وتار

«چی؟ تەشهیر بە دەزگای ئاسایش؟»

Thursday, 03.04.2021, 01:15 PM



ئایا ئەوە داواکاری گشتیی بە هەموو عەقلێکییەوە ڕێگەی داوە بە تۆمەتی «تەشهیرکردن» دەعوای جینائیی دژ بە کەسێک بجوڵێنرێت لەسەر ئەوەی لە بەردەم دادگادا وتویەتی «ئەشکەنجە دراوم و هەڕەشەی تەجاوزکردنە سەر هاوسەرەکەم لێکراوە»؟
پرسیارێکی ڕەوا کە دەبێت بکرێت ئەوەیە کە ئایا هەر بە ڕاست دەزگای داواکاری گشتیی و، ئاسایشی گشتیی و، پۆلیس و، دادگای لێکۆڵینەوە ئەوەندە کەم سەر لە بواری حقوق و یاسا دەردەکەن کە پێیانوایە ئەو قسەیەی شێروان شێروانیی کە لەبەردەم دادگادا کردویەتی دەکرێت وەک تاوانی تەشهیر سەیر بکرێت کە ئاوا ئیستا کەوتوونەتە خۆیان دۆسیەی بۆ دەکەنەوە و، بە جیددی تەحقیقی تیا دەکەن؟
وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە هەڵدەگرم بۆ کۆتایی ئەم وتارە.
پێش ئەوە، بۆ ئەوەی خوێنەر ببینێت ناوەندە ئەمنیی و دادوەرییەکان لە هەرێمی کوردستان چی خەراباتێکە، پێویست دەکات هەندێک تاوتوێی ڕووی حقوقیی ئەو شکاتەی ئاسایشی گشتیی لە شێروان شێروانیی بکەم:
...
١. شتێک وجودی نییە بە ناوی تەشهیر بە دەزگای دەوڵەتیی
تۆمەتی «تەشهیر بە دەزگای ئاسایشی گشتیی» قسەیەکە کە تەنها پێکەنین هەڵدەگرێت، نەک ئەوەی ئاوا دەیان پیاوی حقوقیی دەرچووی زانکۆ و ئەفسەری پۆلیس و دادوەر بەجیدییەتەوە وەریبگرن و خەریک بن بەو ناوەوە هاوڵاتییەک سزا بدەن.
دەزگای دەوڵەتیی بە یاسا پارێزراو نییە لە تەشهیر.
بەڵێ لە حوکمدارییە دیکتاتۆریی و ئۆتۆریتارییەکاندا جار هەیە بە دەقێکی یاسایی پیشاندانی ڕەخنە بەرامبەر بە دەزگای دەوڵەتیی سزادار دەکرێت، بەڵام لەم کەیسەدا ئاسایش و پۆلیس و داواکاری گشتیی پەنایان نەبردۆتە بەر ئەو جۆرە لە یاسای سەرکوتکردنی ڕەخنەگرانی دەسەڵات.
داواکاری گشتیی و پۆلیس بۆ مولاحەقەی یاسایی شێروان شێروانیی بەناوی تەشهیرەوە، چوون پەنایان برۆدتە بەر ماددەی (٤٣٣) لە یاسای سزادانی ژمارە (١١١)ی ساڵی (١٩٦٩).
جێگەی خەمە داواکاری گشتیی ئەوەندە لەو ماددەیە تێگەیشتبێت کە وا بزانێت یاسادانەری عێراقیی ئەو ماددەیەی بۆ پاراستنی دەزگای دەوڵەتییش لە تەشهیر داناوە. ئەگەر وا تێگەیشتووە، ئەوە مانای ئەوەیە کە دواکاری گشتیی هەر لە بنەڕەتەوە لە چەمکی تەشهیر تێنەگەیشتووە (کە ئەمە دیاردەیەکی زۆر باوە لەناو یاساناسان و میدیاکاران و ڕۆشنبیران و خەڵکیی عاممەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا)، وە لەوە تێنەگەیشتووە کە ئایا لە زانستیی دادگەریی یان (فیقهی قەزا)دا سزدارکردنی کرداری ناوزڕاندن لەسەر چی پرەنسیپێکی حقوقیی بونیاد نراوە.
