وتار

سكانداڵەكان (فەزایح)ی خوێندن

Sunday, 02.28.2021, 02:25 PM


ئاشنا دەرگایەكی باشی بە رووی قسەكردن لە سكانداڵەكانی خوێندن كردەوە.

جیاوازی ئاشنا (كە مامۆستای زانكۆ نییە بەڵكو فەرمانبەرە بە ناونیشانی تێبینەر و شتێکی وایە) و سەدان خوێندكاری دیكە ئەوەیە كە ئەم خۆی ددان بە راستییەكاندا دەنێت و ئەوانی دیكە ناینێن. واتە ئەگەر ئاشنایەك هەبێت، ئەوا سەدانی دیكە هەبوون و هەن.

من هیچ بەرگرییەكم لێی نییە و خوازیار بووم بە فشقیاتەوە قسە نەكات، بەڵكو لە لایەك داوای لێبوردن بكات و لە لایەكی دیكەشەوە رەخنەی ئەو سیستمە بكات كە هانی خوێندكار دەدات گزیی بكات.

فەزیحەكانی خوێندن لە پەروەردە و خوێندنی باڵادا، وەك دەزگاكانی دیكە (لە خێزانەوە بۆ دادگا) زۆر لەوە زیاترن ئاشنا ددانی پیادا دەنێت. فەزیحە ئەگاتە ئەوەی پرسیار بدرێت بە خوێندكار، جیاوازیی لە نێوان خوێندكارێكدا كە مامۆستاكە بیەوێت لەگەڵ خوێندكارێكدا مامۆستاكە نەیەوێت ئەرز و ئاسمان بێت (یەكەمیان نانی دەكەوێتە رۆنەوە و دووەمیان قوڕ بەسەریدا كراوە). ئەم جیاوازییانە دەشێت لەسەر بنەمای نێر و مێ، ئینجا نێر و مێی باڵادەست بەرامبەر بەبێ دەسەڵات، تەنانەت لەسەر بنەمای عەقیدە و حزبایەتیی و خێڵایەتیی ئەنجام دەدرێن و زۆرجار نمرە دابەش دەكرێن. هێشتا ئەمەش كەمە كە من وتم. بۆ نمونە هەرگیز بیستوتانە پۆستێك لە زانكۆكاندا رابگەیەنن بە هەڵبژاردن كەسەكە پۆستەكە بباتەوە؟ یان كەسێكی سەربەخۆ و بێ لایەنتان بیستووە پۆستێكی پێ بدرێت؟ نەخێر، هەمووی مەركەزییەوە و هەمووی لە سايەی ئیتیفاقیەی حزبەكانە و دەبێت لە خۆیان بن، ئەمانەش كاردەكاتە سەر رەوتی خوێندن.

نە خوێندكار ئومێدێكی بە خوێندنە، نە مەنهەج بە كەڵكی شتێكی ئەو و تۆ دێت، نە مامۆستا بە لێهاتویی جێی دەبێتەوە و ژیانێكی باشتر بۆ خۆی مسۆگەر دەكات. سیستمەكە بە چەشنێكە خراپترینەكان دەتوانن بیبەنەوە. سیستمەكە بە شێوەیەك چنراوە ئینتیمایەك بۆ مامۆستا یان خوێندكار دروست ناكات، بۆیە بە ئاسانیی گزیی ئەكەن.

پاشان با بپرسین ئایا تەنها لە نێوان خوێندكار و مامۆستا گزیكردن هەیە؟ لە كام پەیوەندییدا گزیكردن نەبووە بە نەریت؟ قوڕاوی كۆمەڵگەكە لە بنەوە شڵەقاوە و ئەوەی لە هەموو ئاستەكاندا ئەیبینین هیچی دیكە نییە جگە لەوەی خڵتە و پیسییەكانێتی و كەوتۆتە سەر ئاو.

كێ گزیی ناكات؟ ئەسڵی مەسەلەكە ئەوەیە گزیكردن لە پەیوەنیدییەكانی ئێمەدا وەك ئاوخواردنەوەی لێ هاتووە. وەی لەو رۆژە جیلەكانی ئایندە مەنهۆڵی سكانداڵەكانی جیلی ئێمە و جیلەكانی پێشووتر هەڵدەدەنەوە، دەبێت بەسەر چ زێرابێكدا بكەون؟ ئەو رۆژە دەبێت چەند بۆ جیلەكانی ئایندە بەئازار بێت كاتێك دۆكومێنتی پیسییەكانی ئێمەیان دەكەوێتە بەردەست، پیسییەكانی ئەو هەزاران كەسەمان كە كەسایەتیی خۆمان دۆڕاند و لەگەڵ پۆست و پلە و پارە و ئیغرائاتی بچوكی دیكەدا گۆڕیمانەوە و ئێستا و ئایندەی هەزارانمان پێوە سوتاند؟ سروشت زۆر ناعادلە ئەگەر دۆزەخێكی نەبێت بۆ سزادانی ئێمە. بەڵام هەیە، ئەوەتا زۆر كات لە دۆزەخدا دەژین بەو هۆیەوە لە ئینسانیبوون نزیك نابینەوە و دیوە حەیوانییەكەمان زاڵ دەبێت بەسەرماندا.

دوای چل ساڵ جەنگ و شەڕی ناوخۆ و گەمارۆ و تاڵانیی، دوای ئەوەی ئەزانیت غەش بووە بە نەریت، تەنها شتێك كە سەیرە ئەوەیە تۆ لات سەیر بێت خوێندكارێك بڵێت گزیی و قۆپییەم كردووە.

تۆش كە هەواڵێكی ناخۆش دەبینیت، زۆر دڵتەنگ مەبە، لێگەڕێ با پیسییەكان بێنە دەرەوە و لوتبەرزییەكانمان بشكێنن. پاشان لەناو سیستمەكەدا هێشتا سەدان مامۆستا و هەزاران خوێندكار هەن كە سەرباری كون و كەلەبەرەكان، ئامادە نین غەش بكەن و خۆیان ماندوو دەكەن، بەڵام كەس نایانبینێت و نابنە ماتریاڵی هەواڵ. بۆ ببن؟ میدیاكان بەدوای خواستدا دەگەڕێن، چی لەمڕۆدا لە خەم و مەینەتی خواستی زیاتری لەسەرە؟






ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس






وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

ئایا مەسرور بارزانی لەسەر سكاڵاكەی دادگای واشنتۆن دەیدۆڕێنێت؟