TEVDA Press

سەنتەری لێکۆڵینەوەی ئایندەیی

ڕایەڵەکانى سیاسەتى نوێى ئەمریکا بەرامبەر ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست لە (سەردەمى بایدن)دا

| Tuesday, 03.02.2021, 04:21 PM |



رانانی: سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئاییندەی
بە گشتى، دواى دەستبەکاربوونى جۆ بایدن (چل و شەشەمین سەرۆک کۆمارى ئەمریکا)، دەتوانرێت لە چوارچێوەى دوو تێڕوانیندا خوێندنەوە بۆ ئایندەى سیاسەتى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بەرامبەر ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست بکرێت: یەکەمیان ئەوەیە کە سیاسەتى ئەمریکا بەرامبەر ئەم ناوچەیە، لە سەردەمى بایدندا وەک سەرکردەیەکى دیموکراتخوازەکان هیچ نییە جگە لە درێژەدان بەو ڕوانگەیەی کە بە نزیکەیى لە ماوەى دە ساڵى ڕابردوودا، لە کۆتایى خولی یەکەمی سەرۆکایەتى باراک ئۆباماوە، سیاسەتى دەرەوەى ئەمریکاى ئاڕاستە کردووە. تێزى سەرەکى ئەم ڕوانگەیە ئەوەیە کە ناوەڕۆکى بەرژەوەندییە باڵاکانى ئەمریکا لە ئێستادا چۆتە قۆناغێکى نوێوە و زۆر جیاوازە لە قۆناغى ماوەى نێوان کۆتایى هەر دوو جەنگى دووەمى جیهانى و سەردەمی جەنگى سارد، لەم قۆناغە نوێیەدا دەوڵەتی چین یەخانگیریی سەرەکی ئابووری و سیاسییە بەرامبەر ئەمریکا نەک ڕووسیا، بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا لەگەڵ ڕۆژهەڵاتە نەک ڕۆژئاوا، بۆیە ئیدى وەرچەرخان بەرەو ڕۆژهەڵاتى ئاسیا لەسەر حسابی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەم قۆناغە نوێیەدا سەردێری سیاسەتى دەرەوەى ئەمریکا دەبێت، بە تایبەت کە بەهۆى زۆربوونى بەرهەمى نەوتى بەردین لە ناوخۆى ئەمریکادا، ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست بایەخى ستراتیژیی جارانى وەک بەرهەمهێنەرێکى سەرەکى نەوت لاى ئەمریکا لەدەست دەدات، هەر لەسایەى ئەم هۆکارەشدا بوو گۆڕانکارى تەواو بەسەر ئەو مێژووە درێژە لە پەیوەندى توندوتۆڵ لە نێوان ئەمریکا و ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاستدا هاتووە، کە دیارترین ئاماژەکانى بریتی بوو لە کشانەوەی سەربازى ئەمریکا لە ناوچەکە و بەدواشیدا کەمبوونەوەی چالاکییە سیاسیەکانى تێیدا.

