TEVDA Press

دوا بڵاوکراوەکانی تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی (٢/٢/٢٠٢١ - ٢١/٢/٢٠٢١)

| Sunday, 02.21.2021, 12:41 PM |


تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی هۆشیاری توند دەدات لەبارەی بڵاوبونەوەی کۆرۆنای گۆڕاوەوە

تۆڕەکەمان بە ناڕەحەتیەکی گەورەوە دەڕوانێتە ئاماژەکانی بڵاوبونەوەی کۆرۆنای گۆڕاو لە کوردستاندا. بەلای ئێمەوە ئێستا کوردستان ڕوبەڕوی شەپۆلی سێهەمی کۆرۆنا بوەتەوە.
تۆڕەکەمان و شارەزاکانی بەلای کەمەوە مانگێک پێش ئێستا پێشبینی ئەم شەپۆلە تازەیەی کۆرۆنامان کردبو. هاوکات داواشمان لە وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە پلان و بەرنامەی پێویست بگرنە بەر بۆ ڕێگرتن لەم شەپۆلە تازەیە.
بەڵام بەداخەوە وەزارەت و دەزگا پەیوەندیدارەکان بە کەمتەرخەمیەکی زۆرەوە مامەڵەیان لەگەڵ ئەم بابەتە کرد. بۆ نمونە لە مەسەلەی بەدەستهێنانی ڤاکسین، جگە لە چەند خۆدەرخستن و نمایشێکی میدیایی هیچی دیکە نەکراوە و تا ئێستا یەک دانە ڤاکسینینش نەگەشتوەتە کوردستان.
لە هەمو ئەمانە خراپتر، بەرپرسە تەندروستیەکان زانیاری هەڵە و نازانستی بڵاودەکەنەوە. بۆ نمونە سەباح هەورامی، بەرێوەبەری تەندروستی سلێمانی لە ڕاگەیاندنێکی پڕ لە هەڵەی زانستی دەڵێ کۆرۆنای گۆڕاو جیاوازی ئەوتۆی نیە لەگەڵ ئەوەی پیشو. ئەمە لە کاتێکدا دەرکەوتوە کە کۆرۆنای گۆڕاو خێراتر بڵاودەبێتەوە و لە منداڵان و هەرزەکارانیش مەترسیدارترە بە بەراورد بەوەی سەرەتا.
ئێمە تکا لە هاوڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان ئەکەین کە خۆیان بپارێزن لەم ڤایرۆسە نەگریس و کوشندەیە. هەروەها داوایان لێدەکەین کە قسە نازانستی و کەمتەرخەمییەکانی دەسەڵاتدارە حیزبیەکانی تەندروستی ساردیان نەکاتەوە لە خۆپارێزی. دواجار لە دەستدانی یەک تاقە خۆشەویستمان بەهۆی ئەم ڤایرۆسە نەگریسەوە کارەساتێکی گەورەیە.
تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی
٢٠٢١/٢/٢١


تۆڕی پاراستنی تەندروستی بە توندی سەرکۆنەی لیدوانەکانی بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی دەکات

د سەباح هەورامی بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی چەند لێدوانێکی سەرسورهێنەڕی داوە لەبارەی کۆرۆناوە.
د سەباح دەڵێ کە "کۆرۆنای گۆڕاو جیاوازییەکی گەورەی لەگەڵ کۆرۆنای دیکە نییە و ترسی ناوێت."
ناوبرا دەڵێ گوایە "دۆخی کوردستان لە ڕوی کۆرۆناوە باشە". هەروەها دەشڵێ "خەڵک با خۆی بپارێزێ و ئەگەر توشبو ئەوا ئێمە چارەسەریان ئەکەین".
ئەم قسە و لێدوانەی سەباح هەورامی پڕە لە هەڵەی زانستی و لێکدانەوەی هەڵە. بەم قسە و بیکردنەوە و ڕەفتارانە ناوبراو وەکو بەپرسی یەکەمی تەندروستی سلێمانی، پارێزگاکە ڕوبەڕوی هەڕەشەی کارەساتێکی گەورە دەکاتەوە.
پێش هەمو شتێ، کۆرۆنای گۆڕاو جیاوازی هەیە و خێراتر دەگوازرێتەوە و بە سەختی منداڵ و هەرزەکار توشدەکات. نازانین سەباح هەورامی بە چی حەق و ویژدانێک زانیاری هەڵە بڵاودەکاتەوە لە بارەی مەسەلەیەکی زانستیەوە کە پسپۆری ئەو نیە.
ئەمەی ناوبراو لەسەر کۆرۆنای گۆڕاو دەیڵێ نەزانیەکی گەورەیە. بەڵام نەزانیەکی سەباح هەورامی لە بارەی دۆخی کوردستانەوە گەورەترە کە دەڵێ 'دۆخەکە باشە'. ئەم جۆرە قسە بێ بەڵگانە لەو ڕاستە ناگۆڕن کە کۆرۆنای گۆڕاو لە حاڵی حازردا بە فراوانی بڵاوبوەتەوە لە کوردستاندا. هەر بەهۆی سیاسەتە سەقەت و لێدوانە هەڵە و بێباکیەکی ناوبراو کوردستانی خۆشەویست لە بەردەم هەڕەشەی گەورەدایە.
سەباح هەورامی زۆر بێمنەتانە دەڵێ ئەگەر خەڵک توشی کۆرۆنا بێ ئەوا گوایە 'ئەو چارەسەریان دەکات' ئێمە لە ناوبرا دەپرسین بە چی چارەسەری خەڵک دەکەی؟ بە نەخۆشخانە ئیفلیجکراوەکانت؟ بەو تەندروستکارانەی کە موچەیان نادەنێ؟ بەو قاوشانەی هەناو کە هیچ خزمەتگوزاریەکی بەو چەند قەڕوێڵەیی چاودێری چڕە کە هەتە لە هەمو پارێزگاکە؟
ئێمە دەزانین چۆن خەڵک چارسەر دەکەن. لەو نەخۆشخانە تایبەتانەی خۆتان شەریکیانن، چارەسەریان دەکەن کە شەوی ٢٠٠٠ دۆلار لە خەڵک وەردەگرن. بە وەرگرتنی ٣٠ وەرەقە بۆ دەرمان چارەسەری خەڵک دەکەن. بەو چارەسەری خەڵک دەکەن لە نەخۆشخانە تایبەتەکانتان دەیاندەنە بەر تیشک و بە پارەیەکی زۆر پشکنینیان بۆ دەکەن.
ئێمە گومانمان هەیە کە بەرپرسانی تەندروستی بە مەبەست گوێ نادەنە هەڕەشەی کۆرۆنا و خۆیانی لەگەڵ ماندوناکەن. لە ڕاستیدا کۆرۆنا بۆ ئەوان و سیاسیە بازرگانە شەریکەکانیان نیعمەتێکە قەت دوبارە نابێتەوە و نایانەوێ لە دەست خۆیانی دەرکەن.
بەم لێدوانانە، سەباح هەورامی ئیسپاتی کرد کە ناوبراو شایانی ئەو پۆستە نیە کە داگیریکردوە و بۆ خەڵکی سلێمانی باشترە کە ناوبراو بچێتە ماڵەوە تا خۆی و وەزیرەکەی ئەم میللەتە خێر لە خۆنەدیوەیان توشی کارەساتی گەورەتر نەکردوەتەوە.
تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی
٢٠٢١/٢/٢٠



تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی داوای شەفافیەت لە دابەشکردنی یەک ملیۆن دۆلار هاوکاری نێودەوڵەتی دەکات

بە گوێرەی زانیاریەکانی تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی، ئەمرۆ ٢٠٢١/٢/١٦ وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕێکی زۆر هاوکاری نێودەوڵەتی وەرگرتوە کە دەگاتە بایی یەک ملیۆن دۆلاری ئەمریکی.
هەر بە پێی سەرچاوەکانی تۆڕەکەمان، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ١٣ تۆن کەرەستەی پزیشکیی و ئامێری پێشکەشی وەزارەتی تەندروستی کردوە. لە نێو ئەو ١٣ تەن هاوکارییە، کەرەستەی تایبەتی تێدایە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و نەخۆشی کۆڤید ١٩ەوە.
بەشێک لە هاوکارییەکان ئەم کەرەستانە خوارەوەیان تێدایە:
دەمامک
ئامێری ئۆکسجین
ئامێری پشکنینی کۆرۆنا
قەڕوێڵەی خەوتنی نەخۆش
ئامێری چاودێری نەخۆش
کەرەستە و ئامێری دیکە
هەر بە گوێرەی زانیاریەکانی تۆڕەکەمان، هەریەکە لە وڵاتانی ئەمریکا و ئەڵمانیا و کوەیت پارەی ئەو پەیداویستیانەیان دابینکردوە.
ئێمە سوپاسێکی گەرمی تەندروستی جیهانی و وڵاتە بەخشەرەکان دەکەین. هاوکات داواش دەکەین کە وەزارەتی تەندروستی شەفافانە مامەڵە لەگەڵ ئەم هاوکارییانە بکات. داواش دەکەین کە بە شێوەیەکی یەکسان و بەگوێرەی پەیداویستی ناوچە جیاجیاکان دابەشبکرێ.
ئێمە وەکو تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی لە پەیوەندیدا دەبین بە تەندروستی جیهانی و وڵاتانی ئەمریکا و کوەیت و ئەڵمانیا بۆ دڵنیابون لەوەی کە ئەو هاوکارییانە بەشێوەیەکی شەفاف دابەشدەکرێت بەبێ لە پێش چاوگرتنی فاکتەری سیاسی و ناوچەیی.
تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی
٢٠١٢/٢/١٦



تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی هۆشیاری توند دەداتە نەخۆشخانەی فێرکاری هەولێر

بەگوێرەی ئەو بەڵگە و وێنانەی کە دەست تۆرەکەمان دەرکەوتەوە کە قەڕەباڵەغیەکی زۆر لە نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاری بونی هەیە.
وەکو لە وێنەکاندا دەردکەوێ، ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیان لە جێگایەکی تەسکدا کۆکراونەتەوە.
بە گوێرەی شارەزایانی تۆڕەکەمان ئەم جۆرە لە قەڕەباڵەغی ژینگەیەکی زۆر گونجاو دروستدەکات بۆ بڵاوبونەوەی کۆرۆنا. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڤایرۆسەکە بە خێرایی لە کوردستان بڵاودەبێتەوە.
لێرەوە داوا دەکەین کە نەخۆشخانە و دەزگا تەندروستیەکان پێش هەمو شوێنێکی تر پابەندن بە رێکارەکانی خۆپارێزی.
داواش دەکەین ئەو دەزگایانە ببنە نمونەی خۆپارێزی و ڕێگریکردن لەبڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە نەکو وەکو ئێستا خۆیان ببنە سەرچاوەی ڤایرۆسەکە.
هەروەها دەکرێ سود لە تەکنەلۆژیای سەردەمیانە و مۆدێرن بکرێ بۆ ڕێگری لە دروستبونی قەڕەباڵەغی. بۆ نمونە دەکرێ سیستمی مەوعید جێبەجێبکرێ و هەروەها ئامێری ئیلکترۆنی بۆ چونە ژورەوە بە پەنجەمۆر دابینبکرێ.
تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی
٢٠٢١/٢/١٦



تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی سەرکۆنەی ڕەفتارێکی تەندروستی هەولێر دەکات

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی کە دەست تۆڕەکەمان کەوتوە، بەرپرسانی تەندروستی هەولێر بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی پارێزگاکەیان کردوەتە شوێنی خواردنی گیپە و سەروپێ.
وەکو لە وێنەیی لەگەڵ ئەم ڕاگەیاندراوە بڵاویدەکەینەوە، دەردەکەوێ کە تەندروستی هەولێر کراوەتە شوێنی ئەنجامدانی خوان و داوەتکاری.
ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە کە تەندروستی هەولێر بەشێوەیەکی زۆر ناشارستانی و ناتەندروست بەکارهاتوە بۆ خواردنی گیپە و سەروپێ. ئەمە لە کاتێکدایە کە وێنەکانی مەلا مەستەفای بارزانی و مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی لە باکگراوەندەکە دەردەکەوێ.
ئێمە بە توندی سەرکۆنەی ئەم ڕەفتارە نا پرۆفیشناڵ و ناشارستانی و نا تەندروستە دەکەین. ئەم جۆرە ڕەفتارانە لە لایەن کادیرە حیزبیەکانی ناو تەندروستی هەولێر ئەوپەڕی بێڕێزی و بێحورمەتیە بەرامبەر بە کاری پیرۆزی تەندروستی. ئەوەش بە بیری کادیرە حیزبیەکانی تەندروستی هەولێر دەهێنینەوە کە وەکو چۆن دەزگا تەندروستیەکان شوێنی حیزبایەتی و سیاسەت نین ئاوەهاش شوێنی گیپە و سەروپێخواردن نین.
ئەم ڕەفتارانە دەریدەخەن کە دەزگا تەندروستیەکان و پیشەی پیرۆزیی پزیشکی و تەندروستی بەدەست کادیرە حیزبیەکانی پارتیەوە گەیشتوەتە چی ئاستێک لە داڕوخان و پوکانەوە.
ئێمە داوا لە بەرپرسانی تەندروستی هەولێر دەکەین کە داوای لێبوردن بکەن لەبەرامبەر ئەم ڕەفتارە ناشرینانە. هاوکات داواش دەکەین کە چیتر دەزگا تەندروستیەکان نەکرێتە شوێنی گیپە خواردن و حیزبایەتی و سیاسەتکردن.
تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی
٢٠٢١/٢/١٦



تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی داوای پێدانی مافەکانی کارگوزارەکانی تەندروستی کۆیە دەکات

بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی، کارگوزارەکانی تەندروستی کۆیە بۆ ماوەیەکی درێژە لە مافەکانی بێبەشکراون. ئەم پێشێلکاریی و زوڵمە لە کارگوزارەکانیش بەناوی ئەوەوەیە کە گوایە گرێبەستی کۆمپانیای بەرپرس لەو کارگوزارانە تازەنەکراوەتەوە.
بە گوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری تۆڕەکەمان، کرێکار و کارگوزارەکانی تەندروستی کۆیە، سەرباری ئەوەی کە ماف و شایستە داراییەکانیان نەدراوەتێ، کەچێ ئەوان هەر بەردەوام بون لەسەر کارەکانیان. سەرچاوەیەکی تۆڕەکەمان ئاماژەی بەوە کرد کە کرێکارەکان ترسیان لەوە هەیە لە ئەگەری تازەکردنەوەی گرێبەستی کۆمپانیاکە، خەڵکی تر لە جێگای ئەوان دابنرێ بۆیە بەبێ پارەش ئامادەن بەردەوام بن لەسەر کارەکانیان!
ئێمە بە توندی سەرکۆنەی ئەم ڕەفتارەی تەندروستی کۆیە و کۆمپانیای بەرپرس دەکەین لە بەرامبەر نەدانی شایستە داراییەکانی کرێکارەکان. داواش دەکەین بە زوترین کات پارەی ئەو کرێکار و کارگوزارانە خەرجبکرێت.
هاوکات بە بۆچۆنی ئێمە پێدانی خزمەتگوزاری نا نەخۆشخانە و دەزگا تەندروستیەکان بە کۆمپانیا و کەرتی تایبەت هەڵەیەکی گەورەیە و ئەم دۆخەی سەرەوە تەنها یەکێکە لە دەرئەنجامە خراپەکانی ئەو سیاسەتە. لە پاڵ ئەمەشدا بەتایبەتکردنی ئەو خزمەتگوزارییە گرنگانە بوارێکی گەورە دەرەخسێنێ بۆ گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و بەهەدەردانی پارە.
تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی ئامادەیە هەمو ڕێکارە یاسایی ومەدەنییەکان بگرێتە بەر بۆ گەڕاندنەوەی مافەکانی ئەو کرێکار و خزمەتگوزارانەی کە لەناو کەرتی تەندروستیدا کار دەکەن.
تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی
٢٠٢١/٢/١٦



تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی سەرکۆنەی رەفتارێكی ناتەندروست و نابەرپرسانەی کۆلیژی پزیشكی کۆیە دەکات

رۆژی ٢٠٢١/٢/١٥ سکوڵی پزیشکی کۆیە قەرەباڵەغەیەکی زۆری دروستکردوە لە یەکێک لە هۆڵەکان. ئەم قەرەباڵەغەیە گوایە بۆ پێشکەشکردنی زانیاری بوە لەسەر کۆرۆنا و چۆنیەتی خۆپارێزی لێی.
بەڵام وەکو لە وێنەکان دیارە کە بەشێکیان لێرە بڵاودەکەینەوە، کەمترین پابەندبون هەبوە بە رێکارەکانی خۆپارێزی. لە پاڵ قەڕەباڵەغیەکی زۆر، ژمارەیەکی زۆر کەم نەبێ، دەمامک بەکارنەهاتوە!
ئێمە ئەم رەفتارەی سکوڵی پزیشکی و عەمیدەکەی و رێکخەرانی قەڕەباڵەغیەکە سەرکۆنە دەکەین. ئاگاداریشیان دەکەینەوە کە قەڕەباڵەغی گەورەترین هۆکاری گواستنەوەی ڤایرۆسەکەیە بە تایبەتی وەکو ئەوەی ئەوان کردویانە دەمامک بەکارنەهێنرێ.
ئێمە گومان دەکەین کە ئەم ڕەفتارە ناتەندروستیەی سکوڵی پزیشکی کۆیە بوبێتە هۆی بڵاوبونەوەیەکی خێرای ڤایرۆسەکە لە شاری کۆیەی خۆشەویست. هەروەها لە حاڵەتی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە لە کۆییە، سکوڵی پزیشکی بە بەرپرسیار دەزانین چونکە بەم رەفتارە ناتەندروستە یەکێکن لە هۆکارەکانی بڵاوبونەوەی خێرای ڤایرۆسەکە.
لێرەشەوە داوا دەکەین کە سکوڵە پزیشکیەکان پێش هەمو دەزگایەکی تر زیاتر و باشتر پابەندی جێگا و رێگا تەندروستیەکانی خۆپارێزی دژی کۆرۆنا بن. داواشیان لێدەکەین کە چالاکی و سیمینارەکانیان بە ئۆنلاین بەردوامی پێبدەن.
تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی
٢٠٢١/٢/١٦



تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی سەرکۆنەی رەفتارێكی ناتەندروست و نابەرپرسانەی کۆلیژی پزیشكی کۆیە دەکات

رۆژی ٢٠٢١/٢/١٥ سکوڵی پزیشکی کۆیە قەرەباڵەغەیەکی زۆری دروستکردوە لە یەکێک لە هۆڵەکان. ئەم قەرەباڵەغەیە گوایە بۆ پێشکەشکردنی زانیاری بوە لەسەر کۆرۆنا و چۆنیەتی خۆپارێزی لێی.
بەڵام وەکو لە وێنەکان دیارە کە بەشێکیان لێرە بڵاودەکەینەوە، کەمترین پابەندبون هەبوە بە رێکارەکانی خۆپارێزی. لە پاڵ قەڕەباڵەغیەکی زۆر، ژمارەیەکی زۆر کەم نەبێ، دەمامک بەکارنەهاتوە!
ئێمە ئەم رەفتارەی سکوڵی پزیشکی و عەمیدەکەی و رێکخەرانی قەڕەباڵەغیەکە سەرکۆنە دەکەین. ئاگاداریشیان دەکەینەوە کە قەڕەباڵەغی گەورەترین هۆکاری گواستنەوەی ڤایرۆسەکەیە بە تایبەتی وەکو ئەوەی ئەوان کردویانە دەمامک بەکارنەهێنرێ.
ئێمە گومان دەکەین کە ئەم ڕەفتارە ناتەندروستیەی سکوڵی پزیشکی کۆیە بوبێتە هۆی بڵاوبونەوەیەکی خێرای ڤایرۆسەکە لە شاری کۆیەی خۆشەویست. هەروەها لە حاڵەتی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە لە کۆییە، سکوڵی پزیشکی بە بەرپرسیار دەزانین چونکە بەم رەفتارە ناتەندروستە یەکێکن لە هۆکارەکانی بڵاوبونەوەی خێرای ڤایرۆسەکە.
لێرەشەوە داوا دەکەین کە سکوڵە پزیشکیەکان پێش هەمو دەزگایەکی تر زیاتر و باشتر پابەندی جێگا و رێگا تەندروستیەکانی خۆپارێزی دژی کۆرۆنا بن. داواشیان لێدەکەین کە چالاکی و سیمینارەکانیان بە ئۆنلاین بەردوامی پێبدەن.
تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی
٢٠٢١/٢/١٦



تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی دەستخۆشی لە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا دەکات

رۆژی ٢٠٢١/٢/١٥ بە بۆنەی کردنەوەی بەشی یاری منداڵان بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا لە لایەن ڕێکخراوی منداڵ پارێزەوە، دکتۆر یاد نەقشبەندی بۆ ڕاگەیاندنەکان ئاماژەی بە چەند خاڵێکی گرنگ دا کە جێگای دەست خۆشیە.
بەشێک لەو خاڵانەی دکتۆر یاد ئاماژەی پێکرد لە خوارەوە دادەنێین:
١- نابێت بە هیچ شێوەیەک نەخۆشی شێر پەنجە لە نەخۆشانەی ئەهلی چارەسەر بکرێت و بکرێتە سەرچاوەی مادی بۆ کۆمپانیەکان .
٢- بۆ ئەوەی دکتۆرەکان و کارمەندان نەچنە دەرەوەی نەخۆشخانە دەبێت پارەی بەدەل عیادات بە ڕێک و پێکی دەبەش بکرێت وەک ساڵانی پێشوو
٢- خۆ بەخشەکان کە بەشێکی گرنگی خەستەخانەکەن دەبێت پارەی بەدەل عیاداتیان بۆ سەرف بکرێت ، بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوام بن لە کارەکانیان.
ئێمە دەستخۆشی لە بەرێز دکتۆر یاد دەکەین لەسەر ئەو هەڵوێست و بڕیارانە. هەروەها بەڵێنیش دەدەین کە چاودێرێکی وردی جێبەجێکردنیان بین. لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی ئەو ڕاسپاردە و بەڵێنانە بە توندترین شێوە ڕەخنە لە سەبەبکار دەگرین و هەمو ڕێگا یاسایی و مەدەنیەکان دەگرینە بەر بۆ سزادانی سەرپێچیکەران.
تۆڕی پاراستنی تەندروستی جگە لە ڕەخنەی توند بەرامبەر کاری نەشیاو، هاوکات دەستخۆشیش لە کار و هەنگاوی باشیش دەکەین لەناو کەرتی تەندروستیدا.
٢٠٢١/٢/١٥



تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی لە بارەی رێباز فاوەندەیشنەوە پەیوەندی بە کۆمسیۆنی رێکخراوەکانی بریتانیا دەکات

تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی لە بەدواداچونێکدا پەردە لەسەر زانیاری هەڵە لە لایەن رێباز فاوەندەیشنەوە هەڵدەماڵێ.
بە گوێرەی پێگەی فەرمی رێباز فاوەندەیشن، ئەو رێکخراوە لە بریتانیا تۆمارکراوە. بەڵام دوای ئەوەی تۆرەکەمان بەدواداچونه بۆ ئەو بابەتە کرد دەرکەوتوە کە فاوندەیشنەکە لە بریتانیا تۆمارنەکراوە.
هەر بە گوێرەی ماڵپەڕی فەرمی رێباز فاوەندەیشن، رێکخراوەکە لە ساڵی ٢٠٠٧ گوایە لە لایەن چەند چالاکەوانێکی گەنجی کوردەوە لە بریتانیا دامەزراوە.
بەڵام دوای بەدواداچونی تۆرەکەمان دەرکەوت کە رێکخراوی ناوبراو لە لای کۆمسیونی رێکخراوەکانی بریتانیاوە تۆمارنەکراوە.
رێباز فاوەندەیشن سەر بە بنەماڵەی کۆسرەت رەسول عەلیە و چەندین پرۆژەی تەندروستی هەیە لە کوردستاندا.
تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی
٢٠٢١/٢/١٥



تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی سەرکۆنەی بە پارتیکردنی تەندروستی هەولێر دەکات

ئەمرۆ ٢٠٢١/٢/١٥ بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە کە بۆ ئێمەمانان مایەی شۆک و سەرسوڕمانە.
ڕاگەیاندراوەکە باسی مەراسیمێک دەکات بۆ دەستلەکارهەرڵگرتنی بەڕێوەبەری ئیداری بەڕێوەبەرایەتیەکە. بەڵام ڕاگەیاندراوەکە باسی ئەوە ناکات کە بۆچی بەڕێز فیزوڵلە محمد رەسول لە پۆستەکەی لابراوە. لەوەش خراپتر ڕاگەیاندراوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە بەرپرسی ناوچەی پێشەوای پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەی مەراسیمەکە بوە!
ئەم هەواڵە لە دوو لایەنەوە بۆ ئێمەومانان جێگای پرسیار و ڕەخنەیە.
سەرەتا دەبێ ئەوە لە بەرپرسانی تەندروستی هەولێر بپرسین کە ئاخۆ بەرپرسی ناوچەی پارتی چی پەیوەندییەکی بە تەندروستیەوە هەیە وا ئامادەی کۆبونەوەکانی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر دەبێت؟ ئایا پارتی بەوە دڵی ئاوناخواتەوە کە هەمو پۆستە تەندروستیەکانی هەولێر و دهۆکی بە حیزبی کردوە و هەمو پۆستەکانی بە کادیری حیزبی پڕکردوەتەوە؟ سەرباری ئەوەش ئیتر ناوچە و لقەکانی پارتی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی کۆبونەوە تەندروستیەکان دەکەن؟
لە لایەکی ترەوە، ئایا هۆکاری چیە بەڕێوەبەری کارگێڕی تەندروستی هەولێر لە پۆستەکەی لابراوە؟ ئێمە پێشتر لە چەند ڕاگەیاندراوێکدا ئەوەمان ئاشکرا کرد کە ناوبرا بەدەر لە ڕێنماییەکان و لە کاتی دەوامی فەرمی گوایە خوێندنی باڵای تەواوکردوە. ئێمە چاوەڕوانی ئەوە بوین کە وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکان لێکۆڵینەوەی جیددی لەم بابەتە بکەن. بەڵام پێدەچێ بۆ دەربازکردنی ناوبراو لە لێپێچینەوەی یاسایی، ئیتر ئەگوازرێتەوە بۆ شوێنێکی دیکە!
ئێمە لێرەوە داوا دەکەین کە پارتی دەست لە بە حیزبیکردنی کەرتی تەندروستی هەڵگرێ. هاوکات پارتی و لق و ناوچەکانی ئاگادار دەکەینەوە کە ئەگەر بەردەوام بن لە دەستێوەردان لە کاروباری دەزگا تەندروستیە گشتیەکان، ئەوا هەمو ڕێکارە یاسایی ومەدەنییەکان دەگرینە بەر بۆ وەستاندنیان لە بەحیزبیکردنی زیاتری کەرتی تەندروستی.
هاوکات داواش دەکەین کە تەندروستی هەولێر ڕونکردنەوە لەسەر لابردنی بەڕێوەبەری کارگێڕی لە پۆستەکەی بدات و داواش دەکەین کە لێکۆلێنەوە لە کارە نایاساییەکانی ناوبراو بکرێ کە لە کاتی دەوامی فەرمی گوایە خوێندنی باڵای تەواوکردوە.
تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی
٢٠٢١/٢/١٥



