وتار

دەستدرێژیی و هەڵوێستی ڕاست!

Wednesday, 03.03.2021, 04:06 PM



دەستدرێژی بۆ سەر تاکی نێو کۆمەڵگە، بەهەر پاساواێک بێت، کاردانەوێکی نابەجێ و نەگونجاوە. لە دنیای مۆدرن و وڵاتانی کە تێیدا یاسا و داد سەروەرە، هەر تاکێک ک تاوانێک ئەنجام دەدا جا ئەگەر ئەو خاوەن چی پێگەیەیکی دینی یان سیاسیی یان کۆمەڵایەتی بێت، شەفافانە ڕووبەرووی دادگە دەکرێت و سزا دەدرێت.
باشووری کوردستان، بۆ دەسەڵاتدارانی ینک، پدک، گۆڕان و سەرانی پارتەکانی دی کە بەشدارن لە دامەزراندنی حکومەتی بنکە فرەواندا و بۆ دارودەستەیان، بەهەشتێکی ڕەنگینی بێ هاوتایە، بەڵام بۆ کۆمەڵگە لە دۆزەخ بەولاوە هیچی دی نییە.
سێ دەیەیە ئەوەی دەربارەی ئەو دەڤەرە دەنووسرێت و دەگوترێت، دووبارەیە و بابەتەکان لە بازنەیەکی بۆشدا دەخولێنەوە، کە لە ئەنجامدا مڕۆڤ لە خوێندنەوەیان بێزار دەبێت. بەهەمان شێوە ئەو دەستدرێژیانەی کە لەو دەڤەرەدا ئەنجام دەدرێن نەک هەر دووبارە بەڵکو سەدبارەش دەبنەوە، لەبەرئەوە ئەو دەستدرێژیەی کە کراوەتە سەر غالب محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عیراق، دیاردەیەکی ناچاوەروانەکراو، تازە و نامۆ نییە و بە سەدان دەستدرێژی زۆر لەوە خراپتر وەکو کوشتن و ونکردن لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە بەرامبەر بە خەڵکی باشوور ئەنجام دراوە، هەروها دەبێت ئەوەش بگوترێت کە کاردانەوەکانی دژی ئەو تاوانانەش هەمووی دووبارەن، بۆ چەند ڕۆژیک ڕووداوەکان لە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگۆی دەبێت، دواتر کپ دەکرێت، کەیسەکەش لە ئاسایش و دادگە مردار دەکرێت، ڕوویداوە کە ئەو جۆرە ڕووداوانە لەلایەن لایەنێکی سیاسی یان کەسێکەوە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنیش بەکارهێنراون. ئیتر دوای ئەوە ئاو بێنە دەستان بشۆ!
لە ساڵی ١٩٧٩ تا ٢٠٠٣دا سەدام حاکمێکی دڕنەدە بوو، گەلێک زوڵمی لە میللەتانی عیراق کرد، بەڵام نوخبەیەکی لەخۆبووردوو ئەگەر کەمیش بووبێت، لە نەوەی ئەو کات دەستەوەستان ڕانەوەستابوون.  ئەو کات هێڵێکی سوور هەبوو لەنێوان حزب و کەسی دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆنی لێک جیا دەکردەوە. چاوڕۆشنایەک هەبوو بۆ تاکی عیراقی و کوردیی بۆ دۆزینەوەی سەنگەر دژی سەدام، بەڵام ئەمڕۆ لە باشووردا ئەندامی ئەو حزبانەی کە بوونەتە کۆڵەکە بۆ ڕاگرتنی دەسەڵاتی بنەماڵە و خێزان لەنێو پەرلەمان یان شەقام تێهەڵدەدرێن، سووکایەتییان پێ دەکرێت، کەسێک لەو حزبانە هەڵوێستێک نانوێنیت کە لە حکومەت بکشێتەوە، یان لەو دەسەڵاتە یاخی بێت، ئەوان بۆ ئەوەی جێگەی خۆیان لەق نەکەن لای ینک و پدک خۆیان ماتدەکەن و لە ئەنجامدا هەندێک کەس لە حزبەکەیان ئینشقاق دەکەن، لیست دادەبەزێن و بەشداریی لە هەڵبژاردن دەکەن، ئەگەر یەک کورسیش بێنن ئاوی لێناخۆنەوە و دەستبەجێ دەچن بە پێگەیەکی کزەوە دەبنە کۆڵەکەیەکی دی بۆ ڕاگرتنی هەمان دەسەڵات و لەنێویدا دەتوێنەوە، واتە لەهەمان بازنەی بەتاڵدا دەخولێنەوە.