تەشهیر جۆرێکە لە تاوان کە سەبارەت بە هەستی کەرامەتی زاتیی تاک و، سەبارەت بە سومعەتی تاک لەلای کۆمەڵگا و، سەبارەت بە سومعەتی کۆمپانیای قازانجکەرە وەک شەخسی مەعنەویی لای بەکاربەر و کڕیارانی. ئۆرگانی دەوڵەتیی نە تاکەکەسە تا بڵێت هەستی کەرامەتی زاتییم هەیە و ئێستا ڕووشاوە، وە نە کۆمپانیایەکی ڕزقپەیداکردنیشە کە بڕی داهاتەکەی پەیوەست بێت بە پلەی متمانە و سومعەتیەوە لای کڕیار.
بۆیە بەکارهێنانی ماددەی (٤٣٣)ی یاسای سزادان بۆ سزدانی شێروان شێروانیی بارکردنی مانایەکە لەو ماددەیە کە ئەو ماددەیە نییەتی. ئەوەش کارێکی هەڵە و نایاساییە. کاری وا لە حاڵەتی ئایدیاڵ و نۆرماڵدا دەبێت ببێتە هۆی ئەوەی کە پۆلیس یان دادوەری لێکۆڵینەوە، بەپێی بڕگەی (ئەلیف)ی ماددەی (١٣٠)ی یاسای بنەماکانی دادگاییکردنی جینائیی ژمارە (٢٣)ی ساڵی (١٩٧١)، شکاتەکەی ئاسایشی گشتیی پشتگوێ بخات و بەجیددی وەرینەگرێت، چونکە هیچ یاسایەک نەشکێنراوە. هەروەها دەبێت وەزیری داد بیر لە گۆڕینی سەرۆکی دەزگای داواکاری گشتیی بکاتەوە بەهۆی نەشارەزاییەوە لە ئەنجامدانی ئەرکەکانی خۆیدا، ئەمە ئەگەر نەشارەزاییەکی تێکەڵ بە گەندەڵیی هەمئاهەنگیی لەگەڵ، بۆ نموونە نەک حەسر، سەرۆکوەزیراندا نەبێت.
...
٢. تەشهیرکردن لەناو دادگادا سزای نییە
جێگەی سەرسوڕمانە ئاسایش و پۆلیس و داواکاری گشتیی و دادگای لێکۆڵینەوە بە هەموو زانیاریی ئیختیساسیی و سەنگی پیشەیی خۆیانەوە دوای بەسزاگەیاندنی شێروان شێروانیی کەوتوون لەسەر ئەو قسانەی ناو دادگای، کەچی نە خۆیان دەزانن و نە کەسێکیش ئاگاداریان دەکاتەوە کە هەر لەو یاسای سزادانەدا کە ئەوان دەیانەوێت بۆ سزادانی شێروانیی بەکاری بهێنن، بە دەقی ڕۆشن لە ماددەی (٤٣٦)دا نووسراوە کە قسەی ناو دادگا ئەگەر تەنانەت تەشهیر و هەوڵی ناوزڕاندنیش بێت لەڕێگەی درۆوە، دیسانەوە هیچ سزایەکی نییە و نابێت مولاحەقەی یاسایی بۆ بکرێت.
ئەوەی ئەو یاساناسانە ئاوا بەجیددی دوای ئەو دۆزە کەوتوون و ئاگاداری ماددەکانی یاساکە نین، دەبێت سکانداڵێک بێت لە فۆرمی جرت و فرتی کاریکاتێرانەی کۆمەڵێک یاساناسدا کە یاسا ناناسن.
ئەو ماددەیەی یاسای سزادان دەڵێت: «لا جریمە فیما یسنده احد الخصوم او من ینوب عنهم الی اڵاخر شفاها او كتابە من قژف او سب اپنا‌و دفاعه من حقوقه امام المحاكم وسلگات التحقیق او الهیئات الاخری وژلك فی حدود ما یقتچیه هژا الدفاع.»