کاریگەری و زیانی ئەومادانەی دەکرێنە بەنزینەوە بەمەبەستی زیادکردنی ژمارەی ئۆکتان

-بەرزکردنەوەی ژمارەی ئۆکتان لەڕێگەی چەند مادەیەکەوە دەبێت کە زیاد دەکرێت بۆ بەنزینەکە بەمەبەستی باشتر ئیشکردن و سوتانی بەنزینەکە و لە ئەنجامدا ئۆتۆمۆبیلەکان باشتر کاردەکەن
-زیادکردنی ژمارەی ئۆکتانی بەنزین لەڕێگەی زیادکردنی ئەم مادانەوە دەبێت بۆ بەنزینەکە
۱.قوڕقوشم
۲.مادەی MTBE
۳.بێنزین
٤.تۆڵۆوین
٥.مادەی ئاڵۆزی BTEX
٦.ئیسانۆڵ
-بەهۆکاری زیانی زۆریان بۆ ژینگە و تەندروستی ئێستا لە ئەمەریکا و زۆرینەی ووڵاتە پێشکەوتوەکان ماددەی (ئیسانۆڵ) بەکاردێت بۆ زیادکردنی ژمارەی ئۆکتانی بەنزین و ئەوانیتر ڕاگیراون.
٭ئۆکتانی بەنزین بەشێوەیەکی گشتی ۳ جۆرە (٨۷،٨۹،۹۳) بەرزی ژمارەی ئۆکتان دەبێتە هۆی ئەوە زیان بە مەکینە نەگەیەنێت کە لەناو کوردا دەڵێن بەنزینەکەی لێدەدات واتا ئۆکتانی نزمە و بەباشی ناسوتێت، ئەگەر بڵێن بەنزینەکەی لێنادات واتا باش دەسوتێت و دەنگ دروست ناکات و زیان بە مەکینە ناگەیەنێت واتا بەنزینەکە ژمارەی ئۆکتانی بەرزە.
-لەسەرەتای ساڵەکانی ١٩٢٠ تاکو ناوەڕاستی ساڵی ۱۹۷۰ قوڕقوشم وەک مادەیەکی گرنگ بۆ بەرزکردنەوەی ئۆکتانی بەنزین بەکاردەهات بەڵام بەهۆی زیانە تەندروستیەکانی بۆ مرۆڤ و بەتایبەت مناڵان ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئەمریکی (EPA) بەکارهێنانی قوڕقوشمی قەدەغەکرد.
-قوڕقوشم بەزۆری لە ئەم بەشانی جەستەی مرۆڤدا بڵاو دەبێتەوە (جگەر، مێشک ، گورچیلە ) ، هەروەها لە (ددان و ئێسک) دا کۆدەبێتەوە بە تێپەڕبوونی کات.
-ئافرەتان لەکاتی دووگیانیدا قوڕقوشمی کۆکراوە لەئێسکیاندا دەڕژێتە خوێنەوەو زیان بە کۆرپەی ناو سکیان دەگەیەنێت.
-هەروەها هیچ بڕێکی دیاریکراوی قوڕقوشم لەخوێندا سەلامەت نیە.
٭لەساڵی ۱۹۲٤ لە پاڵاوگەیەکدا ۱٥ کرێکار مردن لە نیوجێرسی و ئۆهایۆ لە ئەمەریکا کە گومانکرا بەهۆی ژەهراوی بوون بە قوڕقوشم مردبن، لە ئەنجامدا پزیشکێکی نەشتەرگەری بۆ ماوەیەکی کاتی بەکارهێنانی قوڕقوشمی وەستاند و کۆبونەوە لەسەر ئەو بابەتە ئەنجام دراوە بەڵام بەبیانوی نەبونی بەڵگەی بەهێز کە لەزەمەنێکی کەمدا قوڕقوشم ئەو کاریگەریە خراپەی هەبێت لەسەر تەندروستی مرۆڤ وە ووتەی پزیشکەکە ڕەتکراوەتەوەو دەستکراوەتەوە بەبەکارهێنانی قوڕقوشم،
بەڵام لەساڵانی ۱۹٦۰ توێژینەوەکان ئەوەیان دەرخست کە قوڕقوشم کاریگەری هەیە لەسەر تەندروستی مناڵ کە دەبێتە هۆی کەم خوێنی و دروستبونی کەمبونەوەی ئاستی زیرەکی و کاریگەری لەسەر خوێندنەوەو نوسین و گرفت دروستکردن بۆ دەمارەکان.
-وەهەروەها توێژینەوەکان دەریان خست قوڕقوشم لە گەنجانیشدا دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی فشاری خوێن و نەخۆشیەکانی دڵ.
٭هەنگاوەکانی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی قوڕقوشم بۆ زیادکردنی ژمارەی ئۆکتانی بەنزین لەلایەن کۆنگرێس و ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئەمریکی( EPA) لەساڵی ۱۹۷۰ وە دەستی پێکردوە بە شێوەیەکی تەدریجی بەجۆرێک لەساڵی ۱۹۹٦ بەکارهێنانی بەنزینێک کە قوڕقوشمی تێکرابێت بۆ مەبەستی بەنزینی سەیارە لە لایەن ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئەمریکی EPA ڕاگیرا بەڵام بۆ هەنێک مەبەستی تر بەڕێژەی کەم بەکاردەهات، خۆشبەختانە لەئەنجامی ئەوبڕیاردانە لەزۆرینەی ووڵاتانی تریش ئێستا قوڕقوشم بەکار نایەت و لەبری ئەو مادەی تری وەک ئیسانۆڵ بەکاردێت بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی ئۆکتانی بەنزین کە سەلامەتترە بۆ تەندروستی مرۆڤ.
*کەمکردنەوەو وەستاندنی بەکارهێنانی مادەی (MTEB) بۆ زیادکردنی ژمارەی ئۆکتانی بەنزین لەلایەن ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئەمریکی( EPA) بەهۆکاری توانای تواندنەوەی ماددەی ناوبراو لەئاوداو پیس کردنی ئاوی سەرزەوی، بەجۆرێک لەو ناوچانەی کارگەکانی لێبوو ۲۰٪ MTEB لە پێکهاتەی ئاوی سەرزەوی هەبووە، لە ساڵی ۲۰۰۰ دا ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئەمریکی EPA بڕیاری کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ماددەی MTEB دەرکرد بەمەبەستی ڕێگریکردن لە پیسبوونی ئاوی سەرزەوی، بەجۆرێک لەماوەی ساڵانی ۲۰۰۰ بۆ ۲۰۰٥ لە زۆرینەی شوێنەکان بەکارهێنانی مادەی MTEB بۆ زیادکردنی ژمارەی ئۆکتانی بەنزین وەستاندو لەبری ماددەی ئیسانۆڵ بەکاردەهێنرێت .
٭کەمکردنەوەی بەکارهێنانی مادەی ئاڵۆزی BTEX بەهۆکاری کاریگەری لەسەر تەندروستی.بەگوێرەی توێژینەوەکان تەنانەت بڕێکی کەمیش لە مادەی BTEX لەناو بەنزین کاریگەری لاوەکی لەسەر (گەشەکردن، وەچەخستنەوە،سیستەمی بەرگری،دڵ و سی یەکان) هەیە هەربۆیە بیریان لەوەکردەوە مادەی تری وەک( UFP,PAHs) لەبری BTEX بەکاربهێنن بەڵام توێژینەوەکان دەریانخستوە ئەو دوودانەی کۆتایش دەبنە هۆی (شێرپەنجە، نەخۆشی دڵ ، نەخۆشی سی یەکان، زیانگەیاندن بە دەمارەکان)
٭هەروەها زیادکردنی بڕی بێنزین بۆ سوتەمەنی بەنزین کاریگەری لاوەکی هەیە،وە لەساڵی ۲۰۰۷ ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئەمریکی EPA بڕیاری کەمکرنەوەی بڕی بەنزین ی بۆ سوتەمەنی بەنزین بە ڕێژەی ٠٫٦٣٪ دەرکرد کە پێشتر ڕێژەکە ۱.۳٪ بوو.
٭بەرکەوتن بە ماددەی بێنزین بۆ کاتێکی کەم (٤-٥) دەقیقە بە ڕێژەی( ۱۰٫۰۰۰ بۆ ۲۰٫۰۰۰) لە ملیۆنیک بەش دەبێتە هۆی مرن، هەروەها بەرکەوتن بۆ کاتێکی زیاتر و بەڕێژەیەکی کەمی وە (٧٠٠ بۆ ۳٫٠٠٠) لە ملیۆنێک بەش دەبێتە هۆی (خەواڵو بوون،گێژبون،زیدبونی خێرای لێدانی دڵ،سەر ئێشە، سەر لێشێوان ، لەرزین و بێهۆش بوون). هەروەها نەخۆشی خوێن و شێرپەنجە.
٭بەشێوەیەکی گشتی بەکارهێنانی ئیسانۆڵ بۆ زیادکرنی ڕێژەی ئۆکتانی بەنزین باشترین و گونجاوترین و سەلامەتترین ڕێگەیە.
دکتۆر خۆشی حمید حمزە
پزیشکی پسپۆڕی دەرمانساز
ماستەرلە ژەهرزانیدا



تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی داوای گرتنە بەری ڕێکارەکانی عێراق دەکات لە بارەی کۆرۆناوە

بە گوێرەی داتا فەرمییەکان، رێژەکانی کۆرۆنا بە شێوەیەکی بەرچاو لەسەر ئاستی عێراق لە بەرزبونەوەدایە. بۆ رێگریکردن لە بڵاوبونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە، عێراق چەند هەنگاوێکی بەپەلەی راگەیاند. لەوانە، بڕیارەی قەدەغەی نیمچە گشتی و یاساغکردنی کۆبونەوەی فراوان.
ئەمە لە کاتێکدایە کە دەسەڵاتدارانی هەرێم و وەزارەتی تەندروستی بەوپەڕی خەمساردیەوە دەڕواننە هەرەشەی شەپۆلێکی تازە. وەزارەتی تەندروستی جگە لە دەرکردنی بەیاننامە هیچ هەنگاوێکی پراکتیکی دیکەی نەناوە لەم بارەوە. لە ڕاستیدا بە سیاسەتە نازانستی و بێپلانیەکی وەزارەتی تەندروستی، کوردستان جارێکی تر لە بەردەم هەڕەشەی شەپۆلێکی کوشندەی ترە. یەکێک لەو سیاسەتە نامەدروسانەی کە بە شێوەیەکی نازانستی درا، دەستپێکردنەوەی خوێندنە بەبێ هەبونی پلان و بەرنامەیەکی تۆکمەی خۆپارێزی.
ئێمە داوا لە وەزارەتی تەندروستی دەکەین کە ئەگەر خۆیشی ئاستێکی زانستی و مەعریفی ئەوتۆی نیە با چاو لە عێراق و بەغدا بکات. بەداخەوە، داگیرکردنی وەزارەتی تەندروستی لە لایەن کادیری حیزبیەوە وای کردوە کە ئەو وەزارەتە لە ڕوی زانستیەوە هیچ ئەرزش و قورساییەکی نەمابێ.
تۆری پاراستنی تەندروستی گشتی
٢٠٢١/٢/١٤



تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی نامەیەک لەسەر بەنزینی ژەهراوی ئاراستەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیی دەکات  
   
#نا_بۆ_بەنزینی_ژەهراوی
لە درێژەی هەوڵەکانی تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی بۆ بنبڕکردنی بەکارهێنانی بەنزینی ژەهراوی، نامەیەکی لەم بارەوە ئاراستەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کرد.
نامەکە بە ئینگلیزی نوسراوە و دەقەکەی لەگەڵ ئەم ڕاگەیاندراوە بڵاودەکەینەوە. لە بەشێکی نامەکەدا هاتوە کە ئەو پێکهاتانەی کە بۆ بەنزین بەکاردێن لە کوردستاندا کاریگەری گەورەی تەندروستیان هەیە لەسەر هاوڵاتیانی هەرێمەوە.
تۆڕەکەمان داوا لە تەندروستی جیهانی دەکات کە فشار بخاتە سەر وەزارەتی تەندروستی و دەزگا پەیوەندیدارەکان کە بەکارهێنانی ماددەی قورقوشم و بەنزینا لە بەنزین قەدەغەبکەن.
تۆڕەکەمان بەردەوام دەبێت لە بەرگەری لە تەندروستی خەڵکی کوردستان و هەمو ڕێگا مەدەنی و یاساییەکان دەگرینە بەر بۆ ئەو مەبەستە.
تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی
٢٠٢١/٢/١٣

Dear Colleagues,
We are extremely concerned about the health and adverse environmental consequences of the use of harmful substances in fuel in the Kurdistan Region of Iraq (KRI).
According to our investigations, at least two harmful substances are used in vehicles' fuel in KRI. Lead and Benzene are, unfortunately, widely used. Both to increase the Octane rate of fuel.
As you know, lead has significant health consequences. We have evidence to suggest that the lead level in KRI's environment is logically high. This has resulted in adverse health outcomes for children and adults.
The other substance that is widely used is Benzene. We have evidence that confirms that the level of Benzene in fuel is much higher than the recommended 0.62. As a result of these high levels, we believe the incidence of cancer and other chronic cardio-pulmonary conditions has increased in KRI.
We call on the KRI and Iraqi authorities to ban the use of lead in vehicle fuel. We also call for better disposal of vehicles batteries that contain dangerously high levels of lead.
Also, we recommend that Benzene levels should be lower than the internationally agreed standard if 0.62.
These essential public health measures need legal and policy tools. We are prepared to assist in all of those areas.
Public Health Protection Network


تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی هاشتاگێکی تایبەت بە بەنزینی ژەهراوی دەستپێدەکات



#نا_بۆ_بەنزینی_ژەهراوی
تۆری پاراستنی تەندروستی گشتی بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ بنبڕکردنی بەنزینی ژەهراوی لە کوردستاندا. لەم پێناوەدا تۆرەکەمان هاشتاگێکی تایبەتی دەستپێکرد.
هاشتاگەکە بەم ناونیشانەی خوارەوەیە:
#نا_بۆ_بەنزینی_ژەهراوی
تۆڕەکەمان رۆژی ٢٠٢١/٢/١٢ راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە لەسەر بەنزینی ژەهراوی و زیانە تەندروستیەکانی ئەو بابەتە. لەم لینکەدا ڕاگەیاندراوەکە جارێکی دیکە دەخەینە بەردەم ڕای گشتی:
https://m.facebook.com/story.php?story_fbid=212674823887535&id=105913117897040&sfnsn=scwspmo
خۆشبەختانە راگەیاندراوەکە دەنگدانەوەیەکی گەورەیی میدیایی و جەماوەری دروستکرد. بەڵام بەداخەوە، وەکو کێشە تەندروستیەکانی دیکە، دەسەڵاتی تەندروستی و سیاسی پێناچێ هیج کاردانەوەیەکی بەرامبەر بەم مەلەفە هەستیارە هەبوبێ.
هاشتاگی
#نا_بۆ_بەنزینی_ژەهراوی تەنها ئامرازێکی دیکە دەبێ لەو هەنگاوانەی کە تۆرەکەمان ئامادەی کردون بۆ بنبڕکردنی بەنزینی ژەهراوی لە کوردستاندا.
بەهیوای کوردستانێکی تەندروست بۆ هەمو لایەک.
تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی
٢٠١٢/٢/١٣



تۆری پاراستنی تەندروستی گشتی هۆشیاریەکی توند لەبارەی کاریگەرییە خراپەکانی بەنزین لە کوردستان دەدات

تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی بە دڵەراوکێیەکی زۆرەوە دەڕوانێتە کواڵیتی خراپی بەنزین لە کوردستاندا. تۆڕەکەمان هۆشیاری توند دەدات کە پێکهاتەکانی بەنزینی بەکارهاتو لە کوردستان هۆکاری دەیان کێشە و نەخۆشی تەندروستین بە شێرپەنجەوە.
بە گوێرەی بەدواداچونی تۆرەکەمان بەلای کەمەوە دوو پێکهاتەی بەنزین لە کوردستان بەکاردەهێنرێن کە زەرەری تەندروستی گەورەیان هەیە. هەردوو ئەو پێکهاتانەی خوارەوە بۆ زیادکردنی پلەی ئۆکتانی بەنزین بەکاردەهینرێن.
١. قورقوشم: لە چەند ساڵی رابوردودا رێژەی قورقۆشم لە هەوای کوردستاندا بە رێژەیەکی ترسناک زیادیکردوە. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە قورقوشم لە بەنزیندا بەکاردەهێنرێ (کە لەسەر ئاستی جیهاندا قەدەغەکراوە). بەداخەوە پاڵاوکەگانی هەرێمی کوردستانی ماددەی قورقوشم بەکاردەهێنن. هەروەها زیادبونی مادەکە بۆ زیادبونی لەناوبردنی پاتری بەکارهاتوی ئۆتۆمبیلەوەیەوە کە دوای تەواوبونی تەمەنیان بە شێوەیەکی نازانستی فرێدەدرێن.
تۆڕەکەمان ئەم زەرەرە تەندروستیانەی قورقوشم لە بەنزیندا دەستنیشاندەکات:
١. مردن
٢. کەم خوێنی
٣. کێشەی گەشە لە مناڵان
٤. دابەزینی توانای عەقڵی لە مناڵان
٥. دواکەوتنی فێربون لە مناڵان
٦. زەرەر بە کۆئەندامی دەمار
٧.بەرزبونەوەی فشاری خوێن
٨. زیادبونی نەخۆشیەکانی دڵ و خوێنبەرەکان.
٢. بەنزینا: جگە لە قورقوشم ماددەی بەنزینا بەکاردەهینرێ بۆ زیادکردنی پلەی ئۆکتان. بە گوێرەی ستانداردە جیهانیەکان نابێ رێژەی ئەو ماددەیە لە ٠.٦٢ زیاتر بێ. بەڵام بەداخەوە لە کوردستان رێژەکە زۆر لەوە زیاترە. ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەم نەخۆشی و حاڵەتانەی خوارەوە:
١. شێرپەنجە
٢. نەخۆشیەکانی دڵ
٣. نەخۆشیەکانی فشاری خوێ و خوێنبەرەکان
٤. نەخۆشیەکانی کۆئەندامی هەناسە
٥. کێشەکانی منداڵبون
٦. کێشەی کۆئەندامی بەرگری.
بەهۆی ئەم ئاکامە تەندروستیە خراپانەوە، تۆرەکەمان داوا دەکات کە:
١. بەکارهێنانی قورقوشم لە بەنزین بە تەواوەتی قەدەغەبکرێ و پاتری ئۆتۆمبیل بە شێوەیەک مامەڵەی لەگەڵ بکرێ کە نەبێتە هۆی پیسبونی ژینگە.
٢. رێژەی ماددەی بەنزینا پێویستە لە خوار ٠.٦٢ وە بێت.
لێرەشەوە داوا لە دەزگا پەیوەندیدارەکانی تەندروستی و ژینگە دەکەین بڕیار و هەنگاوی پراکتیکی خێرا بنێن بۆ چارەسەری ئەم کێشە ژینگەیی و تەندروستیە گەورەیە.
تۆرەکەمان ئامادەیە هەمو هەنگاوە مەدەنی و یاساییەکان بگرێتە بەر بۆ پاراستنی خەڵکی کوردستان لە ژەهربارانکردنیان لەرێی بەنزینی خراپەوە.
تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی
٢٠٢١/٢/١٢



تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی پیرۆزبایی لە هەمو ژنانی زانستخواز دەکات

بە بۆنەی رۆژی جیهانی ژنانی زانستخواز، پیرۆزبایەکی گەرم لە گشت ئەو ژن و کچانە دەکەین کە لە کوردستان لە بوارە جیاجیاکانی زانستیدا کاردەکەن و دەخوێنن.
بە تایبەتیش پیرۆزبایی لە هەمو ئەو ژنانە دەکەین کە وەکو پزیشک و کارمەندی تەندروستی و دەرمانساز و بوارەکانی تاقیگە و تیشک...هتد لە سیستمی تەندروستی کاردەکەن.
بەم بۆنەوە سوپاسی یەکە بە یەکەتان دەکەین. بەبێ ئێوە سیستمی تەندروستی لە کوردستاندا جەستەیەکی بێ روحە. ئێوە لە پاڵ ئەرکە قورسە کۆمەڵایەتیەکانتان لە ماڵەکانتان، خەمی تەندروستی خەڵکی کوردستانتان خستوەتە ئەستۆش.
هەروەها داواکارین کە دەسەڵاتی سیاسی و تەندروستی باشتر لە ئێستا رێز لە ماندوبونتان بگرێ و پاداشتی هەوڵەکانتان بۆ کۆمەڵگایەکی تەندروستر بداتەوە.
هاوکات داواکاریشین هەلی زیاتر بڕەخسێنرێ بۆ ئەوەی بتوانن لە بەرزترین ئاست ڕێبەرایەتی سیستمی تەندروستی بکەن. ئێوەی ژن ئەگەر باشتر نەبن ئەوا هیچتان لە هاوپیشە پیاوەکان کەمتر نیە. لەم ڕوەوە ئێوە بە باشترین شێوە دەتوانن ئەرکی وەزیری تەندروستی و بەرێوەبەری گشتی و پلە باڵاکانی دیکە بگرنە ئەستۆ. بۆیە پێویستە هەلی تەواوتان بۆ بڕەخسێنرێ بۆ وەرگرتنی پۆستی باڵا لەناو کایەی تەندروستیدا بە وەزیری تەندروستیشەوە.
لە کۆتایشدا دوبارە پیرۆزبایتان لێدەکەین و سوپاستان دەکەین بۆ ئەو خزمەتەی بە خۆشەویستیەکی زۆرەوە پێشکەشی خەڵکی کوردستانی دەکەن.
تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی
٢٠٢١/٢/١١



تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی بە توندی سەرۆکەنی بەڵێن شکاندنێکی وەزیری تەندروستی دەکات

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕەکەمانی راگەیاند کە وەزیری تەندروستی لە بەڵێن و ئیمزایەکی پێشوی خۆی پەشیمانبوەتەوە.
بە گوێرەی سەرچاوەکەی تۆڕەکەمان، سامان بەرزەنجی پێشتر ڕەزامەندی دەڕبڕیوە لەسەر خەرجکردنی تێچوی نەشتەرگەری بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە. بەڵام دواتر و هەر بە ئیمزای خۆی ئەو بڕیارەی پێشوی رەتکردوەتەوە و تەنها نیوەی پارەکەی دابینکردوە. ئەم بەڵێن شکاندنەی وەزیر کێشەی گەورەی بۆ نەخۆشەکانی شێرپەنجە دروستکردوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پارەی نەشتەرگەری شێرپەنجە لە سندوقێکی تایبەتەوە خەرجدەکرێ لە خێرخوازان داهاتەکەی دابیندەکەن.
ئێمە بە توندی سەرکۆنەی ئەم ڕەفتارەی وەزیری تەندروستی دەکەین. داواش دەکەین خەرجی خزمەتی نەخۆشانی شێرپەنجە بەبێ کەموکورتی و بڕین دابینبکرێ.
هاوەکات داواش دەکەین پەرلەمانی کوردستان و داواکاری گشتی توندتر چاودێری چۆنیەتی خەرجکردنی ئەو داهاتە بکەن کە لە سندوقی شێرپەنجە کۆدەکرێتەوە.
بەم بۆنەشەوە داوا دەکەین کە ئەو پارەیەی پێشتر لە سندوقی شێرپەنجە بۆ موچە دەرکراوە بگەرێندرێتەوە و بۆ نەخۆشەکان خەرج بکرێ.
تۆری پاراستنی تەندروستی گشتی
٢٠٢١/٢/١٠



تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی سەردانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کرد

رۆژی یەک شمە ٧ی شوبات شاندێکی تۆڕەکەمان کە پێکهاتبو لە هاوڕێیان سۆران عزیز و عمر حەمەعەلی و حسن مارف سەردانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیان کرد. لە دانیشتنێکی دۆستانەدا تۆرەکەمان چاوی بە لیژنەی تەندروستی ئەنجومەنی پارێزگا کەوت.
لە کۆبونەوەکەدا، نوێنەرانی تۆڕەکەمان یاداشتێکی پانزە خاڵی پێشکەش کرد کە تایبەتە بە خۆپارێزی لەڤایرۆسی کۆرۆنا لەکاتی کردنەوە قوتابخانە کان. جێگای باسە کە پێشتر و لە ڕاگەیاندراوێکدا تۆڕەکەمان ئەو خاڵانەی خستبوە بەردەم ڕای گشتی. هاوکات ئەوەش باسکرا کە پێویستە قوتابخانەکان دەرمانرێژ بکرێن.
بەسوپاسەوە لێژنەکە ڕێنمایەکانی ئێمەیان لاپەسەند بوو و بڕیاریاندا کە لەگەڵ یاداشتێکی لیژنە بینرێن بۆبەڕێوەبەرایەتی تەندروستی بۆ ئەوەی گشتاندنی بۆ بکرێت بۆ پاریزگای سلێمانی و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین.
تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیان.
تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی
٢٠٢١/٢/٨



تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی کەموکورتیەکی گەورەی تەندروستی هەولێر تایبەت بە تالاسیمیا ئاشکرا دەکات