هەنووکە خەڵک سەریلێشێواوە کە پەرلەمانێک ئەوە حاڵ ودۆخی بێت، ئیتر  پەرلەمانتار بۆ دەست لەکارناکێشێتەوە؟ بۆ حزبەکان و کاندیدەکانیان دووبارە چاوەڕێی خولی داهاتوو دەکەن بۆ ئەوەی بەشداریی لە هەڵبژاردن بکەن، لە کاتێکدا  بۆ هەمووان ئاشکرایە کە بوونی میلیشیاو سەختەکاری ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دیاریدەکات. ئەمڕۆ نازاندرێت لە گۆڕەپانی سیاسیی باشووردا کێ ئۆپۆزسیۆنە کێ لە دەسەڵاتە!؟ ئاخر نابێت پیاوانی ڕێشمە لەملی گیرفانگەرمی پەرلمان و حکومەت، هەم لە دەسەڵات بن هەم ئۆپۆزسیۆن یان چاوەڕوانی سیستەمی دیموکراتی بن لەسایەی دەسەڵاتی بنەماڵە و خێزاندا بیانەوێ دۆسەکانیان لە دادگەو لەژێر دەسەڵاتی دادوەرێکی مافپەروەردا ساغ بکرێتەوە!
لە هەشتاکان و نەوتەکانی سەدەی ڕابردوودا دژی سەدام جگە لەبوونی پارت و ڕێکخراوی سیاسیی ئۆپۆزسیۆن، بزوتنەوەی چەکداری لە ئەهوار و شاخەکانی کوردستاندا چەند جارێک پلانی ئینقلاب کردن بەسەر سەدام ئاشکرا بوو کە لە گروپی بچووک پێکهاتبوون. عودەی کوڕی سەدام لە تەمەنی هەرزەکاریوە دەسەڵاتی باوکی بەکاردەهێنا، دەستدرێژی دەکردە سەر ناموسی هاووڵاتیان، بەدەیان کچی بەغدادی بوون بە قوڕبانی هەوەسەکانی عودەی، وەک ئەوەی ئەمڕۆ بە سەدان دۆسەی لەوجۆرە لە باشووردا بە ڤیدیۆ و دۆکیومێنت سەلمێنراوە، ئەم دیاردە ترسناکە بووە هۆی ئەوەی چەند کەسێکی لەخۆبردوو لەنێو جەرگەی بەغداد بەڕیبەرایەتی سەلمان شەریف پلان داڕێژن و کەمین بۆ عودەی دابنێن، ئەو کات عودەی لە تەمەنی ٣٢ ساڵیدا بوو لە ١٢/١٩٩٩٦دا لە گەڕەکی مەنسور پەنجا گوللەی کلاشنکۆکفیان تێگرت، ١٧ گوللەی پێکەوت و ئیفلیج بوو!  ئەم جۆرە هەڵوێستە توند و بوێرانەیە بێگومان بەبێ قوربانیدان نەبووە، بەڵام کاردانەوەیەکی بەهێزبوو بۆ ستەمەکانی ئەو کاتی حکومەتی بەعس و لە میدیا لۆکەڵییەکان و دنیادا دەنگی دایەوە و ڕووی ڕاستەقیەنەی ڕژێمەکەی سەدامی بە دنیا ناساند و شەقامی عیراقیشی هەژاند و گڕوتوژمێکی دی بە دەنگی ناڕەزایی دژی ڕژێمی بەعس بەخشی.  
لە ئەنجامدا ئەزموونی باشوور سەلماندویەتی کە ئەو جۆرە مامەڵەیە پێیەک لە دەسەڵات و پێیەک لە دەرەوە و   قسە و شاتەشاتی میدیاکان بەبێ بوونی هێزێکی ڕێکخراوەیی پتەوی ئۆپۆزسیۆن، بوونی بەرنامە و پەیڕەوی ناوەخۆ و هێزێکی چالاکیی خاوەن ڕێبەری خاوەن کاریزما و لێهاتووی بێ مەترەق، وەک ئەوە وایە کە لەسەر قوڕ تۆز بکرێت، لەبەرئەوە ئەو ڕووداوەی کە ڕووویداوە بۆ سەدان میلیۆن جاری دی دووبارە دەبێتەوە، کاردانەوەکانیش وەک خۆیان دەمێننەوە، ناتوانن عەڕشی دەسەڵاتی ماڵی تاڵەبانی و بنەماڵەی بارزانی بجوڵێنن و بۆ هەمیشە لە بازنەیەکی بەتاڵی داخراودا دەخولێنەوە!

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

ئایا مەسرور بارزانی لەسەر سكاڵاكەی دادگای واشنتۆن دەیدۆڕێنێت؟