TEVDA Press

حاکم شێخ لەتیف

چەند وەڵام و رونکردنەوەیەک سەبارەت بە کەیسی حوکمدراوانی بەناھەقی بادینان

| Friday, 02.19.2021, 09:03 PM |



یەکەم / سەرەتا کارێکی باشە کە سەرۆکی ھەرێم و جێگری سەرۆکی حوکمەت درکیان بەنادادی حوکمەکە کردوەو ھاتونەتە سەرخەت ، بەڵام ئەوە ئەو راستیە ناشارێتەوە کە ھەردوکیان ئەندازیاری تێک دانی دادگاو دادوەرین بەبەڵگەوە، ئێمە زۆرمان وت و وتەوە سودی نەبو گوێتان نەگرتو ھەر بەردەوام بوون لە بەحیزبی کردنی دادگا ، پێم سەیرە ئێستاخۆتان داوای ئەوەیان لێ دەکەن شکۆو سەربەخۆیی خۆیان بپارێزن .
بەداخەوە کار گەشتۆتە ئەوەی کە نەک ھەر ھاوڵاتیان متمانەیان بەدادگاو دادوەری نەمێنێ بەلکو نوێنەری ولاتان و نەتەوەیەکگرتوەکان و رێکخراوەکامی مافی مرۆڤیش متمانەیان نەماوە ، لە دیدارێکدا دیندار زێباری  بە حیسابی خۆی بەرگری لە حوکمی دادگا دەکرد ، بەلام دانی بەراستیەکی تاڵدا دانا كە وتی لە ئێستادا متمانەمان لای نوێنەری ولاتان و رێکخراوەکان زۆر لاواز بوە داوای زانیاریمان لێ دەکەن لەسەر بابەتێک بە راپۆرتی ورد وەڵامیان دەدەینەوە ، کەچی دوای ماوەیەکی کورت داوای راپۆرت دەکەنەوە لێمان لەسەر ھەمان بابەت ، ھەر بۆیە ھەرێم رۆژبەرۆژ ناوبانگی لەدەرەوە بەرەو نەمان دەچێت .بۆیە ئەوە کافی نیە ئەم نادادیەو ئەم ھەلە زەقە راست بکەنەوە، بەڵکو دەبێ ئەوەی تێکیان داوە چاکی بکەنەوە، ئینجا دەتوانن رەخنە لە بریارە نادادپەروەرەکانی دادگا بگرن
دوەم/ بۆ ئەنجومەنی دادوەری کە دەڵێن کەیسەکە بەیاسایی رۆیشتوەو نابێ رەخنە بگیرێ و فشار بکرێ دەڵێین :
١- سەبارەت بەفشار کردن لە سیستەمە دیموکراتیەکان لەسەر دادگاش جائیزە وەک چۆن لەسەر دەسەلاتەکانی تر جائیزە،
فشار لەسەر ھەرسێ دەسەلاتەکە لەلایەن رای گشتی و رێکخراوەکان و گروپەکانی فشار زۆر ئاساییە ئەوە دەست تێ وەردان نیە
دەست تێ وەردان لەلایەن دەسەلاتداران و بریاربەدەستانەوەیە جا حکومی بن یان حیزبی یان خودی بەرپرسانی  دەسەلاتی دادوەریەوە بێت،
بەلام فشار لەلایەن خەلک و رای گشتی بۆ سەربەخۆ کردنی دەسەلاتی دادوەری بێت بەگشتی یان بۆ کەیسێکی ئاسایی بەتایبەت ئەو کەیسانەی دەبنە کەیسی رای گشتی ئاساییە بەتایبەت کە بزانرێ نادادی و زولم کراوە خەلک و رای گشتی فشار دەکەن کە ئەگەر نادادیەک ھەیە راست بکرێتەوە، رێک وەک ئەم کەیسە .
دواجار دادگا یان بەپیر فشارەکەوە دێت بەتایبەتی ئەگەر زانی نادادی ھەیەو ویستی راستی بکاتەوە
یان سور دەبێ لەسەر بریاری دادگای ژێرەوە
لەھەردو حال ئەوە دەستێوەردان نیە،فشارە فشار جائیزە چونکە خەلک بریار بەدەست نیە یان دەست وەرناداتە کاری دادگا
ئەی باشە کە حەفتەیەک پێش دادگاییەکە سەرۆکی حوکمەت خۆی خستە جێگای دادگاو بریاریشی دا کەئەوانە تیرۆریستن بۆچی ئەنجومەنی دادوەری نەھاتە دەنگ بڵێ ئەوە دەستێوەردانی کاروباری دادگایەو قبوڵی ناکەین؟