دۆخی نەخۆشانی تالاسیمیا لە پارێزگای هەولێر رۆژ لە دوای رۆژ بەرەوخراپتر دەچێ.
تۆڕەکەمان پێشتر بە چەندین ڕاگەیاندراو لایەنە پەیوەندیدارەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی لێئاگادارکردوەتەوە.
بە گوێری سەرچاوەیەکی ئاگاداری ناو سەنتەری تالاسیمیا لە هەولێر کێشەکان بەردەوامن و قوڵتردەبنەوە.
سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو تۆڕەکەمانی ئاگادارکردەوە کە سادەترین پشکنین و خزمەت بەردەست نیە. بۆ نمونە لە سەنتەری تالاسیمیا لە هەولێر پشکنینی ئەو نەخۆشیە بونی نیە!.
پشکنینەکە پێی دەوترێ Hb Electrophoresis سادەترین پشکنینە بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشیەکە. بەڵام بەداخەوە بۆ ماوەی ١١ مانگە ئەو پشکنینە لە سەنتەری تالاسیمیای شاری هەولێر بەردەست نیە.
ئێمە بە توندی سەرکۆنەی تەندروستی هەولێر دەکەین بۆ ئەم کەموکورتیە گەورەیە. هاوکات ئەم کەموکورتیە بە جۆرێک لە تاوان دەزانین لە بەرامبەر نەخۆشانی تالاسیمیا. هەروەها ئەم جۆرە کەمتەرخەمیە بە هەوڵێکی دیکەی دەسەڵاتی تەندروستی دەزانین بۆ ئیفلیجکردنی کەرتی تەندروستی گشتی و ناچارکردنی خەڵک کە لە دەرەوە پارە بۆ خزمەتی تەندروستی خەرج بکات.
ئێمە لە تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی داوادەکەین بە زوترین کات پشکنینی Hb Electrophoresis بۆ سەنتەری تالاسیمیا دابینبکرێ. هەروەها داوا لە دەسەڵاتدارانی تەندروستی هەولێر دەکەین کە دەست لە پشتگوێخستنی نەخۆشانی تالاسیمیا هەڵگرن.
تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی
٢٠٢١/٢/٨



تۆری پاراستنی تەندروستی گشتی کەموکورتیەکی گەورەی تەندروستی هەولێر ئاشکرا دەکات

بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست تۆڕەکەمان کەوتوە، پشکنینێکی گرنگی پزیشکی لە لە نەخۆشخانەکانی هەولێر بەردەست نیە.
چەند سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوە لە ناو نەخۆشخانەکانی هەولێرەوە بە تۆڕکەمانیان راگەیاند کە پشکنینێکی زۆر گرنگی شەکرە بونی نیە.
ئەو پشکنینە پێی دەوترێ HbA1c و تایبەیەتە بە نەخۆشی شەکرە. پشکنینەکە پیشانیدەدات کە ئایا شەکرەی نەخۆشەکە تا چەند کۆنترۆڵ کراوە.
پزیشکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەبێ ئەو فەحسە کۆنترۆڵکردن و چارەسەرکردنی نەخۆشی شەکرە زۆر قورسە.
هەر بە گوێرەی زانیارییەکان ئەو پشکنینە لە نەخۆشخانەیەکی گەورەی وەکو ڕزگاری بونی نیە. لەوەش خراپتر، لە سەنتەری لەیلا قاسم کە گوایە تایبەتە بە نەخۆشی شەکرە، ئەو پشکنینە دەستناکەوێ!
ئێمە لە تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی بەلامانەوە نەمانی ئەم پشکنینانە بەشێکە لە پیلانێک بۆ ئیفلیجکردنی کەرتی گشتی تەندروستی. دەسەڵاتی تەندروستی بەم رەفتارانەی خەڵک و نەخۆشی ناچارکردوە کە لە دەرەوە و لە بازاڕ بە پارەیەکی زۆر ئەو پشکنینانە بکات.
لێرەوە داوا دەکەین بە زوترین ئەو پشکنینانە دابیبکرێ و نەخۆش ناچار نەکرێ لە دەرەوە بیکرێ.
تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی
٢٠٢١/٢/٧



تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی کەموکورتیەکی گەورەی نەخۆشخانەی نانەکەلی بۆ شێرپەنجە ئاشکرا دەکات

بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕەکەمان بۆ ماوەی ٣ مانگە نەخۆشخانەی نانەکەلی بۆ شێرپەنجە لە هەولێر تیشکی تیا نیە.
بە گوێرەی سەرچاوەیەکی ناو نەخۆشخانەکە، ئامێری تیشک لە نەخۆشخانەکە بۆ ماوەی سێ مانگە لەکارکەوتوە و چاک ناکرێ.
شایانی باسە تیشک سادەترین پشکنینیە کە لە هەمو نەخۆشخانەیەک پێویستە هەیبێ. ئەو پشکنینەش بە تایبەتی بۆ نەخۆشی شێرپەنجە زۆر پێویستە بۆ دەستنیشانکردن و چاودێری.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بە گوێرەی لێدوانێکی سەرۆکی حکومەت، گوایە لە یەک ساڵدا ٦٠ ملیۆن دۆلار بۆ شێرپەنجە خەرجکراوە! بەڵام ئەوەتا نەخۆشخانەیەکی شێرپەنجە ئامێرێکی گرنگی وەکو تیشکی تێدا لەکارکەوتوە بەڵام چاک ناکرێ.
ئێمە لە تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی ئەم تاوانەی بەرامبەر نەخۆشانەی شێرپەنجە لە هەولێر دەکرێ بە بەشیک لە پیلانەکان دەزانین بۆ ئیفلیجکردنی کەرتی گشتی حکومی. ئەمەش بۆ ئەوەیە کە کەرتی تایبەت قازانج بکا و هاوڵاتیان و نەخۆش ناچاربکرێن بچنە کەرتی تایبەت و بازاڕ.
ئێمە داوا لە تەندروستی هەولێر دەکەین کە بە زوترین کات ئامیری تیشک لە نەخۆشخانەی نانەکەلی چارەسەربکات و بیخاتەوە کار.
تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی
٢٠٢١/٢/٧



تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی پلانێکی ١٥ خاڵی بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن بڵاودەکاتەوە

تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی پلانێک بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن بڵاودەکاتەوە. پلانەکە، کە دەقەکەی لە خوارەوە دەخەینە ڕوو، تایبەتە بە کەمکردنەوەی بڵاوبونەوەی کۆرۆنا.
پلانەکەی تۆرەکەمان پشت بە شارەزایی پسپۆران و رێنماییەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەبەستێ.
کاری بنەرەتی پلانەکەی تۆرەکەمان بریتیە لە پێکهێنانی تیمی تایبەت بە خۆپارێزی کۆرۆنا لە هەر قوتابخانەیەک ئەم تیمە پێویستە لەم کەسانە پێکبێ:
* بەڕێوەبەری خوێندنگا
* مامۆستای زیندەوەرزانی
* هەر ماموستایەکی دیکە کە تایبەمند بێ بە خۆپارێزی.
* کارمەندێکی تەندروستی تایبەتمەند بە تەندروستی قوتابخانەکان
*نوێنەری دایکان و باوکان
* نوێنەری خوێندکاران
ئەم تیمە پێویستە ئەم کارانە بکات:
١. هەڵسەنگاندنی بینای قوتابخانەکە بۆ ئەوەی بزانرێ ئایە دەکرێ مەودای یەک مەتر لە نێوان خوێندکاران بپارێزێ لە ناو و دەرەوی پۆلەکاندا.
٢. هەڵسەنگاندنی هەبونی کەرەستەی پاک و خاوێنی و دەست شوشتن و جێڵی تاقیم.
٣. هەڵسەنگاندنی ئەو خوێندکارانەی کە نەخۆشی یا حاڵەتی تەندروستی تایبەتیان هەیە.
٤. هێنانەکایەی چەند هەنگاوێک بۆ خۆپارێزی بۆ نمونە:
* پۆلەکان لە کاتی جیاجیادا پشو وەرگرن بۆ کەمکردنەوەی قەڕەباڵەغی و تێکەڵیی
* دانانی نیشانەی هاتنە ژورەوە و چونە دەرەوە بۆ ئەوەی بەرکەوتنی خوێندکاران کەمبێتەوە.
*هێنانەکایەی دوو دەوام و دوو شفتی بەیانی و ئێواران و شەوان (بۆ ئەوەی ژمارەیەکی کەمتر لە خوێندکاران لە یەک کاتدا لە قوتابخانەکاندا بن.
٥. پێداچونەوە بە سیاسەتی قوتابخانەکە بۆ پێدانی مۆڵەت بەو خوێندکارانەی کە نەخۆشی درێژخایەن یا حاڵەتی تەندروستی ئەوتۆیان هەیە کە دەیانخاتە مەترسیەوە بۆ توشبون بە کۆرۆنا.
٦. دانانی جێڵی تاقیمی دەست لە سەر دەرگای پۆلەکان بۆ ئەوەی خوێندکاران دەستیان تاقیمکەن پێش ئەوەی بچنە ژورەوە.
٧. بڕیاردان لەسەر بەستنی دەمامک و چاودێری پابەندبوون بە بەستنیەوە لە لایەن خوێندکاران و مامۆستایانەوە. هەروەها چۆنیەتی بەستنی دەمامک و چۆنیەتی فرێدانیان دوای بەکارهێنانیان. پێویستە هەمو کەسێک دەمامک ببەستێت ئەگەر نەکرا یەک مەتر مەودا لە نێوان کەسەکان بهێڵرێتەوە.
٨. گەرەنتیکردنی هەبونی گۆڕانکاری لە هەوای پۆلەکان و قوتابخانە بە گشتی بەشێویەکی سروشتی.
٩. بڕیاردان لەسەر پاککردنەوەی پۆلەکان و قوتابخانە بەشێوەیەکی بەردەوام و رۆژانە بەلای کەمەوە دوو جار. هەروەها گرنگیدان بە پاککردنەوەی ئەو شوێنانەی کە زۆرترین دەستی لێدەدرێ بۆ نمونە: دەرگای پۆلەکان، دەرگای پەنجەرە، ڕەحلەکان، مێز، سویچی کارەبا، کەرەستەی یاری، کتێب و دەفتەر...هتد.
١٠. ئەنجامدانی چاودێری رۆژانە بۆ دڵنیابون لە پابەندبون بە هەنگاوەکانی سەرەوە.
١١. ئامادەکردنی وانەی تایبەت بە تەندروستی و خۆپارێزی بۆ خوێندکاران.
١٢. دانانی سیستمی تایبەت بە هێنانی خوێندکاران و بردنەوەیان بۆ ئەوەی لە بەردەم دەرگای قوتابخانەکان قەڕەباڵەغی دروستنەکرێ لە لایەن کەسوکاری قوتابیانەوە.
١٣. ئاگادارکردنەوەی مامۆستایان و قوتابیان لەوەی کە پێویستە تیمەکە ئاگاداربکەنەوە ئەگەر هەر نیشانەیەکی کۆرۆنایان هەبو (کۆکەی بەردەوام، تا، گۆڕانکاری لە هەستی تام و بۆ).
١٤. هێنانەکانی سیاسەتی 'ئەگەر نەخۆشی لە ماڵەوە بمێنرەوە". پێویستە ڕێنماییەکانی قوتابخانەکە لە بارەی مۆڵەتەوە گۆڕانکاری بەسەردا بێ بۆ گەرەنتیکردنی ئەو بابەتە.
١٥. نوسین و بڵاوکردنەوەی ڕێنمایی تەندروستی لەڕێگای پۆستەرەوە بۆ خوێندکاران و مامۆستایان.
بە هیوای سەلامەتی و تەندروستی بۆ مامۆستا سەربەرز و خوێندکارە ئازیزەکانمان.
تۆری پاراستنی تەندروستی گشتی
٢٠٢١/٢/٥



تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی ڕەخنە لە لێدوانێکی جێگری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی دەکات

وتەبێژێک بەناوی تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی ڕەخنەی لە لێدوانێکی جێگری بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی گرت لە بارەی دەستپێکردنەوەی خوێندنەوە.
لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی ئێن ئار تی، جێگری بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی دەڵێ گوایە ژمارەی ئەوانەی لە خوێندگاکان توشبون کەمە. بە گویرەی ناوبراوە، ئەو ژمارەیەی ئەو پێیدەڵێی 'کەم' بەسە بۆ ئەوەی ئیتر دەرگای قوتابخانەکان بکرێتەوە. ئەوەی جێگەی سەرسوڕومانە نە پەروەردە و نە وەزارەتی تەندروستیش پلانێکی تۆکمەیان نیە بۆ خۆپارێزی لە کاتی دەستپێکردنەوەی خوێندن.
لە بەرامبەر ئەم لیدوانانە، وتەبێژێک بەناوی تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی ڕەخنەی لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی گرت.
دکتۆرە لانە قاسم ئەندامی تۆڕەکەمان کە هاوکات کاندیدی ماستەرە لە تەندروستی کۆمەڵ لە ئوسترالیاوە ئەم لێدوانانەی ڕەتکردەوە. دکتۆرە لانە سەرسوڕمانی خۆی دەربڕی لەبارەی ئەوەی کە پێدەچێ بەرپرسە حکومییەکان بە کەمتەرخەمییەوە بڕوانە هەڕەشەی کۆرۆنا. دکتۆرە لانە ئەوەیشی وت کە لە وڵاتێکی وەکو ئوسترالیا، تەنها یەک کەس دەستنیشانکرا و لە ئەنجامدا هەمو حکومەت کەوتە ئینزار و جێگا و ڕێگای پێویست گیرایە بەر. بەڵام بەلای بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەوە بەداخەوە، ١٦ کەیسی کۆرۆنا کەمە!
دکتۆرە لانە سەرسوڕمانی خۆی لەوە دەڕبڕی کە تاوەکو ئێستا بەرپرسە حکومییەکان لەوە تێناگەن کەم ئەم ڤایرۆسە چەند مەترسیدارە و چەند بە خێراییش بڵاوئەبێتەوە.
لە کۆتاییدا، وتەبێژەکەی تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی داوا دەکات کە هەمو ڕێکارەکانی خۆپارێزی بگیرێتە بەر بۆ ڕێگرتن لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە لەناو قوتابخانەکاندا. هەروەها داواش دەکات کە بەرپرسە حکومییەکان جیدیانەتر بڕوانەنە مەترسی کۆرۆنا و منداڵەکانمان لە قوتابخانەکان ڕوبەڕوی مەترسی ئەم ڤایرۆسە کوشندە نەکەنەوە.
تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی
٢٠٢١/٢/٤
https://www.facebook.com/152858888093521/posts/4134315409947829/



تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی سەرکۆنەی ڕەفتارێکی نابەرپرسیارانەی کۆلیژی پزیشکی دەکات

کۆلیژی پزیشکیی زانکۆی سلێمانی وێنەی چەند چالاکیەکەی بڵاوکردوەتەوە. وێنەکان بۆ ئێمەمانان مایەی شۆکە.
لە هەمو وێنەکاندا دەردەکەوێ کە مامۆستا و ستافەکانی کۆلیژی پزیشکی دەردەکەون بەبێ پابەندبون بەلانی کەمی خۆپارێزی تەندروستیەوە.
تۆڕەکەمان لەگەڵ ئەم ڕاگەیاندراوە بەشێک لە وێنەکان بڵاودەکاتەوە. وەکو دەردەکەوێ لەکۆی ئەوانەی کە کۆبونەوەتەوە تەنها یەک کەس دەمامکی بەستوە. ئەو کەسەش پێدەچێ بەڕێز دکتۆر کامەران قەردەاغی بێت.
بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕەکەمان ئەو قەڕەباڵەغیە ناتەندروستە بۆ پیرۆزبایی لە رەهیل فەریدونی دروستکراوە بۆ دەستبەکاربونی وەکو بریکاری وەزیری تەندروستی.
ئەم رەفتارە ناتەندروستە لە دوو لاوە مایەی شۆکە. لە لایەکەوە کە لە لایەن کۆلیژی پزیشکیەوە ئەنجامدراوە و لە لایەکی تریشەوە جێگری وەزیری تەندروستی تێدایە کە ئەویش هیچ نیشانەیەکی خۆپارێزی پێوەدیار نیە.
ئێمە بە توندی سەرکۆنەی ئەم ڕەفتارەی کۆلیژی پزیشکی و وەزارەتی تەندروستی دەکەین. دەستخۆشیش لە دکتۆر کامەران قەرەداغی دەکەین کە تەنها ئەو دەمامکی بەستوە.
ئەم ڕەفتارەی کۆلیژی پزیشکی و وەزارەتی تەندروستی لە کاتێکدایە کە کوردستان لە بەردەم هەڕەشەی شەپۆلێکی دیکەی کۆرۆنایە و ئێستا لە هەمو کات زیاتر پێویستیمان بە خۆپارێزی هەیە. بۆیە لێرەوە داوا لەوانە دەکەین کە بەم ڕەفتارە ناتەندروستە هەڵساون داوای لێبوردن بکەن و ددان بە هەڵەکانیاندا بنێن.
تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی
٢٠٢١/٢/٤



تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی نامەیەک ئاراستەی بەڕێوەبەری تازەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق دەکات

تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی نامەیەکی ئاراستەی بەڕێوەبەری تازەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کرد بەبۆنی دەستبەکاربونیەوە لە ئەرکە نوێیەکەی.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بەڕێوەبەرێکی تازەی لە عێراق دەستنیشانکرد. بەڕێوەبەر تازەکەی ڕێکخراوەکە ناوی د ئەحمد زویتنە. دکتۆر ئەحمەد پزیشکە و بە ڕەگەز خەڵکی تونسە و پێشتر چەندین پۆستی باڵای لە ڕێکخراوەکە هەبوە. لە دواترین پۆستیدا، دکتۆر ئەحمد بەڕێوەبەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بووە لە وڵاتی جیبۆتی.
لە نامەکەتدا، تۆڕەکەمان بەخێرهاتنێکی گەرمی دکتۆر ئەحمەدی کردوە. هەروەها خۆشحاڵی خۆی دەربڕیوە کە پزیشکێکی شارەزا و خاوەن ئەزمونی وەکو ئەو ئێستا لە عێراقدا بەڕێوەبەری ڕێکخراوەکەیە. هەروەها تۆڕەکەمان ئامادەی هەمو هاوکارییەکەی دەربڕیوە بۆ سەرخستنی کارەکانی دکتۆر ئەحمەد و تیمەکەی.
تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی
٢٠٢١/٢/٢