TEVDA Press

بانگەوازی گردبونەوەیەکی جەماوەری لە سلیمانی

| Monday, 02.22.2021, 02:27 PM |


دەستەیەک لە مامۆستایان و پارێزەران و یاسا ناسان و چالاکوانی مەدەنی دژ بە بڕیاری دادگای تاوانەکانی هەولێر بانگەوازی گردبونەوەی جەماوەری دەکەن لە شاری سلیمانی.
کات و شوێنی گردبونەوە؛  ڕۆژی 5 شەمە 25.02.2021 کاتژمێری 2ی پاشنیوەڕۆ، بەردەم باخی گشتی

(دەقی بانگەوازەکە وەرگیراو لە پەیجی مامۆستایانی کوردستان)
لە پێناو بەرگری کردن لە کەیسی زیندانیانی بادینان و سەروەری یاسا و شکۆی دادگا، سەرجەم پارێزەران و یاساناسان و چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕووناکبیران و مامۆستایان و فەرمانبەران و سەرجەم چین و توێژەکان بانگهێشت دەکەین بۆ گردبونەوەیەکی جەماوەری لەبەردەم باخی گشتی لە ڕۆژی 5 شەممە کاتژمێر دوو، بە مەبەستی دروست کردنی فشار بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە نا یاسایی و ستەمکارانەیەی دادگای تاوانەکانی هەولێر و گەڕانەوەی شکۆی دادگا و سەروەری یاسا و پاراستنی شکۆی تاکی کورد و بەرەو ڕوو بونەوەی سەرکوت کردنی ئازادیەکان. ئەمەی کە ڕویدا لە کەیسی زیندانیانی بادینان پێشهاتێکی زۆر مەترسیداری بەکارهێنانی دەسەڵاتی دادوەریە وەک ئامرازێکی بەرتەسککردنەوەی ئازادیەکان و بچوککردنەوەی ئەو دەزگایە و بەکارهێنانی لە بەرژەوەندی حیزب و دەسەڵات. هەر بۆیە ئەم بابەتە پەیوەندیدارە بە هەر یەکێک لە تاکەکانی کۆمەڵگەوە و ئەرکی هەموومانە کە بەرگری لە ئازادیەکان بکەین و سنورێک بۆ ئەو دەستوەردانە ناڕەوایەی دەسەڵاتی دادوەری دابنێین.  لێرەوە جارێکی تر بانگەوازی هەموو چین و توێژەکان دەکەین بۆ بەشداری فراوان لەو گردبونەوەی ناڕەزایی یە، بەمەش بەشدار دەبن لە هەوڵی پاراستنی شکۆی تاک و گەل و شکۆی دادگاو سەروەری یاسا.  دەستەیەک لە پارێزەران و یاسا ناسان و چالاکوانی مەدەنی.