٢- سەبارەت بەوەی دەڵێن دادبینیەکە یاساییو شەفاف بوە من تەنھا ئەم خاڵانە ی خوارەوە بەنمونە دەھێنمەوە لەسەر پێشیل کاریەکان لەھەردوو قۆناغی لێکۆلینەوەو دادبینی
ا- بەگوێرەی ھەمواری یاسای دادبینی سزایی ساڵی ٢٠٠٣ ی پەرلەمانی کوردستان ، مادەی ١٢٣ ، ئەگەر تۆمەتبار پارێزەری ئەسڵی خۆی ھەبێ و رێگەی پێنەدرێ ھەر وتەیەک لە تۆمەتبار وەربگیرێ لەروی یاساییەوە پوچەڵە و دەبێ دادگای بابەت « موضوع» ئەو ئیفادەیە وەک بەلگە وەرنەگرێ و پشت گوێی بخات ،ئەوە یاسای پەرلەمانی کوردستانە ، دەبێ دادگاکان پابەند بن پێوەی پێشیل کردنی ئەو دەقە ناو دەنێن چی؟
ب- وەرگرتنی وتەی نوێنەری ئەنجومەنی ئاسایش لەکوێی یاسا دا ھەیە ، ئەنجومەنی ئاسایش دەزگایەکی لێکۆلینەوەیە لە جیاتی پۆلیس بۆ ئەو تاوانانەی کە بەگوێرەی یاساکەی خۆیان دەچنە دەسەلاتی ئاسایش ئیتر ئەو خەسم نیە تا وتەی وەربگیرێ ، خەسم و نوێنەری مافی گشتی لە ھەموو دەعوایەکی جەزائیدا تەنھا داواکاری گشتیە ، جا ئەگەر وابێ دەبی دادگا لەھەموو کەیسەکانی پۆلیسیش وتەی نوێنەری پۆلیس وەربگرێ ، لەسەردەمی بەعسیش ھەرگیز شتی وانەبوە نە دادگای ئاسایی نەدادگای تەنانەت سەورەش وتەی نوێنەری ئەمنی عامە وەربگرێ ، ئاخر نابێ خۆی دەزگای لێکۆلینەوەبێ و خەسمیش بـێ
ج— لەکوێی یاسادا ھەیە رێگا بەکەس و کاری تۆمەتبار نەدەی تۆمەتبار ببینێ ، ھەموو یاساو جارنامەکانی مافی مرۆڤ جەختی لێ دەکەنەوە ، لەیاساکانی ھەرێمیش تەنھا بۆ ماوەیەکی کەم تا لێکۆلینەوە لەگەڵ تۆمەتباران تەواو دەبێ دەشێ لێکۆلینەوە بۆ لایەنەکانی دەعو نھێنی بێ و لەو ماوەکەمە ئاساییە رێگایان پێ نەدرێ ، بەڵام چوار پێنج مانگ رێگایان پێ نەدرێ پێم ناڵێن لە غەیری رژێمی بەعس و ھاوشێوەکانی لە کام رژێمانەدا ھەبوە ، سەیرە  دەشلێن بۆچی ناوبانگی ھەرێم رۆژ بەرۆژ بەرەو لاوازی دەچێت؟
د- دەڵێن بۆیە سەرۆکی دادگا گۆراوە ، چونکە سەرۆکی ئەسلی دادگاکە نەخۆشەو لە چارەسەرە ، ئامننا بیلا باوەر بەوەدەکەین وھیوای چاک بونەوەی خێرای بۆ دەخوازین، بەڵام ئەی ئەم پەلەپەلە بەچی لێک دەدەنەوە لەکەیسێک کە خۆتان دەلێن تیرۆرە ؟ کام کەیس ئەوەندە پەلەی تیاکراوە ؟لەوانەیە بلێن لەبەر ئەوەی راگیراون بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەلام ئەوە لەحالێکدا ئەگەر ھەموو دادبینیەکە ھەقی خۆی پێبدرێ و داواکاری راست و رەوای لاینەکانی کەیسەکە بەتایبەتی پشت گوێ نەخرێ، نەک ھەر ھەلپروکاندن بێ،
بۆ نمونە یەکێک لەتۆمارە دەنگیەکان شیروان شیروانی دەڵی ھی من نیە ، دادگا دەڵێ دەینێرین بۆ خەبیر ،کەچی ھەر ھەمان جەلسە کۆتایی بە دادگایە ھێنراو بریاری تێدا دەرکرا ، ئەی عەدالەت ئەوە نەبوو جەخت لەم ئیدیعایەی تۆمەتبار بکرێتەوە لەروانگەی  رەخساندنی مافی بەرگری لەخۆکردنی پیرۆز؟
دیارە نمونەی تریش ھەن  بەلام لێرەدا تەنھا ئیکتیفا بەوەندە دەکەم
حاکم شێخ لەتیف