بەڵام تێڕوانینى دووەم، ئەوەیە گۆڕانکارییەکانى ناوچەکە لە چەند ساڵى ڕابردوودا و کاریگەرییە دوورمەوداکانیان لەسەر بەرژەوەندییە باڵاکانى ئەمریکا بۆ سەردەمى بایدن بەو ئاسانییە نابێت، بەتایبەت دواى ئەو گۆڕانکارییە زۆرانەى کە لە بەرەوپێشچوونى بەرنامە ئەتۆمییەکەى ئێراندا ڕوویداوە و مەترسییەکانیشى وەک هەڕەشەیەکی جیهانی زیادى کردووە، لەپاڵ هەڕەشەى دووبارە سەرهەڵدانەوەى تیرۆر و گرووپە تیرۆریستییەکان لەناوچەکەدا و مەترسییە ڕاستەوخۆکانى بۆسەر بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا، ئەمە وێڕاى ئاڵنگارییەکانى پەلهاویشتنى چین بەرەو ئاسیا و ئەفریقا، بەپێى پرۆژە زەبەلاحەکەی کە ناسراوە بە “پشتێن و ڕێگا” و کە وەک ئەژدیهایەک زۆرێک لەو وڵاتانەى کە پێشتر لە خولگەی ڕۆژئاوا و ئەمریکادا بوون بخاتە خولگەی هەژموونى ئابورى و سیاسى و ستراتیژى چینییەوە، هەر لە  باشووری خۆرهەڵاتی ئاسیا، ئۆقیانووسیا، ئەفریقا، ئاسیا، ڕۆژهەڵات و باکورى ئەوروپا، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دەریای باکووری ڕوسیا، کە بە نزیکەیى تا ئێستا ١٣٠ دەوڵەت بەشێوەیەک لە شێوەکان ڕەزامەندییان لەسەر پرۆژەکە ڕاگەیاندووە، زیاد لە نیوەى ئەم ژمارەیش ڕێککەوتنامەیان لەگەڵ پەکین ئیمزا کردووە. هەڵبەت بەشێک لە تێپەڕگەکانى ئەم پڕۆژەیە بە ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاستدا دەڕوات کە بۆ چین جێى بایەخە، بەتایبەت وڵاتانی نەوتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە دابینکەری سەرەکى وزەن و هەندێکیان (وەک سعودیە) گەورەترین هەناردەکەری نەوتن بۆ چین. بۆیە بەپێى ئەم تێڕوانینە هەموو ئەم هەڕەشە و مەترسییانە، ئەمریکا ناچار دەکات لە ماوەى سەرۆکایەتى بایدندا پێداچوونەوە بەو چەمکەى بەرژەوەندییە باڵاکانییدا بکاتەوە کە لە دە ساڵى ڕابردوودا گەڵاڵەى کردووە، لەم پێداچوونەوەیەشدا جارێکی دی ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست جێى بایەخى زۆرى ئەمریکا و تەنانەت تەوەرێکى گرنگى کێبڕکێ نێودەوڵەتییەکانیش دەبێت.

هەرچەندە سەختە لە ئێستادا بتوانین لەوە دڵنیابین کە کام لەو دوو تێڕوانینەى سەرەوە دەبنە نەخشەڕێژى ئایندەى سیاسەتى ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاستدا (لە ماوەى چوار ساڵى داهاتووى حوکمڕانى ئیدارەکەى بایدندا)، بەڵام گەر بەخێراى لە پاشخانى هەندێک لە فیگەرەکانى ئەم ئیدارەیە بڕوانرێت، ڕەنگە بتوانرێت پێشبینى هەندێک لە سیناریۆکانى ئەو ئایندە نزیکە بکەین:

– بریت ماکگورک؛ (ڕێکخەرى سەرۆکی ئەمریکایە بۆ رۆژهەڵاتى نێوەڕاست وباکورى ئەفریقا) نێردەی تایبەتی باراک ئۆباماى سەرۆکى پیشوترى ئەمریکا بووە بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش و پێشتریش لە دیزاینەرانى دەستورى عێراقیی بووە.

– ئەنتۆنى بلینکین؛ (وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا) بەوە ناسراوە لە لایەنگرانى بژاردەى دبلۆماسییە لەگەڵ ئێران و پاڵپشتێکی بەهێزی ئیسرائیلیشە، جگە لەوەى کە هەوادارى گەڕانەوەیە بۆ هاوپەیمانى و ڕێکخراوە فرەلایەنەکان.

– لوید ئۆستن؛ (وەزیرى بەرگرى ئەمریکا) لە دوا ژەنەڕاڵەکانی ئەمەریکایە کە سەرکردایەتی داگیرکردنی عێراقیان کردوە، هاوکات یەکەم پیاوی ڕەشپێست بووە بووەتە سەرکردەى فەرماندەی ناوەندی سوپای ئەمریکا کە تایبەتمەندە بە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست.

– وێندی شێرمان؛ (جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا) ساڵى ٢٠١٥ سەرۆکی وتووێژکارانی ئەمریکابووە لە دانوستانەکانی ڕێککەوتنامە ئەتۆمییەکەى ئێران و لە ماوەی ئیدارەی ئۆباماشدا جێگری وەزیری دەرەوە بووە.