ئەوەی کە لە یاساکەدا مەرجی ئەوە دادەنرێت کە داکۆکییکردنی تۆمەتبار لە خۆی وای خواستبێت ئەو تەشهیرە بکات و قسەیەک هەڵبەستێت، لە حاڵەتی شێروانییدا ئۆتۆماتیکیی بەوە پاکانە دەبێت کە بەپێی یاسای بنەماکانی دادگاییکردنە جەزائییەکان، ماددەی (١٢٦)، تۆمەتبار مافی هەیە لە دادگا درۆ بکات بەبێ ئەوەی مولاحەقەی یاسایی بۆ بکرێت.
بۆیە حەقە ئاسایشی گشتیی و پۆلیس و داواکاری گشتیی و دادگای لێکۆڵینەوە بەپێی ماددەی (٤٣٦)ی یاسای سزادان واز لەوە بێنن لەڕێگەی مولاحەقەی یاسایی قسەکانی شێروان شێروانییەوە لەناو دادگا لەوە زیاتر خۆیان بکەن بە مەسخەرە و حەقە زوو ئەو دۆسییەیە داخەن.
...
٣. داواکاری گشتیی کار دەکات بۆ ئەوەی هاوارکردن لە کاتی ئەشکەنجە و تەجاوزدا سزای هەبێت
داواکاری لەجیاتیی کارکردن بۆ یارمەتیدانی شێروانی شێروانیی کە هاوار دەکات و دەڵێت لە کاتی تەحقیقدا گوشارم بۆ هێنراوە و ئەشکەنجە دراوم و هەڕەشەی تەجاوزم لێکراوە (کە بە ئیحتیمالی زۆر گەورە ڕاست دەکات)، لە هەوڵی ئەوەدایە لەسەر ئەو هاوارکردنەی لەدەست ئەشکەنجە سزای بدات.
مولاحەقەی یاسایی ئاوا کافکایی مەگەر تەنها لە وڵاتە دیکتاتۆرییەکاندا بگوزەرێت بەبێ ئەوەی خەڵک لە توڕەییدا ئەرز هەڵگرن و داینەنێنەوە.
خۆی ئەنجامدانێکی سەربەرزانە و شەریفانەی وەزیفەی داواکاریی گشتیی ئەوەی دەخواست لە کاتی دادگاییکردنە کاریکاتێرییەکەی شێروان شێروانیی و چوار کەسەکەی تردا، داواکاری گشتیی دوای بیستنی هەواڵی ئەشکەنجە و هەڕەشە بە هاوسەر لەلایەن شێروانییەوە، یەکسەر داوای دواخستنی دادگاییەکە و تەحقیقکردن لەو مەسەلەیە یان هەڵوەشاندنەوەی تۆمەتبارکردنەکە و داخستی هەموو دۆسیەکەی بکرادایە.
مادام تۆمەتبارێک باسی ئەشکەنجە و گوشار دەکات، لە حاڵەتی دادگاییکردنی دادپەروەرانەدا بەو جۆرە مامەڵە دەکرێت کە ئەگەر تۆمەتبار نەشتوانێت بە ئاسەواری سەر لەشی یان بە هەر شتێکی تر قسەکەی خۆی بسەلمێنێت، دیسانەوە ئەگەر ئیحتیمالێکی کەم هەبێت قسەکەی ڕاست بێت، دەبێت دادگا دوا بخرێت، ئیفادەکان بخرێنە لاوە و، تەنانەت تۆمەتەکەی لەسەر لاببرێت و ئازاد بکرێت، بەتایبەت چونکە لەم دۆزەدا قسە لەسەر دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستانە کە دەزگایەکە هەردوو باڵەکەی لە زۆنی سەوز و زۆنی زەرد لەسەر ئاستی جیهان سومعەتێکی زڕاویان هەیە و، دەیان ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتیی پشتڕاستی ئەوە دەکەنەوە کە ئەو دەزگایە وەک هەر دەزگایەکی ئەمنیی ڕژێمە دیکاتۆرەکانی ناوچەکە، ئەشکەنجە و گوشار و تەجاوز و هەڕەشە لەبەرامبەر دەستگیرکراواندا بەکار دەهێنێت.
