TEVDA Press

محەمەد خدر

گەرمبوونەوەی شەڕە گەڕەکی پارتی و یەکێتی

| Wednesday, 03.03.2021, 05:28 PM |



دوو ساڵ بەر لە ئێستا، چەند ڕۆژێک بەر لە نەورۆز لەگەڵ هاوڕێیەک لە شاری مهاباد بووین، سەردانێکی گۆڕی (هەژاری موکریانی و هێمن موکریانی و محەمەدی ماملێ...هتد)مان کرد، ئەو کاتەی ئێمە لەوێ بووین، چەند گەنجێک هاتن، یەکێکیان بەدەم سرودی:( پێی ناوێ بۆ شەهیدی وەتەن شیوەن و گرین، نامرن ئەوانەی لە دڵی میللەتدا دەژین)
کە ئێمەیان دیت زمانی خۆیان گەست و بێ دەنگ بوون، منیش پێمگوتم بەردەوامبە، مەترسێ. هەرچۆنێک بێت خۆیان بێ دەنگ کرد، دواتر هاتنە سەر گۆڕەکان، سەرنجمدا یەکێکیان ڕسمی لەگەڵ گۆڕەکەی(هەژار) نەدەگرت و یەکێکیشیان لەگەڵ گۆڕەکەی(هێمن)، دواتریش قسەم لەگەڵ کردن خەڵکی شاری (بۆکان) بوون و ئەو جیاوازییەش بۆ ململانێی کۆنی جەلالی و مەلایی دەگەڕێتەوە. کاتێک هەژار و هێمن لەسەر بارزانی بۆچوونی جیاوازییان هەبوو، ئەمە لەکاتێکدا ئەگەر کەسێک(تاریک و ڕوونی) مامۆستا هێمنی خوێندبێتەوە، نەک بەخراپ باسی مامۆستا هەژار ناکات بەڵکو بە مامۆستا و نزیکترین کەسی خۆی دادەنێت و (هەژاری)ش بۆ مەرگی هێمن دەڵێت:
خۆزگە بەر لەتۆ دەمردم
تۆ شیوەنت بۆ دەکردم
دوور لەتۆ دڵ گۆمی خوێنم
بە گازندەوە دەت دوێنم
منیش وەک تۆ قەڵسم لە ژیان
بۆچی جێت هێشتم هێمن گیان ؟

جا ئەو ململانێ مێژووییەی مەلایی و جەلالی بەدرێژایی مێژوو زیانێکی گەورەی لە کۆمەڵگا داوە و ئەو ململانێیەش ئامانجەکەی زۆر لەوە بچوکترە کە بۆ حیزبیش بێت، بەڵکو بەرژەوەندی بنەماڵەیی بووە. زۆرینەی خەڵکیش لە کۆنەوە تائێستا بێ ئەوەی ئاگاداربێت بووە بە بەشێک لەو ململانیێە، جا یان بووە بە قوربانی و کوژراوە یان بووە بە ئاگرخۆشکەری شەڕەکە، جاران وەکو چەکدار یان جاسوس، لە ئێستاشدا کۆمێنت و پۆستی فەیسبووک، لە کاتێکدا ئەوان دواجار لەسەر بەرژەوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانیان ڕێکدەکەونەوە، هەرگیز ناهێڵن هیچ کەسێکی بنەماڵەکانیان ببێە قوربانی. جا ئەوە جارێک یەکێک لە فەرماندە سەربازییەکان بۆی گێرامەوە، گوتی لە شەڕی ناوخۆ ئێمە تا نزیک دەربەندی گۆمەسپان ڕۆیشتبووین و چەکێکمان پێ بوو، دەمانتوانی (سەری ڕەش) بۆردومان بکەین و چەند گولەیەکمان ئاراستەکردن، کەچی بەپەلە بروسکەی مام جەلال_مان بۆهات کە بۆردومان ڕاگرین، چەکەکە و ئەو کەسەی بۆردومانی دەکرد لەوێ دورخرایەوە.

برای بەڕێزی ئەندامی حیزبی، بە پۆست و کۆمێنت مەبە بەشێک لەو ململانێی مێژووییە، ئاو مەکەنە ئاشی هیچیان، لێگەڕێن بە خۆیان ڕووبەڕوی یەکتر ببنەوە. خۆت مەکە بە قوربانی هیچیان، ئەو ململانێیە بۆ گەل و نیشتیمان و تەنانەت بۆ حیزبیش نیە، بۆ بەرژەوەندی بنەماڵەییە، وەک کابرا بەگەمژەیی بەدوای هەموو هەڵاییەک مەکەوە، کە لەکاتی شەڕی پارتی و یەکێتی لەسەر گومرگی (برایم خەلیل) وایزانی بوو کە برایم خەلیل مەسئولە، گوت بووی برایم خەلیلم بەردەست بکەوی پارچە پارچەی دەکەم.
محەمەد خدر