– ڕۆبێرت مالێی؛ (نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکایە بۆ دۆسێى ئێران) پێشتر ڕاوێژکاری ئیدارەی ئۆباما بووە و ئەندامی تیمی دانوستاندنکارانی ئەمریکا بووە لە دانوستاندنەکانی ڕێککەوتنامە ئەتۆمییەکەى ئێران، جگە لەوەى لە شارەزایانى ئەکادیمیی کاروبارى ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاستیشە،

– لەسەرو هەموشیانەوە کامالا هاریس؛ (جێگرى سەرۆکی ئەمریکا) بەوە ناسراوە کە نوسخەیەکى ژنانەى ئۆبامایە.

کەواتە بە تێڕوانین بۆ فیگەرەکانى ئیدارەى نوێی ئەمریکا، دەتوانین بڵێین گرنگترین ڕایەڵەکانى سیاسەتى ئەمریکا بەرامبەر رۆژهەڵاتى نێوەڕاست لە ماوەى چوار ساڵى داهاتوودا بریتی دەبن لە:

١- گەڕانەوە بۆ دانوستاندن بەمەبەستى دووبارە پابەندبوونەوەى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەى ئێران، بەڵام بە ڕاوێژ لەگەڵ هاوپەیمانانى ئەمریکا و بەشدارانی ڕێککەوتننامەکە، بەشێوەیەک کە بەر لە هەڵگرتنى سزاکانى سەر ئێران بتوانرێت لە دانوستاندنەکاندا زامنى سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەى ئێران توندتر بکرێت، لەگەڵ چارەسەرکردنى بەرنامە مووشەکییەکانی ئێران لەهەمان ڕەوشدا.

٢- چاوخشاندنەوە بە پشتیوانییە سەربازیییەکانى ئەمریکا بۆ وڵاتانی کەنداو لە جەنگى یەمەندا، بە تایبەت سعودیە کە بەهۆى ئامادەنەبوونى ئیدارەى نوێى ئەمریکا بۆ چاوپۆشیکردن لە تێوەگلانى سەرانى ئەم وڵاتە لە کوشتنى جەمال خاشقچی-دا، ڕەنگە ئەمەش لەماوەى داهاتوودا گرژییەکى زۆر بخاتە پەیوەندییەکانى نێوانیان، هەرچەندە سعودیە دەخوازێت لەم کاتەدا سوود لە کارتى ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیلدا وەربگرێت.

٣- جەختکردنەوە لەسەر جەنگى دژ بە تیرۆر لە ناوچەکەدا، وێڕاى هەوڵدان بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکان لە ئەفغانستان و عێراق و بەردەوامیدان بە کشاندنەوەى هێزە سەربازییەکانى ئەمریکا لەم دوو وڵاتە بۆ ئاستێکی کەمتر.

٤- پابەندبوونی هەمیشەیی ئەمریکا بە ئاسایشی ئیسرائیل، وێراى ئەو توڕەییەى لە ٢٠١٨ ەوە لە ناوچەکەدا بەرامبەرى دروستبووە بە هۆى گواستنەوەى باڵیۆزخانەکەی لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس، هەرچەندە پێچەوانەى ترامپ کە زیاتر لایەنگیریی ئیسرائیل بە هەڵوێستەکانییەوە دیاربوو، بایدن (وەک نەریتێکى دیموکراتەکان) پابەندە بەچارەسەری “دوو دەوڵەتی” فەلەستینیی و ئیسرائیلییەکان.

٥- هەوڵدان بۆ تۆخکردنەوەى ئامادەیى ئەمریکا لە ڕووداوەکانى ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاستدا، لانى کەم بە ئاستێکى پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوەى ئاڵنگارییەکانى هەریەک لە ڕوسیا و چین، کە یەکەمیان  بە سوودوەرگرتن لە تێکچوونى ئارامى ناوچەکە و سەرهەڵدانی ناکۆکیەکان، هەوڵ بۆ گۆڕینی پێکهاتەی ئەمنی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەدات لەپێناو فراوانکردنی هەژموونى لەناوچەکەدا. هەرچى دووەمیشە (چین) دەخوازێت بە سودوەرگرتن لە لاوازی ئابووریی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێگەى خۆى لە ناوچەکەدا بەهێزتر بکات.

- ڕانانی ئایندەیی ژمارە (9)
- توێژەران:  د.هەردی مهدی میکە، د.یوسف گۆران، د.ئومێد رفیق فتاح، د.عابد خالد رسول،
سەنتەری لێکۆڵینەوەی ئایندەیی