TEVDA Press

دانا سەلام

راڤەیەک بۆ ئامانجە سیاسیەکانی دادگاییەکەی هەولێر

| Tuesday, 02.23.2021, 08:47 AM |



بەر لە هەموو شتێک گرنگە بە ئاگا بین لەوەی کە لە ڕووی یاساییەوە ئەمە دوا بڕیار نیە لەسەر دەستگیرکراوەکانی بادینان. هێشتا دادگای پێداچوونەوە ماوە. سەرباری ئەوەش سەرۆکی هەرێم لە دەسەڵاتیدا هەیە کە لێبوردنیان بۆ دەربکات. ئەم دوو بژاردەیە دەشێ بەشێک بن لەم گەمە سیاسیە. لەوەش گرنگتر ئەوەیە بزانین کە بەپێی ووتەی هەندێک چالاکوانی بواری مافی مرۆڤ، لە دوای ڕاپەڕینەوە، پتر لە ٤٠٠ کەس بێ سەروشوێن کراون لە بادینان بە هۆی سیاسی. پرسیارێک کە ڕادەبێت ئەوەیە، بۆچی ئەمجارەیان بە ئاشکرا دادگاییان کردن.
خاڵێکی تری گرنگ ئەوەیە کە لە هەڵبژاردن نزیک دەبینەوە، بارودۆخی بنەماڵەی بارزانی و پارتیش وەک حیزب هیچ کات لە ئیستا خراپتر نەبووە. بۆیە دەشێ ئەمە گەمەیەکی سیاسی بێت و ئەم ڕێچکانە بگرێت:
1) دادگای پێداچوونەوە تەبایی بنوێنێت و سەرۆکی هەرێمیش لێبوردنیان بۆ دەرنەکات.
2) دادگای پێداچوونەوە دژی بڕیاری دادگای هەولێر بێت و هەڵیبوەشێنێتەوە.
3) دادگای پێداچوونەوە تەبا بێت لەگەڵ بڕیارەکە بەڵام سەرۆکی هەرێم لێبوردنیان بۆ دەربکات.
ئەگەری یەکەم چی دەگەیەنێت:
ئەگەر ئەم بڕیارە بچێتەسەر و دادگای پێداچوونەوە تەبایی بنوێنێت و سەرۆکی هەرێمیش لێبوردنیان بۆ دەرنەکات، ئەوا ئاماژەیە بەوەی کە بنەماڵەی بارزانی بە گشتی و بە تایبەت مەسرور بەرزانی هەست بە ترسێکی زۆر دەکات لە بادینان و دەیانەوێت بە نەیارەکانیان بڵێن کە نزیکی بادینان نەکەونەوە بەهیچ جۆرێک، ئەگەر نا ئەوا ئامادەن هەموو سنورێک ببەزێنن. من پێم وایە ئەم ئەگەرە لە هەمووان لاوازترە چونکە هێمایەکی ڕوون دەبێت کە ئەمانە شارەزای سیاسەت نین و ئەقڵی خێڵەکی بڕیاری سیاسی دەدات و ڕەنگە ئاماژە بێت بە نزیکبوونەوەی کۆتایی دەسەڵاتیان.
ئەگەری دووەم چی دەگەیەنێت:
ئەگەر بڕیارەکەی دادگای هەولێر لەلایەن دادگای پێداچوونەوە وە هەڵوەشێنرایەوە، ئاماژەیەکی ڕوونە کە شکۆی مەسرور بەرزانی دێتە ژێر پرسیار. ئەگەر ئەم بژاردەیە هەڵبژێرن، مانای ئەوەیە کە دەسکەوتی سیاسی لەسەروو هەموو تاکێکی بنەماڵەکەیانەوە دێتە ئەژمار. لەم بژاردەیەدا دەشێ ئەم دەسکەوتە سیاسیانەی پێ بەدیبهێنن:
• بانگەشەی سەروەری یاسا بکەن و بەکاری بهێنن وەک پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن.
• سەرپۆشێکی ڕاگەیاندنیان درووست کرد بۆ شاردنەوەی سەرکەوتنەکانی پەکەکە لە چیای گارا و هاوکاری پارتی بۆ تورکیا لە لایەک. لە لایەکی تریش کپ کردنی چالاکیە سیاسیەکەی یەکگرتوو (باڵاپۆشی) و کۆنگرەکەی کۆمەڵ و هەر چالاکیەکی تری سیاسی کە لەم ڕۆژانەدا بەڕێوەبێت.
• لاوازکردنی متمانەی ئەو کەس و لایەنانەی کە ئەم بڕیارەی هەولێریان بەکارهێنا وەک بەڵگە کە پارتی ڕێزی یاسا ناگرێت، چونکە پێش ڕوداوەکان کەوتن.
• دەشێ یەکێک یان زۆرتر لە دەستگیرکراوەکان سەر بە خۆیان بێت و بەم پرۆسەیە بیخزێننە بەرەی دژی دەسەڵاتەوە بۆ چاندنیان بۆ داهاتوو بەهیوای گرتنی جڵەوی بەرەی دژی دەسەڵات لەڕێگەی کەسانی سەر بەخۆیان.
• کەمکردنەوەی ئاستی داواکاری و چاندنی ترس لە دڵی بەرەی دژە دەسەڵات بۆ کپ کردنی نارەزایی، بەتایبەت لە بادینان
ئەگەری سێیەم چی دەگەیەنێت:
ئەگەر دادگای پێداچوونەوە تەبا بێت لەگەڵ بڕیارەکە بەڵام سەرۆکی هەرێم لێبوردنیان بۆ دەربکات. دەشێ ئاماژە بێت کە ئەقڵیەتی خێڵەکی زاڵە بەسەر ئەقڵیەتی سیاسی دا بەڵام لە کاتی مەترسی دا ئەقڵیەتی خێڵەکی وەلا دەنێن.
ئەم ئەگەرە دەشێ ئاماژە بێت کە بنەماڵە تێگەیشتوون کە خەڵکی کوردستان لێیان توڕەیە و مەسرور بارزانیش ئەم توڕەییەی گەیاندۆتە لوتکە. بۆیە بە ناچاری قبوڵیان کردووە کە نێچیرەوان بارزانی ببێتە چارەسەرێکی مام ناوەند. چونکە لە هەمان کاتیشدا گیراوەکان بە تۆمەتبار دەناسرێن لە ڕووی یاساییەوە ئەگەرچی بە لێبوردن ڕزگار کرابن. بەم بژاردەیەش دەشێ ئەم دەستکەوتە سیاسیانەی پێ بەدیبهێنن:
• لە خەڵک بگەیەنن کە گوایە نێچیرەوان بارزانی جێگەی هیوایە و نەرم ونیانە.
• شکۆی مەسرور بارزانی پێ بکڕنەوە کە سەرپەرشتی کۆی پرۆسەی دادگاکانی کردووە.
• شەقامی کوردی پێ سارد بکەنەوە.
• هاندانی نەیارانیان کە هیوا هەڵچنن لەسەر ناکۆکیەکانی نێوان مەسرور و نێچیر بارزانی.
• وەک ئەگەری پێشوو، دەشێ یەکێک یان زۆرتر لە دەستگیرکراوەکان سەر بە خۆیان بێت و بەم پرۆسەیە بخزێننە بەرەی دژی دەسەڵاتەوە.
• وەک ئەگەری پێشوو، کەمکردنەوەی ئاستی داواکاری و چاندنی ترس لە دڵی بەرەی دژە دەسەڵات بۆ کپ کردنی نارەزایی، بەتایبەت لە بادینان.
دانا سەلام