نمونەیەکی پەیوەنددار سەبارەت بە ناوزڕاویی دەزگای ئاسایشی هەرێم و سەبارەت بە چۆنییەتی مامەڵەی داواکاری گشتیی لەگەڵ ئەو مەسەلەیەدا دەکرێت ئەوە بێت کە پۆلیسی وڵاتی نەرویج لە ساڵی (٢٠٠٢)ەوە بۆ ماوەی دوو ساڵ لێکۆڵینەوەی لە جۆری بەشداریی مەلا کرێکار لە ڕێکخراوی ئەنسارولئیسلامدا کردبوو و بە قسەی داواکاری گشتیی بەڵگەی تەواویان لەبەردەستدا بووە کە کرێکار یاساشکێنیی کردووە. بەڵام لە بەهاری (٢٠٠٤) کاتێک پۆلیسی نەرویجیی دەڕۆن لای ئاسایشی سلێمانیی دوو جار ئیفادەی زیندانییەکی کۆنەئەندامی ئەنسار وەک شایەد وەردەگرن و شایەدەکە لە هەردوو ئیفادەکەدا هەمان قسە دەکات بەڵام دەڵێت لەژێر گوشاری ئاسایشدایە و ئاسایش داوای لێکردووە بە دڵی ئەوان قسە بکات، دوای بیستنی ئەو هەواڵە، داواکاری گشتیی نەرویج یەکسەر بڕیاری ئازادکردنی مەلا کرێکار و داخستنی هەموو دۆسیەکانی دا و، وەک بێتاوان ناردییە ماڵەوە، چونکە وتی ئیحتیمال هەیە ئاسایشی هەرێم لەپێناو چاندنی شایەتیدان دژ بە تۆمەتبار لەناو دۆسییەکەدا پەنا بباتە بەر ئەشکەنجەدان و گوشارهێنان بۆ شایەتەکانی بەردەستی.
لەم لینکەدا زانیاریی زیاتر سەبارەت بەو کارەی داواکاری گشتیی هەیە بۆ هەر کەسێک بیەوێت زیاتر بزانێت: (https://www.nrk.no/norge/krekar-saken-henlegges-1.513076).
...
٤. دەزگای دەوڵەتیی کەرامەتی نییە بڕوشێت، بەڵکو متمانەی هەیە لە دەستی بدات
دەزگای داواکاری گشتیی لە هەولێر هەفتەی ڕابردوو کۆبونەوەیەکی خۆی کرد و تیایدا بڕیاری دا ئیتر ڕێکاریی یاسایی بگرێتە بەر لەبەرامبەر هەر کەسێکدا کە کار بۆ شکاندنی سومعەتی دەزگا ئەمنیی و دادوەرییەکان بکات.
ئەوەی دەزگای داواکاری گشتیی بە هەڵە لێی تێگەیشتووە ئەوەیە کە نازانێت دەزگای دەوڵەتیی ناتوانێت لەڕێگەی یاساوە فەرزی بکات ئیعتیبار و ڕێزی هەبێت لای خەڵک و خەڵک متمانە پێیان لەدەست نەدات، بەڵکو ڕێز و ئیعتیبار و متمانەی دەزگای دەوڵەتیی لەڕێگەی ئەنجامدانی شەرافەتمەندانە و سەرڕاستانەی ئەرکەکانی خۆیانەوە بینا دەکرێت.
دەزگای ئاسایشی گشتیی و داواکاری گشتیی و دادگاکانی کوردستان ئەگەر بەو هەموو جۆش و خرۆشەوە لە خەمی ئیعتیباری خۆیاندان لای خەڵک، ئەوا دەبێت بزانن کە ڕێگەی دروست ئەوەیە لەبەردەم نوخبەی سیاسییدا چۆک دانەدەن و پێداگریی لەسەر ئینتیگریتیی خۆیان و ئەخلاقی پیشەیی خۆیان بکەن و تەداخولی سیاسەتمەدار لە کاروباریاندا قبوڵ نەکەن.
