە پێكھاتبون لە ژنێك و دوو پیاو بەژور كەوتن دواتر زانیمان ئەوانە نوێنەری ڕێکخراوی (صلیب الاحمر)ی نێودەوڵەتین هاتنە نێو سجنەكە داوای تۆماركردنی ناوی زیندانیانیان کرد گوێم لێبوو مدیری سجنەکە دەیگوت (هم مجرمین خطیرین جدا) واتا ئەوانە تاوانباری زۆر ترسناكن، یەكێ لە نوێنەرانی خاچی سوری نێو دەوڵەتی پێداگری لەسەر تۆماركردنی ناوی بەندكراوەكان دەکردەوە، تا دواجار بەڕێوبەری سجنەكە كە زانی سورن لەسەر داواكەیان ناچار بەداواکەیان ڕازی بوو.
نوێەرێكی صلیب احمر و مدیری سجنەكە لە ژورێكی بچوك دانیشتن یەك یەك زیندانیەكانیان دەبردە لایان ناوەكەیان تۆمار دەكردو دەیانخستنە نێو كامیۆنەكە، کاتێک بانگی منیان کرد نوێنەرەکەی صلیب احمر سەیرێکی منی کرد ھەرزە كارێكی بچكۆڵانە تەمەنم تەنھا ١٦ ساڵان بوو، بەسەر سوڕمانەوە ڕووی کردە بەرێوبەری سجنەکە گوتی (لماذا هذا الولد مسجون)؟ بۆچی ئەم كوڕە گیراوە ؟ مدیری سجنەکە نەیزانی من زمانی عەرەبی دەزانم گوتی (هذا قتَلَ أخته) ئەوە خوشكی خۆی كوشتوە، نوێنەرەکە بە سەرسوڕمان و چاوێکی زۆر بە بەزەییانەوە لەمنی ڕوانی سەرێكی بادا و ھەناسەیەكی قوڵی ھەڵكێشا، منیش هەر بەڕاستی وامزانی تاوانێكی لەم شێوەم كردوە، ئەو تۆمەتە زۆر توڕەی كردم بیرم کردەوە ھەرچۆنێك بێ و ھەرچیم لێبكەن تازە ناتوانم ھیچ بگۆڕم، دواتر ئێستا لەو سجنە دەڕۆم بۆ وەڵام نەدەمەوە! خۆم بۆ نەگیرا بەنوێنەرەکەی خاچی سورم گووت (نعم انا قتلت اختي ولكن هذا الرجل دفعني) بەڵێ من خوشكی خۆم كوشتوە بەڵام ئەو پیاوە ھانیدام، هەردوکیان بێ دەنگ بوون سەیری یەكتریان كرد دواتر مدیری سجنەکە ڕویکردە من چاوێكی زەق كردەوە ڕوی كردەوە نوێنەرەکەو گووتی (هذا یكذب ،منیش وتم وهذا ايضا) مدیری سجنەكە گوتی ئەوە درۆ دەكات منیش ڕومكردە نوێنەرەكەو گوتم وەھەروەھا ئەویش درۆ دەكات.
بەهەرحاڵ ئیشی ئەو ڕێکخراوە تەنها چاودێری ڕەوش و ژیانی ڕۆژانەو سەلامەتی زیندانیان بوو  بەڵام بۆ زانیاری خۆی ئەو ڕوداوە گرنگ بوو، نوێنەرەکەی صلیب احمر کەناو و ناونیشانی ماڵەوەو شوێنی كاركردنی باوكم و زۆر پرسیاری تریشی لێكردم لەكاتی ڕۆیشتنم ھەستایەوە سەر پێیان تەوقەیەكی لەگەڵ كردم گوتی دودڵ مەبە لە زیندانی ئاكرێ سەردانیت دەكەمەوە.
دوای ماوەیەك لە زیندانی ئاکرێ سەردانی کردینەوە لەوێ بوو بە هاوڕێم هەموو جار داوای چاوپێکەوتنی منی دەکرد منیش هەرچی زانیاریم لەسەر شوێن بزرکردنی زیندانیەکان و ئازارو ئەشکەنجەو خراپی ڕەوشی زیندانەكە ھەبوو پێم ئەدا، دواجار کارتێكی تایبەت بەخۆی پێدام گووتی هەرکات ئازاد بوی خۆشحاڵ دەبم بێیتە لام.
ئەوکاتەی ئازادکرام لەشاری سلێمانی چومە نوسینگەی ڕێکخراوەکە لە گەڕەكی بەختیاری بەڵام بەداخەوە گوتیان مستر كرستیان لە بنكەی ھەولێری ڕێخراوی خاچی سور كاری دەكرد ئێستا گواستراوەتەوە بۆ ئەفریقا.
هەڤاڵ ئاکۆ