کە ئەمە ناکەن، ئەوە ئیتر هەم خەتای خۆیانە و هەمیش گرفتی خۆیانە کە هیچ ڕێزێکیان لە چاوی ئێمەی هاوڵاتییانی کوردستاندا نەماوە.
...
٥. کێ دەبێت لەسەر نەهێشتنی متمانە بە دەزگا دەوڵەتییەکان بدرێتە دادگا؟
بگەڕێمەوە سەر ئەو پرسیارەی کە ئایا بەڕێوەبەرانی دەزگای داواکاری گشتیی و، ئاسایشی گشتیی و، پۆلیس و، دادگای لێکۆڵینەوە ئەوەندە کەم سەر لە ئیختیساسەکەی خۆیان دەردەکەن، یان خۆیان دەزانن چی کارێکی نابەجێ و گەندەڵکارانە دەکەن و خەریکی بەندوبەستن لەگەڵ حیزب و دەسەڵاتی سیاسییدا.
ڕاستیی ئەوەیە کە بەشێکی زۆریان هەم کەم دەتوانن پەیوەندییەکی عەقڵیی زیندوویان لەگەڵ ئیختیساسەکەی خۆیاندا هەبێت و هەمیش گرفتێکیان نییە لەپێناو خۆبردنەپێشەوەدا دەسەڵاتی دادوەریی بخەنە ئیختیاری دەسەڵاتی سیاسییەوە تا نادادوەریی پێ فەرز بکات بەسەر ڕەخنەگرانی خۆیدا.
بەداخەوە، لە هەموو وڵاتێک، یەکێک لە ئاکامە خراپەکانی گەندەڵیی ئەوەیە کە پۆست و وەزیفەکان لەسەر بنەمای کەمیی ئینتیگریتیی و زۆری وەلائی سیاسیی دابەش دەکرێن نەک کەفائەتی ئیختیساسیی و تۆکمەیی شەخسییەت و نەچەمانەوە لەبەردەم دەسەڵاتی سیاسییدا.
ئەمەیە کە لە ئاکامدا هەموو دەزگاکانی دەوڵەت، بە زانکۆ و دادگاکان و هەموو کەرتەکانی تر، دەکەونە دەست لاواز لە کەفائەی ئیختیساسیی و سوپاسگوزار لەبەردەم دەسەڵاتدا کە بەبێ کەفائەتیش کاری پێ داوە.
بەم مانایەیە کە کەسێک دەتوانێت بڵێت ئەوە ئەوانن، سەرۆکوەزیران و حیزب و پیاوانیان لەناو دەزگاکاندا، کە ئیعتیبار و ڕێزی دەزگا دەوڵەتییەکان کەم دەکەنەوە و هیچ متمانەیەکیان پێ ناهێڵن. ئەوە ئەوانن کە دەبێت لەسەر بێڕێزبوونەی دەزگاکان سزا بدرێن.
کاتێک کە دەزگا دەوڵەتییەکان متمانەیان نامێنێت و دەکەونە بەر ڕەخنەی خەڵک، مەیلێکی باو لە هەموو وڵاتێکدا ئەوەیە کە دەسەڵاتی سیاسیی دەکەوێتە خۆی هەوڵدەدات لەڕێگەی ڕێگرتن لە ڕەخنە و لەڕێگەی سزادانی ڕەخنەگران و لەڕێگەی مۆبیلیزەکردنی بەڵتەچی و دادوەرە قەرەقۆزەکانی دەستی خۆیەوە هاوڵاتییان وادار بە ڕێزگرتن لە کارە نابەجێکانی دەوڵەت و دەزگاکانی بکات.
ڕێک ئەمە کرۆکی ئەو مولاحەقە یاساییەیە کە لەم ماوەیەدا لەبەرامبەر شێروان شێروانیی و هاوەڵانیدا دەستی بۆ دەبرێت.

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس






وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

ئایا مەسرور بارزانی لەسەر سكاڵاكەی دادگای واشنتۆن دەیدۆڕێنێت؟